riklam

به‌ریتانیا.. نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداری كۆنفرانسی پارتی كرێكاران ده‌كات

تاراوگە‌‌ 04:58 PM - 2018-10-06
.

.

كاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا به‌شداری له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی پارتی كرێكاران ده‌كات.

له‌ میانه‌ی كۆنفرانسی ساڵانه‌ی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا كه‌ له‌ شاری لێڤه‌رپوڵ به‌ڕێوه‌چوو، وه‌فدێكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا ژماره‌یه‌ك دیداریان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران و لۆرده‌كان و خاوه‌ن بڕیاره‌كانی پارته‌كه‌ سازدا، هاوكات به‌شداریان كرد له‌ ژماره‌یه‌ك كۆڕو سیمینارو بۆنه‌ی پێشوازی.

له‌ په‌رواێزی كۆنفڕانسه‌كه‌دا سیمینارێك له‌ ژێر ناونیشانی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ دوای داعش و دواڕۆژی هه‌رێمی كوردستان" به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوی (Kurdish Progress) ڕێكخرا كه‌ تیایدا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانتاران خاتوو تڕه‌یسی بڕابان و ساندی ماڕتن بابه‌تیان پێشكه‌ش كرد.
سه‌ره‌تا په‌رله‌مانتار تڕه‌یسی بڕابان كه‌ سیمیناره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد ئاماژه‌ی به‌ قاره‌مانیه‌تی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ بوێره‌كاندا له‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش، وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ  له‌ ئامێزگرتنی 1.5 ملیۆن ئاواره‌ی ناوه‌خۆ كه‌ له‌ ترسی شه‌ڕو هێرشه‌كانی داعش ناوچه‌كانی خۆیان به‌ جێهێشت و ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ كاتێكدا كه‌وا حكومه‌تی فیدراڵی عیراق هیچ جۆره‌ هاریكاری و یارمه‌تیه‌كی بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ ڕه‌وانه‌ نه‌كردووه‌.
 هاوكات ناوبراو پشتگیری خۆی بۆ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كورد دووپاتكرده‌وه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌وا پێویسته‌ گه‌لی كوردستان له‌ عیراق به‌ ته‌واوی مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی خۆی بگات.
پاشان كاروان جمال تاهیر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی هه‌رێم و عیراق ناوچه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد.
دواتر ئاڵۆزی و نائارامی به‌رده‌وامی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چوار خاڵی سه‌ره‌كی و وتی: " كه‌وا ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ی كه‌ به‌ر له‌ 100 ساڵ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی پێ دامه‌زرا هه‌ڵه‌ بووه‌و پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و كات وایكرد نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌و شێوه‌یه‌ دروست ببێت، ڕه‌چاوی كێ له‌كوێ ده‌ژی نه‌كرا به‌ڵكو كێ چی به‌رده‌كه‌وێت بووه‌ بنه‌ما كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دروست بوونی نادادپه‌روه‌ری له‌ نێوان گه‌لان، هاوكات پشتگیریكردنی ووڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌و ڕژێمانه‌ی دروستیان كردبوون له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ببن به‌ ڕژێمی سته‌مكار و وه‌لاوه‌نانی دیموكراسیه‌ت، هه‌روه‌ها دان نه‌نان به‌مافی گه‌لانی تر له‌ ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و نه‌بوونی دیالۆگی به‌رده‌وامی نێوان گه‌لان و لكاندنی شوناسی عه‌ره‌بی پێوه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی تاكو ئێستا هێشتۆته‌وه‌".
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، "ڕاسته‌ داعش له‌ ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ تێكشكێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، گفتووگۆی به‌رده‌وان درووست نه‌كرێت له‌ نێوان ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ژین ئه‌وا به‌ هیچ جۆرێك ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیر نابێت ، كلێشه‌ی دواڕۆژی گه‌لی كوردیش له‌ سه‌رووی ئه‌و پرسانه‌ن كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن". هاوكات داوای پشتگیری پارتی كرێكارانی به‌ریتانیای كرد له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان و ووتی كه‌ ئه‌و پرسه‌ بكه‌نه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پارته‌كه‌یان.
دواتر په‌رله‌مانتار ساندی ماڕتن له‌ وته‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و هه‌موو كاتێك بڕوای به‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ پێویسته‌ گه‌لی كورد ئازادی ته‌واوی هه‌بێت له‌ ده‌ستنیشانكردنی دواڕۆژی خۆی و پره‌نسیپی دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی ببه‌خشرێته‌ ئه‌و گه‌له‌، هاوكات وتی: كه‌وا گه‌لی كوردستان مافی خۆیانه‌ ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت به‌ لێكتێگه‌یشتن و وتێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌ به‌غدا. باسی له‌وه‌ش كرد كه‌وا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا پرسی مافی چاره‌نووسی كوردستان و پشتگیركردن له‌و گه‌له‌ بكرێته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پارتی كرێكاران له‌ داهاتوودا.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌دا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا له‌سه‌ر داوه‌تی فه‌رمی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كابینه‌ی سێبه‌ر له‌ پارتی كرێكاران خاتوو ئیمێڵی سۆڕنبری به‌شداری له‌ نیوه‌ڕۆ خوانێك كرد كه‌ بۆ باڵیۆز و سه‌رۆكی نێرده‌ دیبلۆماسیه‌كان سازكرابوو كه‌ تێیدا گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌ی دیپلۆماتكارانی له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان.
له‌ دواڕۆژی كۆنفڕانسه‌كه‌شدا شاندی نوێنه‌رایه‌تی ئاماده‌ بوو له‌ ووتاری كۆتایی كۆنفڕانس كه‌ له‌لایه‌ن جێریمی كۆڕبین سه‌رۆكی پارته‌كه‌ پێشكه‌ش كرا و تێیدا سیاسه‌تی پارتی كرێكارانی ڕاگه‌یاند له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.
كۆنفرانسی پارتی كرێكاران پێنج ڕۆژی خایاند له‌ ڕۆژانیی 21 بۆ 26 ئه‌یلوولی 2018 .

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket