riklam

قوباد تاڵه‌بانی: ژێرخانێكی ئابوری تۆكمه‌ بۆ هه‌رێم دابین ده‌كه‌ین

ئابوری 05:35 PM - 2018-09-29
.

.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29-9-2018، له‌ رێوره‌سمێكی شایسته‌دا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی گه‌وره‌ترین پرِۆژه‌ی گه‌نجینه‌ی بازرگانی هاوچه‌رخی له‌ سلیَمانی دانا، كه‌یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌ گرنگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیشدا.

 سه‌ره‌تای رێو ره‌سمه‌كه‌ش به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ رۆحی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستیپێكرد، دواتر سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی دوای پێشوازیكردن له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی رێوره‌سمه‌كه‌ به‌ناوی ژووری بازرگانییه‌وه‌ سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی حكومه‌تی كرد كه‌ هاوكاریانكردون له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها  له‌ وته‌یه‌كدا گرنگی پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌ی بازرگانی هاوچه‌رخی له‌ سلێمانی روونكرده‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و له‌سه‌ر رووبه‌ڕی 393 دۆنم بنیاد ده‌نرێت و كه‌ خۆی له‌ 562 گه‌نجینه‌ی هاوچه‌رخی جۆراو جۆردا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ له‌وته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیش هاوشێوه‌ی نییه‌و به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و سه‌رده‌میانه‌و له‌ رێگه‌ی كامێرای چاودێری ییه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت.

وتیشی: گرنگی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌رێگه‌یه‌وه‌ ئاسایشی خۆراك له‌ سلێمانی و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین و خۆمان له‌ مه‌ترسییه‌كانی قه‌یران و كه‌می مادده‌ خۆراكییه‌كان له‌ هه‌موو وه‌رزه‌كاندا بپارێزین، وتیشی: له‌ رێگه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ رێگری ده‌كرێت له‌ زیاده‌ڕه‌وی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی حكومه‌ت كه‌ له‌ ناوچه‌كانی شاری سلێمانب ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ده‌توانین به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی تێدا بپارێزرێت، له‌ هه‌رچواروه‌رزی ساڵداو ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌یه‌كیش بۆ گه‌نجینه‌كانی ناوشارو به‌مه‌ش جه‌نجاڵی قه‌ره‌باڵغی له‌ ناوشار كه‌مده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌توانین له‌ رێگه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ زیاتر په‌ره‌ به‌ پاراستنی ته‌ندروستی مادده‌ خۆراكییه‌كان بدرێت ئه‌ویش له‌رێگه‌ی شێوازی هه‌ڵگرتنیان و شێوازی چاودێری ده‌زگاكانی كۆنتڕۆڵی جۆری و ته‌ندروستییه‌وه‌، وتییشی: له‌ هه‌مووی گرنگتر ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كاره‌ بۆ هه‌زاران خه‌ڵك، كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ هه‌لی كار بۆ هه‌زاران خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌سته‌به‌رده‌كات.

دواتر قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر گرنگی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ وتارێكی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند:  زۆر سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌كه‌ین بۆ بنیادنانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌موو ئه‌و بازرگان و به‌ڵنده‌رانه‌ی كرد كه‌ به‌شداریان له‌ بنیادنانی ئه‌م پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌دا كردوه‌، وتیشی: ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ره‌و ئه‌و قسانه‌مان بۆ ده‌هێنێته‌دی كه‌ ده‌ڵێت كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات، هه‌روه‌ها وتی: راسته‌ ئه‌و چوار ساڵه‌ی پێشوو هه‌رێم رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی زۆر قوڵ بووه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زۆرێك له‌ پڕۆژه‌كان له‌ كاركه‌وتن و كاركردن تێیاندا وه‌ستا، به‌ڵام به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌ هیمه‌تی هه‌موو لایه‌ك توانیمان هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یرانه‌ قورسه‌ بێنینه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌به‌ره‌ پڕۆژه‌كان بخه‌ینه‌وه‌گه‌ڕو كاركردن تیایاندا ده‌ستپێبكاته‌وه‌و به‌ره‌به‌ره‌ ئارامی بۆ هه‌رێم بگه‌ڕێنیینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و كه‌می هه‌لی كار نائارامی رووی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان كردبوو، هه‌روه‌ها وتی: سوپاس بۆ خوا توانیمان به‌ هیمه‌تی هه‌موولایه‌ك هه‌رێم به‌ره‌و ئارامی بگه‌ڕێنینه‌وه‌و له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌كان و ئارامی ته‌واوه‌تی هه‌نگاو ده‌نێت كه‌ ده‌بێت هه‌موومان هاوكاربین.

 قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: ئه‌مڕۆش كه‌ به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی ئاوا ستراتیجی و گه‌وره‌ داده‌نێین ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و بنیادنانه‌وه‌و گه‌شه‌كردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت.

قوباد تاڵه‌به‌تی ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ژێرخانێكی تۆكمه‌ بۆ شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی دروستده‌كات، كه‌ رۆڵی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ به‌ره‌و پێشبردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شه‌كردنی هه‌رێم و بوژانه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی كوردستان و دابینكردنی پێداویستی بۆ بازاڕه‌كانی باشوری عیراقیش كه‌ ئه‌وه‌ بۆ ئابوری هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ و كاریگه‌ره‌.

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: پێویسته‌ حكومه‌ت هاوكاری ته‌واوی بازرگانان و سه‌رمایه‌داران بكات، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی كارئاسانی و هاوكاریكردنیان له‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی پڕۆژه‌كانیان و كاربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن، حكومه‌ت له‌ رێگه‌ی ئاسانكاریكردن و لابردنی به‌ربه‌سته‌كان ده‌توانێت هاوكاری ته‌واوی وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانان بدات و ئه‌و كات ئابوری وڵاته‌كه‌مان به‌ باشترین شێوه‌ ببوژێته‌وه‌.

 دواتر له‌رێوره‌سمه‌كه‌دا به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌ی بازرگانی هاوچه‌رخ له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ دانرا، كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بازرگانییه‌و له‌لایه‌ن ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی جێبه‌جێده‌كرێت و یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عیراق.

PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket