riklam

پسپۆڕان: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك سودی گه‌وره‌ی ده‌بێت

ئابوری 05:40 PM - 2018-11-17
.

.

هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهانی توركیا ده‌ستپێكردنه‌وه‌و پسپۆرانی ئابوریش ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ئه‌رێنی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عیراق وه‌سفده‌كه‌ن.

سه‌چاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاندووه‌: دوێنێ ھه‌ینی  16-11-2018، ھه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جه‌یھانی توركیا ده‌ستیپیَكردووه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵیَك راگیرابوو، پسپۆڕانی ئابوریش ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ئه‌رێنی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم و عیراق داده‌نێن.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوكی له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهان راگه‌یاندوه‌، ئه‌مریكاش پێشوازی له‌و بڕیاره‌ كردوه‌و به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ زیاتر لێكتر نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌رێم و به‌غداو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.

 پسپۆرانی ئابوری بڕیاری ھه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جه‌یھانی توركیا به‌ بڕیارێكی ئه‌رێنی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عیراق وه‌سفده‌كه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه‌، د. خالید حه‌یده‌ر پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانكۆ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ بڕیارێكی باشه‌و به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستاندایه‌، چونكه‌ پاراستنی ئاسایشی بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی هه‌رێمه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ردوولا زیاتر له‌یه‌كتر نزیكده‌كاته‌وه‌و واده‌كات گفتوگۆكان به‌ ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا گه‌رمتربێت كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم و عیراقیشدا ده‌بێت، وتیشی: بڕیاری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهانی توركیا بارودۆخێكی ئارام و گونجاو بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی عیراق و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌خوڵقێنێت كه‌بتوانن بێ ترس بێنه‌ هه‌رێم و كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن . 

ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری ئابوری راشیگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ حكومه‌تی عیراق ناچار ده‌كات ئاسانكاری زیاتر بۆ هه‌رێم بكات له‌باره‌ی ناردنی پاره‌ی نه‌قدی بۆ هه‌رێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی له‌رێگه‌ی بۆرییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌و بۆرییه‌كه‌ش به‌ خاكی هه‌رێمدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.

وتیشی: بڕیاری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌، واده‌كات به‌ره‌به‌ره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ بچن و ئه‌مه‌ش سودی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم و سه‌رجه‌م عیراقیش ده‌بێت.

هه‌رله‌و باره‌یه‌وه‌ د. عیزه‌ت سابیر پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانكۆ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: بڕیاری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌ناده‌ركردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهان سودی زۆر باش و گه‌وره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عیراقیش ده‌بێت، چونكه‌ بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ به‌نده‌ری جیهان له‌رێگه‌ی ئه‌و بۆرییه‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌و تێچووی هه‌نارده‌ی نه‌وتیش كه‌مده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ته‌نكه‌ر هه‌نارده‌ بكرێت بۆ ئێران، چونكه‌ له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ مه‌ترسی كه‌مه‌و ئاسانتره‌و تێچووی كه‌متره‌ له‌ ته‌نكه‌ر.

راشیگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان بڕه‌ پاره‌یه‌كی زیاتری له‌ به‌غداوه‌ پێده‌گات، چونكه‌ داهاتی عیراق زیاد ده‌كات، له‌گه‌ڵ زیادكردنی ئه‌و داهاته‌ش به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمیش زیاد ده‌كات، وتیشی: هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ژێر چاودێری حكومه‌تی فیدراڵی عیراقدا ده‌بێت، بۆیه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سودی بۆ هه‌رێم و عیراقیش ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق ئه‌وه‌ی ئاشكراكردوه‌، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ھه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهان وه‌ك یه‌كه‌مجار ئاستێكی ناوه‌ندی ده‌بێت رۆژانه‌ 50 بۆ 60 ھه‌زار به‌رمیل ھه‌نارده‌ ده‌كرێت به‌ به‌راورد به‌ ئاسته‌كانی پێشوو كه‌ 300 ھه‌زار به‌رمیل بووه‌ له‌ ساڵی 2017 دا، به‌ڵام روون نییه‌ كه‌ی؟ و له‌ چ؟ كاتێكدا ئاستی ھه‌نارده‌كه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket