riklam

یەكێتی: بەشەراكەتی راستەقینە لەحكومەتی نوێدا بەشدار دەبین

ی.ن.ک‌‌ 01:06 PM - 2018-11-17
.

.

یەكێتی و پارتی تەئكیدی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەش دەكەنەوە كە  چوار ساڵی داهاتوو ئارامی سیاسی و ئابوری  بەدیبێت و بژێوی خەڵك باشتربكرێت، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت: یەكێتی لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە لەحكومەتی نوێی بەشدار بێت، نەك بنەمای بەشداریكردن.

ئەمڕۆ 17ی تشرینی دووەمی 2018، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسلێمانی، كۆبوونەوەی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بەڕێوەچوو، دوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەكەش، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا،سەعدی ئەحمەد پیرەو مەحمود محەمەد وتەبێژانی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناوەرۆكی كۆبوونەوەیەكەیان بۆ رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن خستەڕوو.

لەسەرەتایی كۆنگرەكەدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاند: یەكێتی و پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كورسیان هێناوە، بۆیە دەمانەوێت پێكەوە روئیایەكی هاوبەش دروست بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت لەچوار ساڵی داهاتووداو لەگەڵ یەكێتی پێكەوە كار بكەین و هەوڵەكان چڕتر بكەینەوە لەپێناو ئەوەی چوار ساڵی داهاتوو ئارامی سیاسی و ئابوری  بەدیبێنین و ببێتە هۆی بوژانەوەی بژێوی ژیانی خەڵك.

وتیشی: لەڕوانگەی بەخەمەوەبوونمان و خوێنی شەهیدانمان پێویستمان بەیەكەو لەگەڵ یەكێتی هاوڕاین لەسەر ئەوەی حكومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت كە رەنگدانەوەی سەرجەم حزبەكانی هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام هەر لایەنێكیش خۆی نەیەوێت بەشداری حكومەت بكات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن خۆی سەرپشكەو رێز لەبڕیاری دەگرین.

وتەبێژی پارتی راشیگەیاند: لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی لەسەر ئەو پرسانەی لەكۆبوونەوەكەدا باسكرا، زۆر لێكەوە نزیك بووین و پێشبینی دەكەم لەدوو كۆبوونەوەی ئایندەدا بگەینە رێككەوتن و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.

ئەوەش وت: یەكێتی و پارتی وەك دوو حزبی مێژووی لەچوار ساڵی ئایندەدا پێكەوە هاوبەش دەبن و پێكەوە كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنن كە لەپێناو خزمەتی خەڵكدا دەبێت.

هەروەها سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش رایگەیاند: لەئێستادا گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردوەو یەكێتش مەبەستێتی چوار ساڵی ئایندە، چوار ساڵی ئارامی و هەلیكارو خزمەت بێت.

وتیشی: لەكۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ وەفدی پارتی تەئكیدمان لەسەر ئەوەكردەوە كە لەهەڵەكانی رابردوو پەند وەربگرین و پێكەوە هەوڵبدەین زیاتر زمەتی خەڵك بكەین.

لەبارەی بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكەشەوە، وتی: یەكێتی هێڵی سوری لەسەر هیچ لایەنێك بۆ بەشداری لەحكومەتی نوێی هەرێم نییەو هەر لایەنێكیش دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن بێت خۆی سەرپشكە.

وتەبێژی یەكێتی راشیگەیاند: لەگەڵ پارتی  لەسەر بنەمای پێكەوە گونجاندنی لایەنەكان پێكهاتوین و  دەمانەوێت بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ چوار ساڵی ئایندەی حكومەتی هەرێم دابڕێژین.  

ئەوەش خستەڕوو: یەكێتی دەیەوێت لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە لەحكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت، نەك لەسەر بنەمای بەشداریكردن.

PUKmedia تایبەت 

فۆتۆ: گۆران قادر 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket