riklam

پۆلیسی سلێمانی: 114 تۆمەتباری سلێمانی لە هەولێرن

کوردستان 05:00 PM - 2018-11-15
.

.

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هیچ نوسراوێكی رەسمیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو پێنەگەیشتووە، جەختیشیكردەوە هێزەكانیان چەندین تۆمەتباری هەڵاتووی شارەكانی دیكەی هەرێم و تەنانەت عیراقیشیان دەستگیركردوە كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەبوەو نوسراویان ئاڕاستەكراوە بۆ دەستگیركردنیان.

هیچ نوسراوێك بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو لە هەولێرەوە نەنێردراوە

عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی لێدوانێكی لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێری دایەوەو رایگەیاند: لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هیچ نوسراوێكی رەسمیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو پێنەگەیشتووە.

چەندین تۆمەتباری هەڵاتووی شارەكانی هەرێم و عیراق دەستگیركراون

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: هێزەكانیان چەندین تۆمەتباری هەڵاتووی شارەكانی دیكەی هەرێم و تەنانەت عیراقیشیان دەستگیركردوە كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەبوەو نوسراویان ئاڕاستەكراوە بۆ دەستگیركردنیان، بۆیە هەركەسێك بەڵگەی لایە لەسەر تۆمەتباران  با هاوكارییان بكات بۆ دەستگیركردنیان.

114 تۆمەتبار كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە لەهەولێر دەسوڕێنەوە

عەمید ئاسۆ ئاشكراشیكرد: 114 تۆمەتبار كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە لەلای پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا لەهەولێرن و دەستگیرنەكراون، لەكاتێكدا چەندینجار نوسراویان ئاڕاستەی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی هەولێركردوە بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانە.

ئەوەشی وت: ئەوانەی لە 17ی شوباتدا بەتۆمەتی تەقەكردن لەخۆپیشاندەران فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بۆ هەولێر هەڵاتوون و لەوێن، هەرچەندە نوسراویشیان ئاڕاستەی پۆلیسی هەولێر كردوە بۆ دەستگیركردنیان، بەڵام دەستگیریان نەكردون و لەهەولێر ئازادانە دەسوڕێنەوە.

باسی لەوەشكرد كە لەدوای دەستبەكاربوونیانەوە وەك بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، بەهەماهەنگی هێزە ئەمنییەكانی دیكەی سلێمانی، توانیویانە ئەو تۆمەتبارانەی فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە پێشتر، دەستگیریان بكەن كە ژمارەیان زیاتر لە 700 تۆمەتبار بووەو تەنها 39 تۆمەتباریان دەستگیرنەكراون كە شوێنیان نادیارە.

 وتیشی: لە ئێستادا شاری سلێمانی یادی 234 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە، دەبوایە پیرۆزباییان لە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان بكردایە، نەك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دەزگا ئەمنییەكان تۆمەتبار بكەن، وتیشی: ئێمە جیاوازی لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستاندا ناكەین، هەمووی خاكی پیرۆزی كوردستانەو پاراستنی بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین، ئەوەشی وت: ئەگەر بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر فەرمانی گرتنی هەر تۆمەتبارێكی لایەو هاتووەتە ئەم شارە داوای لێدەكەین بۆمان بنێرێت، بۆ ئەوەی دەستگیری بكەین .

 عەمید ئاسۆ تەئكیدیشیكردەوە هیچ كەسێك نییە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووبێت و لە شارەكانی ترەوە هاتبێتە سلێمانی و دەستگیرمان نەكردبێت.

لە 749 تۆمەتبار 670 یان دەستگیركراون

ئەوەشی ئاشكراكرد لە دوای دەستبەكاربوونیانەوە لە شاری سلێمانی وەك بەڕێوەبەری پۆلیس لە ئۆپراسیۆنێكی فراواندا هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی بە هەماهەنگی هێزەكانی ئاسایشی و هێزەكانی 749 كەس فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە، توانراوە 670 كەسی دەستگیركراوە ، وتیشی: 79 كەسیان ماوە، لەو ژمارەیەش 40 كەسیان پەڕاویان ئاڕاستەی دادگا كراوە، تەنها 39  تۆمەتبار ماوە دەستگیربكرێن كە شوێنیان نادیارە، كە ئەوە شایەتی دەدات كە ئایا پۆلیسی سلێمانی كاری كردوە یان نا.

ئاماژەی بەوەشدا، كە وتەكانی عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر تەواو نا حەقیبوو بەرامبەر بە سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی .

PUKmediaتایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket