riklam

كۆسرەت رەسوڵ:سلێمانی رەمزی یاخی بوون و مقاوەمەی شۆڕشگێڕانە

ی.ن.ک‌‌ 06:29 PM - 2018-11-14
.

.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەبۆنەی یادی دامەزراندنی سلێمانییەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت: سلێمانی بەدرێژایی شۆڕشەكانی گەلی كورد لەئاست داگیركەران و دوژمناندا هەمیشە رەمزی یاخی بوون و مقاوەمەی شۆڕشگێڕانە بووە بەسەدان و هەزاران لەباشترین رۆڵەكانی خۆی بەخشیووە، دەشڵێت: سلێمانی بۆتە مەڵبەندی پێكەوەژیان  و كۆكردنەوەی بیروڕا جیاوازەكان و لانكەی دیموكراسی لەناوچەكە.

 

پەیامێك لە كۆسرەت رەسوڵەوە بۆ سلێمانی

جەماوەری بەشەرەف و خۆڕاگری شاری سلێمانی

لەیادی ٢٣٤ هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندن و بونیادنانی شاری سلێمانی لەلایەن بابانییەكانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگشتی و دانیشتووانی شاری هەڵمەت و قوربانی بەتایبەتی دەكەم، هەڵبەت مەعلومە كە شاری سلێمانی بە بەراورد بە شارە گەورەكانی ناوچەكەو دنیا خاوەنی مێژوویەكی زۆر دێرین نییە، بەڵام هێندەی ئەوان و بگرە زیاتریش لەڕووی خۆڕاگری و تێكۆشان و هەمەڕەنگی پێگەیاندنی زاناو ئەدیب و پیاوچاكان شاعیرو هونەرمەندان و بیرمەندانی مەزنەوە رۆڵی مێژووی نوێ و هاوچەرخی ناوچەكەدا هەبووەو هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆیانە كە هەم نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی و هەم پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی بەسەردا بڕاوە.

شاری سلێمانی لەڕووی خۆڕاگریەوە بەدرێژایی شۆڕشەكانی گەلی كوردستان لەئاست داگیركەران و دوژمناندا هەمیشە رەمزی یاخی بوون و مقاوەمەی شۆڕشگێڕانە بووە لەو ڕێیەشدا بەسەدان و هەزاران لەباشترین رۆڵەكانی خۆی بەخشیووە بەتایبەتیش لەتەمەنی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بەڕابەرایەتی (ی.ن.ك)، ئەمە سەرباری ئەوەی لەپاش راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١ شاری سلێمانی بۆتە مەڵبەندی پێكەوەژیان  و كۆكردنەوەی بیروڕا جیاوازەكان و لانكەی دیموكراسی لەناوچەكە.

لەبواری ئەدەبی و كەلتوریشدا بەخششەكانی سلێمانی لەئەژمار نایەن هاوبەشێكی كاریگەربووە لە شارستانێتی ناوچەكە بە گشتی و نەتەوەی كورد بەتایبەتی، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە هەم دوژمنانی گەلی كوردستان لەماوەی دەیان ساڵەی حكومڕانی خۆیاندا سزایەكی سەختی ئەمشارە خۆڕاگرو تێكۆشەرەیانداوە بەوەی كە نەیانهێشتووە دەستی ئاوەدانی وەكو پێویست بگاتە شاری سلێمانی هەم لەسەردەمی حكومڕانی خۆماڵیشدا شاری سلێمانی بێ نازییەكی گەورەی پێوە دیارە، بۆیە حەقە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ناوەند، دەستی ئاوەدانی زیاتر بۆ ئەو شارە خۆڕاگرە درێژبكەن و زیاتر ئاوەدانی بكەنەوە.

جارێكی تر لەم یادە پڕشكۆیەدا پیرۆزبایی خۆم دووبارە دەكەمەوە، هیوای گەشەو ئاوەدانی زیاتر بۆ شاری رۆشنبیران دەخوازم.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket