زێباری: نابێت یه‌ك حزب حوكمڕانیی دهۆك بكات
ی.ن.ک 01:31 PM - 2018-09-26.
عه‌بدولباری زێباری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 4ـی بادینانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، كه تۆماری ده‌نگده‌رانی دهۆك پاك نه‌كراوه‌ته‌وه، متمانه‌شیان به نووسینگه‌ی كۆمیسیۆن نییه له شاره‌كه و ده‌شڵێت: له حكومه‌تی داهاتوودا نابێت یه‌ك حزب حوكمڕانیی دهۆك بكات.
عه‌بدولباری زێباری له چاوپێكه‌وتنێكدا باس له‌وه ده‌كات كه قه‌ره‌بووكردنه‌وه كێشه‌ی باره‌گا سووتاندن له سنووری بادینان چاره‌سه‌ر ناكات و ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه دووباره بێته‌وه ئه‌مجاره یه‌كێتیی هه‌ڵوێستی ده‌بێت.
پ: سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه وه‌رگرتنی ئه‌م ئه‌ركه نوێیه‌ت له بادینان قورس نییه؟ به‌تایبه‌ت كه تێیدا پارتی زۆرینه‌یه؟
عه‌بدولباری زێباری: هه‌ر ئه‌ركێك یان كارێك قورس بێت، به‌ڵام ئیراده هه‌بێت زۆر سووك ده‌بێت و براده‌ران و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی هه‌موویان هاوكارن و به یه‌ك تیم كار ده‌كه‌ین بۆ باشتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان.
پ: ڕوونتر پێم بڵێ یه‌كێتیی ده‌یه‌وێت له بادینان چی بكات؟
عه‌بدولباری زێباری: یه‌كێتیی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه وه‌كو جاران پێگه‌ی خۆی له بادینان به‌هێز بكات و ببێته به‌شێك له ئیداره‌دانی پارێزگای دهۆك و ئه‌وه پڕۆگرام و به‌رنامه‌ی كارانه‌ی لیستی یه‌كێتیی هه‌یه‌تی له ڕ‌ێگای نوێنه‌راكانییه‌وه له بادینان جێبه‌جێی بكات، كه بریتییه له ئارامی و هه‌لی كار و خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و ئه‌وه بۆ هاووڵاتییان له دهۆك ڕوون بكه‌ینه‌وه.
پ: له سایه‌ی گوشاری پارتیدا یه‌كێتیی ده‌توانێت له بادینان جووڵه‌ی سیاسی بكات؟
عه‌بدولباری زێباری: به‌ڵێ ده‌توانرێت جووڵه‌ی سیاسی بكه‌ین له بادینان، ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی یه‌كێتیی بكه‌ین له چیاكانی بادینانه‌وه ده‌ستی پێ كردووه و یه‌كه‌م تیشكی شۆڕش له ساڵی 1975دا یه‌كێتیی له ڕ‌ێگای مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه له چیاكانی بادینان ده‌ستی پێ كرد و به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئێستای خوڵقاند، كه‌واته بادینان ئه‌ساسی دانانی پێگه‌ی یه‌كێتییه، به‌ڵام به هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه یه‌كێتیی تۆزێك دوور كه‌وته‌وه له بادینان، به‌ڵام ورده ورده یه‌كێتیی سه‌وز ده‌بێته‌وه وه‌كو جاران.
پ: ده‌وترێت كادره‌كانتان له سنووری بادینان ڕووبه‌ڕووی گوشار و ده‌ستگیركردن ده‌بنه‌وه؟
عه‌بدولباری زێباری: ناتوانم بڵێم گوشار له‌سه‌ر كادره‌كانمان نییه، به‌ڵام ئیراده‌ی كادره‌كانی ئێمه زۆر به‌هێزتره.
پ: پارتی له‌وه ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه به‌ر له هه‌ڵبژاردن ده‌ست له گوشار خستنه سه‌ر كادره‌كانتان هه‌ڵبگرن؟
عه‌بدولباری زێباری: تاكو ئێستا نه‌بووه به‌ڵام ورده‌ورده ده‌ستیان پێ كردووه و پۆسته‌ر و لافیته‌ی كاندیده‌كانی یه‌كێتیی ده‌دڕێنن، ئێمه پێمان وایه پێشوازیكردنی زۆری هاووڵاتییانی دهۆك له كاك قوباد تاڵه‌بانی وای كرد كه ده‌ست بكرێت به دڕاندن و شكاندی وێنه‌ی كاندیده‌كانی یه‌كێتیی.
پ: كادرتان هه‌یه ئێستا ده‌ستگیر كرابێت یان له بادینان ده‌ركرابێت و ژماره‌یان چه‌نده؟
عه‌بدولباری زێباری: نه‌خێر تاوه‌كو ئێستا ڕووی نه‌داوه به‌ڵام ئێمه‌ش هیزێكی به‌تواناین له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق، براده‌رانیش ده‌زانن ئه‌گه‌ر شتی وا ڕوو بدات ئێمه‌ش خاون ده‌سه‌ڵاتین و هێزیشیمان هه‌یه.
پ: تۆماری ده‌نگده‌رانی دهۆك پاك كراوه‌ته‌وه؟
عه‌بدولباری زێباری: تاكو ئێستاش پاك نه‌كراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ هاوڕێیانم له سلێمانی و دهۆك له هه‌وڵی ئه‌وه‌داین گوشارێك درووست بكه‌ین بۆ ئه‌وی هه‌ر نه‌كرێت پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌و پاككردنه‌وه‌یه ئه‌نجام بدرێت و ساخته‌كاریی زۆر ئه‌نجام نه‌درێت، به‌ڵام به‌راود له‌گه‌ڵ سلێمانی تۆماری ده‌نگده‌رانی دهۆك خه‌وشی زۆری تێدایه.
پ: ده‌وترێت به‌شێك له كوردانی پارچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم له سنووری بادینان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن، ئاگاتان له‌و كێشه‌یه‌یه؟
عه‌بدولباری زێباری: به دڵنیاییه‌وه به‌ڵام ڕایه‌كی دیكه‌ی دڵخۆشكه‌ر هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كومیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم بڕیاری داوه كه ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن كه ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان هه‌بێت، یان كارتی نیشتیمانی یان پاسپۆرتی عێراقییان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش له ده‌ستی به‌غدایه، تا ڕاده‌یه‌ك ڕێژه‌ی ساخته‌كاری كه‌م ده‌كاته‌وه، چونكه جاران ئه‌و هاووڵاتییانه ده‌نگیان ده‌دا.
پ: له ئیداره‌ی بادیناندا یه‌كێتیی پشكی هه‌یه؟
عه‌بدولباری زێباری: ده‌بێت یه‌كێتیی له ئیداره‌دانی دهۆكدا به‌شدار بێت و پۆستی هه‌بێت له دهۆك چونكه یه‌كێتیی هیچ پۆستێكی نییه و له ئیداره‌دانی دهۆكیشدا پشكی نییه كه بتوانێت خزمه‌ت به هاووڵاتییان بكات.
پ: ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه پارتی له دهۆك حوكمڕانی تاكڕه‌وه؟
عه‌بدولباری زێباری: وه‌ك یه‌كێتیی هیچ پۆستێكی نییه له بادینان كه‌واته چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
پ: به‌ڵام به‌شداریی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له هه‌ندێك پۆست‌دا له سنووری بادینان بۆ ئه‌وه نییه پارتی وا پیشانی بدات ئیداره‌ی شاره‌كه فڕه‌ڕه‌نگه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا وا نییه؟
عه‌بدولباری زێباری: ئه‌وه ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كگرتووی ئیسلامی و پارتییه، پارتی چه‌ند پۆستێكی به یه‌كگرتوو داوه و پێم وایه ناكرێت به‌م شێوه‌یه بێت له حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ته‌نیا حزبێك حكومڕانیی بادینان بكات.
پ: پێنه‌دانی پۆست به ئێوه له دهۆك په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه له سلێمانی پۆست نه‌دراوه به پارتی؟
عه‌بدولباری زێباری: به‌ڵێ په‌یوندیی به هه‌ردوو لاوه هه‌یه، به‌ڵام یه‌كێتیی له سلێمانی چه‌ندین پۆستی به لایه‌نه‌كانی دیكه داوه، به‌ڵام له دهۆك ته‌نیا پارتی حكومڕانی ده‌كات.
پ: بۆچی تا ئێستا قه‌ره‌بووی ته‌واوی سووتاندنی باره‌گاكانتان نه‌كراوه‌ته‌وه له زاخۆ؟
عه‌بدولباری زێباری: ئه‌و بابه‌ته ماوه‌یه‌كه خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنین بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی باره‌گای یه‌كێتیی له زاخۆ و تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بووه، به‌ڵام پێم وایه به قه‌ره‌بووكردنه‌وه كێشه‌كه چاره‌سه‌ره نابێت، ده‌بێت ڕێگایه‌ك بدۆزینه‌وه كه ڕووداوی سووتاندنی باره‌گا زیاتر دووباره نه‌بێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر دووباره ببێته‌وه خراپتر ده‌بێت به‌ڵكو تا ئێستا یه‌كێتیی قبووڵی كردووه و بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دووباره ببێته‌وه یه‌كێتییش هه‌ڵوێستی جددیی ده‌بێت و ئه‌وه‌ش بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان خراپه، ناكرێت باره‌گای یه‌كێتیی بسووتێنرێت و ئه‌ویش بێهه‌ڵویست بێت.
پ: ده‌وترێت سووتاندنی باره‌گای حزبه‌كانی تر له دهۆك له هه‌موو كاتێكدا ئه‌گه‌رێكه كه ڕوو بدات، ئه‌وه بۆ؟
عه‌بدولباری زێباری: پێم وایه كو‌لتووری سووتاندنی باره‌گای حزبی له بادینان دیارده‌یه‌كی ناشارستانییه و زه‌ره‌ری هه‌یه بۆ كورد، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت پێم وایه مه‌ترسیدار ده‌بێت .
پ: پێت وایه پارتی بێ‌ئاگا بێت له پڕۆسه‌ی باره‌گا سووتاندنی حزبه‌كان؟
عه‌بدولباری زێباری: ناتوانین بڵێین ڕاسته‌وخۆ پارتی ئاگاداره، به‌ڵام ئۆرگانه‌كانی پارتی ئاگادار بوون كه باره‌گایه‌كان بسووتێت، ئه‌گه‌ر حه‌زیان لێ بوایه نه‌یانده‌هێشت ڕوو بدات، ده‌لیلیش بۆ ئه‌وه، بۆ باره‌گای پارتی له بادینان ناسووتێندرێت؟
پ: ده‌وترێت ڕێژه‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزب له داموده‌زگای حكومی له دهۆك زیاتره له شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم، ئه‌وه هه‌ست پێ ده‌كه‌ن؟
عه‌بدولباری زێباری: زۆر ڕوونه كه له دهۆك ڕێژه‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزبی له هه‌موو شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم زیاتره و بۆ نموونه لایه‌نه‌كان زۆر ڕه‌خنه‌یان هه‌یه، لقی دهۆكی كومیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دهۆك كه‌م ته‌رخه‌من، ئێمه گومانمان هه‌یه له‌و لقه‌ی كومیسیۆن به‌تایبه‌تی له كاتی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ئێمه‌دا.
پ: ئه‌و كادرانه‌ی كه یه‌كێتیی بوون و چوونه ناو ڕیزی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وانیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناو یه‌كێتیی له بادینان؟
عه‌بدولباری زێباری: به‌ڵێ به‌شێكی زۆر له‌و كادرانه‌ی ڕۆیشتبوونه ناو هاوپه‌یمانییه‌وه ورده‌ورده ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو ماڵه گه‌وره‌كه.
پ: ده‌وترێت دهۆك بووه‌ته قوربانیی سلێمانی له لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه، ئه‌وه ڕاسته؟
عه‌بدولباری زێباری: ڕاستیی تێدا هه‌یه به‌ڵام ناڵێین قۆربانی به‌ڵكو كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكمان هه‌بێت ده‌توانێت له‌ناو دهۆك به شێوه‌یه‌كی باش خزمه‌تی هاووڵاتیان بكات، به‌ڵام سیاسه‌ت ڕ‌ێگای پێ نه‌داوه و ده‌بێت یه‌كێتیی گرنگی به بادینان بدات چونكه له بادینان به‌هێز بێت له هه‌ولێرش به‌هێز ده‌بیت و هه‌روه‌هاش له سلێمانی، به‌ڵام ئێمه دوای هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین و به جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وی خزمه‌تگوزاریی ڕه‌وشی بادینان به‌ره‌و باشتر ببه‌ین.
PUKmedia ئاژانس
هەواڵی زیاتر
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆده‌بێته‌وه
10:01 AM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ و سەید عەممار حەکیم: گفتۆگۆی بنیاتنەرانە لە پێناوی سەقامگیریدا بێت
10:06 PM - 2024-04-17
زۆرترین خوێنراو
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
کوردستان 01:21 PM - 2024-04-18 -
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
کوردستان 10:29 AM - 2024-04-18 -
ئێزدییەكان ، دیرۆك و دابونەریتیان
کوردستان 10:05 AM - 2024-04-18