PUKmedia یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سلێمانی.. شارێك لە كەلتور و خۆڕاگری


6/11/2018 15:45:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

شاری سلێمانی یادی (234) هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەكاتەوە، كە تێیدا چەندین چالاكی جۆراو جۆر ئەنجامدەدرێت.

ساڵانە لە رۆژی 14-11دا هەڵمەتی پاككردنەوەی شاری سلێمانی دەستپێدەكات و ناوچە جیاجیاكانی شارەكە پاكدەكرێنەوە، ئەمە جگە لە كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی و ئەنجامدانی چالاكی هونەری و وەرزشی و بەسەركردنەوەی شوێنە مێژووییەكانی شارەكە.

لە ساڵی 2016 شەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە یادكردنەوەو ئەنجامدانی چالاكییەكان بچووكتر و كەمتربوونەوە.

مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی

شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە بنیاتنراوەو شارەكەی بەناوی سڵێمان پاشای باوكییەوە ناوناوە، سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان كاتدا مەڵبەندێكی بازرگانی و رۆشنبیری بووە. 

پاش رووخانی میرنشینی بابان لەساڵی 1851 وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەكەمدا، شاری سلێمانی خرایە سەر كۆماری عیراقی و لە ساڵی 1922 تا ساڵی 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحموود بووە.

 شاری سلێمانی جگە لەوەی لانكەی رۆشنبیر و تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندین شۆرش و راپەڕینیش بووە لە مێژووی كوردستاندا.

 

29.jpg

رووبەری شاری سلێمانی

لە ساڵی 1955 پانی رووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 60 ھەزار كەس و نزیكەی7 ھەزار خانووی تێدایە. 

لە شەش گەڕەكی سەرەكی پێكھاتووە ئەوانیش (كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن) گەڕەكی جوولەكانی جارانیش كە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەكی سەرشەقام.

شێوەزاری سلێمانی 

زاراوەی سۆرانی لە ناوچەكەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جۆرێك كە زاراوەی سۆرانی لە ناوچەكەدا بەرەو كەمبوون و نەمان دەچێت.

شاری ڕۆشنبیری

شاری سلێمانی بە رای ھەندێك لە خەڵكی كوردستان بە شاری ڕۆشنبیری دەناسرێت هەربۆیە پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاریًَك سلێمانی كردە پایتەختی رۆشنبیری هەرێم، ئەو بەرفراوانییەش لە رۆشنبیریدا بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەكیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێننەوە، كە ھەموو مەلا و زاناكان شاعیر و نووسەر بوون و رۆڵی مزگەوت و حوجرەش كەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ كوچكەی بابان، نالی و سالم و كوردی قوتابحانەی شیعری بابان درووستدەكەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆكەوە گەلێك دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی كوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی كوردی ئەمڕۆ ئەوا ھەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت ھەر ئەو زارەیە، زۆربەی گەورەنووسەرانی ئەو سەردەمە وەك: نالی، سالم، كوردی، مەولانا خالید، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، شێخ مارفی نۆدێی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەمەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، مەلا ساڵحی حەریق، ساڵح ئەفەندی ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، زێوەر مەلا عەبدوڵلا، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاكان بوون بە بەشێكی گرینگ لە ئەدەبی كوردی ھاوچەرخ لە كوردستاندا.

 ھەرچەند ھەندێك لەمانە لە نێویەكدا بەھۆی تەسەوفەوە ناكۆكیان لە نێواندا ھەبووە كە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ كە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید. لەدوای راپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 چەند ھونەرمەندی بەناوبانگی تر لە سلێمانی ھەڵكەوتن كە رۆڵیان هەبوو لە شەپۆلی نوێی ئەدەبی كوردیدا، لەوانە: مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، بەرزان ھەستیار، گۆران بابە عەلی، زمناكۆ بورھان قانع، محەمەد موكری، قوبادی جەلی زادە و چەند ناوێكی تر. ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە رۆڵی بەرچاویان لە بزوتنەوەی كوردایەتیشدا ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەكان، یەكێكی تر لە ئەو شتانەی كە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناساندوە ئەوەیە كە یەكەم چاپخانە كە لە كوردستان كەوتبێتەكار لە سلێمانی بووە، یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە كوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.

maxresdefault.jpg

كەسایەتییەكانی شاری سلێمانی

شێخ مەحموودی حەفید

حەپسەخانی نەقیب

22.jpg

شاری سلێمانی لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە كۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا كۆمەڵێكی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. بۆ سەردەمی بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەكیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی ھەموو مەلا و زاناكان شاعیر و نووسەر بوون یان ھەموو شاعیر و نووسەرەكان مەلا و زانا بوون. 

بۆ پاش ئەو سەردەمەش مزگەوت لە بەخشینی شاعیر و نووسەر نەكەوت و قوتابخانەی تازەش گەلێك بلیمەتی بەخشی و مەڵبەندێكی وەكو زانستی وایكرد كە زۆر لە نەخوێندەواران بچنە ڕیزی شاعیران.

نالی (١٨٠٠–١٨٧٣), شاعیر.

ساڵح ئاغای پۆشاك (٢٠٠٠-ماوە)٫ ڕوناكبیر.

سالم (١٨٠٠–١٨٦٦), شاعیر.

مەحوی (١٨٣٠–١٩٠٦), شاعیر.

موستەفا زیھنی پاشا (١٨٣٨–١٩١١) ئەفسەری گەورەی دەوڵەتی عوسمانی.

حاجی مەلا سەعید كەركووكلی زادە (١٨٦٦–١٩٣٧), وەزیری یاسا لە لە شانشینی كوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی.

مستەفا یامولكی (٢٥ی كانوونی دووەمی ١٨٦٦ - ٢٥ی ئایاری ١٩٣٦)، وەزیری پەروەردە لە شانشینی كوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی.

پیرەمێرد (١٨٦٧–١٩٥٠), شاعیر و ڕۆژنامەوان.

شێخ مەحموودی حەفید (١٨٧٨ – ٩ی ئابی ١٩٥٦), مەلیكی كوردستان (١٩٢٢–١٩٢٤)

محەمەد ئەمین زەكی بەگ (١٨٨٠–١٩٤٨), مێژوونووس, سیاسەتمەدار.

تۆفیق وەھبی (١٨٩١–١٩٨٤),زمانناس، و سیاسەتمەدار و شاعیر.

شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦–١٩٥٨) ڕۆژنامەوان و شاعیر.

گۆران (١٩٠٤–١٩٦٢), دامەزرێنەری ھۆنراوەی نوێ، شاعیر.

ئیبراھیم ئەحمەد (١٩١٤–٢٠٠٠), ڕۆماننووس، شاعیر و وەرگێڕ.

محەممەد قودسی (١٩١٩–١٩٤٧) ئەفسەر لە سوپای كۆماری كوردستان.

ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢—٢٠٠٦), شاعیر.

حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١-١٩٥٣) سیاسەتمەدار و خێرخواز.

موحەمەد ساڵح دیلان (١٩٢٧–١٩٩٠), مۆسیقاژەنێكی دیار و شاعیر.

زمناكۆ بورھان قانع (لەدایكبوون ١٩٧٨), ڕۆژنامەوان و ڕووناكبیر.

ئەنوەر قەرەداغی (١٩٤٦), مۆسیقاژەن و ئاواز دانەرێكی دیار.

دیاری قەرەداغی (١٩٦٧), گۆرانیبێژ.

شەھاب شێخ نوری (١٩٣٢–١٩٧٦) سیاسەتمەداری كورد لە عێراق.

جەمال نەبەز (لەدایكبوون ١٩٣٣), زمانناس.

مەحمود عوسمان (لەدایكبوون ١٩٣٨), سیاسەتمەدار.

شێركۆ بێكەس (لەدایكبوون ١٩٤٠), شاعیری سەردەم.

محەممەد حاجی مەحموود (لە دایكبوون ١٩٥٣)، سیاسەتمەدار

نەوشیروان مستەفا (لەدایكبوون ١٩٤٤), سیاسەتمەدار.

عوسمانی حاجی مارف (لەدایكبوون ١٩٥٤)سیاسەتمەدار، سكرتێری حزبی كۆمۆنیست.

فریاد فازل عومەر (لەدایكبوون ١٩٥٠), پرۆفیسۆر لە زانكۆی فری بەرلین.

ڕزگار محەممەد ئەمین (لەدایكبوون ١٩٥٨), دادوەر.

بەختیار عەلی (١٩٦٠) ڕۆمان نووس و ڕووناكبیر.

بەرھەم ساڵح (لەدایكبوون ١٩٦٠)سیاسەتمەدار، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ھەرێمی كوردستان.

مەریوان وریا قانع (لەدایكبوون ١٩٦٦), ڕووناكبیر.

چۆمان ھەردی (لەدایكبوون ١٩٧٤) شاعیر, وێنەكێش.

دكتۆر ڕێبوار فەتاح (ناسراویشە بە ڕێبوار مەریوانی) (لەدایكبوون ١٩٥٧)نووسەر، شارەزای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

دانازعەبدولرەحمان (لەدایكبوون ١٩٨١) نوسەر وشاعیر و ھونەرمەند

شوان كەمال (لەدایكبوون ١٩٦٧) ھونەرمەند و پەیكەرساز

كەسایەتیی بیانیی كە لە شاری سلێمانی ژیاون

ئیلی بانیستەر سەون ناسراو بە مێجەر سەون یان مێجەر سۆن

گۆگۆل جاند مكورجی ناسراو بە غەفوور ھیندیی یان غەفوورە ڕەش ١٨٩٤ - ١٩٨٠

میدیا و ڕۆژنامەگەری

لە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەكی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەكرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگاركێش و ھونەرمەندی شێوەكار ھەیە و جگە لە زانكۆی ئەمریكی و زانكۆی سلێمانی چەند زانكۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە ھۆڵی چالاكی و بەردەوام بەرنامەی ھەمەجۆری ھونەری و ڕۆشنبیری تێدایە.

 چەندین گەڕیدەی بەریتانی و بیانی لە كتێب و بیرەوەریەكانیاندا ئاماژەیان بە زیندوێتی ئەم شارەداوە و بە شاری جوانی و خۆشەویستی ناسراوە. لەم شارەدا ژنان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەیە لە دام ودەزگا و دامەزراوەكاندا بە تایبەتی لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئازادی ڕادەربڕین و زیندوێتی كاروجولە لەم شارەدا سیما و خەسڵەت و پێناسەی سلێمانیە. سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بەھۆی شوێنی جوگرافیەوە، بەپاك و خاوێنترین شار ناسراوە.

1235455.jpg

 

ئەو پیشانەی مۆركی سلێمانیان پێوە دیارە

ئاسنگەری : ئاسنگەر ھەر لە دوكانەكەیدا (كوورەی ئاگر)ی ھەیە وەك تەنور ئاگری تێدا دەكاتەوەو بە خەڵوز یان خەڵوزی مەعدەنجۆشی ئەدات ھەروەك تەنوری نان گوڵبێنەی ھەیە كە ئەویش مووشەدەمەی لەسەرە.

 مووشەدەمەش بریتیە لە ھەمانەیەكی كون بڕ دەسكێكی تەختەی پێوەیە شاگرد بەرزی ئەكاتەوە و نزمی ئەكاتەوە بەوە باوەشێنی خەڵوزی ناو كورەكەی پێ دەكات و ئەیگەشێنێتەوە بەم جۆرە ئەو ئاسنەی دەخرێتە ناو كورەكەوە سوور ئەبێتەوە وەك پشكۆی ئاگری لێدێت، دواتر وەستاكە ھەر بە مقاشێكی گەورەی ئاسن دەریدەھێنێت و بە چەكوش پیای دەكێشێت ، چی بوێت لە ئاسنەكە دروستی دەكات، چونكە ئاسنەكە بەو سوور بوونەوەیە نەرم دەبێتەوە. 

بەوپێیەش ئاسنگەر لە ئاسن (دەمە بێڵ ، دەمە خاكەناز ، گاسنی جوت ، پیكی بەرد شكاندن ، سێپای سەر ئاگردان ، چەكوش ، داس ، تۆراس ، گوڵمێخ ، دەمە تەور...) دروست دەكات.

جۆڵایی : جۆڵایی بە مەكینەی دروستكردنی قوماشی ئەمڕۆ دادەنرێت، كە بەو ئامێرە سەرەتاییە چەندین بەرهەمی ناوازە دروستدەكرا كە بریتی بوو لە (نەوەرد ، لایەر ، دانە ، گورد ، چۆلەكە ، لالە ، پێ تەقە و پردەڵە).

 جۆڵایش بریتی بوو لە دروستكردنی (جاجم ، پۆپەشمین ، بەرماڵ ، شاڵی رانك و چۆغە و گەلێك شتی تریان بەرھەم ئەھێنا. 

ھەندێك جاجمیان دروست ئەكرد لە شێوەی چوار گۆشە یان درێژ كۆلە لە دەزوی لۆكە یا خوری ئەوەندە سفت و ڕێك و پێك و جوان ، سیمیان تێكەڵ ئەكرد ڕەنگاو ڕەنگ ، مەگەر مەكینە بتوانێ بەو شێوەیە دروستی بكات، لە ئێستاشداجاجم و پۆپەشمین و پیشەی جۆڵایی وردە وردە رووەو نەمان دەچن.

موتابچیەتی : موتابچی ئەو كەسەیە كە مووی بزنی لە ئیشەكەیدا بەكاردەھێنا و (گوریس و قەیاسە و خەرار)یان لێ دروست دەكرد لەو خەرارەش (تورەكەی ئالیكی وڵاخ و كۆپان و خەرار بۆ توتن داگرتن) كە لەلایەن قەتارچیەوە ئەو فەردە توتنانە دەگوێزرانەوە. ئامێرەكانی موتابچیەتی مەندەف ئامێری شیكردنەوە و گرێ لابردنی مووە كە ئەمیش یارمەتیدەری ئامێری چەرخە چونكە موو دەكات بە گڵۆڵەیەكی ئەوتۆ كەبە ئاسانی بڕێسرێ.

چەرخی موو ڕستن : ئەو ئامێرەیە كە موو ئەڕێسێ و ئەیكا بە (بەن).

خەڕەك : ئەو ئامێرەیە كە بەن ھەڵدەكاتەوە سەر لوولە بۆ پۆی شاڵەكە ئەم پیشەیە زیاتر لە ناو (دیان)ەكاندا باوبوو.

كارگەچێتی : كارگەچی ئیشی بە خوری مەڕە دوای شتنەوەی خوریەكە و زۆر پاك بژار كردنی شی ئەكرێتەوە بۆ ئەوەی لەوسەرەوە (لباد)ی لێ دەربێنن فەرەنجی ، سەروكڵاوی دژی باران ، شەپقە ، سدارە ، پوزەوانە ، كیفی تفەنگ، قەنەواچەی سەر شانی چاكەت ، پەستەك ، سەرزین بۆ ئەسپ ، نەرمەزین دیسانەوە بۆ ئەسپ ، كەپەنك بۆ شوان ، كوڵەباڵ ئەمانە ھەموو لە لبادی خوری مەڕ دروست ئەكران. 

كارگەچی لە ماڵی خۆیانا ئیشیان ئەكرد. زیاتر لە گەڕەكی چوارباخ ,ئێستا ئەم پیشەیە و ناوەكەشی نەماون.

وەتراقچی : وەتراقچی ئەو كەسەیە كە شتی كۆنە ئەفرۆشێت. واتا (كۆنە فرۆش). (اوتراق وشەیەكی توركییە واتای كاروان و برید) دێت وەتراقچی (فەرش و بەڕەی كۆن و لبادو جاجم و مەوج و پۆپەشمین و گوریس و خورجی پاشكۆی وڵاخ و ھۆڕ و مەسینەی حەوت جۆش و گەلێك شتی تری لەم بابەتەی ئەفرۆشت.

چەخماخسازی : وشەیەكی سەردەمی عوسمانیەكانە. چەخماخساز ئەو كەسە بوو كە چەكیان چاك ئەكردەوە بە تایبەتی تفەنگ و تاپڕو دەمانچە. 

بەڵام ئەوانەی سلێمانی ھێندە بەتوانا بوون ئەو شتانەیان دروست ئەكرد جگە لە ساچمەزەنی ڕاو ، فیشەك ، مقاشی زەرد ، قفڵی لوولە ، ئەڵقەڕێز و دوولای دەرگا ، شەكرشكێن ، كلیل و كڵۆم و كەوچك و...زۆر شتی تر. 

لای خۆمان حەمە ساڵح بەگی ئەجەخان و لە ڕەواندز (وەستا ڕەجەب كە تۆپ و گولە تۆپی دروست ئەكرد و ئێستاش ئەو لوولە تۆپانە لە بەغداد لە (مۆزەخانەی سەربازی) ماون و ھەڵگیراون.

 ئیدمۆندز لەم بارەیەوە نوسیویەتی پێش جەنگی جیھانی یەكەم شاری سلێمانی بە مانیفاكتۆرەی چەك (چەخماخسازی) ناوی دەركردبوو ، چەخماخسازەكانی سلێمانی بەشێكی گەورەی پێداویستیەكانی ھەردوو كوردستانی عێراق و ئێرانیان دابین ئەكرد. مارك سایكس ساڵی 1902 كە سەردانی سلێمانی كردووە زیاتر لە 150 دوكانی چەخماخسازی تۆماركردوە كە بەرھەمەكانیان لەڕوی چۆنایەتییەوە ئاستێكی باشیان ھەبووە.

شیرگەری : شیرگەر ئەو كەسە بوو كە خەنجەری دروست ئەكرد. ناوەكەشی لە (شیر واتا شمشێر)ەوە ھاتووە تا كۆتایی سییەكانی سەدەی ڕابردووش خەنجەر كردن بە بەر پشتێنی جلی كوردیوە باو بوو. خەنجەر چەند جۆرێكی ھەبوو (دەبان لە ھەمووی باشتر و بەناوبانگ تر بوو) (خەنجەری خۆراسان و خەنجەری قەزوین و خەنجەری شینە تیغ).

مسگەری : لای ئێمە بە ھەڵە ناوی مسگەریان لەو كەسانە نابوو كە حاجەتیان سپی ئەكردەوە بەڵام ڕاستیەكەی مسگەر ئەو كەسەیە كە كەل و پەل لە مس دروست ئەكات ، ئەو كەل و پەلانەش وەك (مەنجەڵ ، سینی ، تەشت ، مەسینە ، لەگەن ، یەغنیكێش ، دەوری ، تاوە ، كەوگیر ، جام ، تاسی حەمام و گەلێك شتی تر) كە ھەموو لە مس دروست ئەكران.

خومچێتی : خوم وشەیەكی فارسیە لە كوپە یان مەركانەی گەورەدا ڕەنگیان تیا ئەگرتەوە. خومخانەش ئەو شوێنە بوو كە قوماش و خام و بلوری و شاڵ و كڵافە بەن و جارجار خوری تیا ڕەنگ ئەكرا.

زین و كۆپان : زین لە پشتی وڵاخ (ماین و ئەسپ) ئەنرا بۆ ئەوەی خاوەنەكەی بتوانێ سواری بێ ھەروەھا لغاوو ڕەشمە ئەمانە ھەموو بۆ وڵاخ بوون كۆپانیش بۆ سەر پشتی گوێدرێژ.

 

201439111641691621_20.jpg

شوێنەوارە مێژوییەكان

چایخانە كۆنەكانی شاری سلێمانی

مێژووی پەیدابوونی چا لە كوردستاندا زۆركۆن نیە، پێشتر قاوە ھەبووە، ھەر بۆیە شوێنێكی وەك قاوەخانەی سەرچیمەن پەیدا بووە. 

یەكەم جار چا لە ساڵی 1895 دا ھێنرایە سلێمانی لە لایەن بازرگانێكەوە كە ناوی محەمەد ئەمین مەحمود بوو، لە نێوان سلێمانی و ئێراندا كاری بازرگانی دەكرد لەو ساڵەدا چای وشكی ھێنایە سلێمانی.

 سەرەتا ماڵە دەوڵەمەندەكان (بەتایبەت ماڵی عیزەت بەگی وەسمان پاشا) لەو چایەیان دەكڕی و لە دیوەخانەكانیاندا بە لێنراوی پێشكەشی میوانەكانیان دەكرد، وردە وردە دیاردەكە بڵاوبووە و گەیشتە ئەو رادەیەی كە ئێستا چا لە سلێمانی و كوردستاندا زۆربەی كات دەخورێتەوە، بە تایبەت دوای ژەمە سەرەكییەكانی خواردن. 

ھەروەھا شوێنی تایبەتی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی چا كە بە چایخانەكان ناسراون بەشێكی دانەبڕاوی كەلتوور و مێژووی شاری سلێمانییە.

چایخانە كۆن و بەناوبانگەكانی شاری سلێمانی ئەمانەن:

چایخانە كۆن و بەناوبانگەكان لە دەوروبەری سەرای سلێمانی :

چایخانەی حاجی عەول

چایخانەی حەمە رەق

چایخانەی ئەوقاف

چایخانەی مینە شەل

چایخانەی عەلی غەمگین

چایخانەی وەستا ساڵحی بستە

چایخانە كۆن و بەناوبانگەكان لە شەقامی مەولەوی:

چایخانەی سەرچنار (ئەحمەدی سەعە بانەیی)

چایخانەی حەمەی بەكر (لە بیناكەی تۆفیق قەزازدا)

چایخانەی ئاشتی (لە دوكانەكەی ساڵحی رەشەدا)

چایخانە كۆن و بەناوبانگەكان لە سابونكەران:

چایخانەی حەمەتۆلە

چایخانەی سەعە كۆڵ

لە كانی ئاسكان (كانێسكان):

چایخانەی ساڵحی ئەحەی خولە

ھەروەھا لای حامیەی كۆنەوە (پاركی ئازادی ئێستا) چەند چایخانەیەك ھەبوو سەربازەكان لێی دادەنیشتن.

چایخانە كۆن و بەناوبانگەكان لای بەر بەلەدێكە (ناو بازاڕ):

چایخانەی كاك حەمەومین

چایخانەی رەشەی ھەتیو

چایخانەی مام دەروێش

چایخانەی حاجی قادر

چایخانەی سەعە تەھا كۆیی

چایخانەی عەبە كۆپرلی

چایخانەی عەلی حەمە ئەمین

لە مەیدانی ماست فرۆشەكان:

چایخانەی حاجی ساڵحی حەمە بەنگكێش

چایخانەی كاكە سوور

چایخانەی عەبە خورشە

چایخانەی عەلی خەلیفە

چایخانەی قادر پێنجوینی

چایخانەی مەلا بەكر

لای حەوزە وشكەكەوە:

چایخانەی ھۆمەر

چایخانەی كاك ساڵح‌و براكانی

چایخانەی سەعە كوێر

چایخانەی مام یوسف (بە زۆری نابیناكان دەچوونە ئەو چایخانەیە)

چایخانە كۆن و بەناوبانگەكان لە سەرشەقام:

چایخانەی سمە شەل

چایخانەی رەشۆل

چایخانەی كاك رەزا

چایخانەی كاك حەمە قادر

چایخانەی فەرەجی حەمە مراد

چایخانەی موشی لە گەڕەكی جولەكان

چایخانەی شەعب

چایخانەی شەعب ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی كۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی كردووە.

 عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە رایگەیاند: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوكم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەك كردووە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب) سەبارەت بەوەی كە بۆ چایخانەكە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی : لە ساڵانی زوودا بیناكە ئوتێلێك بووە ناوی (شەعب) بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەكە نرا.

لە سەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەھا گەورە نەبووە شوێنی كتێبخانەكەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەكەشی شوێنی خواردەمەنی بووە كە خاوەنەكی ناوی وەستا نەزەر بووە.. دواتر لە ساڵانی شەستەكاندا و پاش كۆچی دوایی وەستا نەزەر حەوشەكە ئەبێتە شوێنی ئەرز و حاڵچییەكان.

 دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا چایخانەكە تەشەنەی سەندوەو گەورە كراوە، لەو كاتەوە تا ئێستا دوو جار چایخانەكە نۆژەن كراوەتەوە جاری یەكەم لەسەر ئەركی خۆمان و دوا جاریش ساڵی 2006 بووە لە سەر دەستی حكومەتی ھەرێم كە ئەو كات عومەر فەتاح سەرۆكی حكومەت بووە.

سەبارەت بەوەی كە لە سەرەتادا ئەو كەسانەی سەردانی چایخانەكەیان كردووە كێ بوون عومەر شەریف وتی : كۆمەلێك كەسی ناودار سەردانی چایخانەیەكەیان كردووە ھەندێك لەوانە كە پێك ھاتبوون لە شاعیر و ھونەرمەندان و نووسەران سەردانی چایخانەكەیان كردووە وەك شێركۆ بێكەس و ئەحمەد ھەردی و حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و عەبدوڵڵا جەوھەر و مامۆستا ئەخۆل و گەلێكی تر سەردانی چایخانەكەیان كردووە. لە سەردەمی رژێمی بەعس دا چەند جارێك چایخانەی شەعب كەوتۆتە بەر ھێرشی ملازم موحسین و ئیھانەی بە نوسەران و ئەو گەنجانە كردووە كە لە چایخانەكەدا دانیشتوون و كۆبونەتەوە.

ئەدیبان چۆن باسیان لە چایخانەی شەعب كردووە؟

 یەكێك لە شتە سەرنج راكێشەكانی تری ئەم چایخانەیە ( دەفتەری بیروەریەكان )ە ، كە بیرەوەری ئەو نووسەر و ھونەرمەندانە دەگێڕیتەوە كە سەردانی چایخانەكەیان كردووە.

 لە لاپەڕەیەكی ئەو دەفتەرەدا مامۆستا شێركۆ بێكەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەكات : ( من ئەم چایخانەیە وەك چیرۆكێك ئەبینم كە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە). 

هەروەها شاعیری گەورەی عەرەب سەردانی چایخانەی شەعبی كردووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەكاندا شیعرێكی بۆ چایخانەكە نووسیوە كە دەڵێت : ( چایخانەی شەعب لە باڵاییدا بژی و شیعرێك دابھێنە ، بكشێ و بەرینی زەوی زیاد بكە). وەك كۆمەڵێك نووسەری بیانی سەردانی ئەم چایخانەیەیان كردوە وەك : ھینری دیلانی شاعیری فەڕەنسی و فازڵ سامر و عەلی حەسەن فواز و ئەردەشیری رۆستەمی و رۆبێرت كلایتەر).

تایبەتمەندییەكانی چایخانەی شەعب

كە دەچیتە ناو چایخانەكەوە چاوت بە كۆمەڵێكی زۆر لە وێنەی ھەڵواسراو دەكەوێت كە پێك ھاتوون لە وێنەی شاعیر و ھونەرمەند و رۆژنامەنووس و سەركردە و پێشمەرگە نەمرەكان. لە بارەی ھەڵواسینی ئەم وێنانەوە بە چایخانەكەوە (عومەر شەریف)ی چایچی وتی : (ھەڵواسینی ئەم وێنانە لای ئێمە وەك وەفا و خۆشەویستییەكە بۆ ئەوانەی جێ دەستیان لە بوارەكاندا دیارە و ماندوبوون). ئێستا چایخانەكە كۆمەڵیكی زۆر لە گەنجان و رۆشنبیران رووی تێدەكەن و تێیدا بە یەكتر شاد ئەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئەدەبیات و ھونەر و رۆژنامەوانییەوە دەكەن. یەكێكیان بۆبەسەربردنی كاتە و ئەوی دییان بۆ ئاگاداربوونەوە لەدنیای ڕۆژانەی كوردستان، بۆ شیكاركردنی ئەو دۆخەی كە پێیدا تێپەر دەبین، یان قسە و باسە لەسەر دنیای ئەدەب و فیكر.

جیاوازی چایخانەی شەعب لەگەڵ چایخانەكانی دیكە

چایخانەی شەعب وەك فۆڕم ھیچ جیاوازیەكی لەگەڵ چایخانەكانی تردا نییە بەڵام ئەوەی كە جیاوازی پێ دەبەخشێت جۆری ئەو كەسانەن كە ڕووی تێدەكەن وەك ڕۆژنامەنوسان و ھونەرمەندان و شاعیران.

 ئەوەی جێی سەرنجیشە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە كە ھەندێ جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەكە دەكەن بەڵام بە شێوەیەكی كەم تەنھا ئەوانە نەبێ كە لە ئەوروپاوە دەگەرێنە یان ژنانی بیانی كە سەردانی سلێمانی دەكەن و دێنە چایخانەكە.

4654.jpg

 

قەیسەری نەقیب

یەكێكە لە مەڵبەندە بازرگانییە ھەرە كۆنەكانی ناو شاری سلێمانی، ساڵی 1900 لەلایەن شێخ مستەفای نەقیب كە دەكاتە مامی شێخ مەحمودی حەفید دروست كراوە، زۆربەی وەستا و كرێكارەكان كە لە دروستكردنی ئەم قەیسەرییەدا ئیشیان كردووە لە سنە و كرماشانەوە ھاتن و شارەزایی زۆریان ھەبووە لە ھونەری بیناسازیدا.نەخشەی قەیسەرییەكەش ھەر ھەمان نەخشەیە كە لە قەیسەری و بازاڕەكانی رۆژھەڵاتی كوردستاندا بەكارھاتوون.

كاسبكارەكانی ئەم قەیسەرییە جۆراو جۆر بوون وەك خەیاتی و دەلاكی و وشكەفرۆش، بەڵام لەدوای ساڵی چلەكانەوە شەقڵێكی تری بەخۆوە گرت و زیاتر بوو بە بازاڕی عەتارەكان. سەرچاوەی كەل و پەلەكانیش لە بەغدا و سوریا و ئێرانەوە دابینكراون و بازرگانەكانی ئەو سەردەمە خۆیان سەفەری ئەو وڵاتەیان كردووە و تازەترین كاڵایان بۆ دوكاندارەكانی ئەو قەیسەرییە ھێناوە.

لافاوە بەناوبانگەكەی شاری سلێمانی لە ساڵی 1957 دا زیانێكی گەورەی بەم قەیسەرییە گەیاندووە. ئەو سەردەمە لاوان و مامۆستایان و پیاوە ناودارەكانی كورد كۆمەكی ماددیان پێشكەش بە زیانلێكەوتووان كردووە. ساڵی 1988یش لە رووداوێكی تردا قەیسەرییەكە سوتا و خەڵكەكەی تووشی زیانێكی قورس بوون.دەیان پیاوی ناسراو و كاسبكار و بازرگان لە موسوڵمان و فەلە و جولەكە لەم قەیسەرییەدا كاسبییان كردووە. 

تۆفیق قەزاز و حاجی شێخ عەلی و حاجی مەلا سەعیدی مامە خەلانی و حاجی عەزیزی شەرعی و شەلەمۆ عەزیز حەكیم و موشێی عەتار و سیمانە و سەلیم بەگی كوتاڵفرۆش ھەندێك لە كاسبكارە ناسراوەكانی سەرەتاكانی سەدەی رابردووی ناو قەیسەری نەقیب بوون.

گەڕەكی جوولەكان

ئەم گەڕەكە وەك دەگێڕنەوە لە سەردەمی كاك ئەحمەدی شێخدا دروست كراوە كاتێ ویستویانە خانوو دروست بكەن خەڵكی ئاینی شارەكە نەیھێشتووە، دواتر جولەكەكانی سلێمانی شكاتی خۆیان بردۆتە لای كاك ئەحمەدی شێخ و ئەویش پشتگیری كردون داوایی لێ كردون لەخوار شارەوە كە دەكاتە گەڕەكی جولەكانی ئێستا بۆ خۆیان ماڵا و خانوو دروست بكەن، دەگێڕنەوە كاك ئەحمەدی شێخ ھەم داری پێداون ھەم لە ناڕەزایی خەڵك پاراستوونی.

سیتی سینەما

سیتی سینەما لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی درووستكرا كە تاكە سینەمای مۆدێرنە لە عێراقدا. لەم سینەمایە نوێترین فیلمەكانی جیھان پەخش دەكرێن كە ئەوانیش فیلمەكانی (بۆكس ئۆفیس)ن كە پێكدێن لە نوێترین ١٠ فیلمی ھۆڵیوود.

مۆزەخانەی سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی لە (14ی تەمموزی 1961) دامەزراوە سەرەتا لە خانوویەكی بچووكی گەرەكی شۆڕشدا بوو، لە ساڵی 1980 گواسترایەوە بۆ ئەم بینایەی ئێستای، یەكەم بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی خوالێخۆشبوو (ڕەفیق فەتحوڵا) بوو، مۆزەخانەی سلێمانی پارچە ئاسەواری سەردەمە جیاوازەكانی كوردستان و میسۆپۆتامیا لەخۆ دەگرێت و لەسەر ئاستی عیراقدا بە دووەم مۆزەخانە دادەنرێت.

دارە سووتاوەكە

دارەسووتاوەكە بەو گۆڕەپانە دەوترێت كە دەكەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لە سەرو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەكات تا شەقامی قەنات، جگە لەوەی شوێنی وەستانی پاسی چەند ھێڵێكە لە شارەكەدا و چەندین پیشەوەری ئیشی دەست و كۆنەفرۆشی تێدا كۆبوەتەوە، ھەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەك (دار) لەو مەیدانەدا نافرۆشرێت، بەڵام ھەر بە ناوە كۆنەكەیەوە بەناوبانگە و ناسراوە، تەنانەت لە پێشی پاسەكان نوسراوە (دارە سووتاوەكە).

مێژووی دارەسووتاوەكە

ھاووڵاتیانی دێرینی شاری سلێمانی لە گێڕانەوەی مێژووی ئەو مەیدانەدا، باس لەوە دەكەن كە ئەو شوێنە دەشتایی بووە و لە ناوجەرگەی شارەوە دوور بووە و دواتر كراوەتە باخ و دوای ئەوە بووە بە مەیدانی فرۆشتنی دار. 

كەرتی خوێندن لەشاری سلێمانيدا

زانكۆی سلێمانی

زانكۆی سلێمانی بۆ یەكەمجار لەساڵی 1968 دامەزرا، كامپی سەرەكی زانكۆ دەكەوێتە شاری سلێمانییەوە لە ھەرێمی كوردستان.

 لە سەرەتادا تەنھا سێ كۆلێژ ھەبوون لە زانكۆكەدا، بەڵام ساڵانی دوواتر ژمارەی كۆلێژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، لە ئەنجامی داواكارییەكی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان.

لەساڵی 1981 رژێمی پێشووی عیراق ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی راگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەكەشی گۆڕی بە "زانكۆی سەڵاحەدین". 

دواتر لەئەنجامی ھەوڵ و كۆششی زۆری رۆشنبیران و زانستخوازانی كورد و خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی، لەساڵی 1992جارێكی تر لە 14ی تشرینی یەكەمی 1992 زانكۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە.

لە ئێستاشدا زانكۆی سلێمانی زیاتر لە 25 كۆلێژی ھەیە كە تێیدا خوێندكاران بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەست دەھێنن لە چەندین بواری جیاجیادا.

 

867867.jpg

زانكۆی ئەمریكی لە عێراق - سلێمانی

زانكۆی ئەمریكی لە عیراق – سلێمانی، زانكۆیەكی ئەھلی قازانج نەویستە كە خوێندنێكی فراوانی ھونەرە لیبراڵیەكان لەسەر شێوازی ئەمریكی پێشكەش دەكات بۆ ھەموو خوێندكارە شایستەكان بێ گوێدانە ئینتیما و بنەچەیان. 

دەكەوێتە سلێمانیەوە و لە ساڵی 2006 لەلایەن ئەنجومەنی ئەمیندارانەكەیەوە دەستی پێكرد و لە تشرینی یەكەمی 2007 دا دەرگاكانی واڵا كرد. 

زانكۆی ئەمریكی عیراق- سلێمانی چوار بواری پسپۆڕی زانكۆیی و یەك پرۆگرامی ماستەری بەڕێوەبردنی كار و كۆرسە ئیبگلیزیەكان و پیشەییەكان لە رێی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەییەوە پێشكەش دەكات. 

ھەروەھا زانكۆكە پرۆگرامێكی زمانی ئینگلیزی بەردەوامی ھەیە بۆ خوێندكارە وەرگیراوەكان كە پێویستیان بە راھێنانی زیاتر ھەیە لە ئینگلیزی دا پێش دەستپێكردنی كۆرسە ئەكادیمیەكان.

شوێنە گەشتیارییەكانی شاری سلێمانی 

سەیرانگای سەرچنار

سەرچنار یەكێكە لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی، دەكەوێتە ڕۆژئاوای شار، پێشتر بەھۆی لاوازی كەرەسەی ھاتوچۆوە و كەمی دانیشتوانی شارەوە جیابووبووەوە لە بەشەكانی تری سلێمانی و دەزانرا لەكوێوە بۆ كوێ دەستپێك و كۆتاییەتی.

 ئەمڕۆ سەرچنار تێكەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەكی تر دروست بوون وەك: شەھیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار،.. ھتد. 

ھەروەھا سەرچنار بەیەكێك لە ھاوینەھەوارەكانی عیراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەكانی.

زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست كراوە بۆ گەشتیاران، شوێنێكی فێنك و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری، كە تاكو ئەمڕۆش لە كۆتایی ھەفتەدا خەڵكانێكی زۆر رووی لێدەكەن بۆ سەیران.

سەرەرای ئەوەی ئەم هاوینەهەوارە چەندجارێك نۆژەنكراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاكانی دەستكاریی كراون.

ھاوینە ھەواری دوكان

بەنداوی دوكان لە خۆر ئاوای شاری سلێمانی بە دووری 70 كم و لەسەر زێی بچووك دروست كراوە، كە بریتییە لە دەریاچەیەكی مەزن و بڕی  6.8 میلیارد م٣  ئاو گل دەداتەوە، ئەم دەریاچەیە بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاری سەرنج راكێش و گەشتیاران لە زۆر ناوچەوە رووی تێدەكەن.

هەروەها ئۆتێلێكی گەورە و كۆمەڵێك كابینەی جۆراو جۆری لێ بنیاد نراوە، گەشتیاران لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتی بۆ دەكەن.

باخ و پاركەكانی شاری سلێمانی

باخچەی گشتی لە كۆندا نەبووە، تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان كە حاكمی سلێمانی بووەو چوار باخی دروستكردووە، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی.

 لەبەر ئەوەشی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە كانی و كارێز جگە لە ئاوی شیو و زێرابەكان كە بەرەو خوار بوونەتەوە، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستكردن.

ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن كە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن كە لەم دواییەدا دروستكران:

باخی پورە بەگ: لە گەڕەكی گۆیژە نزیك سابونكەران و ژوور مزگەوتی ھەمزاغا، ماڵی شاعیری گەورەی كورد پیرەمێرد لەوێدابوو.

تووی مەلیك: لە باكووری شاری سلێمانی، لە ساڵەكانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێكی گەورە) ی ھەبوو لە بەھارا پر ئەبوو لە ئاو، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو، خەڵك لە بەھارا ئەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵكی شێخان بوو. لە كاتێكدا دروستكرا كە شێخ مەحمود حوكمدار بوو، بۆیە ناونرا تووی مەلیك.

باخی شێخ لەتیف (شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەكەی خۆیانا لە گەڕەكی دەرگەزێن، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێك بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریكی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.

باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیك بە كارێزی دایكی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵك ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو كە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو، خەڵكی شار پۆل پۆل بۆی ئەھاتن. ئێستا شوێنەكەی قوتابخانەو خانووە.

باخی مەجید بەگ: لە باكوری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانكۆی سلێمانی و نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و گشتی‌یە.

باخی كانی دۆمان لە خوار گەڕەكی سەرشەقامەوە بوو.

باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵكی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانیەوە.

باخی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو كە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە) ئەكەوێتە رۆژ ئاوای سلێمانی نزیك (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەكەم باخچەی میرییە و كاتێك كە مەجید یەعقوبی لە ساڵەكانی (١٩٣٧-١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی كرد كە ئەوسا ئەوپەری شار بوو، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەكە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە ئەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستكاری كراو زۆری لێ كەمكرایەوە و دارەكانی ئەبڕران، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.

شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دواییەدا فەرمانگەی باخچەكانی بەتایبەت پێك ھێنا بۆ دروستكردنی باخچە لە ناوشارا.

 ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەكی زۆری باخچەی دروست كردوە سەرپەرشتیان ئەكات لە ژوور ھەموویانەوە پاركی ئازادی كە لەوەو پێش لەشكرگای حوكمەت بوو (حامییە) بوو. ئەكەوێتە بەشی ژووروی شار. 

ژمارەیەكی زۆری تر باخچەی بچووك ھەن لە ناو شارەكە كە ھەموو رازاوە و جوان و ڕێك و پێكن ھەندێكیان بە ناوی ئەو كەسانەی بیانی و خۆییەوە ناونراون كە خزمەتیان پێشكەش كردووە، وەك (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەك وەزیرانی سوید كە بەدەستی ناحەز شەھید كرا و باخچەی جەواھری كە بە ناوی شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی كورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێكی تر.

76868.jpg

بواری وەرزش لەشاری سلێمانیدا 

لۆگۆی یانەی وەرزشی سلێمانی

لە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی 1956 لە زۆربەی گەڕەكەكاندا تیپی ئەھلی (میللی) ھەبووە.

 یاریگایەكی تۆپی پێ كە بە چیمەنی سەوز و پتر لە 20 ھەزار كەس دەگرێت، لەسەر تازەترین شێوە نوێ كراوەتەوە لەسەر بوودجەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، وە ئێستا بە كۆبوونەوەی ھەموو یاریگاكان لە چوارچێوەی (مەلعەبەكە) دا ناونراوە "كۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی" لە گەڕەكی چوار باخ.

له‌ بواری وه‌رزشی دێریرنترين یانه‌ سلێمانیه‌ كه‌ به‌ دایكی یانه‌كان ناسراوه‌و ساڵی 1956 دامه‌زراوه‌و له‌ مێژوودا خاوه‌نی ده‌یان نازناو سه‌دان تیپ و یاریزانی جۆراو جۆر بووه‌و وه‌رزشكاره‌كارانی گه‌یاندووه‌ته‌ هه‌ڵبژارده‌ جیاوازه‌كانی عيراق ، ئێستاش شاری سلێمانی لێوان لێوه‌ له‌ سه‌دان یاریزان له‌ ئاستی باڵا كه‌ خاوه‌نی ده‌یان ده‌ستكه‌وتن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی و ده‌ره‌وه‌و كیشوه‌ریش  شاره‌كه‌ش ده‌یان یانه‌و یاریگای جیاواز و پێشكه‌وتووی له‌ خۆ گرتووه‌ .

PUKmedia  ئا/تاژاو محەمەد

 

7867867.jpg

وێنە هەواڵ
  • image04
  • سه‌رۆك كۆمار گه‌یشته‌ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌

  • image04
  • تاران.. مەراسيمی پێشوازی لە د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق

  • image04
  • دوای سه‌ردانێكی كورت بۆ ئوردن سه‌رۆك كۆمار ده‌گاته‌وه‌ به‌غدا

  • image04
  • ساڵی (1920-1921)

  • image04
  • به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت

  • image04
  • هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی رۆشنبیری هاتوچۆ

  • image04
  • وەفدێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد

  • image04
  • سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر راگرتنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م تێده‌په‌ڕێت


                                           

كۆمیته‌ی یۆنان: خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش به‌په‌نابه‌ران بكرێت


سه‌عات 11:00 پش نیوه‌ڕۆی رۆژی هه‌ینی 16-11-2018 وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌یۆنان به‌سه‌رۆكایه‌تی ره&zw...


  پانێڵێك بۆ په‌نابه‌رێكى كورد رێكده‌خرێت
  یه‌كێتی به‌شداری سینمارێك له‌ دانیمارك ده‌كات
                                           

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم: خه‌ڵك فه‌رمانڕه‌وایی یه‌كێتی قبوڵه‌


ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ PUKmedia رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌...


  قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌‌ و به‌هێزتربوون ده‌ڕوات
  شێخمووس : ته‌نیا لایه‌نێك ناتوانێت حوكمڕانیى هه‌رێم بكات
                                           

خانه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك به‌ساڵاچوان كۆده‌كاته‌وه‌

(خه‌ڵوه‌تگه‌ی پیران) خانه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك به‌ساڵاچوانی شار ده‌گرێته‌خۆ و ئه‌و به‌ساڵاچوانه‌ی له‌و خانه‌یه‌...


  كابینه‌ی نۆ چاوه‌ڕوانی ئۆكه‌ی سیاسی لایه‌نه‌كانه‌
  نەخۆشخانەی چەمی ڕەزان ماڵێك بۆ پێشمەرگە و هەژاران


کاریکاتێر