riklam

لەدەستدانی بەدیلی زێرینی نێودەوڵەتی بۆ پرسی كورد

کوردستان 08:11 PM - 2018-10-15
.

.

نەتەوەیەكگرتوەكان و  ئەمریكاو بەریتانیا لە رێی نوێنەری تایبەت و هەروەها یەكێتیی ئەوروپاش بەنوسراو بەدیلی ریفراندۆمیان خستەبەردەم مەسعود بارزانی، بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام بەبێ هۆكاری و هەنجەت، دەرفەتی زێرینی گۆڕییەوە بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كە هیچ گەرەنتییەك بۆ سەركەوتنی نەبوو، لەكاتێكدا بارزانی و زۆربەی هێزە سیاسییەكان لە كاردانەوە و لێكەوتە خراپەكانی ئاگادار كرابوونەوە!.

یانكۆبیچ نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق و هەروەها بریت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و هەروەها ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چەند جارێك دیداری چڕیان لەگەڵ مەسعود بارزانی و لایەنەكان بۆ پاشگەزبوونەوە لە ریفراندۆم ئەنجامدا و بەڵگەنامەی رەسمیان پێشكەش بە بارزانی كرد بۆ ئەو مەبەستە كە كێشەی كورد لەرێی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان چارەسەر بكرێت و بۆئەوەش بارزانی وەڵامەكەی ئەوەبووە كە ئەو بەتەنیا بڕیار نادات و ئەو پرسە لەگەڵ كۆمیتەی ریفراندۆم تاووتوێدەكات، بەڵام ریفراندۆمی كرد.

 

بارزانی و بەدیلی ریفراندۆمەكە 

لەوبارەیەوە رۆژی 14ی ئەیلولی 2017ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا بەناوی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم،ئاشكرایكرد كە  وەفدێكی باڵای هاوپەیمانان كە پێكهاتبوون لە برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا و یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لەعیراق و فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و وەفدێكی هاوڕێیان، لەبارەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەوە، بەدیلێكیان لەجێگای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە ٢٥ی٩ خستەڕوو.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە ( بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرت) و پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە كرد.

 

مەكگۆرك: بەدیلەكە گرنگە

برێت مەكگۆرك، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعشیش، لەدوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بارزانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، بەدیلی ریفراندۆمیان لەگەڵ بارزانی تاوتوێی كردووە‌و لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوەن، سەركردایەتی سیاسی كورد وەڵامی ئەو بەدیلە بدەنەوە.

مەكگۆرك وتیشی: ئەو بەدیلەی بارزانی داوایكردوە ئەوان پێشكەشیان كردووە‌و بەدیلەكەش جەخت لەنزیكبوونەوە‌و گفتوگۆی جددی نێوان هەولێر‌و بەغدا دەكاتەوە.

ئەوەشی وت: لەكۆبوونەوەكەدا جارێكیتر بە بارزانییان راگەیاندوە كاتی ریفراندۆم نییە، چونكە ئەمریكا‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵیدا نیین ‌و پشتیوانی ناكات، ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەش بەبێ‌ پشتیوانی نێودەوڵەتی مەترسی بۆ خەڵك دەبێت.

 

یان كۆبیچ: ئەنجومەنی ئاسایش چاودێری بەدیلەكە دەكات

سێ رۆژ پێشكەشكردنی بەدیلەكەی ریفراندۆمیش، یان كوبیش نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق پێشنیارێكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی كرد ئەگەر هەرێم لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەشیمان بێتەوە ئەوا هاوكار دەبن بۆ رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێم لە سێ ساڵی ئایندەدا.

بەپێی پێشنیارەكەش ئەگەر حكومەتی بەغداو هەولێر گەیشتنە رێككەوتن ئەوا ئەنجومەنی ئاسایش چاودێری ئەو رێككەوتنە بكات.

هەروەها نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوەشكرد بوو ئەگەر بێتو كورد بەو پێشنیارە ڕازی بێت ئەوا دانوستانەدا دەستپێدەكات و چاوەڕێی وەڵامی بارزانین لەماوەی دوو سێ رۆژدا. 

 هەروەها ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و تێیدا داوای لێدەكات ئەم دەستپێشخەرییە قبوڵ بكات كە لە ساڵێكدا جێبەجێدەكرێت و سەرباری ئەوەش بەتەلەفۆن پەیوەندی بە بارزانییەوە دەكات و لە مەترسی و لێكەوتە خراپەكانی ریفراندۆم ئاگاداریی دەكاتەوە.

لە میانی چاوپێكەوتنی مەسعود بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئەلجەزیرە باسی ئەو پەیوەندییە دەكات و دەڵێت: تیلەرسۆن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ كردم و وتی: ئەبێت بگەرێنەوە بۆ هێڵی تەماسی ساڵی 2003، و منیش پێموت تۆ دەزانی هێڵی تەماس یەعنی چی؟ كە داوام لێدەكەین بگەڕینەوە بۆ ئەو شوێنە!.

هەروەك نامەی تیلەرسۆنیش لە میدیاكان بڵاوكرایەوە كە لەبارەی دواخستنی ریفراندۆم بۆ بارزانی ناردووە، بەڵام بەبێ خوێندنەوەی ورد و لۆژیكی رەتكراوەتەوە و تێیدا داوا دەكات  دەستپێشخەریەكە لە ماوەی ساڵێكدا جێبەجبَ بكرێت و لە ئەگەری جێبەجێنەكردنیدا ئەمریكا دان بە ئەنجامدانی ڕاپرسیدا دەنێت.

بە گوێرەی نامەكە كە ئیمزای ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكای لەسەرە تیایدا هاتووە " بە لەبەرچاوگرتنی مێژوی گەلی كورد، ئێمە دەزانین تۆ ئەم پرۆپۆزەڵە بۆ دیالۆگ وەك دوا چانس تەماشا دەكەیت. ئێمە باوەرمان وایە كە ئەمە چانسێكە شیاوی ئەوەیە كە قەبوڵی بكەن - بەتایبەت دوای سەركەوتنە مێژویەكانی ئێوە دژ بە داعش، و هەماهەنگی بێ پێشینەی سوپای عێراق و پێشمەرگە و كۆمەڵگەی نێودەولەتی. لەكۆتای ئەم پرۆسەیەدا، بەبێ گومان ئەگەر گفتوگۆكان نەگەشتە دەرئەنجامێكی قوبڵكراو بۆ هەردولا یان شكستیهێنا بەهۆی نەبونی نیازباشی لەلایەن بەغداوە، ئێمە داندەنێی بە پێویستی سازكردنی ریفراندۆم".

 

ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

 

بەرێز سەرۆك بارزانی...

بەناوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رێزی زۆر بۆ بەرێزتان و خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق دەنوێنین، پێكەوە، چەندین دەیەیە، پەیوەندیەكی مێژوی لەنێوانمان بنیاتنراوە وە مەبەستی ئێمەیە وە پەیوەستبونیشمانە بەوەی ئەم پەیوەندیە بەهێز تر بكەین بۆ چەندین دەیەی تر. لە سێ ساڵی رابردوە بەتایبەت، هاوبەشی بەهێزكان وە بریاری ئازایانەی تۆ بۆ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی عێراق بویە هۆی تێكشكاندنی شەپۆلی داعش. ئێمە ئەوە بەرز دەنرخێنین وە هەرگیز قوربانی دانی پێشمەرگە لەبیر ناكەین لە شەری هاوبەشمان دژ بە تیرۆریزم.

لە ئێستادا پرسیاری ریفراندۆم لەبەردەممان دایە كە بریارە لە 25 ی ئەیلو سازبكرێت دەربارەی ئایندەی هەرێمی كوردستان. ئێمە نیگەرانیەكان خۆمان دەربری. ئەم نیگەرانیانەش وەك شەری بەردەوام دژی داعش، لەوانە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجە، نادڵنیایی هەرێمی لە ناوچەكە، وە پێویستی تەركیزكردن لە گێرانەوەی ئارامی بۆ ناوچە رزگاركراوەكان بەشێوەیەك نەهێڵین داعش هەرگیز بگەرێتەوە. بەمهۆیەوە، داوا لە بەرێزتان دەكەم بەدیلەكە قوبڵ بكەن، كە ئێمە باورەمان وایە باشتر یارمەتیتان ئەدات بۆ بەدەستهێنانی خەونەكانتان، وە دڵنیای ئەدات لە ئارامی و ئاشتی لەبەرامبەر پێویستی شەر دژی داعش.

ئەم پرۆپۆزەڵە بەدیلە چوارچێوەیەكی تازە وە خێرا دروست دەكات بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و سەرۆك وەزیران عەبادی. ئەم چوارچێوەیە خێرایە ئەجێندایەكی كراوە لەخۆ دەگرێت بۆ یەك ساڵ زیاتر درێژە ناكێشێت وە ئەشتوانرێت درێژ بكرێتەوە. ئامانجی ئەمەش چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و سروشتی ئایندەی پەیوەندی نێوان هەردولا. وە ئێمە پێویستییە دارایی و ئەمنیە ئانییەكانتان لەبەرچاو دەگرین.

جەنابی سەرۆك، من لە ترس و نیگەرانیەكانتان لە دەیە رابردو تێدەگەم، وە بەراستی ئەو هەڵە مێژویو ئازارانەی دەرهەق بە كورد كراوە لە ساڵی 1921 ەوە لەبەرچاوە. ئێمە هاوراین لەپێویستی رێگە چارەیەكی بۆ پێشەوەمانبات كە پێویستی و داواكاری سەرجەم رەگەز و پێكهاتە و ئیتنیكیەكان كە لەم زەویە مێژویە دا دەژین دابین بكات. ئەمە بنەمایەكی گرنگە بۆ ئاسایشی هەرێمەكەتان، وە پاراستنی ئاسایشتی نیشتیمانی خۆتان. لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە، ئەوە سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە لەژێر ئیدارەی سەرۆك ترەمپ كە هەمووشتێك بكەین كە لە توانای ئێمەدایە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، وە دڵنیای بدەین كە هێز و قورسایی تەواوی ئێمە لە پشت ئەم چوارچێوەی دانوستانەوەیە.

لەوەش زیاتر، ئێمە ئامادەین بۆ كارئاسانیكردن بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بەزوترین كات ئەم بەدیلە پەسەند بكات وە بۆ پشتیوانی زیاتر بەشداری تەواوی نەتەوە یەكگرتوەكان مۆسگەر دەكەین بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی وەك بەریتانیا و فەرەنسا. ئەمە دەرفەتێكی ناوازەیە كە ئێمە بەوپەری رێزەوە داوادەكەین قوبڵی بكەن وەك بەدیل بۆ ئەم ریفراندۆمەی ئێستا، كە ئێمە باوەرمان وایە ئەم ریفراندۆمە دەرئەنجامی مەترسیداری ئەبێت، وە بەپێچەوانەوە ئەبێتە هۆی پاشەكشە لە ئامانجەكانتان.

بە لەبەرچاوگرتنی مێژوی گەلی كورد، ئێمە دەزانین تۆ ئەم پرۆپۆزەڵە بۆ دیالۆگ وەك دوا چانس تەماشا دەكەیت. ئێمە باوەرمان وایە كە ئەمە چانسێكە شیاوی ئەوەیە كە قەبوڵی بكەن - بەتایبەت دوای سەركەوتنە مێژویەكانی ئێوە دژ بە داعش، و هەماهەنگی بێ پێشینەی سوپای عێراق و پێشمەرگە و كۆمەڵگەی نێودەولەتی. لەكۆتای ئەم پرۆسەیەدا، بەبێ گومان ئەگەر گفتوگۆكان نەگەشتە دەرئەنجامێكی قوبڵكراو بۆ هەردولا یان شكستیهێنا بەهۆی نەبونی نیازباشی لەلایەن بەغداوە، ئێمە داندەنێی بە پێویستی سازكردنی ریفراندۆم.

وەك پشتیوانی و ئیلتزامی ئێمە بۆ سەرخستن و پشتیوانی كردنی ئەم دیالۆگە - وەك بەدیلێك بۆ ریفراندۆم - ئێمەش داوای ئیلتیزامی ئێوە دەكەین لەم خاڵانەدا.

یەكەم، دانوستانكردن لەگەڵ بەغداد خاڵی سەرەكی یە بۆ لێكتێگەشتن و رێكەوتنی هاوبەش بۆ سروشتی ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق. ئەوەش بە بونی فیدرالیزمێكی كارا یان شێوەیەك لە كۆنفیدرالیزم یان سەربەخۆی، پێویستە لەسەر بنەمای رێكەوتنی و دانوستانی ئاشتیانە بێت.

دووەم، هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە وەك هاوبەشی گرنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بمێنێتەوە، پشتیوانی هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت، و ئێوەش بەردەوام بن لە هەمانهەنگی مێژوی لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی عێراق. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەوڵەكانی خۆی خێرا دەكات بۆ پێكهێنانی میكانیزمی ئاسایشی هاوبەش بەتایبەت لە ناوچەكانی وەك شەنگال كە دوای داعش نائارامی تێداماوە. پێویستە هەردولامان كاربكەین بۆ دابینكردنی ئاسایش بۆ ناوچە هەستیارەكان.

سێیەم، سنوری هەرێمی كوردستانی عێراق بە دانوستان لەگەڵ بەغداد یەكلای دەبێتەوە بەپێی برگەكانی مادەی 140 ی دەستور. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ یو ئێن و حكومەتی عێراق كاردەكات بۆ خێراكردنی جێبەجێكردنی ئەمە لە هەمان ئەو سەقفە زەمەنییە لەسەرەوە باسكراوە.

چوارەم، ئێمە چاوەرواندەكەین ئێوە هەوڵەكانی خۆتان بخەنەگەر بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ حكومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، وە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی نیشتیمانی نیسانی 2018، وە رۆڵی ئیجابی خۆتان لە بەغداد بخەنە گەر بۆ دروستكردنی حكومەتی داهاتو دوای هەڵبژاردنەكان. سەركردایەتی ئێوە وەك پیاوی دەوڵەت زۆر گرنگە بۆ دابینكردنی ئارامی بۆ تەواوی ناوچەكە دوای داعش.

هاوشانی چاوارچێوەی دیالۆگ، ئێمە پشتیوانیتان دەكەین بۆ بەخێرای چارەسەركردنی ئەم گرفتانە لەماوەی یەك ساڵ دا.

١ جێبەجێكردنی تەواوی رێكەوتنەكانی بواری دابەشكردنی دەسەڵات و سەروەت.

٢ جێبەجێكردنی مادەیی ١٤٠

٣ چارەسەركردنی كێشەكانی تر وەك پێشمەرگە، فرۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دبلۆماسی و ئەوانتی تر.

ئێمە باوەرمان وایە كە ئەم نامەیە وە ئازایەتی ئێوە بۆ بریاردان بنەمایەك دەبێت بۆ دەرفەتێكی مێژوی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و حكومەتی عێراق لەدوای قوربانیدان و سەركەوتنی هاوبەشمان بەسەر داعش دا. بەناوی گەلی ئەمریكا و سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و تەواوی تیمی ئاسایشی نشیتمانی شەرەفمەندین بە كاركردن لەگەڵ ئێوە.

رێزی زۆرم،

ریكس تیڵەرسن

 

هاوكات لەسەر ئاستی ناوخۆیش داواكرا بەبێ بڕیاری پەرلەمان و یەكریزی و یەكگوتاری ریفراندۆم نەكرێت، بەڵام ئەوەش فەرامۆشكرا و لەدواساتەكانی نزیكبونەوەی ریفراندۆمیش بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی پێداگرییان لە بارزانی كرد بە دەستپێشخەرییەكان لە جیاتی ریفراندۆم رازیی بێت و بۆئەوەش مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە لێدوانێكیدا داوایكرد باشترە بە بەدیلی ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتووەكان رازی بین و هاوكاتیش ژمارەیەكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی رایان لەسەر ئەوەبوو كە بەدیلەكە چارەسەرە. 

زەمەنی رۆیشتو لەكاتی 25ی ئەیلول نزیكبۆوە و بەدیل و ئامۆژگاریی ناوەندە نێودەوڵەتی و وڵاتانی بڕیاربەدەست نەخوێندرایەوە و رەتكرایەوە و ریفراندۆمەكەی بارزانی و كۆمیتەكەی كرا.

 

پەیامی بارزانی دوای ریفراندۆم

مەسعود بارزانی سەرۆكی دورخراوەی هەرێمی كوردستان رۆژی 26ی ئەیلولی 2017، كە دەكاتە رۆژێك دوای ریفرادۆمەكەی 25ی ئەیلول كە بۆ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان بوو لەعیراق، لەوتارێكیدا داوای لەبەغدا كرد  رایگەیاند : بەردەوامبوون لەسەر ئەزموونێكی شكستخواردوو باش نییە و سەركەوتووش نابێت و نە ئێمە و نە ئێوەش ئاسوودە نابین لەجیاتی هەڕەشە و سزادان، وەرن با دۆستانە بكەوینە گفتوگۆیەكی جددی و كاتی پێویستیش بە دیالۆگ بدەین. بۆ ئەوەی ببینە دوو دراوسێی باشی یەكتری. پێمانوایە كە حیوار لە هەموو حاڵەتێكدا تاكە ڕێگەیە بۆ گەییشتن بە ئاییندەیەكی باشتر بۆ هەردوولامان.

 

با دراوسێی باش بین

بارزانی داوای گفتوگۆشی لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردو، وتی: داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی و هەموو هێزو لایەنەكانی عیراقی دەكەم، ئەوانەی بڕوایان بەگفتوگۆ هەیە دەرگەی حیوار دانەخەن، چونكە تەنیا حیوارو گفتوگۆ چارەسەرە.

ئەوەشی وت: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمە لە ئێستاوە ئامادەی گفتوگۆی جددین بۆ چارەسەر كێشەكان لەگەڵ بەغدا.

 

كۆشكی سپی: ریفراندۆم تاكلایەنەبوو

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش رۆژێك پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە تاكەلایەنەیە لەوناوچانەش كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانن، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بەتەواوی بێهیوا كرد.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەقوڵی بێ هیوابووە لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاك لایەنانە بڕیاریدا بەوەی ئەمڕۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات،.

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی 26ی ئەیلولی 2018، كە رۆژێك دوای ریفراندۆمەكەی هەرێم بوو، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا باسی لەڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان كردو وتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی لەعیراقێكی یەكگرتو و فیدراڵ و دیموكراسی و خۆشگوزەران دەكات. 

 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتیشی: ئەم ریفراندۆمە تاكلایەنەیە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی  لەگەڵ حكومەتی عیراق و وڵاتانی دراوسێش زۆر ئاڵۆز دەكات، 

ناوێرت  ئەوەشی نەشاردەوە ئەنجامدانی ریفراندۆم ناسەقامگیری و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی زیاد دەكات.

 

 چۆن بڕیاری ریفراندۆم درا

رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌ و ناوچە جێناكۆكەكان ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

 

بارزانی: حسابی بۆ یەك بەشەر ناكەین

مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017دا، لەوتارێكیدا لەقەزای ئامێدی پارێزگای دهۆك بەڕاوەشاندنی پەنجەكەی بۆ ئەوانەی دژی ریفراندۆمن، وتی: مادام ئێوە ناڕازین، هێندە حسابی بۆ یەك بەشەر ناكەین.

 

نێچیرڤان سڕیكرد!

ئەوەی مەسعود بارزانی و كۆمیتەكەی لە كاتی بانگەشە كردیان، بەتایبەت لە دوای كاردانەوە قورسە ناوخۆییەكان و لێكەوتەی رووداوەكانی ئۆكتۆبەر، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ رای كۆمیتەكە و لایەنە سیاسییەكان پەیوەستبوونی بە پارستنی یەكپارچەیی خاكی عیراق و دەستوور راگەیاند و ئەنجامی ریفراندۆمی سڕكرد!!

حكومەتی هەرێمی كوردستان درەنگانێكی شەوی 24ی ئۆكتۆبەر بەڕاگەیەنراوێك سڕكردنی ریفراندۆمی راگەیاند، ئاماژەی بەوەدا: ئەو بارودۆخە گرژو مەترسیدارەی روبەڕووی عیراق و كوردستان بۆتەوە، هەمووان ناچار دەكات لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی مێژووییدا بین و رێگا نەدەین بارودۆخەكە زیاتر بەرەو شەڕو پێكدادان بچێت لەنێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگەدا.

حكومەتی هەرێم بەسێ خاڵ سڕكردنی ریفرادۆمی راگەیاندو وتی: سڕكردنی ئاكامی ریفراندۆم كە لە كوردستانی عیراق ئەنجامدرا، هەروەها دەستپێكردنی دیالۆگی كراوە لە نێوان حكومەتی هەرێم  و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوری عیراق.

 

بەدیلی زێرین و دەستكەوتی بەتاڵ

ریفراندۆم بەبێ گوێدانە كاردانەوە عیراقی و ئیقلیمیی و ناخۆیی و نێودەوڵەتی و رەتكردنەوەی بەدیل، لە 25 ئەیلول ئەنجامدرا، بۆیە ئەوەش نیگەرانی لێكەوتەوە ، بۆیە بە لێدان و لەباربردنی دەرفەتی زێرینی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد شكایەوە و كارتی چارەنوسسازی ریفراندۆم بە ئاسانی سوتێنرا و كاریگەریی و لێكەوتەی قورسی لێكەوتەوە بەتایبەت رووداوەكانی 15 و 16ی ئۆكتۆبەر كە ریفراندۆمەكە بەرهەمیانهێنا و 51%ی خاكی كوردستان كەوتەژێركۆنترۆڵی عیراق و سەرجەم خاڵەسنووریەكانیش تەسلیمكرانەوە و بە پرسی نەوتیشەوە.

16ی ئۆكتۆبەر و لێكەتەكانی لەم عینادییە سیاسییە و كورتبینی و لەدەستدانی بەدیلی زێڕینی نێودەوڵەتی لە جیاتی ریفراندۆمەو سەریهەڵدا.

PUKmedia  

 

 

54535.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket