riklam

دیندار زێباری هەوڵە پراكتیكیەكانی كابینەی هەشتەمی حكومەت رووندەكاتەوە

ریپۆرتاژ‌ 02:49 PM - 2018-09-25
.

.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم هەنگاوە پراكتیكیەكانی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم لەرووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ رای گشتی دەخاتە روو.

د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رۆژی 25ی ئەیلولی 2018 هەنگاوە پراكتیكیەكانی كابینەی هەشتی حكومەتی لەروی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ رای گشتی خستە روو. 

ئامانج لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە پیشاندانی ئەو هەوڵانەیە كە حكومەتی هەرێم لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی، مرۆیی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گرتوونیەتە بەر چونكە وەك پێویست لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا هەوڵ و كۆششەكانی حكومەت نەخراونەتە روو. 

زێباری دەڵێت دەبوو مەلەفی حكومڕانی باش لە ئازادییەكان، مافە گشتییەكان و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان و لە هەمان كاتیشدا ئەو حكومڕانیەی ئەم كابینەیە لە زۆر لایەندا تێیدا سەركەوتوو بووە زۆر باشتر و جوانتر بەرجەستە كرابا بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر بە كەمی دەبیندرێت باسی هەنگاوەكانی ئەم كابینەیە كرابێت بەتایبەتی لە كەیسە هەستیارەكاندا. حكومەت سەركەوتوو بووە و لەو ماوەیە كە تێپەڕیوە دەستەوەستان نەوەستاوە. 

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم رووبەرووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، هۆكارەكانی دروست بوونی ئەم قەیرانە بریتی بوون لە شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری لەلایەن حكومەتی ناوەند بۆ سەر هەرێمی كوردستان، رێگریكردن لە هاتووچۆی فڕۆكە و داخستنی فڕۆكەخانەكان بۆ چەندین مانگ، بەردەوام بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و چۆڵكردنی گوندەكان كە ئەمەش لۆدێكی زۆرە بۆ حكومەتی هەرێم، هەروەها پێشوازیكردن لە نزیكەی (2000,000) دووملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی "سەرەڕای ئەم قەیرانانە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا حكومەتی هەرێم  پێشوازی لە نزیكەی (250000) پەنابەری رۆژئاوا كردووە و لە  هەرێم نیشتەجێیان كردوون لەوانە (%38) یان بەسەر (9) كەمپدا دابەشكراون (4 لە دھۆك، ٤ لە ھەولێر، ١ لە سلێمانی) و (%62) ی دیكە لە دەرەوەی كەمپەكان كە لە شار و شارۆچكەكان دەژین. هەروەها هەرێم بووەتە شوێنی حەواندنەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو راگوێزراوی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان كە دوای تێكچوونی رەوشی ئەمنی و سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی لە عێراق روویان لە كوردستان كرد. ئەمە لە كاتێكدایە كە نزیكەی ٧٠%ی ئەو خزمەتگوزاریانەی كە بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین دەكرێت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوەیە و تەنها 30% لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان دابین دەكرێت".

جیا لە بەرێوەبردنی ئەم هەموو ئاوارە و پەنابەرە حكومەتی هەرێم رەوشی ژنانی لە بابەتە هەرەسەرەكیەكانی خۆی داناوە، د.دیندار زێباری رایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە (6) بەڕێوبەرایەتی و (28) نوسینگە و چەندین هۆبە پێكهاتووە كە ساڵانە‌ زیاتر لە (9000) سكاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی سەر بەم بەڕێوەبەرایەتیە تۆمار دەكرێت لە هەرێمی كوردستان. ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بۆ باشتر راپەراندنی كارەكان و زیاتر بە هانا چوونی كێشەكان لە نێو كەمپەكان (23) تیم مۆبایلیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری خزمەت بە ئاوارە و پەناهەندەكان بكەن لە سەرجەم ئەو شار وشارۆچكانەی كە ئاوارە و پەناهەندەی تێدایە لە هەرێمی كوردستان.  هە‌وڵی تە‌واو دراوە‌ بۆ پاراستنی ئە‌و ئافرە‌تانە‌ی كە‌ تووشی كێشە‌ دە‌بنە‌وە‌ و توانای گە‌ڕانە‌وە‌یان نییە‌ بۆ ماڵی خۆیان، دە‌نێردرێن بۆ شە‌ڵتە‌رە‌كان لە‌وێدا پە‌نا دە‌ردێن پاشان رە‌وانە‌ی دادگا دە‌كرێت بۆ ئەم مەبەستەش ئۆتۆمبێل و پاسەوانی تایبەتیان بۆ دابین دەكرێت".

لەم كابینەیەدا وەك پێویست بایەخ بە ژن دراوە و چەندین ژن لە دەزگای دادوەری دامەزراون لەوانە دامەزراندنی ژمارەیەك ژن لە بواری دادوەری، دەیان ژن وەك داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراون لەناویاندا (17) داواكاری گشتی لە هەولێر، (24) داواكاری گشتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، (7) لە دهۆك و (١) لە گەرمیان، (30) دادوەری ئافرەت لە دادگاكانی تێهەڵچوونەوە دامەزروان لە ناویاندا (10) دادوەر لە هەولێر، (14)  لە سلێمانی و هەڵەبجە، (5) لە دهۆك و (2) گەرمیان. (94) لێكۆڵەری دادوەری و (289) یاریدەدەری لێكۆڵەری دادوەری لە هەرێم دامەزراون.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم هەوڵی جددیشی داوە بۆ رێگری كردن لە بازرگانی بە مرۆڤ بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی و ئەو كەسانەی بازرگانیان بە منداڵانەوە كردوە دەستگیركراون و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكان رێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو تۆمەتبارانە وەرگیراوەكە ئەم منداڵانەیان بەكارهێناوە. ژمارەی ئەو منداڵانەی كە لەتۆمارەكانی بنكەكانی پۆلیسی نەوجەوانان لەهەرێمی كوردستان تۆماركراوون گەیشتووەتە (786) منداڵ كە تەمەنیان لەخوار (18) ساڵە .

بابەتێكی دیكە كە گوشاری زۆری خستووەتە سەر حكومەت لە ماوەی رابردوودا شەڕی داعش بووە، لە ماوەی ساڵانی نێوان 2014-2016 (2652) كەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیركراون و (1100) كەس تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعشەوە بەسەردا ساغ بۆتەوە بە بەڵگەوە و سزادروان.حوكمی ئەم تاوانبارانە بریتی بووە لە زیندانی لە نێوان سێ ساڵ تا زیندانی تاهەتایی بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.لەم ژمارەیەی دەستگیر كراون (870) كەسیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد كران، (682) كەسیشیان تا ئێستا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان. 

د. دیندار زێباری رایگەیاند حكومەتی هەرێم زیاتر لە (5000) لەو ئێزیدییانەی لە چیای شنگاڵ گەمارۆ درابوون رزگاری كردن و گواستنیەوە بۆ پارێزگاكانی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاژانسەكانی یوئێن لە كوردستان شوێنی حەوانەوەی تایبەتان بۆ دابینكرا.لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەی  دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگاركردنیان و ئەم پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە. بە هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەت تا ڕۆژی 5/9/2018ژمارەی ئێزیدیە ڕزگار كراوەكان (٣322) كەس بووە لەوانە (1156) ئــافرەت و (337) پیاو و (956) كچ و (873) كوڕ ڕزگار كراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەكراون ژمارەیان (3131) كەسە لەوانە (1436) ئافرەت و (1695) پیاو كە لە دەست داعش ماون .تا ئێستا نزیكەی (100) لەو ئافرەتانەی رزگاركراون، رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن بەتایبەتی لەرووی دەروونییەوە بە هاوكاری لەگەڵ لایەنە بیانییەكان. 

رووبەروو بوونەوەی گەندەڵی یەكێكی دیكە لەو كارە باشانە بووە كە لەماوەی رابردوودا بەجددی كاری لەسەر كراوە و لە میانی هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەستەی گشتی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستان بە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2011 ی پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە. دەستەی نەزاهە ستراتیژی نیشتیمانی داناوە بۆ  بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەم هەوڵانەدا بۆ ماوەی (5) ساڵ لە (2017 تا 2021) بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت كە قۆناغەكانی بریتین لە لە داڕشتنی هێڵە گشتیەكانی ستراتیژیەكە كە ئەم قۆناغە تەواو بووە رەشنووسی ستراتیژیەكە ئامادەیە،  ووردكردنەوەی هێڵە گشتیەكان و لە رێگەی چەند ئاكشن پلانێك لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان جێ بە جێ دەكرێت، هەروەها جێبەجێكردن و چاودێری كردنی پرۆسەكەیە كە لە رێگەی لیژنەیەك كە بە بریارێكی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێندراوە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دەستەی دەسپاكی. ئاماری بریارەكانی دادوەری دەستگیركردن و ئامادەكردن فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان بۆ ساڵی 2017 بەم شێوەیە بووە كە 376 بڕیار دەرچووە لەو ژمارەیە 266 بڕیاریان جێبەجێ كراون و 110 بڕیار جێبەجێ نەكراوە و پرۆسەی نەهێشتنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستانیش درێژەی هەیە. 

لە كۆتایی قسەكانیدا زێباری رایگەیاند "ئەوانەی باسم كردن تەنها نموونەیەكی كەم لەو كارانەن كە حكومەتی هەرێم لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردوو ئەنجامی داوە و پێویستە روونتر و شەفافانەتر هەر وەزارەت و لایەنێكی پەیوەندیدار بابەتەكان و ئەو كارانەی حكومەت لە وەزارەتەكانیان ئەنجامی داوە بخەنە روو بۆ ئەوەی خەڵك بەرچاوروونی زیاتری هەبێت لە هەنگاو  و هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەت".  

PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket