riklam

لاهور شێخ جه‌نگی: سلێمانی له‌ ده‌ربه‌نده‌ پڕ له‌ خۆڕاگرییه‌كاندا مه‌سه‌له‌ی كوردی گه‌شه‌ پێدا

کوردستان 12:30 AM - 2018-11-15
.

.

لاهور شێخ جه‌نگی  به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی شاری سلێمانیه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:" 

 

به‌رز و پیرۆز بێت ناو و یادی سلێمانی.

 

ساڵێكی تر چووه‌ سه‌ر خه‌رمانی شكۆ و شانازیی سلێمانی و، روداوه‌كانی ساڵی رابردوو جارێكی تر سه‌لماندیان، كه‌ ئه‌م شاره،‌ گه‌وره‌ و هێژایه‌ و به‌ حه‌ق، رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانیی و كوردستانییه‌ و خاوه‌نی كه‌سێتی سه‌ربه‌خۆ و ره‌وت و خوێندنگه‌ی سیاسیی خۆیه‌تی. 

 

دوو سه‌د و سی و چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌م شاره‌ له‌ دامێنی گۆیژه‌وه‌ كه‌وته‌ ناو بازنه‌ی روداوه‌ گه‌وره‌ مێژووییه‌كان و سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تێكه‌ڵ بوو له‌گه‌ڵ خولیاكانی سه‌ربه‌خۆیی شێخی نه‌مر. سلێمانی له‌ ده‌ربه‌نده‌ پڕ له‌ خۆڕاگرییه‌كاندا "مه‌سه‌له‌ی كورد"ی گه‌شه‌ پێدا و به‌و پێشه‌نگییه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، تیره‌ و تایفه و چین و تویژه‌كانی كوردی یه‌كخست، رۆشنبیریی بڵاوكرده‌وه‌ و توانی به‌پشتبه‌ستن به‌ چاپخانه‌ و پیره‌مێرد و كه‌ڵه‌‌ نووسه‌ره‌كانی، ئاسۆیه‌كی گه‌شتر به‌ دلێریی و خه‌باتی رزگاریی كورد ببه‌خشێت.

 

شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، له‌ مێژووی پرشنگداری خۆیدا، زۆر گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی گلاندوه‌، زۆر قه‌ناره‌ی پساندوه‌، زۆر زیندانی شكاندوه‌، و زۆر سه‌ركرده‌ی پێگه‌یاندوه‌. هه‌ر ئه‌م كولتوره‌ شۆڕشگێڕانه‌یش وایكردوه‌ كه‌ ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین، یه‌كێك بێت له‌ ده‌روازه‌كانی.

دوای راپه‌ڕینیش، سلێمانی پێشه‌نگ بووه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی حوكمڕانیی خۆماڵیی و تا یه‌كگرتنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش، پێشكه‌وتوترین شاری هه‌رێم، و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش، رویداوه‌ كه‌ خاوه‌نی باشترین سیستمی ته‌ندروستی، باشترین زانكۆ، پته‌وترین ژێرخانی پیشه‌سازی و پاكترین ژینگه‌ بووه‌.

 

ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ له‌لایه‌ك و پاراستنی ئازادیی سیاسی و ئازادیی راده‌ربڕین و نوێگه‌ریی و زیندوێتی شاره‌كه‌ش له‌لایه‌كی تر، وایكردوه‌، كه‌ دابینكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری، یه‌كێك بێت له‌ گرنگترین ئه‌ركه‌كان له‌پێناو ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ تیمی حوكمڕانیی و كه‌رتی تایبه‌ت و بازرگانان، كه‌ بتوانن به‌ ئاسوده‌یی پرۆژه‌ی نوێ بۆ پێشخستنی سلێمانی و خزمه‌تكردنی خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی جێبه‌جێ بكه‌ن.

 

سلێمانی، كه‌ سه‌رباری فرۆكه‌خانه‌ و كارگه‌ و  پارك و كتێبخانه‌ و دامه‌زراوه‌كانی، خاوه‌نی گردی سه‌یوان و شه‌هیدان و ئارامگه‌ی كه‌ڵه‌پیاوانی شۆرشگێری كورده‌، وا له‌م ساڵدا جارێكی تر ده‌نگی سه‌دان هه‌زار ده‌نگده‌ری پیرۆزی خۆی به‌ شۆڕشی نوێ و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌خشیوه‌ته‌وه‌‌، و له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان دا، منه‌تی باڵاده‌ستی و خزمه‌تكردنی شاره‌كه‌ی به‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی مام جه‌لال ره‌وا بینیوه‌. ئه‌مه‌ش ئامانه‌تێكه‌ به‌رز و پیرۆز كه‌ پێویسته‌ هه‌موومان له‌ ئاستیدا ئه‌مه‌كدار و راستگۆ بین.

 

لێره‌وه‌، پشتبه‌ستوو به‌ هیممه‌تی سه‌دان هه‌زار لاو و گه‌نجی سلێمانی و كوردستان و نوێنه‌رانیان له‌ كۆماری عێراق، حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌ن و فه‌رمانگه‌ خۆجێییه‌كانی هه‌رێم، چاوه‌ڕوانین كه‌ چوار ساڵی ئاینده‌، چوار ساڵی بوژاندنه‌وه‌ و پێشخستی سلێمانی بێت. چوار ساڵ بێت بۆ سه‌قامگیری و یه‌كڕیزیی ناو ماڵی كورد و یه‌كخستن و رێكخستنی ده‌نگی گه‌له‌كه‌مان بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی "مه‌سه‌له‌ی كورد" و سود وه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان له‌پێناو بنیادنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ هه‌مووان.

به‌رز و پیرۆز بێت ناو و یادی سلێمانی و درود بۆ‌ گیانی پاكی هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانی له‌ پێناو كورد و كوردستان قوربانیانداوه‌ و خه‌بات ده‌كه‌ن. 

 

لاهور شێخ جه‌نگی

١٤-١١-٢٠١٨

 

PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket