riklam

ئەنجومەنی ناوەندی: یەكێتی خاوەن پێگەو سەنگی مێژوییە

ی.ن.ک‌‌ 03:15 PM - 2018-11-07
.

.

ئەمرۆ چوار شەممە 7-11-2018 هەڤاڵانی سكرتارییەت و لێپرسراوی كۆمسیۆنی پەیوەندییەكان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی پێشوازییان لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان كرد كە پێكهاتبوون جیهان خەلیل سەرۆكی كۆنگرەی ستار و جاویدان حەسەن و خەولە مستەفا نوێنەری خۆبەرێوەبەری دیموكراتی لە هەرێم و سلێمان عەرەب نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) لە هەرێمی كوردستان.

سەرەتا زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی بە ناوی ئەنجومەنی ناوەندییەوە بەخێرهاتنی وەفدی میوانی كرد و تیشكی خستەر سەر دۆخی ئێستای كوردستان و پێكهێنانی حكومەت و گۆرانكارییەكانی ناوچەكە و لەوبارەوە وتی: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و خاوەن پێگەو سەنگی مێژویی و حكومڕانیەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانیتردا كابینەی نوێ پێكدەهێنێرێ و بەشداریكردنیشی بۆ خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی بەرنامە ستراتیژییە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانە.

وتیشی: یەكێتی درێژە بە رێبازی هەڤاڵ مام جەلال دەدات كە پشتگیری لە خەباتی ڕەوای ئاشتیانە و دیموكراتیانەی پارچەكانیتری كوردستانە و هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە پشتیوانی پارچەكانیتر بووە، سەرۆك مام جەلال لەساڵی 1993 رۆڵی نێوەندگیری لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستاندا گێراوە، یەكێتی بەهەمان شێوە پشتیوانی خەباتی دیموكراتیانەی رەوای گەلەكەمان بووە و وەك ئەركێكی نیشتیمانی نەتەوەیی هاوكاری مادی و لۆجستی رۆژئاوای كردوە لەشەری دژی تیرۆریستانی داعشدا.

لەبەشێكیتری دیدارەكەدا هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی وێرای خستەڕووی رۆڵی وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئیقلیمی لە ناوچەكە و شەری بردنەوەی زۆرترین بەرژەوەندی نیگەرانی خۆیان لەدۆخی عەفرین دەربڕی و دوپاتیشیان كردەوە كە قۆناغی ئێستای خەبات لە سوریا قۆناغی دیبلۆماسیە و پێویستە كوردانی رۆژئاوا خۆیان بۆ ئەو جۆرە خەباتە ئامادە بكەن.

لای خۆشیەوە جیهان خەلیل نوێنەری كۆنگرەی ستار سوپاسی ئەنجومەنی ناوەندی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ پشتیگریكردنی پارچەكانیتری كوردستان بە تایبەتی باكور و رۆژئاوای كوردستان بەگرنگ وەسف كرد و لەوبارەوە وتی: هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانی و هاوكارییەكانی یەكێتیی بۆ رۆژئاوا لەلای حزب و لایەنە سیاسیەكان و خەڵك و سەرجەم چین توێژەكانی كوردستانی رۆژئاوا جێی فەخر و شانازیین، لەوەیش مەزنتر ئەوەیە وێرای چڕكردنەوەی فشارەكان لەسەر یەكێتی بەڵام لەسەر هەمان سیاسەت و نەهجی خۆی بەردەوامە.

وتیشی: لەم قۆناغەدا یەكریزی كورد لەپارچەكانیتری كوردستان زۆر گرنگە و پێویستە هەوڵەكانمان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی بە بەشداری سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكان و لابردنی بەربەستەكانی چڕتر بكەینەوە، یەك وتاری و یەك هەڵوێستی لە ناوخۆی كوردان و گرتنەبەری رێگای دیبلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی ئامرازی بەهێزن بۆ پوچەڵكردنەوەی پیلانی نەیار و دوژمانی كورد.

لەبەشێكیتری دیدارەكەدا ئەندامانی وەفدی رۆژئاوا خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەركەوتنەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكان و هەڵبژاردنی د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەربڕی كە بەهێزبوونی یەكێتی ئەركی زیاتری دەخاتە سەرشان و بەهێزبوونی دیموكراسی باشوری كوردستان و بەهێزی حزب و لایەنەكانی پارچەكانیتری كوردستانە.

لە كۆتایشدا هەردوولا جەختیان لەسەر یەكریزی كورد و بە ئەنجام گەیاندنی خۆبەرێوەبەری كانتۆنەكانی رۆژئاوا و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و بەهێزكردنی لۆبی كورد لە وڵاتانی دەرەوە كردەوە.

PUKmedia  راگەیاندنی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket