riklam

یه‌كێتی له‌پێگه‌ی به‌هێزه‌وه‌

بیروڕا 03:25 PM - 2018-09-25
فوئاد ئه‌حمه‌د

فوئاد ئه‌حمه‌د

فوئاد ئه‌حمه‌د

یه‌كێتی له‌ مێژوویی خه‌باتی خۆیدا هه‌میشه‌و به‌رده‌وام بۆ دوو دروشم دوو ئارمانجی سه‌ره‌كی تێكۆشاوه‌ دیمۆكراسی بۆ عیراق و مافی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد، ئه‌و دروشمانه‌شی هه‌رواو له‌ خۆرا به‌رزنه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكو كردویه‌تی به‌به‌رنامه‌و له‌ كارنامه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك به‌ده‌ستییه‌وه‌بووبێت، یان پۆلێنی كردوون له‌ وه‌سیقه‌ نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تیییه‌كاندا، پاشانێش ده‌ستی به‌ خه‌بات كردووه‌ له‌ پێناوی وه‌دیهێنانیان.
له‌و خه‌باته‌شیدا بۆ هه‌ر قۆناغێك پلانی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌و به‌پێی واقیعی قۆناغه‌كه‌ش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه‌ كردووه‌.
دابینكردن و به‌یاساییكردنی مافی پێكهاته‌كان یه‌كێك بووه‌ له‌و دروشمانه‌ی یه‌كێتی له‌چوارچێوه‌ی به‌دیمۆكراسیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی به‌به‌رنامه‌و به‌كرده‌وه‌ خه‌باتی بۆ كردووه‌، سه‌ره‌تاكه‌شی له‌و بانگه‌شه‌یه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، كاتێك سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ی 31-3-1992 له‌ناو جه‌ماوه‌ری (كریستیان) له‌ قه‌زای سۆران رایگه‌یاند:  ده‌بێ برا مه‌سیحییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی نوێنه‌ریان هه‌بێت، پاشان ئه‌م داوایه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال بوو به‌ بڕیاری به‌ره‌ی كوردستانی و رۆژی 8-4-1992 به‌ره‌ی كوردستانی بڕیاریدا 5 كورسی بۆ ئاشورییه‌كان بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیان ته‌رخان بكات.
یه‌كێتی له‌سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌لاتداریه‌تی له‌هه‌رێمی كوردستان و دروست له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مین خولی په‌رله‌مانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، زۆر به‌باشی و به‌وریای و به‌پێی خواستی قۆناغه‌كه‌ دروشم و ئامانجه‌كانی له‌به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی گشتگیر بۆ په‌رله‌مانی كوردستان جێگیر كردوو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد.
له‌به‌رنامه‌ی یه‌كێتی بۆ خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ مافی پێكهاته‌كان داوای كردووه‌: پاراستنی مافی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی وكولتووری كه‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان له‌كوردستان كه‌ ئه‌بێ په‌رستگاو خوێندنگاو یانه‌ی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وكولتوری وده‌زگای راگه‌یاندنی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێ، هه‌روه‌ها هه‌موو مافێكی هاوڵاتییان پارێزراوبێت وله‌ده‌زگاكانی به‌رێوه‌بردندا به‌پێی ژماره‌یان مافی خۆیان بدرێتێ و له‌كاروباردا به‌شداربن.
یه‌كێتی وه‌ك هه‌میشه‌ به‌دوای به‌ڵێنه‌كانیه‌وه‌یه‌تی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ پێكهاته‌كان داوای كردبوو، له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ جێگیری كرد مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی بۆ كه‌مایتییه‌كان: توركمان، ئاشووری، عه‌ره‌ب له‌كوردستاندا.
مافی پێكهاته‌كان له‌یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێ ده‌ست وهیممه‌تی یه‌كێتی پێوه‌ دیاره‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا بریاریدا ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 105 ئه‌ندامه‌وه‌ بكرێته‌ 111 ئه‌ندام، به‌ڵام ئه‌وكات پێكهاته‌كانی كلدان و سریان و ئاشورو توركمان له‌ناو لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان كه‌ لیستی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتووو چه‌ند حزبێكی تر بوو، خۆیان پاڵاوت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان تا له‌هه‌مواری چوه‌رامدا له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مان كه‌ئه‌وكات كه‌ به‌رێز عه‌دنان موفتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی ده‌كرد، كورسی كۆتا به‌یاسایی كرا كه‌ 5 كورسی بۆ كلدان سریان ئاشورو  5  كورسی بۆ توركمان و 1  كورسی بۆ ئه‌رمه‌ن بێت.
ئه‌رمه‌ن وه‌ك پێكهاتیه‌كی تری هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی كۆتای شایسته‌ به‌خۆیان پێدرا.
له‌كاتی گفتوگۆكردنی رێكخستنی كورسی كۆتا له‌هه‌مواری چواره‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، په‌رله‌مانتار جه‌مال یوسف بۆتانی له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌م شیوه‌یه‌ به‌رگری له‌مافی ئه‌رمه‌ن كردوو داوای كورسی تایبه‌ت به‌ خۆیانی بۆ كردوون: ئه‌رمه‌نیه‌كان غوبنێكی ته‌ئریخیان له‌سه‌ر هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ساڵی 1915 ه‌وه‌ مه‌جزه‌ره‌كه‌ كه‌ ڕووی داوه‌ و تا ئێستاش ده‌ربه‌ده‌رن له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئیهتیمام به‌ حقوقی ئه‌وان ده‌ده‌ن، ئێستا له‌ ئێران ئیهتیمامێكی باشیان پێ ده‌ده‌ن و نوێنه‌ریان هه‌یه‌، له‌ لوبنان هه‌ر نوێنه‌ریان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و غوبنه‌ ته‌ئریخیشیان له‌سه‌ر هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ له‌ كوردستانه‌، حه‌قه‌ ئێمه‌ میسالێكی چاكتریش بین، جالیه‌كی گه‌وره‌ش هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا و له‌ ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا، له‌ زاخۆ و له‌ مه‌نتیقه‌ی زاخۆ ژماره‌یه‌كی زۆریان هه‌یه‌، كه‌ ئێستا دێهاتیان هه‌یه‌، حه‌قه‌ ئه‌و مكونه‌ مه‌سیحیه‌ فه‌رامۆش نه‌كرێت، زۆر سوپاس.
پاشان له‌رووی یاسایی و ده‌ستورییه‌وه‌ په‌رله‌مانتار تارق محمد سعید جامباز پشتگیری داوه‌كه‌ی كردووه‌و دواتر زۆرینه‌ په‌رله‌مانتاران پشتگیریان كردووه‌و له‌كۆتاییدا كورسی شایسته‌ به‌پێكهاته‌ی ئه‌رمه‌نیش به‌خشرا.
كۆتای پێكهاته‌كان له‌ ئێستادا مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره‌ به‌و حسابه‌ی ئه‌و برگه‌ یاساییانه‌ی مافی داوه‌ به‌ پێكهاته‌كان كورسی كۆتایان هه‌بێت، درزی تێدایه‌و به‌شێوه‌یه‌كی خراپ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تره‌وه‌ سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت بۆته‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌ خودی پێكهه‌ته‌كان و كردونی به‌ به‌شێك له‌ململانێكان. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ناو پێكهاته‌كان خۆیان تێبینی له‌ سه‌ر ئه‌و مادده‌و برگه‌ یاساییانه‌ هه‌یه‌و پرۆژه‌یان هه‌یه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌یان، له‌لایه‌ن چه‌ندین حزبی سیاسی تری هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌كێتیشه‌وه‌ هه‌روه‌ها چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی ئه‌كادیمیش ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌دی ده‌كرێت و به‌م دواییه‌ چه‌ندین وۆرك شۆپ و كۆنفرانسی بۆ به‌سترا.
بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی له‌خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ر بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌و برگه‌ یاساییانه‌ی له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یوندیان هه‌یه‌ به‌ مافی پێكهاته‌كانه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ مافی پێكهاته‌كان به‌ته‌واوی دابین بكات و هیچ درزێكی تێدا نه‌مێنێ تا خراپ به‌كاربێت له‌لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانی تره‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به‌یه‌كێتییه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان، تا بتوانێت ئه‌م مافه‌ وه‌كو خۆی بێ كه‌موكوڕی بگیه‌نێته‌ پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی توركمان و كلدان سریان ئاشوور.
سه‌رچاوه‌كان:
1- په‌رله‌مانی كوردستان، پرۆتۆكۆڵه‌كان، پرۆتۆكۆڵی دانیشتنی ژماره‌ (2) چوارشه‌ممه‌ 25\3 \2009، ل141-145.
2- رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ،ژماره‌ 56، 31/3/1992،ل1،ل7.
3- كارنامه‌ی كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

PUKmedia  كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket