riklam

پارتی دیموكراتی هۆڵه‌ندی ستایشی یه‌كێتی ده‌كات

ی.ن.ک‌‌ 02:03 PM - 2018-11-11
.

.

به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 11-11-2018 له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان عومه‌ر فتاح، حاكم قادر ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری و  سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پێشوازییان كرد له‌ وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی هۆڵه‌ندی سۆشیاڵ لیبراله‌كان  به‌سه‌رۆكایه‌تی  لیدڤن ڤه‌ن لانگه‌  سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵات میلان ئاساس به‌رپرسی ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به‌ئه‌ندامیه‌تی به‌رپرسانی چه‌ند هه‌رێمێكی هۆله‌ندا و پسپۆران و كاربه‌ده‌ستانی دۆسیه‌ی ژنان و رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان .

له‌ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا عومه‌ر فتاح ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌مێژینه‌ی هه‌ردوو حزب كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان فاكته‌ری ئاشته‌وایی و یه‌كریزییه‌، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی چ له‌روخانی رژێمی سه‌ركوتكه‌ر و دیكتاتۆری به‌عس، چ له‌ بنیادنانه‌وه‌ی عیراقێكی تازه‌ كه‌زامنی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و مافه‌ بنچینه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكات رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌  هه‌روه‌ك وتی: داواكاری ئێمه‌ له‌ عیراق له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستور و په‌یماننامه‌كانه‌، له‌نێوانیاندا مادده‌ی 140 كه‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عیراقی به‌بیانووی ناده‌ستوری خۆیان له‌و ماده‌ ده‌ستوری و په‌یماننامانه‌ ده‌دزنه‌وه‌.

دواتر حاكم قادر به‌خێرهاتنی وه‌فده‌كه‌ی كرد بۆ سلێمانی وتی: سلێمانی شاری كه‌لتور و رۆشنبیرییه‌ ، شاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و میوزیكه‌،شاری چالاكی ژنانه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ، به‌تایبه‌ت له‌بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئابوری و سیاسی و رۆشنبیری و كه‌لتوری و ئێن جی ئۆكاندا ، هه‌ر له‌درێژه‌ی قسه‌كانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وتی :یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڕوای پته‌وی به‌ مافه‌كانی ژنان هه‌یه‌ و 9 ژن له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تین، و له‌ناوه‌نده‌كانی تریش له‌بواره‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری ، ژنان به‌رێژه‌ی به‌رچاو به‌شدارن و رۆڵی ئه‌كتیڤیان هه‌یه‌  له‌ناوه‌نده‌كانی بریاردا.

 له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ لای یه‌كێتی ئاشتی پرنسیپێكی بنچینه‌ییه‌ و بڕوای ته‌واوی به‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ هه‌یه‌ و هه‌روه‌ك جه‌خت له‌پێكه‌وه‌ ژیان ده‌كاته‌وه‌ .

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وتی: كورد یه‌كێكه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ گه‌وره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تا ئێستا مافه‌كانی دیارنین و زه‌وت كراون ،ئه‌مرۆ كه‌ سه‌د ساڵ به‌سه‌ر كۆتایی دوا فیشه‌كی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی تێپه‌ر ده‌بێت ، كورد و كێشه‌كه‌ی قوربانی رێكه‌وتنی په‌یمانی سایكس بیكۆیه‌ كه‌ به‌بێ ویستی خۆی سنوره‌كانی دیاریكراوه‌ ، هه‌روه‌ك وتی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ناسروشتی دروستبوون به‌رده‌وام له‌ناو كێشه‌ی ناوخۆییدا ده‌ژین .

ئاماژه‌شی به‌رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال  كرد وه‌ك هۆكاری ئاشته‌وایی دوای رووخانی رژێمی به‌عس و هه‌وڵی ئاشتیانه‌ی بۆ پێكه‌وه‌ ژیان .

دواتر لیدڤن ڤه‌ن لانگه‌ سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵات سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كرد و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌پێش سه‌ردانه‌كه‌ زانیاری زۆرییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ئه‌و دیداره‌ به‌رچاوڕوونی زیاتری پێبه‌خشین و چاوكراوه‌تری كردین له‌باره‌ی دۆخی سیاسیی و رۆڵی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌دا كه‌ كورد قوربانی زۆری داوه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م رۆژگاره‌، وتی ئێوه‌ حكوم و سته‌می سه‌دام و داعشتان بینیوه‌ ،هه‌روه‌ك وتی ئێمه‌ وه‌ك حزب و حكومه‌تی هۆڵه‌ندا كوردستان و عیراق جێگای چاو و بایه‌خی ئێمه‌یه‌ ،ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ كه‌ لای ئێمه‌ پرسی ژن پرسێكی گرنگه‌ و جێگای خۆشحاڵی ئێمه‌یه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی ژن لای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ره‌وه‌ی كاره‌كانیه‌تی .

له‌و دیداره‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان و نوێنه‌رایه‌تیه‌كان ئاماده‌یبوون.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket