riklam

80%ی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی لە بادینانن

ریپۆرتاژ‌ 03:27 PM - 2018-09-26
.

.

زۆربەی دەنگی ناوچەی سۆرانی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كاندیدەكانیانە لە سنووری بادینان، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لە ئێستادا پەرلەمانتارانی بادینان لە سەدا 80ی ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان پێك دەهێنن.

لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا ئەو سیستمە كارێكی وای كرد كە دەنگی هاووڵاتییانی پارێزگایەك بۆ كاندیدی پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستانیش بچێت.

ئەو ڕەوشە كارێكی وای كردووە كە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا دەنگی بەشێك لە دەنگدەرانی پارتی لە سنووری سلێمانی و هەولێر بگوێزرێتەوە بۆ كاندیدی سنووری دهۆك.

لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە 21ی ئەیلوولی 2013 بە سیستەمی نیمچەكراوە بەڕێوە چوو، تێیدا 31 لیست بەشدارییان كرد و 17 لیست توانییان سەركەوتن بە دەست بهێنن.

لەو هەڵبژاردنەدا پارتی بە 734 هەزار و 984 دەنگ توانی لە كۆی 111 كورسی پەرلەمان 38 كورسی بە دەست بهێنێت.

لەو رێژەیە 27 كاندیدی لیستی دەرچوون و لە سنووری هەولێر هەشت كاندید دەرچوون، لە سنووری سلێمانی و هەلەبجەش سیان لە كاندیدەكان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.

بەو پێیەش بێت لە ئێستادا 80%ی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەر‌لەمانی كوردستان لە پشكی بادینانن و تەنها 20%یان لە سنووری هەولێر و سلێمانین، ئەگەرچی ڕێژەی دەنگدەرانی سلێمانی و هەولێر لە دهۆك زۆر زیاترن.

شیلان جەعفەر عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی نكوڵی لەوە ناكات كە پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوودا دەنگی لایەنگرانی لە سلێمانی ئاڕاستە كردووە بۆ دەنگدان بە پاڵێوراوێكی هەمان لیست لە پارێزگای دهۆك.

شیلان جەعفەر عەلی رایگەیاند: لە هەڵبژاردنی رابردوودا لەنێو لیستی پارتی كاندیدمان هەبووە لە دهۆك، لە سلێمانی دوو هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام كاندیدی سلێمانی لە دهۆك دەنگەكانی لە 100 دەنگ تێپەڕی نەكردووه.‌«

وتیشی: ئەوە خەڵكە كە نوێنەری خۆی دەستنیشان دەكات، لە دهۆك ڕێژەی بەشداریكردن بۆ هەڵبژاردن زۆرترە، هەروەها لە دهۆك بە هۆی عەشیرەتگەراییەوە زۆرترین هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی نوێنەرەكانیان وەك عەشیرەت و ناوبانگی خۆیان لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە، بۆیە ئەوە عەشیرەتە دەنگ دەدات و بڕیار دەدات كاندیدكراوەكانی ناوخۆیان سەربخەن، ئەمەش لەپێناو مانەوەی نفوسی عەشیرەتەكەیان.

سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە یەك بازنەی نیمچەكراوەیە كارێكی وای كردووە هاوكێشەی دەرچوونی كاندیدەكان بۆ پارتی بەو شێوەیە بێت كە بە دەنگی سنووری ناوچەی سۆران كاندیدی ناوچەی بادینان دەربچێت بە پێچەوانەی سیستمی فرەبازنەییەوە كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان پەیڕەو دەكرێت كه ‌رێگرە لەو هەنگاوە.

هۆگر چەتۆ شارەزا لە بواری هەڵبژاردن وتی: دوو هۆكاری سەرەكی لە جیاوازی دەنگی پارتی لە ناوچەی دهۆك و بادینان بە بەراوردی پارێزگاكانی كوردستان هەیە كە ئەوانیش زۆری بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردن و پاوانخوازییە، دهۆكیش پارێزگایەكی داخراوە بۆ پارتی، هەمیشە زیاتر لە 80%ی دەنگدەرانی ئەو ناوچەیە بۆ پارتی بووە و كێبڕكێی تەندرووستی تێدا ناكرێت.

ئەو ڕەوشە لە نێوخۆی پارتییشدا نیگەرانیی لێ كەوتووەتەوە كە لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن كێشە كەوتووەتە نێو فراكسیۆنەكەیانەوە بە هۆی دەستوەردانی حزب لە پێگەی كاندیدەكان و پێدانی پۆست پێیان.

ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی كە نەیوست ناوی بڵاو بكرێتەوە نیگەرانە لە شێوازی كاری سیاسەتكردنی پارتی لەنێو پەرلەمانی كوردستان، كە پێی وایە فەزڵی حزبییەك و بەرپرسێكی باڵا دەدرێت بەسەر چالاكترین ئەندامی پەرلەماندا و دەشڵێت: لە دوای هەڵبژاردن متمانەی تەواوی بەو كەسانە نەبووە كە لە لیستەكەیدا زۆرترین دەنگیان هێناوە، بۆیە ئەمەش نیگەرانیی پەرلەمانتارانی لێ كەوتووەتەوه ‌و بووەتە هۆی دووركەوتنەوه ‌و دەستلەكاركێشانەوەیان لە كاری پەرلەمان.

وتیشی: لەسەر ئاستی پاڵێوراوان لیستی پارتی جەمال عوسمان مورتەكە، بە 28 هەزار و 768 دەنگ توانی لەسەر ئاستی لیستی زەرد زۆرترین دەنگ بۆ پارتی كۆ بكاتەوە، بەڵام لە پەرلەمان هیچ پۆستێكی باڵای پێ نەدرا، تەنانەت نەكرا بە سەرۆكی فراكسیۆن و وتەبێژ و بڕیاردەری لیست، بەڵام فەزلی جەعفەر ئیمینكی بەسەردا درا كە لەسەر ئاستی لیست حەوتەم بوو، بە 16 هەزار و 962 دەنگ تەنها لەبەر ئەوەی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كرایە جێگری سەرۆكی پەرلەمان.

مەركەزیبوونی پارتی كارێكی وای كردووە هاوكێشەی دەنگدانیش بگۆڕێت بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت كە بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی سنووری بادینانە لە پەرلەمان بە ‌بەراورد بە ناوچەی سۆران.

د. ئومێد ڕەفیق، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سلێمانی، وتی: ئەو ڕەوشە پەیوەندی بە جوگرافیاوە نییە، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە پارتی حزبێكی مەركەزییە، كادیر و ئەندامەكانی ئاڕاستە دەكات كە دەنگ بە چ پاڵێوراوێك بدەن، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بزانن دەنگەكانیان چەنده ‌و كەسانێك كە خۆیان مەبەستیانە بیگەیەنن بە پەرلەمان.

وتیشی: پێ دەچێت یەكێكی تر لە هۆكارەكان ئەوه ‌بێت ئەگەر كادیریان لە ناوچەكانی تر دەربچێت، مەترسی ئەوەی لێ بكەن زۆرجار نەچێتە ژێر بڕیاری حزب، بە جۆرێك پارتی هەر بڕیارێك بدات بە داخستنی پەرلەمان و جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسا ئەوانیش جێبەجێی نەكەن، ئەمانە وا دەكات پارتی بیر لەوە بكاتەوە ئەندامانی هان بدات دەنگ بەو كاندیدە بدەن كە ئیلتیزامی حزبی هەیە.

PUKmedia   ئاژانس

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket