riklam

رووداو و مێژوو

ی.ن.ک‌‌ 11:37 AM - 2018-10-30
.

.

لەو شەوانەدا لەبەرنامەی رووداوو مێژووی كەناڵی NRT، كاك فەرهاد سەنگاوی هەندێ بابەتی وروژاند كە بەلای منەوە جێگەی سەرنج بوون و بە پێویستمزانی بۆ مێژوو راستكردنەوەیەك بۆ ئەو وتەیەی بكەم كە بە ناوی كاك فاروق شەهید علی مەولود-ەوە باسیكرد كە: گوایە مام جەلال-ی رەوانشاد ئەگەر رێككەوتنی لەگەڵ سەدام حسێن واژۆ بكردبایە بارودۆخەكە بە لایەكیتردا دەشكایەوە.

پێموایە راستی ئەو بابەتە باشتـرو زیاتر لای بەڕێز كاك دكتۆر فوئاد مەعسومە، چونكە بۆ دواجار ئەو بەرپرس بوو لەچوونی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەغدا بۆ مۆركردنی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ئەوكاتی عیراق. دیارە كاك فەرەیدون عەبدولقادریش لەبەرنامەی پەنجەمۆر پێشتر ئاماژەی بەوە كرد كە جەنابی مام جەلال وتوویەتی: ئەگەر هەر دە پەنجەم ببـڕن رێككەوتن لەگەڵ عیراقدا واژۆ ناكەم. وەك رووداوێكی مێژوویی كاریگەرو هەستیاریی ئەو بابەتەو بە پێی ئەوەی تارادەیەك لەنزیكەوە ئاگام لەو رووداوانە بووە بە پێویستمزانی منیش تا ئەو شوێنەی ئاگام لەو مێژووە بووە هەندێك راستی بڵێم.

1-    جەنابی مام جەلال-ی شادرەوان بەڵێ وتی من واژۆی ئەو رێككەوتنە ناكەم، بەڵام هەروەكو بابەتی لەسێدارەدانەكەی سەدام، واژۆی نەكردو رێگەشی نەگرت كە كەسێكیتر واژۆی نەكات. بۆیە جەنابی مام جەلال بە مەكتەبی سیاسی وت: هەمووتان مافی واژۆكردن و رێككەوتنتان هەیە لەچوارچێوەی دابینكردن و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە. كەواتە جەنابی مام رازی بوو بەرێككەوتن لەچوارچێوەی مافەكانی نەك شتی لاوەكی.

2-    بۆ بابەتی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا هەموومان باش لەبیرمانە كە شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بەڕێز دكتۆر فوئادو هەموو یەكێتیش خۆی ئامادەكرد كە رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت و لەكوردستان ئاهەنگ دەگێڕین، ئەڵبەتە وەك هەمیشە كاتێ‌ حكومەتی توركیا پێیزانی شەو شاندێكی حكومەتی توركیا خۆیان گەیاندە بەغداو هەر ئەو شەوە پەیامی حكومەتەكەیان گەیاندە سەدام حسێن كە نابێت لەگەڵ كورد رێككەوتن واژۆ بكەن. ئەوەیە كە عیزەت دوری دەچێتە لای سەرۆك شاندی یەكێتی و پێیان رادەگەیەنن بە بەهانەی ئەوەی كە رێككەوتن لە بەرەی نیشتمانی (جەبهەی عیراق) نەكراوەو سەدام وتوویەتی: پێویستە ئەو بابەتە لەگەڵ ئوستاز جەلال تەواو بكرێت.

دیارە شاندی یەكێتی دەستبەجێ بۆ ئەوەی بەهانە نەهێڵێت دەڵێن باشە پڕۆگرام و بەرنامەكەی بەرەمان (جەبهە) بۆ بهێنن بزانین چییە قسەی لەسەر بكەین، ئەوە سەیربوو وتیان: ئامادە نییەو كەسێكیش نییە دووبارە نوسخەمان بۆ چاپ بكات. ئاشكرا بوو هۆكاریتر هەیەو لەرێككەوتنەكە پەشیمان بوونەتەوە. لەولاشەوە بە سەرۆك شاندی یەكێتی گوترا: سەرۆك، واتە صەدام حسێن، دڵنیایی دەدات كە ئەو پەیوەندییە دەپارێزێن و كێشەكەی چارەسەر دەكەین پشووتان درێژ بێت.

لێرەدا نامەوێت زیاتر باسی بكەم، بەڵام بەڕێز كاك دكتۆر فوئادو ئەوانەی بەشداری شاندی گفتوگۆ بوون لەگەڵ بەغدا ئەم راستیە دەزانن و دەشتوانن زیاتریش باسی بكەن. من دەیهێڵمەوە بۆ ویژدانی ویژدان زیندووەكان كە راستییەكان بۆ مێژوو باس بكەن.


نازم دەباغ*


*نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket