riklam

ئەگەر یەك كورسیت نەبێت، دیارە تۆ نەماویت

بیروڕا 07:13 PM - 2018-10-31
.

.

لەم چەند مانگەی ڕابردوو، چەند جارێك و چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی گوتوویانە: "ئەگەر یەكێتی یەك كورسیش بێنی، هەر یەكێتی جارانە". ئەگەر لەڕوانگەی زمانەوانییەوە، لەم ڕستەی سەرەوە بڕوانین و تەنیاباس لەناوی یەكێتی وەك "ناو" بكەین، ئەم وتنە ڕاست و دروستە، چونكە ناوی حزب لە ڕۆژی دروستبوونییەوە بە حزب دەدرێت و هیچ پەیوەندی بە ژمارەی ئەندام و وەزیر و سەركردەوە نییە، بۆیە ئەگەر ئەو حزب یەك كورسی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان یان ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگا بێنی یان هەر هەموو دەنگەكان بێنی، هەڵگری هەمان ناوە و ئەو ناوەی لێناكرێتەوە، چونكە دیارە ناو، بەگوێرەی ژمارەی كورسی، جوان و ناشیرن و بارز ناكرێ. 

ئەگەر ئەو دەستەواژەی سەرەوە: "ئەگەر یەكێتی یەك كورسیش بێنی، هەر یەكێتییە"، وەك تاكتیك و پڕوپاگەندەبۆكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن،بۆ ورەبەرزكردنەوەی دۆست و ئەندامان بگوترێ، لەوانەیە جوان بێت، بەڵام دیسان دروست نییە، ئەگەرچی هەموو لایەك باش دەزانن،لەكاتی هەڵبژاردن بەڵێنی گەورە و درۆی شاخداریش دەكرێن،لەگەڵ ئەوەش،ئەم گوتنە بۆ ئەوكاتیش هەڵەیە و ڕاست نییە، هەر نەبی لەبەر ئەوەی لەلایەك، دژ بە پرەنسیپی دیموكراتییە و لە لەلاكەی دیكەش، خەڵك لە دەنگدان سارد دەكاتەوە و ماندبوونی ئەوان بێقیمەت دەكا. دەنگەر لەخۆی دەپرسی: ئەگەر دەنگی من نەتوانی گۆڕانكاری لە سیستێمی حوكم و كۆمەڵ و وڵات بكا، من بۆدەنگدان ناچم یان زیاتر دەنگ بەو حزب نادەم...

بەكارهێنانی دەستەواژی: "ئەگەر یەكێتی یەك كورسیش بێنی، هەر یەكێتییە"، لە كاتی ئاسایی، لە دانیشتن و گوتن و لێدوانی جددی، درۆ یان بوختانێكی گەورەیە، چونكە دیارە یەكێتی ئێستا بەهێزە، لەبەر ئەوەی: ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامی باش و دەرەجە یەك و چالاكی هەیە، پشتیوانیێكی فراوانی جەماوەریی هەیە، ڕێكخراوی مەدەنی هەیە، هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی هەیە. لەبەر هەبوونی ئەوانەی سەرەوە یەكێتی هەیە و بەهێزە، بەڵام ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی لە ٢٢ بۆ یەك كورسی دابەزی، ڕێكخراوەكانی مەدەنی سەر بە یەكێتی سست یان بتاوێنەوە و نەمینێن، ئەندام و دۆستانی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان نەكەن و واز لە حزب بێنن و بەشداری لە كۆبوونەوەكان نەكەن، بایەخ بە لێدوان و ئاگادارییەكانی حزب نەدەن، دەبی سەركردایەتی یەكێتی باش بزانن، یەكێتی یان زۆر نەخۆشە و لەسەرە مەرگە یانیش ئەو حزبە لەناو حزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان تاواوەتە. یەكێتی بەو جۆرەی ئێستا هەیە، چونكە ئەندام و كۆمیتە و مەڵبەند ووەزیر و دەزگای ڕاگەیاندن و دۆست و فەرمانبەر و پیشمەرگەی هەیە، ئەگەر ئەوانەی نەمینێ، وەك جەنەرالێكی نووستوو یان سەرخۆش و بێكەلكی لێدێ، یان وەك مارشالێكی خانەنشین و بێ سەربازی لێدێ. 

ئەگەر یەكیتی ئەندامی نەمینێ، دیارە لەوكات یەكێتی ئەو هێزەی نییە، كە ئێستا هەیەتی، لەوكات یەكێتی ناتوانی كاریگەری لەسەر پرسە نیشتیمانی و چارەنووسسازەكان هەبی، كە ئێستا هەیەتی، ناتوانی بەشداری لە پرسە ئاڵۆز و ئاسانەكانی هەرێم بكا، كە ئێستا هەیەتی، چونكە كەسی نییە یان كەسی نەمایە، كە نوێنەرایەتییان لە كۆبووەنەوەكان بكا، ئەگەر لەكاتێكدا نوێنەریشی هەبی، ئەو نوێنەر بە لاواز سەیر دەكرێت و كەس گوێ لە قسەی ڕاناگریت، كەسیش حسابی یەك فلس بۆ بەیان و لێدوانی سەركردەكانیناكا. 

یەكێتی هەیە و بەهێزە، چونكە ئەندام و دۆست و پێشمەرگە و پشتیوانیێكی فراوانی جەماوەری هەیە، ئەگەر ئەوانی نەمینێ، قەت ئەو یەكێتییە نییە، كە هەندێك بەڕێز باسی دەكەن و هاوڵاتییانی كوردستانی لێئاگادار دەكەنەوە. 

یەكێتی بەهێزە، چونكە دۆست و ئەندامی چالاكی هەیە، بەشداری لە هەڵبژارندەكان دەكەن و نوێنەر بۆخۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێن و دەنێرن، ئەگەر ئەو ئەندامانەی نەمینێ، دیارە یەكێتی وەك ناو دەمینێ، بەڵام بەناوەڕۆك وێرانە و تاواوەتەوە، كە لە مێژووی حزبە سیاسییەكانی جیهان، نموونەی زۆرمان بینی. 

پارتی كۆمۆنیستی یەكێتی سۆڤیێت، لە كۆتایی هەشتاكان نزیكەی بیست ملیۆن ئەندامی هەبوو، كە یەكێتی سۆڤیێت ڕوخا، خەڵك پشتی تێكرد و هەرخۆیان، ئەندام و بەرپرسانی دوێنێی حزب، دژ بە پارتەكەی خۆیان وەستانەوە ولێی هەڵگەڕانەوە، پشتیان تێكردن و رووتیان كردنەوە. بۆریس یەلتسن، كە لە ساڵی ١٩٨٥ ەوە كرا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیێتی و لە ئازاری ١٩٨٩ وەك ئەندامی ئەنجومەنی باڵاییەكێتی سۆڤیێت هەڵبژێردرا، لە سەرەتای نەوەدەكان بۆماوەیەكی كورت، خۆی فەرمانی قەدەغەكردنی پارتی كۆمۆنیستی لە روسیا ئیمزا كرد.بەمجۆرە، پارتی كۆمۆنیست، لەوكاتەیئەندامی نەما، دەستەڵاتیشی نەما، كورسیشی نەما، دروشمی جوان و بریقەداریشی نەما، حزب وەك بەفری بەهار لەبەر چاوی خەڵك و ئێمەی قوتابییانی كورد لە سۆڤیێت تاوایەوە.ئەو حزبەی پێش نزیكەی سی ساڵ ١٩٩٠ (١٩٢٢٨٢١٧) ئەندامی هەبوو، ئێستا ناتوانی یەك یاسا لە پەرلەمانی روسیا ڕاپەڕێنی، چونكە دۆست و ئەندامی وەك پێشان نەما.

د. مەغدید سەپان

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket