riklam

زانكۆی سلێمانی: گرفتی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان چارەسەركرا

کوردستان 05:24 PM - 2018-11-15
.

.

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران رایدەگەیەنێت كە بەپەلەو بەشێوەیەكی كاتی چارەسەری گرفتی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانیان كردووە، دەشڵێت: 26ی ئەم مانگە تەندەر دەكرێتەوە بۆ كۆمپانیاكان و دەدرێت بەكۆمپانیایەك بۆ ئەوەی بەشە ناوخۆییەكان پاكبكاتەوە.

د.ئاراس فەریق زەینەڵ، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران، بە PUKmediaی راگەیاند: زانكۆی سلێمانی زانكۆیەكی گەورەیەو چوار كەمپی هەیە (كەمپی نوێ‌، كەمپی ناوشار، كەمپی عەواڵ، كەمپی سەیدسادق)، زیاتر لە 30 باڵەخانەی بەشەناوخۆیی هەیە كە نزیكەی 10 هەزار خوێندكار تێیدا نیشتەجێن و ئەمانەش پێداویستیان هەیە.

وتیشی: لەدوای ناڕەزاییەكانی خوێندكاران رۆژی 13/11/2018، لە سەرۆكایەتی زانكۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆ و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و بنكەی پۆلیسی زانكۆ و كارگێڕی زانكۆو سیانەو نوێنەری خوێندكارانی خۆپیشاندەری بەشەناوخۆییەكان كۆبووینەوەو لەسەر كۆمەڵێك خاڵ رێككەوتنین.

ئاراس فەریق زەینەڵ، ئاماژەی بەوەشدا: لەكۆبوونەوەكەدا بەرچاوڕونیمان دانێ‌ كە ئێمە لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە داوامان كردووە كۆمپانیای چاكەرەوەو پاككەرەوەمان بۆ دابین بكرێت، بەڵام گرفتمان هەبووە لە رۆتیناتی وەزارەتی دارایی، هەربۆیە 4/11/2018 رەزامەندییان دەربڕیووە و راستەوخۆ كاری تەندەرینمان بۆ كردووەو بەپێی یاساش تەندەر دەكرێت و لە 6/11/2018 تەندەرەكە كراوە و دەبێت بەپێی یاسا 21 رۆژ لە تەندەریندا بێت.

باسی لەوەشكرد "26/11/2018 تەندەكرێتەوە بۆ كۆمپانیای چاككەرەوەو پاككەرەوەی هەموو بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی، بەمەش بابەتی پاكوخوێنی و هەوای گەرم چارەسەر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو: لەگەڵ نوێنەری بەشەناوخۆییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتووین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كاتی و بەپەلە تا كاتی دەرچوونی تەندەرەكە بۆ كۆمپانیا كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەین، شەش بینامان هەیە زۆپامان بۆ دابینكردوون لەم دوو رۆژەدا نەوتیشمان بەسەر دابەشكردون.

سەبارەت بەچارەسەركردنی كێشەی ئاوی گەرم، ئاراس فەریق، وتی: ئێمە بینای BD9 مان هەیە پێشتر شەش سەعات ئاوی گەرمیان پێدەدرا ئێستا بۆتە 12 سەعات، لەسەر داوای خۆیان سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ بۆ سەعات5 ی ئێوارە و سەعات 7 بۆ 12ی شەو ئاوی گەرمیان بۆ دابین دەكەین بە رۆژانی هەینیشەوە، بۆ هەموو ژورێكیش لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان زۆپامان پێداون.

جەختیشی كردەوە: دڵنیایشمان داوەتە خوێندكاران ئەو 25 هەزار دینارەی لێیان وەرگیراوە، وەك ئەمانەتێك لێیان وەرگیراوە لە مانگی پێنج دا هەر خوێندكارێك ئەستۆپاكی بكات و  ژوورەكەی بەبێ‌ گرفت رادەست بكاتەوە پارەكەی پێدەدرێتەوە، ئەگەر ئەستۆپاكی نەكات بە پێی ئەو زیانەی لە ژوورەكەی داوە پارەكەی لێدەبڕدرێت.

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ، هێمای بۆ ئەوەشكرد: كۆمپانیایەكمان لەبەغداوە هێناوە، كار لە بینا سووتاوەكە دەكەن كە سێنتڕاڵەو ئاو و هەوا بۆ شەش بیناكەی تر دابین دەكات، بیناكانی تر گرفتمان نیە تەنها ئەو شەش بینایە نەبێت، خوێندكارانیش مافی خۆیانە و دنیا ساردە بۆیە بەشێوەی كاتی هەوای گەرممان بە زۆپا چارەسەركردووە، كۆمپانیاكە بەڵێنیداوە لەم مانگەدا گرفتەكان چارەسەر بكات.

دووپاتیشیكردەوە: ئێمە نامانەوێ‌ كارەساتێكی نەخوازراو رووبدات، بۆیە تا سەلامەتی لە بیناكە نەبێت و دڵنیا نەبین ئاو و هەواكە بەڕێكوپێكی دەڕوات و كۆمپانیاكە بەڵێنی سەلامەتیمان نەدەنێ‌ ناتوانین ئاو و هەوای گەرمیان بدەینێ‌، بەڵام كۆمپانیاكە بەڵێنی چارەسەركردنی داوە لەم مانگەدا.

د.ئاراس جەختی لەوەشكردەوە: بەڵێنی ئەوە بە خوێندكاران دەدەین لە 26ی ئەم مانگەدا تەندەرەكە بۆ هەر كۆمپانیایەك دەرچوو لەماوەی 24 سەعاتدا گرێبەستی بۆ دەكەین و دەستەبكار دەبێت، داواش لە خوێندكاران دەكەین ئەم ماوە كەمەی ماوە تا چارەسەركردنی گرفتەكان دان بەخۆیاندا بگرن.

باسی ئەوەشی كرد، كە بۆ چارەسەر خێراو كاتی بۆ هەر بینایەكی بەشەناوخۆیی چوار باجیان بۆ پاكردنەوە دابین كردووە.

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران دەشڵێت:دەبێت خوێندكاران ئەوە لەبەرچاوبگرن كە 10 هەزار ژمارەیەكی زۆرە و 30 باڵەخانەمان هەیە هەر یەكێك 500 بۆ 700 خوێندكاری تێدایە و دەكرێت رەچاوی ئەم حاڵەتانەمان و رۆتیناتیش بكرێت.

وتیشی: هەندێك فراكسیۆن و پەرلەمانتار سەردانیان كردووین، پێمان وتن گرفتمان تەنها ئەوەنیە پارەمان بۆ دابین بكرێت، ئێمە پێویشتمان بەوەیە بۆ ساڵانی ئایندەش گرێبەست بكرێت لەگەڵ كۆمپانیاكان هیچ نەبێت بۆ پێنج ساڵ بێت، چونكە ناكرێ‌ هەموو ساڵێك گرێبەست لە مانگی حەوت هەڵبوەشێتەوە و ئێمەش داواكاری بكەینەوە و تا مانگی 11 و 12 جێبەجێ‌ نەكرێت، ئەگەر تەندەریش بكرێت بۆ كۆمپانیای چاككەرەوە و پاككەرەوە بۆ پێنج ساڵ بێت باشترە.

PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket