riklam

ئه‌مریكاو توركیای دیموكراسی‌و په‌كه‌كه‌ی تیرۆریست

بیروڕا 01:13 PM - 2018-11-13
.

.

(ئاواته‌خوازم ئه‌م وتاره‌م وه‌ربگێڕدرێته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی‌و توركی.. به‌ڵكو كاربه‌ده‌ستانیان بیخوێننه‌وه‌)

له‌هه‌فته‌ی رابردودا، دوای ساڵه‌ها له‌ كێشه‌ی بچوك‌و گه‌وره‌ی نێوان ئه‌مریكاو توركیای ئه‌ندامانی ناتۆ، سه‌ره‌نجام، سێ‌ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ (موراد قه‌ره‌یلان، جه‌میل بایك‌و دوران كالكان) به‌ تیرۆریست ناسران‌و ملیۆنه‌ها دۆلاری مۆڵیش بۆ قه‌پڵاندنی سه‌ریان، دیاریكرا. ئه‌م بڕیاره‌، له‌م دۆخه‌دا، چاوه‌ڕوانه‌كراو بوو. به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كانه‌. سیاسه‌تی زلهێزه‌كان له‌دوای سایكس پیكۆوه‌ (1916) ده‌ریده‌خات، ره‌شه‌بای به‌رژه‌وه‌ندیان كه‌ هه‌ڵیكرد، پرنسیپ، دۆستایه‌تی، فه‌لسه‌فه‌، ئازادی‌و مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌نه‌ پێخۆر!!

ئه‌مریكا، له‌دوای جه‌نگی دوه‌مه‌وه‌، به‌پشتیوانیكردنی مافی چاره‌نوسی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا، دوای جه‌نگی سارد، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. كه‌ ئومێدی فراوانكردنی دیموكراسی ده‌به‌خشی. به‌ روخاندنی رژێمی سه‌دام، باشوری كوردستان، بۆ یه‌كه‌مین جار، پشتیوانی گه‌وره‌ی بۆ په‌یدا بوو. به‌ناو به‌هاری عه‌ره‌بیش، پانتایی ئازادی هێنایه‌ ئارا، دیسان ئه‌مریكا، هه‌ڵوێستی بۆ پشتیوانی خه‌ڵكی راپه‌ڕیو، باشبوو.

داعشیش كه‌ سه‌ریهه‌ڵداو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكاو رۆژئاواش كه‌وتنه‌ مه‌ترسیه‌وه‌، ئه‌مریكا رۆڵی هه‌ره‌ كاریگه‌ری له‌ دژایه‌تی داعش‌و پشتیوانی پێشمه‌رگه‌و به‌شێك له‌ هێزه‌كانی تری دژی داعش، ده‌گێڕا.

ناوبه‌ناویش، كه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا دژی دوژمنانی دیموكراسی‌و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، راده‌گه‌یه‌ندرا، سیاسه‌تی ئه‌مریكای باشتر خۆشناو ده‌كرد. هه‌روا.

تائێستا، ئه‌مریكا به‌رگری له‌ حكومه‌تی ئه‌سه‌دی سوریا نه‌كردوه‌و، دژایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانی رانه‌وه‌ستانه‌وه‌و، فشاری له‌سه‌ر توركیاش كه‌م نه‌كرده‌وه‌و، له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزی چه‌كداری تایفه‌گه‌ری عێراقیش، سیاسه‌تی رۆشنه‌!

هاوكێشه‌كانی سوریاش، كه‌ كه‌وتنه‌ ناو گێژاوی جه‌مسه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و ئیقلیمیه‌كان‌و روسیا هێزی داگرته‌ شه‌ڕگه‌كان، ئه‌مریكاش رۆژئاوای كوردستانی داڵده‌ دا. قسه‌ش له‌وه‌ده‌كرا، كه‌ (په‌كه‌كه‌) له‌ لیستی تیرۆر ده‌ربهاون. كه‌چی.

له‌پڕ، بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی نێوان توركیاو ئه‌مریكا، سێ‌ سه‌ركرده‌ی (په‌كه‌كه‌) كرانه‌ عه‌ره‌بونی ئاشتبونه‌وه‌ی ئه‌مریكاو توركیا. ئه‌م بڕیاره‌، دیاره‌ په‌لوپۆی نهێنی زۆرن. ئه‌وه‌ی لای من له‌هه‌موو بابه‌تێكی دیكه‌ گرنگتره‌، ئه‌وه‌یه‌، ئایه‌ ئه‌م بڕیاره‌، خزمه‌تی ستراتیژی دیموكراسی، ژیانی مه‌ده‌نی، ئازادی‌و مافی مرۆڤ ده‌كات، كه‌ ئه‌مریكا ستراتیژه‌كه‌ی له‌جیهاندا، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و چه‌مكانه‌ رۆناوه‌؟! ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی خزمه‌تی ده‌كات، كه‌واتا ئه‌مریكا، بڕیارێكی به‌جێی داوه‌. ئه‌گه‌ر نا، بێگومان بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه‌. له‌مباره‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ته‌مومژ له‌سه‌ر گوتاره‌كه‌م له‌لایه‌ن توركیا، یان هه‌ر ناوه‌ندو لایه‌نێكی تر، بڕه‌وێنمه‌وه‌، به‌پێویستی ده‌زانم رونیبكه‌مه‌وه‌ كه‌وا:

له‌دوای جه‌نگی ساردو له‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانگیرییه‌دا، هه‌میشه‌ گوتومه‌: ئایدیۆلۆژیه‌تی په‌كه‌كه‌و ستراتیژی خه‌باتی چه‌كداری بۆ رزگاری، قۆناغه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌. ته‌نانه‌ت سیسته‌می حیزبایه‌تی په‌كه‌كه‌ش، ره‌خنه‌م له‌سه‌ری هه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌گه‌ڵ چه‌ك فڕێدان، یان داماڵینی چه‌كیش نیم. رێك‌و ره‌وان، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتی‌و خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و هه‌ڵبژاردن‌و فراوانكردنی خه‌باتی دیموكراسیم. كه‌ (هه‌ده‌په‌)ش (80) كورسی هێنا، په‌یامی خۆمم گه‌یاندۆته‌ قه‌ندیل‌و دیاربه‌كر، كه‌ بچنه‌ ناو حكومه‌ت باشه‌. كه‌ شه‌ڕیان گواسته‌وه‌ ناو شاره‌كانیش، به‌بڕیارێكی مه‌ترسیدارم ده‌زانی. به‌ڵام، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌، ته‌واوی پرسی (دیموكراسی-نه‌ته‌وه‌یی) باكورو رۆژئاوای كوردستان، له‌و گۆشانه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێ‌.

گریمان، په‌كه‌كه‌، له‌و كێشانه‌ زیاتریشیان هه‌یه‌، جێی خۆیه‌تی بپرسین، ئه‌ی حكومه‌تی توركیا، هه‌ڵه‌ی كه‌متری هه‌یه‌؟

-ئایه‌؛ له‌ناوچه‌كه‌و توركیا كێشه‌ی كه‌مه‌؟

-ئایه‌؛ باری ئابوری توركیا، پاشه‌كشه‌، یان سه‌ركه‌وتنی به‌دیهێناوه‌؟

-ئایه‌؛ زیندانه‌كانی توركیا، جێگه‌ی رۆژنامه‌نوس‌و سیاسه‌تمه‌دارو مه‌ده‌نیخوازی تری تیادا ده‌بنه‌وه‌؟

-ئایه‌؛ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، توركیا بۆ له‌ یه‌كێتی ئۆروپا قبوڵ ناكرێ‌؟

-ئایه‌؛ رێژه‌ی بێكاریی زیادیكردووه‌و كۆمپانیاكان پاشه‌كشه‌یان كردووه‌و ئاسته‌نگی ئابوری قوڵه‌، یان ته‌نكه‌؟

-ئایه‌؛ سوپای توركیا بۆ كوده‌تای كرد، ئه‌گه‌ر سوپایه‌كی پرۆفیشناڵی نیشتمانیی ده‌ستورپارێز بوو؟

هه‌رچی چۆنێ‌ به‌راوردی كێشه‌كانی توركیاو هه‌ڵه‌كانی په‌كه‌كه‌ بكرێ‌، توركیا ده‌یان به‌رامبه‌ر له‌دۆخی توركیاو له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی‌و ئازادیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان به‌رپرسیارتره‌. كه‌چی، ئه‌مریكا، كه‌ له‌ چركه‌ساتێكدا، سه‌دان ملیۆن وشه‌ زانیاری ده‌گاته‌ پنتاگۆنه‌كه‌ی‌و له‌ ئان‌و كاتیشدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ له‌و زانیاریانه‌، هه‌تا به‌هه‌ڵه‌ نه‌چێ‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی گوێ بداته‌ سه‌رجه‌م كێشه‌و هاوكێشه‌كان، دوای رزگاركردنی قه‌شه‌كه‌یان، بڕیاری له‌م چه‌شنه‌ ده‌دات‌و توركیاش چه‌شه‌ ده‌بێ‌، هه‌تا پێی لێهه‌ڵبڕێ‌. دۆخه‌كه‌ش وا به‌رده‌وام بێ‌، دوور نیه‌ له‌رۆژئاوای كوردستانیش، ئه‌مریكا پاشه‌كشه‌ بكات.

به‌دڵنیاییه‌وه‌، به‌ تیرۆریست زانینی سێ‌ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌، كه‌ ته‌مه‌نی خۆیان له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌یان داناوه‌، هه‌رگیز، نه‌ خزمه‌تی ئامانجه‌ ستراتیژیه‌كانی ئه‌مریكا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌كات‌و نه‌ توركیاش، له‌ قه‌یرانه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی رزگارده‌كات.

چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، پشتیوانی توركیا بكرێ‌، كه‌ پاشه‌كشه‌ی له‌ دیموكراسی كردووه‌، هه‌تا به‌رده‌وام بێ‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی بێبه‌شكردنی گه‌لی باكوری كوردستان، له‌ مافه‌ دیموكراسی‌و مه‌ده‌نیه‌كانی. هه‌روا، په‌كه‌كه‌ش ناتوانێ‌ به‌ سوربون له‌سه‌ر ستراتیژی خه‌باتی چه‌كداری، چۆك به‌ توركیا دابدات.

اره‌سه‌رێكی سیاسی وه‌كو ئاشته‌واییه‌كه‌ی (كۆلۆمبیا) باشتره‌، له‌ سه‌ركوتی عه‌سكه‌ری توركیاو به‌رده‌وامیی خه‌باتی چه‌كداری په‌كه‌كه‌.

له‌كۆتاییشدا جێی خۆیه‌تی بیگێڕمه‌وه‌ كه‌: سێ‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر، رێكه‌وتی (12/8/2018) به‌ڕێز (ستیڤن فه‌یگه‌ن) قونسڵی نوێی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی كردین. ره‌خنه‌ی له‌ په‌كه‌كه‌ گرت، منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌ كه‌:

ئه‌مریكا له‌سه‌ر قه‌شه‌یه‌ك، گه‌مارۆی ئابوری خسته‌ سه‌ر توركیا. به‌ڵام (13 هه‌زار) كورد گیراون‌و زیاتر له‌ (20 ملیۆن) كوردی توركیا مافی خوێندنی زمانی زگماكیان نییه‌، چۆن خه‌باتی دیموكراسی ناكه‌ن؟

قونسڵ پێكه‌نی‌و منیش دڵم ته‌نگ بوو له‌و قسه‌یه‌ی كردی.


مه‌لا به‌ختیار

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket