riklam

زانكۆی سلێمانی بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خوێندكاران ده‌رده‌كات

کوردستان 01:18 PM - 2018-11-19
.

.

زانكۆی سلێمانی بڕیارده‌دات خوێندكارانی كچ سه‌عات 5 ی ئێواره‌ و خوێندكارانی كوڕیش تا سه‌عات 10ی شه‌و بچنه‌وه‌ ناو به‌شه‌ناوخۆییه‌كانیان، وته‌بێژی كاروباری خوێندكارانی ئه‌و زانكۆیه‌ش ده‌ڵێت "بڕیاره‌كه‌ بۆ به‌ره‌ژه‌وه‌ندی خوێندكاران و پاراستنیانه‌".

هۆگر كه‌مال، وته‌بێژو به‌رپرسی راگه‌یاندنی كاروباری خوێندكاران و به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی زانكۆی سلێمانی، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌ بڕیاری سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی ده‌بێت خوێندكاره‌ كچه‌كانی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان تا سه‌عات 5 ی ئێواره‌ به‌ باجی خوێندكارییان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو به‌شه‌ناوخۆییه‌كانیان و له‌دوای ئه‌و كاته‌ش رێگه‌ به‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌یان نادرێت.

وتیشی: "به‌پێی بڕیاری سه‌رۆكی زانكۆمان خوێندكارانی كوڕ له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كان ده‌بێت تا سه‌عات 10 ی شه‌و به‌ باجی خوێندكارییان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو به‌شه‌ناوخۆییه‌كانیان، له‌دوای ئه‌و كاته‌ش ناكرێنه‌ ژووره‌وه‌".

هۆگر كه‌مال، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی زانكۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خوێندكاران و پاراستنی ئاسایشی خۆیان و زانكۆشمانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی غه‌یره‌ خوێندكار نه‌چنه‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و هیچ گرفتێك دروست نه‌بێت".

 هه‌رله‌و باره‌ی جیاوازی كاته‌كه‌وه‌  PUKmedia په‌یوه‌ندی به‌ د.  ئاراس فه‌ریق زه‌ینه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی زانكۆی  سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران كرد، ناوبراو رایگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ بۆ خۆی بۆ پاستن و سه‌لامه‌تی خوێندكاران خۆیانه‌و هه‌موو ساڵێك ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئه‌و سه‌عاته‌ی كه‌ بۆیان دانراوه‌ خوێندكاران بچنه‌وه‌ نێو به‌شه‌ناخۆییه‌كانی خۆیان ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كاته‌ نه‌چنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان به‌ نه‌هاتوو بۆیان هه‌ژمارده‌كرێت.

هه‌رله‌باره‌ی جیاوازی كاته‌وه‌ د. ئاراس فه‌ریق زه‌ینه‌ڵ وتی: راسته‌ كاتی كچان زووتره‌ كه‌ سه‌عات 5 ی ئێواره‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك زانكۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازیمان له‌نێوان كوڕو كچاندا نه‌كردوه‌و ناشیكه‌ین، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین كه‌ له‌ كلتوری وڵاتی ئێمه‌دا ده‌بێت كچ زووتر بچێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ش كه‌سوكاری خۆیان هه‌یه‌و له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانیش پاراستنیان و ئه‌منییه‌تیان له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌دایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بیانپارێزین و ئاگامان لێیان بێت، سه‌باره‌ت به‌ كوڕه‌كانیش نابێت هیچ خوێندكارێكی كوڕی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ سه‌عات 10 ی شه‌و زیاتر نه‌یه‌ته‌وه‌ بۆ ناو به‌شه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی خۆی هه‌مان شێوه‌ وه‌ك كچه‌كان پاراستنیان له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌دایه‌ بۆیه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و پاراستنیان ئه‌و بڕیاره‌مان ده‌ركردوه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket