riklam

خیانەت كەلتوره یان خوو

بیروڕا 06:14 PM - 2018-10-23
.

.

• چەمكی خیانەت

بۆئەوەی لە مانا و چەمك و مەغزای وشەی خیانەت تێبگەین دەبێت پێناسەیەكی ووردی بكەین و ئەوكات بیخەینە جوغز و چوارچێوەی بابەتەكەی خۆمانەوە. خیانەت وا پێناسە دەكرێت كە  پێشێلكردن یان هەڵوەشاندنەوەی پەیمانێكە كە دراوە یان ئەمانەتێكە یان لەدەستدانی بڕوا و متمانەیەكە كە لە ئەنجامی ململانێیەكی دەروونیەوە سەرهەڵدەدات لە پەیوەندیەكانی نێوان تاكەكان یان ڕێكخراوەكان یان لە نێوان تاكەكان و ڕێكخراوەكاندا.زۆرجاران خیانەت ڕوودەدات لەكاتی هاوكاریكردنی یەكێكێك لە كێبڕكێكارەكاندا یان هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی كە پێشتر لەسەری ڕێكەوتوون لەنێوان دوولایەندا.كەسی خائین واناوزەد دەكرێت كە كەسێكی لەپشتەوە لێدەر و ناپاكە.

لەزانستی دەروونناسیشدا ،ئەو كەسانەی كە خیانەت دەكەن وا ناسێنراون كە بریتین لەو كەسانەی كە گرێبەستی كۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێننەوە. بەڵام هەندێكی تریش ئەم پێناسەیە ڕەتدەكەنەوە چونكە چەمكی گرێبەستی كۆمەڵایەتی ناتوانێت دەربڕی ووردی دۆخ و پاڵنەر و كاریگەریەكانی خیانەت بێت.

لەلایەكی ترەوە چەمكی زمانەوانی بۆ وشەی خیانەت بەمانای لەپشتەوەلێدان ((غەدر )) و نادڵسۆزی و پێنەزانینی چاكەی كەسانی تر دەگەیەنێت،تێگەیشتن لە چەمكی خیانەتیش وەكو هەموو چەمكەكان بەگۆڕانی سیستەمە سیاسیەكان و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگا و دەوڵەت گۆڕانی بەسەردا هاتوە،ئەوەتا لە سایەی سیستمە تاكڕەوەكانەوە لە كۆن و ئێستاشدا، لە ڕووی سیاسیەوە وشەی خیانەت بەمانای لكاندنی تۆمەت بۆ نەیارە سیاسیەكان لە دەوڵەتدا دەگەیەنێت بۆ ئەوەی ناویان بزڕێنرێت و حوكمبدرێن بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا،بەڵام لە سایەی سیستەمی دیموكراسیە نوێكاندا كە دەوڵەت بۆتە كەسایەتیەكی یاسایی جیاكراوە لە كەسی دەسەڵاتدار،دەسەڵاتدار بۆتە ئەو كەسەی كە ئەركی پاراستنی ئەو دەوڵەتەی پێسپێردراوە،هەرچەندە لێپرسراو نیە وەك تۆرمەتبار وەكو بنەما بەڵام بەرپرسیارە لە تاوانەكانی خیانەتی گەورە.

هەربۆیە چەمك و مانای خیانەت بریتیە لە (( ڕێزنەگرتنی ئاسایشی ناوەكی و دەرەكی دەوڵەت و پیلانگێڕان لەدژی مافەكاڕەواكانی گەل،و تەسلیمكردنی وڵات بە دوژمن،یان دروستكردنی دۆخێكی فەوزا و بێسەروبەری كە ڕێگەخۆشكەربێت بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە لە كاروباری وڵاتدا،كە ئەم تاوانانە وەك تاوانی ئاسایی سەیرناكرێن كە بەپێی یاسا ئاساییەكان سزایان بۆ دیاریكراوە بەڵكو دەچنە چوارچێوەی تاوانی تایبەت و گەورەوە)).

جۆرەكانی خیانەت

1.خیانەتی نیشتیمانی یان ((خیانەتی گەورە)) :بریتیە لە هاوكاریكردن و دەستێكەڵاوكردن لەگەڵ دوژمندا بەمەبەستی شێواندنی ئاسایش و ئارامی وڵات و پەیوەندیكردن بە وڵاتانی دوژمنەوە بۆ دركاندنی نهێنیە مەترسیدارەكانی وڵات بۆیان،و پێشنەخستنی وڵات و دروستنەكردن و پارێزگاری لێنەكردنیشی.شەڕكردن لەپالً دوژمندا دژی وڵاتەكەی خۆی،پلاندانان بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی وڵات،ئەمە چەند نمونەیەكی خیانەتی گەورە بوو كە سزای ئاساییان بریتین لە سێدارەدان یان بەندكردن بۆ هەتاهەتایە، وكەسێك كە خیانەت بكات پێی دەوترێت خائین((ناپاك)).

2.خیانەتی هاوسەری:دروستكردن و دەستێكەڵاوكردنە لەگەڵ كەسانی تردا بەشێوەیەكی نهێنی لەپشت هاوسەركانەوە جا نێر بێت یان مێ‌.

3. خیانەت لەكاركردندا:بریتیە لە كەمتەرخەمی لەكاركردن و دركاندنی نهێنیەكانی كارە.

4.خیانەتی هاوڕێیەتی:خیانەتكردن لەهاوڕێیەتی بە باسكردنی بەشێوەی خراپ و فێركردنی كاری خراپ و تاوانەكانە.

5. خیانەتی  ئاین:پشتكردنە بیروڕا ئاینیەكان و كاركردنە بە پێچەوانەی ڕێنماییە ئاینییەكانەوەیە.

6. خیانەتی پەیمان و بەڵێن و ڕێكەوتنەكانە و نەپاراستنیانە.

ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە بریتیە لە خیانەتی نیشتیمانی((خیانەتی گەورە))،كە لە ئێستادا و بەدرێژایی مێژووی كۆن و نوێی خەباتی كوردایەتی هەمیشە ئامادەگیەكی گەرموگوڕی هەبوە لەنێو كۆمەڵگای كوردەواریدا و بەشێوەیەك لێكدەدرێتەوە كە خیانەت و خیانەتكردن و بەكارهێنانی وشەی خیانەت هێندەی بە ئاسانی و بێسڵەمینەوە و بەشێوەیەكی بەربڵاو لە میدیاكان و لەسەر زاری گەورە بەرپرساان و تەنانەت تاكە ئاساییەكانیشدا،بۆتە وشەیەكی زۆر ئاسایی و كارگەیشتۆتە ئەوەی كە خیانەتكردن زۆر ئاسایی بوە و بۆتە بەشێك لەدابونەریت و كەلتوری كۆمەڵگەی كوردەواری،چونكە كەم جار ڕێكەوتوە كە خائینانی وڵات و نیشتیمان فرۆشان بە سزای ڕەوای خۆیان گەیشتبن بەڵكو بەبیانووی بێ‌ ئەرزشی حیزبایەتی و ناونەزڕاندنی بنەماڵەكان و منداڵ و دواتریش لەبەر بەرژەوەندی و ڕێكەوتنی عەشایەری دوور لەیاسا لێیان خۆش بون و ئیدی خیانەت و خیانەتكردن بۆتە كارێكی ئاسایی كە سزای گەورەی بەدواوە نیە ونەبێت.كۆمەڵگەی كوردەواریش چونكە بەدرێژایی مێژوو هەر ژێر دەستە و چەوساوە و زوڵملێكراو و خاك داگیر و دابەشكراو بووە،كەسێتیەكی لاواز و زوو فریودراو و دەروون تێكشكاوبوە ،بۆیە هەمیشە ئامادەیی خیانتكردنی هەبوە لە گەل و نیشتیمانەكەی.

خیانەتكردن لە پێناو چیدا ؟

زۆر جاران كەسی خیانەتكار و ناپاك لەبەر هۆكاری زۆر سادە یان لەبەر فریودانێكی كەم و بێ‌ ئەرزش هەڵدەستێت بە كاری خیانەتكردن و ناپاكی بەرامبەر براكەی یان خێزانەكەی یان گەل و نیشتیمانەكەی ،وەك:

1. لەپێناو بەدەستهێنانی بڕە پارەو و پول و سەروەت و سامانێكدا.

2. لە پێناو بەدەستهێنانی پلەو پۆست و دەسەڵاتێكی كەم .

3. لەپێناو بەرژەوەندیەكی تەسك و بچوكی خۆیی یان بنەماڵەیی یان حیزبیدا.

4. زۆر جارانیش تەنها لەبەر دوژمنایەتی و بچوككردنەوەی بەرامبەرەكەی بوە.

ئاشكراشە هیچ كاتیش كورد دەسەڵاتێكی بەردەوام و تۆكمە و بەهێزی وای نەبوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سیادە و سەروەری دانپیادانراودا لەسەر ئاستی ناوچەكە و دونیاش بە ئێستاشەوە كە لە خائینانی خۆی بپرسێتەوە و سزایان بدات،بەڵكو دەسەڵاتەكان كاتی بوون و خائینانی كوردیش هەمیشە لەلایەن داگیركەرانەوە جێگە و پێگەیان هەبوە بۆئەوەی جارێكی تر بەكاریان بێنەوە.هەربۆیە كەمجار هەبوە خائینانی كورد بە سزای ڕەوای خۆیان گەیشتبن.

سیفاتەكانی كەسی خائین ((ناپاك))

كەسی خائین و ناپاك بە گەل و نیشتیمانەكەی  هەرچەندە لەپلەو پۆستی بەرز و دەسەڵاتدا بێت یان وەك تاكێكی سادەش بێت هەمیشە وەك كەسێكی:

1. دەروون نەخۆش و تێكشكاو و ترسنۆك و لاواز و لەرزۆك دەردەكەوێت.

2. توانای بڕیاردانی گرنگ و بوێری نیە و نامێنێت.

3. هەمیشە هەست بەكەمی دەكات لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا وخاڵێكی لاوازە لە كەسێتیدا.

4. هەمیشە هەست بە تاوان و شەرمەزاریش دەكات لەناخی خۆیدا و دەكەوێتە ململانێیەكی بەردەوام و هێواش هێواش سەردەكات بۆ سزادانی خود و دواتریش خۆكوشتن.

5. بە كەسێكی بێزراو و قێزەون و سوك و ڕیسوا لەلایەن تاك و كۆمەڵگاكەیەوە تەماشا دەكرێت.

6. لەمێژووشدا ناوی و ناپاكیەكەی دەنوسرێت و دەمێنێتەوە و دەماو دەماو دەگێڕدرێتەوە.و دەبێتە نمونەیەكی ڕەش و قێزەون و ناشیرین و بەنمونە دەهێنرێتەوە بۆ نەوەكانی ئایندە.

لەلایەكی ترەوە تاكی كورد و تەنانەت كۆمەڵگای كوردەواریش بە سەركردە و تاكی ئاسایشەوە،هێندە لەمێژووی خۆیاندا خیانەت و وشەی خیانەتیان دووبارە كردۆتەوە،بۆتە خویەكی دانەبڕاو لێیان و وەكو هەموو خوە خراپ و باشەكانی تر لە ((ڕاستگۆیی و درۆكردن،تاوان و كاری باشە،زوڵمكردن وچەوساندنەوە ودەستگیرۆیی و هاوكاریكردن، یارمەتیدان و ململانێكردن،دزیكردن و دەستپاكی و ...زۆری تریش))،و بونەتە كارێكی ئاسایی و هەر 10 ساڵ جارێك كەمتر یان زیاتر كاری خیانەتكردن لە نیشتیمان و نەتەوە وخەباتی كوردایەتی ئەنجامدەدرێت  لەلایەن تاكەكانەوە یان سەركردە و حیزبەكانەوە بێت دژ بە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان ونەتەوە و زۆر جارانیش شانازی پێوەدەكرێت و دەكرێنە دەسكەوت و وای پیشان دەدەن كە سەركەوتنیان بەدەست هێنا بێت، بەڵام  هەموو ئەم خیانەتانەش چونەتە قازانجی داگیر و دابەشكەرانی كوردو كوردستانەوە و هێندەی تر كێشە و مافە ڕەواكانی كورد و دۆزی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كوردیان بۆ دواوە گێڕاوەتەوە و هەربۆیەشە تا ئێستا كورد وەك تاك نەتەوەی گەورە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیاشدا نەبۆتە خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و ئازادی خۆی و ناتوانێت دەسەڵات و حوكمڕانیەكی سەركەوتوی جوان ببات بەڕێوە،بەشێوەیەك كەوتۆتەوە كە هەمیشە سێ‌ وشەكانی ((كورد و پارە و خیانەت)) دەوترێنەوە وبونەتە 3 چەمكی لێكدانەبڕاو و ڕەنگیشە بۆ هەتاهەتایە هەروا بمێنێتەوە.

ئەوەتا خیانەتكردن لە خوێن و بیری تاكی كورد لەباوباپیرانەوە هەبوە و ئامادەگی جدی و مەترسیداری هەبوە دژ بە دەسەڵاتە خۆماڵیەكان ،بۆ نمونە خیانەتی ((هارپاك)) فەرماندەی گشتی و گەورە وەزیری ((ئاستیاگی) دوا ئیمپراتۆریەتی مادەكان لە پێش زایندا كە بوەهۆی لەناوچوونی  ئەو ئیمپراتۆریەتە ،سەرنگوم بون و ڕووخان و لەناوبردنی میرنشینی بۆتان بەهۆی خیانەتی ((یەزدان شێر)) و گرتنی قەڵای دمدم و تەسلیمبوونی ((خانی لەپ زێڕین))بەخیانەتی (( مەحمود ئالیكانی )) و ڕووخاندنی میرایەتی سۆران بە هۆی فتوای ((مەلای خەتێ‌)) و میرایەتی بابانیەكان بەهۆی خیانەت و ململانێ‌ بەردەوام وناڕەواكانی نێو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و گرتنی شێخ مەحمودی نەمر بەهۆی زمانلێدان و خیانەتی ((موشیری حەمەی سلێمان)) لەساڵی 1919 و خیانەتی چەكدارانی عەشایەر دژی قازی محمد لەساڵی 1946و كۆمارەكەی و خیانەت و ململانێ‌ سیاسی و فكری و چەكداریەكانی ناو شۆڕشی ئەیلول لە شەستەكانی سەدەی ڕابووردوودا ولەكۆتایشدا  شكست و نسكۆی شۆڕشەكە هەر بەهۆی خیانەتەوە بوولەساڵی 1975، دواتریش لە شۆڕشی نوێ  سەرهەڵدانی جاشایەتی بەناو ((موستەشارەكان))لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابووردووددا و لە سەردەمی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمیشدا دوای ساڵی 1992بەهۆی شەڕەكانی براكوژی و هێنانی دوژمنان و داگیركارانی عێراق و توركیا و ئێران بۆسەر خاكی كوردستان لە ساڵانی نێوان 1993 تا ساڵی 1997 بە تێپەڕبوون بە خیانەتی 31ی ئابی 1996 و ڕووداوەكانی كەركوكی ساڵی 2017  و لەڕۆژئاوای كوردستانیش لەساڵی 2011وە تاكو ئێستا وەك سوارەی حەمیدی هەندێك بەناو هێزی كوردی بونەتە پێشقەوڵی سوپای تورك بۆ داگیركردن و لێدانی برا كوردەكانیان و لە باكوریش ئێستاش ئاغا و دەرەبەگەكان جاشایەتی بۆ ڕژێمی توركیا دەكەن بەناوی ((پاسەوانی گوندەكان)) و لە ڕۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوە.بۆ ئایندەش دڵنیام هەر بەردەوام دەبێت.چونكە نە لێپرسینەوە و سزادان هەیە و نە لێكۆڵینەوەیەكی زانستی و واقعی و بێلایەنیش هەیە نەك هەر لە خیانەت و خیانەتكاران بەڵكو لە هیچ كارەسات و شكستەكانیش نەكۆڵراوەتەوە كەبەهۆی هەڵەی بەناو سیاسی و سەركردە و حیزبەكانەوە دژ بە گەلەكەمان كراوە و نە نیتەێكی ڕاستەقینەش هەیە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە چونكە هەمیشە بەرژەوەندیە كەسی و بنەماڵەیی و حیزبیەكان زاڵتربون بەسەر ئینتیماو خۆشەویستی نەتەوە ونیشتیماندا.

بۆ ئەوەی وا نەزانین كە خیانەتكردن تەنها لەناو كوردا باوە،بەڵكو لەناو هەموو گەلانی دونیا بە پێشكەتوو دواكەوتوشەوە هەر هەبوە یان لەناو شۆڕش و خەباتی گەلانیشدا نمونەی بەرچاو هەبوە،بەڵام كاتێك  زانراو و سەڵمێنراوە ئەوا دەستبەجێ‌ خیانتاكارانیان بەسزای ڕەوای خۆی گەیاندوە بە كوشتن و لەسێدارەدان و خنكاندن و دەستڕێژی گولەوە.بۆ ئەوەی لەلایەك ببێتە پەند و ترساندنی خەڵكانی نەفسنزم و خیانەتكار و لەلایەكی تریشەوە كەس بوێری دووبارەكردنەوەی نەكات.ئەوەتا لە فەڕەنسادا لویسی شانزهەم وەك پاشای وڵات حومكی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بەتۆمەتی خیانەتی گەورە، و تەنانەت لە شۆڕشی گەورەی فەرەنساشدا خەتیبی شۆڕش((میرابۆ)) كاتێك خیانەتەكانی ئاشكرا بوو بەهۆی گفتوگۆ نهێنیە سەرنەكەتوەكانی لەگەڵ بنەماڵەی پاشایەتی كۆنی فەڕەنسادا گۆڕەكەیان گواستەوە و لەناو گۆڕستانی گەورە پیاوانی شۆڕش و فەڕەنسادا دەریانكرد ، لە بەریتانیا هاوڵاتیەكی بەریتانی لە كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا لەساڵی 1945 حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا چونكە پەیوەندی بە هیتلەر و نازیەكانەوە كردبوو دژی وڵاتەكەی خۆی((ولیەم جویس)) بەتۆمەتی خیانەتی گەورە..بەهەمان شێوەش لە شۆڕشی گەلانیشدا لە ڤێتنام و كۆریا و یابان و كوبا و عەرەبەكان و ئیسڕائیل و ..هتد.نمونەی خیانتەكردن هەربوە و هەردەشمێنێت،لەم سەردەمەشدا ڕۆژانە هەواڵی ئاشكرابون یان دەستگیركردن یان تیرۆركردنی جاسوسی دووسەرەی نێوان دەوڵەتان دەبیستین كە لە ئەنجامی خیانتكردنیانەوە لە وڵات و گەل و نیشتیمانەكان بەسزای ڕەوای خۆیان دەگەن

بەم شێوەیە بەداخەوە خیانەت و خیانەتكاران هەرچەندە ژمارەیان كەمە بەڵام بونەتە بەشێك لە كەلتوری تاك و كۆمەڵگای كوردەواری و خوویان پێوەگرتوە ، وەك بڵێی لەگەڵ شیرخواردنی منداڵیدا فرچكی بە خیانەت هەڵدراوەتەوە. و ئەو وێنا گەورە جوان و گەش و خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانە زۆر و زەوەندەی كوردیان پێ‌ تەڵخ و ناشیرین كردوە، بۆیە ئیدی كاتی ئەوە هاتوە كە چیتر خیانەت و گیانی خیانتەكاری و ناپاكی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵتەكێنین و توڕی بدەین و نەفرەتی لێبكەین و ڕێگە بەهیچ كەس و سەركردە و تاك و دەسەڵاتدارێك نەدەین كە دووبارەی بكاتەوە و بەیاسا و دەستور توندترین سزای بۆ دیاریبكرێت و گوێنەدرێتە هیچ بڕوبیانویەك بۆ خیانەتكردن لە نەتەوە و نیشتیمان.كورد كوشتەی دەستی خیانەتكردن و خۆفرۆشی و وڵاتفرۆشی و خۆخۆری و ململانێی ناڕەوایە لەسەر پۆست و پلە و دەسەڵات هەربۆیەش تا ئێستا نەگەیشتۆتە دوا مەنزڵی سەركەوتن.كورد دەبێت خیانەت  لەكەلتوری خۆیدا نەهێڵێت و نەشیكاتە خوویەكی بەردەوام بۆئەوەی تاهەتاهەتایە ڕزگاری ببێت و مێژوەكەشی بە پاك و خاوێنی و شانازیەكانی بڕازێنێتەوە.

نەوزادی موهەندیس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket