riklam

كۆمپانیایەك دەست بەسەر 40 دۆنم زەوی مامۆستایانی دهۆكدا دەگرێت

کوردستان 04:35 PM - 2018-11-18
.

.

سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستی بەسەر 40 دۆنم زەوی مامۆستایانی دهۆكدا گرتووە كە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان تەرخان كراوە‌و دەیەوێت بۆ پڕۆژەی دیكە بەكاری بهێنێت. 

وەهبی یونس، سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان  وت"ساڵی2014 رێككەوتنێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەك بەناوی (ر) واژۆكرد و ئەنجومەنی وەزیران پارچە زەوییەكی40 دۆنمی لەشاری دهۆك دابینكرد، بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا بۆ دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێ بوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی وخراپی بارودۆخی مامۆستایان ئێمە ئەو رێككەوتنەمان هەڵوەشاندەوە، بۆیە دەبێت كۆمپانیەكە ئەو پارچە زەویە رادەستی ئێمە بكات بۆ ئەوەی بیدەینە كۆمپانیایەكی تر".

سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئێستا كۆمپانیاكە زەویەكە بەمۆڵكی خۆی دەزانێت‌و داگیری كردووە‌و زۆر هەوڵمانداوە لەرێگای سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان‌و كارگێڕی پارێزگای دهۆك بەمەبەستی گەڕانەوەی ئەو پارچە زەوییە، بەڵام هەوڵەكانی ئێمە بێسوود بووە‌و هەتاوەكو ئێستا ئەو پارچە زەوییە لەسەر ناوی ئەو كۆمپانیایە ماوە.

وەهبی یونس جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە تەنها ئەو پارچە زەوییە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی دهۆك تەرخان كراوە‌و ئەگەر كۆمپانیاكە زەوییەكە رادەست نەكاتەوە پڕۆژەی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی دهۆك، ئیدی جێبەجێ‌ ناكرێت. 

بەپێی بەدواداچوونەكانی ژیان، كۆمپانیای (ر) بەنیازە هەر شوقەیەك بەبڕی 50هەزار دۆلار دروست بكات‌و مانگانە 300 دۆلار وەربگرێت‌و لقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایان ئەو بڕە پارەیەیان بەلاوە زۆرە‌و دەیانەوێت بیدەنە كۆمپانیایەكی تر كە بەبڕێكی كەمتر‌و بەقیستی كەمتر شوقەكان دروست بكات. 

سالار حاجی بەرپرسی پەیوەندی‌و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لەشاری دهۆك  وتی"ئەم پارچە زەوییە ئەنجومەنی وەزیران نەیداوە بەو كۆمپانیایە‌و تائێستاش پارچە زەوییەكە تاپۆیە لەسەر شارەوانی، ئێمە ئەو پڕۆژەیەمان رانەگرتووە، بەڵكو تاوەكو ئێستا كێشە لەنێوان یەكێتی مامۆستایان‌و كۆمپانیەكە هەیە و نەگەیشتوونە رێككەوتنی كۆتایی".

PUKmedia   ژیان 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket