riklam

خولی راگەیاندنی ئەژین قادر كۆتایی هات

ئەدەب وهونەر 05:23 PM - 2018-09-25
.

.

خولی كچە فۆتۆگرافەرە جوانەمەرگەكەی میدیاكانی یەكێتی ئەژین قادر كە ماوەی 5 رۆژی خایاند كۆتایی پێهات و بروانامەی بەشداریكردن بەسەر بەشداربوواندا دابەشكرا.

بەئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردن و هیوا حەمید سەرۆكی بۆردی رێكخراوە (NGO)كان و كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و بەیان حەسەن لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و خانەوادەی ئەژین قادر مەراسیمی بەخشینی بروانامە بەسەر بەشداربووانی خولەكەدا بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەژین قادر كچە فۆتۆگرافەری میدیاكانی یەكێتی دەستیپێكرد و ژیاننامەی ئەژین قادر خوێندرایەوەو خەڵاتی رێزلێنانی رێمخراوەكە بەخشرایە بنەماڵەی ئەژین قادر، دواتر شۆرش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردن رایگەیاند: خۆشحاڵم دەبینم رۆڵەی گەنج لە خولێكی راگەیاندنی لەمجۆرەدا بەشدارن و قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی 105 ی یەكێتيی نیشتمانيی كوردستان ئەركی كردنەوەی خولەكەی لە ئەستۆگرتووە.

وتیشی: یەكێتی هەمیشە لە هەوڵی بەرەوپێشبردن و بەدیهێنانی هیوای گەنجەكاندا بووە و هەمیشە ئارامی و هەلی كار و خزمەتی كردووەتە دروشمی راستەقینەی خۆی.

دواتر كاروان ئەنوەر وەك سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان سەبارەت بە بوێری ئەژین قادر وتەیەكی پێشكەشكردو وتی: چاونەترسی و بوێری ئەژین زۆر لەوە زیاتر بوو كە دەبینرا، هەمیشە كاری فۆتۆگرافەری رۆژنامەنووسی لە پێش ژیانی خۆشیەوە دانابوو، تەنانەت لەبەرەكانی جەنگیشدا وەك ژن مامەڵەی نەكردووە و وەك رۆژنامەنوسێك هەوڵی گواستنەوەی رووداوەكانی داوە لە رێگەی وێنەكانیەوە.

كاروان ئەنوەر وتیشی: ئەوەی تا ئێستا جێگەی داخە لە دڵی مندا ئەوەیە مەرگ رێگەی نەدا ئەژین پێناسی رۆژنامەنووسیەكەی لە سەندیكای رۆژنامەنووسان وەربگرێتەوەو ئەوكاتەی پێناسەكەی هاتەوە وەفاتی كردبوو.

وتیشی:دەستخۆشی لە رێكخراوی میدیا دەكەم بۆ ئەوەی لە ساڵیادی كۆچی داویدا خولەكەی لەژێر ناوی كچە بوێرەكەی یەكێتی ئەژین قادردا كردووەتەوە، داواش لەسەرجەم ئەو كچانەدەكەم كە ئێستا لەم خولەدا بەشدارن و ئەوانەشی دواتر بەشدار دەبن كە بوێرانە وەك ئەژین كاربكەن و نەترسن، بوێری ئەژین وایكرد كە ئەمڕۆ لە ژێر سایەی ناوەكەیدا كۆمەڵێك گەنج خولی فێربوونی كاری راگەیاندن دەبینن.

دواتر بروانامەی بەشداریكردن بەسەر سەرجەم بەشداربووانی خولەكەدا دابەشكرا و كۆتایی بەخولەكە هێنرا.

پێشتریش جوتیار قادر كەریم دەستەی بەڕێوەبردنی رێكخراوی میدیا بە PUKmedia ی راگەیاندبوو: لە ساڵیادی كۆچی دوایی كچە رۆژنامەنووس ئەژین قادردا 20-9-2018 رێكخراوەكەمان خولێكی فێربوونی بێژەری و پەیامنێری دەكاتەوە كە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت و بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی لە لایەن مامۆستایانی بە ئەزموون و پسپۆڕ وانەكان دەوترێنەوە .

راشیگەیاندبو،  هۆكاری ئەوەی لەساڵیادی كۆچی ناوادەی ئەژین قادردا ئەم خولە دەكەینەوە ئەوەیە، لەساڵی 2014 ئەژین لە خولێكدا لە رێكخراوی میدیا دەستی بە كاری فۆتۆگرافەری كرد و كاری فۆتۆگرافەری بۆ هەریەك لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ و سایتی PUKmedia دەكرد كاتێك كۆچی دوایی كرد، وەك وەفایەكیش بۆ ئەو خانمە بڕیارماندا لە ساڵیادی كۆچی دوایدا خولێكی دیكە بكەینەوە.

خولەكە لە روژی 20-9-2018 دەستپێكرد و  تا 25-9-2018  بەردەوام بوو، ئەمرۆش لە مەرسیمێكدا بروانامەی بەشداریكردن بەسەر بەشداربوواندا دابەشكرا. 

PUKmedia  تاژاو محەمەد

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket