riklam

د.بەرهەم: نابێت عیراق گۆڕەپانی ململانێكان بێت

عیراق 02:30 PM - 2018-11-17
.

.

سەرۆك كۆماری عیراق لەتاران رایگەیاند: دەبێت عیراق بێتە پێگەی كۆكردنەوەی بەرژەوەندی هەموو لایەك، نەك گۆڕەپانی ململانێ. سەرۆك كۆماریش ئێرانیش دەڵێت: رێككەوتین لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندییە ئابورییەكانی ساڵانەی نێوانمان دەگاتە 12 ملیار دۆلارو بەهەوڵی دوولایەنەش لەداهاتوویەكی نزیكدا دەیگەیەنینە 20 ملیار دۆلار.

ئەمڕۆ 17ی تشرینی دووەمی 2018، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بەیاوەری وەفدێكی باڵا گەیشتە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە لەمەراسیمێكی كۆماریدا پێشوازی لێكراو دوای كۆبوونەوەی نێوان هەردوولاش، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند: سوپاسی سەرۆك كۆماری ئێران و لێپرسراوانی دەكەم بۆ ئەم پێشوازییە، ئەمڕۆ لەبەغداوە هاتووم و پەیامێكی روون و ئاشكرام لەلایە. 

وتیشی: ئێمە لەعیراق درك بەبایەخی گرنگی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران دەكەین، پەیوەندییەكانیش كە كلتوریی و كۆمە‌ڵایەتی و رۆشنبیریی و ئابورین لەمێژوودا دراون كە پەیوەندی نێوان دوو گەلی موسڵمانی دراوسێیە.

وتیشی: پەیوەندییەكانمان جوگرافیای دراوسێیەتیمان جێگیردەكات، هەموو رووداوە گەورەكانی ناوچەكە گەلی نێوان هەردوو وڵات هاوبەش و راوێژی بوون لەنێو ئەم روداوانەداو گەلی عیراق پشتیوانی ئێران لەیاد ناكات كاتێك لەژێر دەستی رژێمی داپڵۆسێنەری بەعسدا بووین، هەروەها لەقۆناغی دوایشدا پشتیوانی ئێران لەبەرەنگار بوونەوەی تیرۆرداو ئەم پەیوەندییانە كە بەردەوامە بەرز دەنرخێنین، لەهەمانكاندا دەمانەوێت پەیوەندییەكە بەرەو فراوانتر بكەین.

سەرۆك كۆماری عیراق راشیگەیاند: هەردوو گەلی دراوسێ شایەنی زیاتری ئەو پەیوەندییەن، دوای شكستپێهێنان بەداعش، ئەمڕۆ عیراق دەستكەوتی گەورەی هەیە تا لەڕووی سیاسی و ئاوەدانكردوەوە دەستبەكار بێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەستپێشخەڕی سیاسی و ئابوری و لەناو خۆماندا دەستپێبكەین، لەهەمانكاتیشدا پێویستە ژینگەیەكی هەرێمی فەراهەم بكرێت. 

وتیشی:كاتی هاتووە لەم ناوچەیەدا سیستمێكی هەرێمی خزمەتگوزار بۆ تەواوی گەلی ناوچەكە دابین بكرێت، هەروەها رۆڵی ئێران لەم سیستمەدا بەرز دەنرخێنین كە رۆڵی ئەرێنی هەبووە، لەڕاستیدا رۆڵی عیراق نەك گرنگە، بەڵكو رۆڵێكی سەرەكی دەبێت، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە دەبێت عیراق بێتە پێگەیەك بۆ ئەوەی بەرژەوەندی هەموو لایەكی لێ كۆبكرێتەوە، نەك گۆڕەپانی ململانێی لەنێوان ئیرادە جیاوازەكاندا، دەمانەوێت ئەم سیستمە خاوەنی ژێرخانێكی تەواوی ئابوری و كۆمەڵایەتی بێت لەهەموو بوارەكاندا.

د.بەرهەم ساڵح ئەوەشی وت: هەروەك رێزگرتن لەسەروەری و سەربەخۆی وڵاتان بگیرێت، هەروها گرتنەبەری بەرژوەندی گشتی و گەلان لەسەر حسابی خۆمان نەك گەلانی دیكە، لەم چوارچێوەیەشدا دووپاتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان دەكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتەكانی دەرەوەو بازرگانیمان راسپارد كارەكانیان لەبوارەكاندا دەستپێبكەن، بەتایبەت دامەزراندنی ناوچەی ئازاد كە گرنگ دەبێت بۆ هەردوولاو دامەزراندنی هێڵی ئاسنین كە زۆر گرنگ دەبێت لەبواری سەردان و بازرگانی.

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، رایگەیاند: دەرفەتی زیاترمان هەیە تا پەرە بەپەیوەندییەكانی نێوانمان بدەین و تەئكیدیان لەسەر ئەوەشكردەوە كە پێویستە پەرە بەپەیوەندییە سیاسی و ئابوریی و رۆشنبیرییەكان بدەین و پێشییان بخەین.

وتیشی: لەئێستادا پەیوەندییە ئابورییەكانی ساڵانەی نێوان ئێران و عیراق دەگاتە 12 ملیار دۆلار، بۆیە بەهەوڵی دوولایەنە لەداهاتوویەكی نزیكدا بیگەیەنینە 20 ملیار دۆلار.

سەرۆك كۆماری ئێران راشیگەیاند: ئێران و عیراق لەبواری ئاڵوگۆڕی كارەباو گازو نەوت و چالاكییەكانی دیكە پەیوەندییەكی باشیان هەیە، گفتوگۆشمان كرد لەبواری دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت، هەردوولاش لەبارەی پێكەوە بەستنەوەی هێڵی ئاسنین گفتوگۆمان كرد تا بەزووی دەستبەكاركردن بكرێت تێیدا تا لەڕێی بەسرەوە هەردوو وڵات بەهێڵی ئاسنین پێكەوە ببەسترێنەوە.

رۆحانی تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە لەكۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق، لەسەر پرسی ژینگە گفتوگۆیان لەسەر كردوە كە بۆ هەردوولایەن گرنگە، تا بەیارمەتی هەردوو وڵات خەڵكەكەی بەتایبەت لەسنورەكانی باشور لەكێشەی خۆڵبارین رزگار بكەین و د.بەرهەمیش وتی بەتایبەت كار لەسەر دۆسییەی ژینگە دەكات.

ئەوەش وت: رێككەوتین لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، تا ئێمە بتوانین پیشەسازی لەو ناوچە ئازادەدا دەستپێبكەین، هەردوولاش لەسەری رێككەوتوین بەزوترین كات دەستبكرێت بەدروستكردنی ئەو ناوچە.

رونیشیكردەوە: گفتوگۆمان لەسەر بارودۆخی ناوچەكە كردو هەردوولاش كۆكبووین لەسەر ئەوەی سەقامگیری و ئاسایش لەبەرژەوەندی خەڵكی ناوچەكەیەو پێویستمان بەدەستێوەردانی نێودەوڵەتی نییە لەناوچەكەداو دەبێت بەهاوكاری یەكتر، پێكەوە سەقامگیری دروستبكەین، چونكە هەردوو وڵات لەناوچەكەدا گرنگن و سنوریان پێكەوەیە.

وتیشی: ئێمە ئاسایشی عیراق بەئاسایشی خۆمان دەزانین، گەشەپێدانی عیراق بەگەشەپێدانی ئێران دەزانین، چونكە دوو نەتەوەی هەردوو وڵات دەبێت پەیوەندییەكانیان لەبوارەكاندا زیاتر بێت.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket