riklam

لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كاندیده‌كه‌ی بارزانی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

عیراق 04:46 PM - 2018-09-25
.

.

هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا و سائیرون، بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی ده‌نگدان به‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌ده‌ن و سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاساش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌رژه‌وه‌ندی عیراق واده‌خوازێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار بدرێته‌وه‌ یه‌كێتی و كاندیده‌كه‌ی پارتیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

محه‌مه‌د سه‌هیود، سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوه‌: په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانێتی بنیاتنان، كه‌له‌ ده‌وڵه‌تی یاساو فه‌تح و چه‌ند فراكسیۆنێكی تر پێكهاتووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌نگ به‌كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ناده‌ن.

وتیشی: به‌رژه‌وه‌ندی عیراق واده‌خوازێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتی بێت، بۆیه‌ ده‌نگده‌ده‌ن به‌ كاندیدی یه‌كێتیی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عیراق.

سه‌هیود، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ سه‌رۆك كۆمار، ته‌نیا ئامڕازێكی ده‌ستی مه‌سعود بارزانییه‌ بۆیه‌ مه‌حاڵه‌ بكرێته‌ سه‌رۆك كۆمار.

هاوكات، ئه‌یمه‌ن شممه‌ری، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، ئاشكرایكرد: موقته‌دا سه‌در داوایه‌كی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی ره‌تكردۆته‌وه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆكی كۆماری عیراق.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرایكردووه‌، له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوانیان، نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌در كردوه‌، پتشگیری له‌ فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در ئه‌و داوایه‌ی  پارتی ره‌تكردۆته‌وه‌.

فوئاد حسێن ئه‌مڕۆ 25-9-2018 كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی رابردوودا وتی: من داواكاری كاندیدبوون بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پێشكه‌ش به‌ بارزانی كردوه‌و ئه‌ویش پشتوانیم ده‌كات.

پێشتریش مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، كه‌ فوئاد حسێن كاندیدی ئه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمارو به‌هه‌موو توانایه‌كییه‌وه‌ پشتوانیی ده‌كات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێدایه‌ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان ده‌ستنیشانكردنی فوئاد حسێن وه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خی سه‌رۆكایه‌تی عیراق تێده‌گه‌ن، چونكه‌ به‌بڕوای ئه‌وان كاندیدكردنی فوئاد حسێن كه‌ پێشتر له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بووه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراقه‌، كه‌ ده‌بوو به‌هێزترین كه‌سایه‌تی بۆ  كاندید بكرێت.

به‌پێی چاودێرانی سیاسیش كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی فوئاد حسێن هێنده‌ هێرشكردن بوو بۆسه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تی و لایه‌نێك هێنده‌ هه‌وڵی نه‌دا وتارێكی گشتگیر له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عیراق له‌داهاتوودا پێشكه‌شبكات.


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket