riklam

پارتی دیموكرات و 16ی ئۆكتۆبەر .. سەركەوتنی میدیایی و زیانی سیاسی

بیروڕا 04:42 PM - 2018-10-15
.

.

پێناچێ دوو كەس بدۆزیتەوە لەسەر ئەوە ناكۆك بێت كە پارتی دیموكرات، لەرووی میدیاییەوە، توانی لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، نەك تەنها لای خەڵكی باشووری كوردستان، بازاڕ بۆ گوتاری سیاسیی خۆی  بدۆزێتەوە، بەڵكو لەچوارچێوەی ململانێی سیاسیی نێوان هێزەكانی باشووریشدا، ئەو گوتارەی خۆی بكات بە بەشێك لە هەڵوێستی ئەو هێزە كوردستانییانەش كە، لانیكەم، لە رواڵەتدا، وایان نیشانداوە كە بە ئەندازەی ململانێیان لەگەڵا یەكێتیی نیشتمانیدا، ململانێی پارتی دیموكراتیش دەكەن !.

 كردنی گوتاری خۆت بە گوتاری ئەویتر، پرۆسەیەكی یەكلاكەرەوەیە لە دروستكردنی رای گشتیدا(Public(opinion. پارتی دیموكرات، لەمەدا، سەركەوتووانە، تەنانەت ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناو هێزە ركابەرەكەی خۆیشی كە یەكێتییە، قۆزتەوە، هەندێ لێدوانی چەند سەركردەیەكی خودی حزبەكەی تاڵەبانی كردە سەنەد بۆ ئەو گوتارە !، هەردوو گەورە ماشێنی میدیایی خۆیشی كە یەكێكیان (رووداو)ەو نێچیرڤان بارزانی پارەداری دەكات و، ئەویتریان (K24)ەو مەسرور بارزانیی لەپشتە، راسپارد كە ئەم گوتارە، لەئاستی میدیاییدا، وەربگێڕن بۆ پیشەسازییەكی كاریگەرلە بەرهەمهێنانی وێنەی سیاسیی ئەوتۆ لەبارەی یەكێتییەوە كە بگاتە ئاستی قەرەبووكردنەوەی ئەو برینە قوڵەی كە بەهۆی رووداوەكانی شەنگال و جینۆسایدكردنی دانیشتوانەكەی و لەوەش زیاتر رووداوەكانی 31ی ئابی 1996دا، كەوتۆتە جەستەی مێژوو و نێوبانگی، پارتییەوە.

ئامانجی سیاسی و وێنەی جیاواز..!

پارتی دیموكرات، لەم گەمەیەدا، بە ئاشكرا، سەركەوت، بەڵام ئەوەی بەشداربوو لەو سەركەوتنەدا، حیكایەتی واقعیی خودی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نییە. لەروانگەی میدیاییشەوە، زادەی گواستنەوەی فاكت و زانیاری و وردەكارییەكانی رووداوەكە نەبوو  بۆ رای گشتی، بەڵكو لە ئاستێكدا، تۆڵەی ئەو ئازارە كەمەرشكێنەیە كە بەهۆی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەر خودی پارتی دیموكرات و پێگەكەی دەكەوێت لە باشووری كوردستانداو بەدیاریكراوییش لەپارێزگای كەركوك، لەئاستێكی تریشدا بەرهەمی بەكارهێنانی زیرەكانەی تەكنەلۆژیای میدیاو هەڵڕشتنی پارەیەكی كراوەو بێ سنور بوو بۆ دەزگا میدیاییەكانی بۆ ئەوەی لەجێی كۆمەڵێك وێنەی راستەقینە، كە زۆرێكیان پێویستییان بە رووماڵی بنكۆڵكاریی هەیە (التغگیە الإستقصائیە) و هەندێكیشیان ئاشكراو زەقن!، كۆمەڵێك وێنەی دیكەی جیاواز و دڵخواز لەبارەی ئەو رووداوەوە بەرهەم بهێنن كە دەسكەوتی دوورمەودای هێزە ركابەرەكەی و زیانی سیاسی خۆیشی، لەناو مێژوودا، لەبیر هەمووان بەرێتەوەو، هەر بەهۆی میدیاشەوە، چانسی وەبەرهێنانی (استپمار) تەواوی دەرەنجامە سیاسییەكانی داهاتووی رووداوەكە، لە ركابەر، وەربگرێتەوە..!
بەڵێ، پارتی دیموكرات، لەئاست رووداوی 16ی ئۆكتۆبەردا، لەرووی میدیاییەوە، ئامانجی خۆی پێكا، توانی تەنانەت گوتاری میدیاییی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و نەوەی نوێ و هێزی تریش، لەم رووداوەداو بەهۆی ئەم رووداوەوە، بكاتە بەشێك لەگوتاری خۆی و بیانكاتە بەرخۆری (مستهلك) ئەوەی كە لە میدیاكانی پارتی دیموكراتەوەو لەبارەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لەرووی سیاسییەوە، زیان و برینەكانی ئەم پارتە، لەپای ئەو رووداوەدا، بە ئەندازەیەك قوڵە، كە تا ئێستا لە هاواری چەپێنراوی ئازارەكانی نەكەوتووەو بەدڵنیاییشەوە، لە ساڵیادی رووداوەكەدا، جارێكی تر سروتی (گقس)ی میدیایی خۆی بۆ رێك دەخات وەك تەعبیرێك لە ئازاری ئەو زیانە سیاسییانەی كە بەری كەوتووە !.

زیانە سیاسییەكان ..

 پارتی دیموكرات، لە 16ی ئۆكتۆبەردا، كۆمەڵێك زیانی سیاسیی گەورەی بەركەوت كە زۆربەیان تائێستاش درێژەیان هەیە، لەوانە:

-ئامادەبوونی سیاسیی لە كەركوك دۆڕاندو لێی كرایە دەرەوە.

-كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكی لێ وەرگیراوە كە لە ژێر كۆنترۆڵی خۆی و كۆمپانیاكانیدا بوو.

-پارێزگاری كەركوك لە كەركوك وەدەر نرا كە یەكێتییەكان پێیان وایە لە ژێرەوە ببووە پارتی و لەدژی بەرژەوەندی شارەكەو نفوزی حزبەكەی خۆی كاریكردووە.

-پارتی دیموكرات نەیتوانی هیچ بەرگرییەك لەناوچەكانی جێی ناكۆكیدا بكات و، ناچارما، بەهەمان ئەندازەی یەكێتی، پاشەكشەیان تێدا بكات، بەڵام تەنها پاشەكشەی سەربازی نا، بەڵكو پاشەكشەی حزبی و تەنزیمی و ئەمنییش.

-پارتی دیموكرات چانسی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ لە كەركوكدا لە دەستدا، بەوەش هیچ نوێنەرایەتیكردنێكی سیاسییانەیلە پارێزگاكەدا نەما.

-ئەندامەكانی پارتی دیموكرات لە ئەنجوومەنی پارێزگادا، هەتا ئێستاش ناتوانن بێنەوە بۆ كەركوك و چەند ناوچەیەكی تر.

-ئەگەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغداو لەگەڵ یەكێتییشدا ئاسایی نەكاتەوە، ئەوا پارتی دیموكرات ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات و، بەوەش هێندەی تر لەو بەشە لەجەماوەرەی خۆیشی دادەبڕێت كە كە لە شارەكەدا هەیەتی.

-بەشێكی ئەندام و لایەنگرانیان، تەحەمولی ژیانی ئاوارەییان لە هەولێرو سلێمانیدا نەكردو نەما،  بۆیە پلە بە پلە، گەڕانەوە بۆ كەركوك و هەندێ شاری تر.

  لەبەرامبەردا، یەكێتی، لەباری سیاسییەوە، وەك زۆرێك لە سەركردەكانی دەیڵێت:

-كەركوكی لە پیلانی تەختكردن و جینۆسایدكردن دوورخستەوە.

-ئەگەر دەسەڵاتیشی لە شارەكەدا نەمابێ، ئەوا چۆڵی نەكردو لەگەڵ خەڵكەكەیدا مایەوە.

-لەرێگەی بۆنەكانی نەوروزو یادە حزبییەكانەوە، كۆڕو كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی لە پارێزگاكەدا دەستپێكردۆتەوە.

-بۆشایی یەكڕیزیی كورد لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، كە لە ژێر كاریگەریی گوتاری پارتی دیموكراتدا بوو، بۆ ئەوان بووە دەرفەتێك بۆ ئەوەی هیچ ركابەرێكی كوردییان لەپارێزگاكەدا نەبێت.

- لەرێگەی جوڵەی تەنزیمی و هەڵمەتی میدیاییشەوە،توانی زۆربەی كوردی كەركوك هان بدات كە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بەو بدەن و پشت بكەنە گوتاری میدیایی و هەڵوێستی سیاسیی پارتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی و هەندێ هێزی تریش.

- تانەی ئەو هێزانەش لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هاوئاهەنگییان لەگەڵ هێزە توركمان و عەرەبییە دەمارگیرەكانی شارەكەدا بكاتە بۆنەیەك بۆ داتەپاندنی زیاتری بنكەی جەماوەریی پارتی دیموكرات و چەند هێزێكی كوردی تر، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەكانی كەركوك كە 6 كورسییەكەی ئەوی وەكو خۆی هێشتەوە.

- لە هەموو ئەوانە قورستر بۆ پارتی دیموكرات، ئەوەیە كە، یەكێتیی نیشتمانی، پێی وایەتوانی گوتاری پارتی دیموكرات لەبەرامبەر روداوەكاندا بكاتە چەكێكی سیاسی و لەدژی كاندیدەكەی بارزانی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار بەكاری بهێنێت و لەو قۆڵەشەوە، رێگە لەپێگەی سیادیی پارتی بگرێت لە بەغدا.

- لەوەش زیاتر، بەبێ پارتی دیموكرات، جموجوڵ بخاتەوە ناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و هەندێ كۆبوونەوە دەست پێبكاتەوە.

- لەقۆڵی بەغداشەوە كار بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بكات لەشارەكەدا كە كورد بێت و لەپشكی حزبەكەشی بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە هەموو كورسییەكانی پشكی كوردی پارێزگاكەی بردۆتەوە.

قەرەبووی زیان و پارادۆكسەكانی !

  بێگومان، پارتی دیموكرات، درەنگ لە دەرهاویشتەو زیانە سیاسییە دوورمەوداكانی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر گەیشت!، بۆیە كاتێك كە بڕیاریدا بەریان پێ بگرێت، سەركەوتنە میدیاییەكەشی لەئاست رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا تووشی پارادۆكس و ئیحراجبوون !، چونكە:

-پارتی دیموكرات، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا گەڕایەوە سەر سیاسەتی هێوركردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدادا.

-بانگەشەی بۆ دەوڵەتی كوردی لەمیدیاكانی و لە لێدوانە سیاسییەكانیدا،كپ كردەوەو سڕكرد.

-25 پەرلەمانتاری خۆی كە نوێنەرایەتی ئەو دەكەن، ناردەوە بۆ بەغداو سوێندیان بە یەكپارچەیی خاكی عێراق خوارد !.

- بەهەموو  هێزی خۆییەوە كەوتە ركابەریی یەكێتیی نیشتمانی بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتیی كۆماری وڵاتێك كە میدیای پارتی دیموكرات، بە فانتازییایەكی سیاسیی نا پرۆفیشناڵانە، وەك دراوسێیەكی باشی داهاتووی كوردستان، بۆ رای گشتیی خەڵكی كوردستانی، وێنای دەكرد !.
واتە، گەڕانەوە بەرەو خولگەی عێراق تا ڕادەی تەنانەت پاڕانەوە لە قۆناغێكدا بۆ دانەخستنی دەرگای گفتوگۆ، رێسی سەركەوتنە میدیاییەكەشی بۆ پارتیی دیموكرات و لەپرسی 16ی ئۆكتۆبەردا، كردەوە بە خوری !.

"پاشاتر نین لە پاشا "!

  بە كورتی، لە رووداوەكانی ساڵی پاردا، پارتی دیموكرات، سەركەوتنێكی میدیایی كاتیی لە بەرامبەر یەكێتیدا تۆمار كرد، بەڵام لەبەرامبەردا دووچاری زیانی سیاسیی گەورە هات كە تائێستاش كۆتایی نەهاتووە !. یەكێتییەكان دەڵێن، "پارتی، لە پاشاكان، پاشاتر نین !"، كوردی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، شوێنی میدیای پارتی دیموكرات و شوێنكەوتووانی نەكەوتن و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا سزای توندیان دا، دەڵێن دەنگدانی كوردی كەركوك بە یەكێتی، بەمانای تێگەیشتنی دانیشتوانی پارێزگاكە بوو لە پیلانی وێرانكردن و بە موسڵكردن و بەحەلەبكردنی. یەكێتییەكان، دەشڵێن: ئێستا، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی 9، ئەوە ئەواننكە هێزی نمرە یەكن لە سلێمانی و هەڵەبجە، پێشترو ئێستاش لە كەركوك، قۆناغی داهاتووش، لەدیدی ئەواندا، قۆناغی هەڵكشانە بەرەو هەولێرو دهۆكیش. بە كورتی، مەسجەكەیان ئەم رستەیە بوو و پێشیان وایە بەدییان هێناوە ! : "ئەو زیانانەی كە لەبواری سیاسیدا دەكرێن، بە گەمەی میدیایی قەرەبوو ناكرێنەوە..!".

PUKmedia عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket