riklam

كابینه‌ی نۆ چاوه‌ڕوانی ئۆكه‌ی سیاسی لایه‌نه‌كانه‌

ریپۆرتاژ‌ 05:54 PM - 2018-11-18
.

.

له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كوردستان له‌ رۆژی 30-9-2018 و په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كان له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كان له‌ چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراو په‌رله‌مانتاران سوێدنی یاساییان خوارد.

كابینه‌ی نوێ لایه‌نه‌كان ده‌خاته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ

پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ردانی كردنی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم كردوه‌و یه‌كه‌م لایه‌نیش كه‌ سه‌ردانی كرد یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.

یه‌كێتی و پارتی رۆژی 17-11-2018 كۆبوونه‌وه‌و رایانگه‌یاند، بۆچوونه‌كانیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ زۆر له‌ یه‌ك نزیكن.

له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حزب له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد، بۆچوونه‌كانیان زۆر له‌ یه‌ك نزیك بووه‌و ده‌یانه‌وێت به‌میكانیزمی نوێوه‌ له‌كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم خزمه‌ت بكه‌ن.

1111.jpg



یه‌كێتی به‌شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: یه‌كێتی به‌ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌شداری له‌حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: یه‌كێتی وه‌ك هێزی دووه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شدارێكی كارا ده‌بێت له‌حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵده‌ده‌ین سوود له‌هه‌ڵه‌كانی پێشوومان وه‌ربگرین له‌حكومه‌ت و له‌حكومه‌تی نوێی هه‌رێمیش به‌ میكانیزمی نوێ خزمه‌ت به‌خه‌ڵك بكه‌ین.

پیره‌ راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم له‌نێوان لایه‌نه‌كان ده‌ستپێكردوه‌و یه‌كێتش مه‌به‌ستێتی چوار ساڵی ئاینده‌، چوار ساڵی ئارامی و هه‌لیكارو خزمه‌ت بێت.

له‌باره‌ی به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كانی دیكه‌شه‌وه‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتی: یه‌كێتی هێڵی سوری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك بۆ به‌شداری له‌حكومه‌تی نوێی هه‌رێم نییه‌و هه‌ر لایه‌نیَكیش ده‌یه‌وێت ئۆپۆزسیۆن بێت خۆی سه‌رپشكه‌.

03.jpg



پارتی پێی باشه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن
مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پارتی سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم به‌شداربن و هه‌ر لایه‌نێكیش نایه‌وێت به‌شدار بێت خۆی سه‌رپشكه‌، به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێك به‌شدارنابێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ ئۆپۆزسیۆنیش تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵوێستێك بنوێنن كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بگونجێت، نه‌ك هه‌موو كاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ هه‌ڵه‌ بزانن.

وتیشی: پارتی پێی باش نیه‌ هیچ حزبێك له‌حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان بێ به‌شبێت، به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێكیش نایه‌وێت به‌شداری حكومه‌ت بكات ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاره‌كه‌ی ده‌گرین.

وته‌بێژی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پارتی سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی ده‌ستپێكردوه‌و ده‌یه‌وێت بۆچوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ بخاته‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم كه‌ به‌شدار ده‌بن.

پارتی سه‌ردانی گۆڕانی كردو بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت خسته‌ به‌رده‌م گۆڕان.

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژی 17-11-2018 سه‌ردانیان كردبوون، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، بڕیاری به‌شداری كردن و نه‌كردنی گۆڕان له‌حكومه‌ت له‌ لای چڤانی نیشتمانییه‌.

04.jpg



گۆڕان یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌شداری حكومه‌ت ده‌خاته‌ به‌رده‌م چڤات
شۆڕش حاجی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی بۆچوونی خۆیانیان پێ راگه‌یاندین و ئێمه‌ش رابۆچوونه‌كانیان له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌كانی خۆمان بۆ پارتی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م چڤانی نیشتمانیی و ئه‌وان بڕیاره‌ له‌به‌شداری كردن و نه‌كردنی گۆڕان له‌ كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌ن.

وتیشی: له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی چڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام جارێ زووه‌ بڵێین به‌شدار ده‌بین یان نا.

05.png



كۆمه‌ڵ تائێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه‌
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌دریه‌ ئیسماعیل ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ PUKmedia ی رایگه‌یاند:  تائێستا دیارنیه‌ كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری حكومه‌تی نوێی هه‌رێم ده‌كات یاخود نا، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك ڤیتۆی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ نیه‌ كه‌ به‌شداری حكومه‌تی نوێی هه‌رێم بكات.

وتیشی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ گفتوگۆی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستیپێكردوه‌، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆنفرانسێك ده‌به‌ستێت و بۆچوونی كادیره‌كانی وه‌رده‌گرێت و پاشان بڕیار له‌به‌شداری كردن یان نه‌كردنی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم ده‌دات.

له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌گه‌ر به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن، به‌دریه‌ ئیسماعیل وتی: ئه‌گه‌ر به‌شداری حكومه‌تی نوێی هه‌رێم بكه‌ین، به‌ره‌سمی  داواكارییه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام له‌ئێستادا هیچ بابه‌تێك له‌و بابه‌تانه‌ لای كۆمه‌ڵ روون نیه‌، چونكه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.

778.jpg



نه‌وه‌ی نوێ بایكۆتی حكومه‌تی كرد
فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێیش له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ ره‌سمی رایانگه‌یاند، به‌شداری ئه‌م كابینه‌یه‌ ناكه‌ن و وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌یانه‌وه‌ێت خزمه‌ت بكه‌ن.

مه‌م بورهان قانع ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ به‌   PUKmedia ی راگه‌یاند: هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پشووماندا نه‌هاتووه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری حكومه‌تێك ناكه‌ین كه‌ پارتی و یه‌كێتی هێزی یه‌كه‌م بن له‌حكومه‌ته‌كه‌، چونكه‌ پێمان وایه‌ وه‌ك پێویست ناتوانرێت خزمه‌تی خه‌ڵك بكرێت.

وتیشی: ده‌مانه‌وێت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێزبین و به‌پرۆژه‌كانمان خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ین.

مه‌م بورهان قانع ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك یه‌كه‌م هێز له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ راشكاوی رایانگه‌یاندوه‌، به‌شداری حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان چڕده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان بكه‌ن له‌پێناو خزمه‌تی خه‌ڵك.

06.jpg



یه‌كگرتوو: ده‌رگامان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت داخراوه‌
هه‌روه‌ها یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان پێوایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌توانن خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن و ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ فراكسیۆنی  یه‌كگرتوو ده‌ڵێت، بۆ گفتوگۆ كردن له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رگامان به‌ڕووی لایه‌نه‌كاندا داخستووه‌و ئێمه‌ به‌شدار نابین.

د.شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری خۆیداوه‌و به‌شداری حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ناكات، هه‌روه‌ها هه‌ر لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان بێت و سه‌ردانمان بكات، ئێمه‌ ده‌رگامان داخراوه‌.

وتیشی: یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان خزمه‌تی خه‌ڵك بكات و به‌پرۆژه‌ی خزمه‌ته‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بین.

PUKmedia ئا/ دیار ستار

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket