riklam

ناوی گه‌وره‌ و شاری وێران

ئەدەب وهونەر 09:02 PM - 2018-10-14
.

.

( فێستیڤاڵ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین نه‌ سینه‌مامان هه‌یه‌ نه‌ به‌رهه‌م)

له‌م سه‌ده‌یه‌دا سینه‌ما و ڕاگه‌یاندن بوونه‌ته‌ چه‌ك، چه‌كی ئابووری، چه‌كی سیاسی و چه‌كی ...

كورد له‌كوردستانی باشوور چۆن له‌م چه‌كه‌ ده‌ڕوانێت و تا چه‌ند كه‌ڵكی پێویستی لێوه‌رگرتووه‌؟ تا چه‌ند له‌گرینگی سینه‌ما و ڕاگه‌یاندن تێگه‌یشتووه‌ و ئێستا له‌ چ قۆناغێك داین؟

ئه‌وانه‌ و كۆمه‌ڵێك پرسیاری دیكه‌ له‌ لای تاكی ده‌سه‌ڵاتداری كورد بێوه‌ڵام ماونه‌ته‌وه‌. ساڵانه‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری سینه‌مایی به‌ هه‌زینه‌ و تێچوویه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ چه‌ند شارێكی كوردستانی باشوور به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵام نه‌ ده‌سه‌ڵات ویستوویه‌تی پشتی سینه‌ماكارانی كورد بگرێ و نه‌ فێستیڤاڵه‌كان بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی كوردی و خۆماڵی.

زۆر و بۆر قازانجی نییه‌،یه‌ك فێستیڤاڵی ساڵانه‌ له‌ یه‌ك شاری كوردستان به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌ماكاران و هونه‌رمه‌ندان هان بدا كار و ئیشی سینه‌مایی كوردی بكه‌ن، فێستیڤاڵێكی به‌هێز له‌ چه‌شنی كه‌نی فه‌ڕانسه‌، هالیوودی ئه‌مریكا یا لانیكه‌م ڤێنیزی ئیتالیا.

بایه‌خدان به‌ فیلمی بیانی و ئه‌كته‌ری غه‌یره‌ كورد به‌ داخه‌وه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ په‌ره‌ ده‌ستێنێ و به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر فه‌ڕشی سووریان بۆ ئه‌كته‌رێكی ئێرانی و فارس یا تورك و عه‌ڕه‌ب ڕاخست، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی سینه‌مای كوردییه‌.

ئه‌ركی دڵسۆزانی سینه‌مای كوردییه‌ كه‌ ئه‌و چه‌شنه‌ فێستیڤاڵانه‌ كه‌ زیاتر وه‌ك پێشانگای ئه‌كته‌ره‌ غه‌یره‌ كورده‌كان ده‌چێ، بایكۆت بكه‌ن .

ئایا بۆ كه‌س ناپرسێته‌وه‌ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، ئه‌دی كوا فیلم و سینه‌مای كوردی گه‌یشتۆته‌ كوێ؟ كوا چه‌ند كورته‌ فیلم و فیلمی سینه‌ماییتان به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ بتوانێ له‌ فێستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كان دا به‌شداری بكا و ده‌نگ و ڕه‌نگی كورد به‌ دونیا بناسێنێ؟

ده‌رهێنه‌رانی سینه‌مای كوردی، كوا چه‌ند ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی كوردیتان دروست كردووه‌؟ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌شن خه‌ریكن ده‌یان ڕووخێنن.

كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئه‌كته‌ری سینه‌مای فارس و تورك و عه‌ڕه‌ب خزمه‌ت به‌ سینه‌مای كوردی نییه‌.

فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ده‌بوو بایه‌خی به‌ فیلمسازانی كوردی چوار پارچه‌ی كوردستان دابایه‌ ، ئه‌و جار به‌ سینه‌ماكارانی بیانی.

له‌ كۆتاییدا ده‌بێ بڵێم به‌ داخه‌وه‌ ئێمه‌ فێستیڤاڵی سینه‌ماییمان نییه‌، پێشانگای نمایش كردنی ئه‌كته‌ری غه‌یره‌ كورده‌ و ناوی فێستیڤاڵی خراوه‌ته‌ سه‌ر.

له‌یلا مه‌جیدی
سینه‌ماكاری كورد


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket