riklam

با یەکێتی ھەڵبژێرین!

بیروڕا 08:20 PM - 2018-09-24
.

.

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی پڕ سەروەری یەکێتی نیشتیمانی کورستان، سەیر دەکەیت ھەمیشە یەکێتی ھێزێکی پێشڕەو بووە لە دروستکردنی ڕووداوی سیاسی، وەک لایەنێکی سیاسی نەبەز و دلێر ھەزاران حیکایەتی نەبەردی و سەدان داستان و سەرکەوتنی بە سەرکێشی و فیداکاری و قوربانیدان و بەخشینی ھەزاران شەھید دروست کردووە، لە کاتێکدا ھەرەسی بە ھەرەس ھێنا و شۆڕشی نوێی دەست پێکردەوە، تەنانەت دەزگا موخابەراتیەکانی ناوچەکە و جیھانیش پێشبینی ئەوەیان نە دەکرد کە جارێکیتر و لەو ماوە کورتەدا شۆڕش لە کوردستانی عێڕاقدا دوای ئاشبەتاڵەکەی حەفتا و چوار جارێکیتر سەر ھەڵبداتەوە، لەوێ ڕۆژێ-ەوە یەکێتی بە ڕابەرایەتی پێشمەرگە و ڕابەری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان جەنابی مام جەلال بە پێشڕەوییەکانی و پڕۆژە بە ھێزەکانی و خەباتی نە پساوەی، لە کاتێکدا سەدامی ملھوڕ و ستەمکار کە لە ئەوجی بەھێزیدا بوو، ناچار بە گفتوگۆی کرد، لە گوتاری دوای سەرکەوتن و لە دەمی گفتوگۆ مامی گەورە لە سورادش وتی: «گفتوگۆش بە لای ئێمەوە شێوازێکیتری خەباتە»، ئەوە سەلمێندرا کە یەکێتی چەند زوو دەتوانێ لەگەڵ پێشھات و دۆخەکان پەنجە نەرم بکات بەو واتەیەی لە توانای ھەیە شەڕ و ئاشتی لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵک بە کار بھێنێت.

دواتر یەکێتی تاقە لایەنی سیاسی بوو کە مامی گەورە وەک بیرمەندێکی سیاسی پێشبینی ئەوەی کرد کە سەدام ھێرش دەکاتە سەر کوێت و دۆخی سیاسی ناوچە گۆڕانکاری بەسەر دێت، بۆیە وەک ھێزی پێشڕەوی بەرەی کوردستانی، لە دوای ئەنفال و ھەڵەبجە ڕۆڵی ھێرشبەزێنی بینی و نەخشەی ڕاپەڕینی دانا و ھێزە کوردیەکانی بەشداری پێکرد، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ھەندێک لەو ھێزانە باوەڕیان نە دەکرد ئەو پلانە سەر بگرێ، ئەوان پێچەوانەوەی یەکێتی لە جیاتی پلان کەوتنە پیلاندانان بۆ تێکدانی شۆڕشی نوێ، تێزی «ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت خۆ پێمان تێکدەدرێت»-یان داھێنا، بۆیە یەکێتی لە ڕوانگەی باوەڕ بوون بە کاری بەرەیی و ھەمە ڕەنگی دەستی گرتن و لە لادێکانی سنووری دەوڵەتەکانی دراوسێ ئەوانی ھێنایەوە و کردنی بە ھاوبەش لە سەروەرییەکان، یەکێتی دەیویست ھەندێک لەو ھێزانە لە باوەشی دوژمنانی گەلەکەمانیان دەربھێنێت، تا نەبن بە دار دەستی دوژمنانمان بەڵام بە داخەوە دەرکەوت چونکە ئەوان ڕەگی قوڵیان لە ناو کۆمەڵانی خەڵک نەبووە، ھەمیشە بە لاوازی چوونەتەوە ئامێزی نەیاران و بۆ بێ ئومێدکردنی خەڵک و تێکشکاندنی تاکی کورد بەکارھێندراون، زۆرێک لە ھێزەکان دژی یەکێتی بەکارھێندران، بە ئێستاشەوە ھەمیشە جگە لە شەڕی بە وەکالەت، خەنجەری تەکەتول و جیابوونەوەشی لێ وەشێندراوە بەڵام سەر ئەنجام یەکێتی ماوەتەوە و خۆڕاگرانە ھەستاوەتەوە سەرپێ و درێژەی بە خەبات داوە، لە پاشان کە پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، بە پێشڕەویەکی دیموکراسیانە و دەستپێشخەریەکی گرینگ بۆ بە مەدەنیکردنی ژیانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، مام جەلال بەو ئەزموونەی کە لە بەریتانیا ھەیبووە پێی باش بووە خۆی سەرۆکی حکومەت بێت و سەرۆکی ھێزی بەرانبەر سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام دوایی لایەنی بەرامبەر قبوڵیان نەکردووە و موئەسەسەی پەرلەمانیان بە شایەنی مەقامی خۆیان نەزانیووە و بە بیری خێڵەکی مامەڵەیان لەگەڵ کاری سیاسی لە ھەزارەی سێیەم کردووە، بەمەش پەرلەمان و دەزگاکان لەوێ ڕۆژێ-ەوە لە لایەن ئەو ھێزانەوە بێ ئەرزش کران، سەر ئەنجام بە ئێستاشەوە پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی ڕۆڵی خۆی وەک پێویست ببینێت، ئەوەی کە دواتریش لایەنەکانیتریش لافیان بەوە لێدەدا کە بیرۆکەی ئۆپۆزسیۆن ئەوان دایانھێنا، دەبێ مێژوو بە ویژدانەوە ئەم ڕاستیە بنووسێتەوە کە پێشەوای گەلەکەمان جەنابی مام جەلال بوو بیرۆکەی ئۆپۆزسیۆنی داھێنا!

لە دوای شەڕی نەگریسی ناوەخۆشەوە، یەکێتی دەیتوانی بە یاسای سرووشت و زاڵ و باڵا دەستی و تیۆری زۆرینە، بە قەمعکاری ھێزەکانی بەرانبەر بسڕێتەوە، بەڵام نەیکرد لە بەرانبەردا ئەوان یەک پنت بواریان ھەبووبێ کردوویانە و دەستیان بۆ بکوژی برا و بنەماڵە و تیرەکەی خۆشیان بردووە و داوای ھاوکاریان لێ کردوون بەرچاوترین نموونە ھێنانی بەعس بوو لە سی و یەکی ئاب، لە ئاشتیشدا یەکێتی ھەمیشە ھێزە پێشڕەو و نەرمەکە بووە، بەرژەوەندی کوردستانیانی لە سەرووی بەرژەوەندییە حیزبیەکانی داناوە، ھەموو کەسێک شایەتی ئەو ڕووداوە سیاسیە کە کاتێک جەنابی مام لەبەر بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێشڕەوی کرد و دەستی ئاشتی درێژ کرد.

لە پڕۆسەی ڕزگاری عێڕاقیش ئەوە دیسان یەکێتی بوو بە لۆبیکردن لە دەرەوە و ناوەوە پێشڕەوی ڕازیکردنی ھاوپەیمانانی کرد بۆ ھێرشکردن بۆ سەر ڕژێمی سەدام، لە ترۆپکی پڕۆسەی دوای ئازادیشدا بەھا و مۆڕاڵی مرۆڤی کوردی بەرز کردووە بە بوون بە سەرۆککۆماری جەنابی مام جەلال و پێشکەشکردنی وتار بە کوردی لە کۆبوونەوەی فەرمی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمە بۆ یەکەمجار بوو زمانی کوردی بچێتە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو نێوەندەشدا گەلی کوردی لە ھێزێکی شەڕانی و تێکدەر کە وەھا وێنای بۆ کرابوو بە درێژایی دروست بوونی دەوڵەتی عێڕاق لە لایەن عەرەبی عێڕاقەوە، کردە سەمامی ئەمانی عێڕاق و دەیتوانی بە نیگایەک و نوکتەیەک ھەموو ھێزەکانی عێڕاق لەو پەڕی ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپ لەسەر خوانێک کۆبکاتەوە، جیھانی تووشی سەرسامی کرد کە چۆن دەتوانێ لە ماوەی دوو خولەکدا کۆندالیزا ڕایس و ئەحمەدی نەژاد ماچ بکات، ئەمە جگە لەوەی شیعە و سوونە کە ھەزار ساڵە شەڕی خوێناویان لە نێواندا ھەیە بەڵام مام لەسەر یەک مێز کۆیان دەکاتەوە!

لە سەروبەندی یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کاتێکیش کە کابینە ھاوبەشەکان دروست دەکرێنەوە، بە تایبەت ئەو ماوەی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم وەردەگرێت بە پڕۆژە ھەنگوینیەکانی کۆمەڵی کوردەواری شیلە پڕژێن دەکات و بە تنۆکی ئەو توانا داراییە متەوازیعەی کە ھەبوو ئاوپڕژێنی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵی کوردەواری کرد و دەستی باڕۆنە حیزبیە بەرژەوەند خوازەکان و دەستە پیسە یاخە سپییەکانی لە ناو حکومەت بڕی، ھەروەھا ڕۆڵە پەروەردەکراوەکانی یەکێتی و جەنابی فەخامەتی مام نۆ سەعات دەچوونە بەردەم ئەندامانی پەڕلەمان، ئەمە لە کاتێکدا کەسانیتر کە لە پێگەکەی ئەوان بوون پەنجەیان لە پەڕلەمانتاران ڕاوەشاند کە بۆتان نیە تەنانەت ھەموو پرسیارێکمان ئاڕاستە بکەن!

دواتر بە داخەوە دوای نەخۆشکەوتنی مام کە بەشێکی زۆری نەخۆشیەکەی لەوەوە دروست بوو کە دەیویست ئەو گرژییانەی ھێزەکانیتر دروستیان دەکرد چارەسەری بکات، بۆیە فشار و ماندووبوونەکانی و ھەڵکشانی تەمەنی و دۆزینەوەی ڕێگە بۆ چارەی عینادیانەی ھێزەکانیتر، کاریگەری نەرێنی لێکرد و خۆی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە دواتر زۆر بە ڕوونی و ڕەوانی دەرکەوت کە جەنابی مام جەلال دوورکەوتەوە گۆڕەپان بۆ ھەڵپەرستان و پیاوی دەوڵەتە دوژمنەکانی گەلەکەمان چۆڵبوو، ئیدی ھەزاران قەیرانیان بەسەر میللەتەکەمان ھێنا.

یەکێکیتر لە داھێنان و پێشڕەوییەکانی یەکێتی ئەوە بوو كە سەیر دەکەیت لە ھەناوی یەکێتی و جوگرافیای یەکێتی و بە پارەی یەکێتی ھێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕادیکاڵ لە دایک دەبێت، سوود لە نەرمی و باوەڕی یەکێتی و مام جەلال بە دیموکراسی وەردەگرێت و گورزێکی کەمەرشکێن لە ھێز و پێگەی یەکێتی دەدات، بەڵام یەکێتی تەنانەت خوێنی یەک تاقە کەسیشی نەڕشت کە ئەگەر لە ناو ھێزیتر بووایە بە دڵنیاییەوە ھەزار ڕووداوی خراپ ڕوویدەدا.

لە شەڕی داعشیش ھەموو دونیا شایەتە کە یەکێتی ھەم پێشڕەو بوو لە پێشبینی ھاتنی داعش و ھەمیش کە ھاتن وتی: ئەوان جیرانمان نابن و ھێرش دەکەن بۆیە با پێش ئەوە ئێمە ڕێگریان لێ بکەین و خۆمان ئامادە بکەین، ھەروەھا لە تێکشکاندنی ھێزی دڕندەی داعشیش، دیسانەوە یەکێتی پێشڕەو بوو نەک لەسەر ئاستی کوردستانی عێڕاق بەڵکو ھاوکاری ڕاستەوخۆی گەلی کوردی لە ڕۆژئاوا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ھێزیتر سنووری بە ڕوویدا داخستن و ڕێگری کرد شیری منداڵانیشیان بۆ بڕوات!

لە کاتی بەرکەوتنی ململانێی نا عەقڵانی ھێزی باڵا دەستی زۆنی زەرد و ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، لە کاتێکدا ڕووداوە سیاسیەکان بە ئاڕاستەی کۆتایی ھێنان بە ئەزموونەکەمان دەھات، یەکێتی وەک فریادڕەس خەمی وڵاتەکەمانی خوارد و بە ھێورکردنەوەی کەشە سیاسیەکە و بە قوربانیەکانی بارودۆخی سیاسی ئارام کردەوە و نەیھێشت دوو ئیدارە و دوو ئیرادە دروست ببێتەوە.

لە دۆخی خراپی دارایی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش بە ھۆی پڕۆژەی بێ بەرنامەڕێژ کراوی سەربەخۆیی دارایی کە ھێزی بەرانبەر دایھێنا، نوێنەرانی یەکێتی چ جێگری سەرۆکی حکومەت کاک قوبادی مام جەلال و چ وەزیرەکانی یەکێتی بە پڕۆژەی چاکسازی ئەو ھەڵانەی پێشووتر کرابوون بە ئارامی و حیکمەتەوە بەرەو چارەسەری تا ڕادەیەک گونجاوی بردن، بە پڕۆژەی بایۆمەتری بۆ مووچە ڕێگری لە بە ھەدەردانی پارەی کۆمەڵانی خەڵک کرد و بن دیواری نەھێشت، بە پڕۆژەی خزمەتیش کۆمەڵانی خەڵک و حکومەتی لەگەڵ یەکتر ئاشتکردەوە، بە تەواو کردنی ھەواری شاریش ژینگەی سلێمانی و کوردستانی سەوزتر و قەشەنگتر کرد.

ئەمە جگە لەوەی بە هێنانی کۆمپانیایەکی بیانی بۆ شەفافیەت و وردبینی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەرھێنان و ڕەوانەکردن و فڕۆشتنی نەوت، توانی مەلەفی نەوت شەفافتر بکات، ھەروەھا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە نەهێشتنی ناوی دووبارە و وەهمی چاکسازی گەورەی ئەنجامدا، لە مەلەفی بە داتاکردن و بە ئامار قسە کردن بۆ یەکەمجار جەنابی کاک قوباد دایھێنا، لە پڕۆسەی کەمکردنی پاشەکەوتی مووچە و پلانی نەهێشتنی تەواوەتی پاشەکەوت، ھەروەھا پلانی بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و پێدانی پارەی بەڵێندەرەکان بۆ ئەوەی زۆرترین هەلی کار بڕەخسێت ھەر کاری مامی بچووک بوو.

لەسەر ئاستی ئارامی و ئاسایشیش ھەمیشە دام و دەزگاکانی زانیاری و دژە تیرۆر و ئاسایش و پێشمەرگەکانی یەکێتی، پێشەنگی پاراستنی ھەموو ناوچەکانی کوردستان بوون بە پارچەکانیتری کوردستانی گەورەش لەسەر ئەم ھەڵوێستانەشی باجی گەورەی داوە و وڵاتانی زلھێز کەوتوونەتە دژایەتیمان.

نوێنەری یەکێتی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگرت، بە دەیان پڕۆژەی زانستیەوە ھاتە مەیدان و بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و ناوچەکەش ڕانکینگی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دانا و زانکۆکان کەوتنە كێبڕکێی زانستی و دواتر ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە پێشکەوتن و لەسەر ئاستی جیھانیش زانکۆکانمان چوونە پێش، جگە لەمەش گرینگی تەواوی بە توێژینەوەی زانستیدا و تواندرا توێژەرانمان لەگەڵ دونیای دەرەوە و گۆڤارە ڕەسەنەکان و باوەڕ پێکراوەکان تێکەڵاوی دروست بکەن، ھاوکات لقی زانکۆ بە ناوبانگەکانی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە، ھاودەم لە ڕێگەی گرینگیدان بە زمانە زیندووەکانی دونیا دەرگەی دەست گەیشتن بە سەرچاوە مەعریفیەکانی بۆ لێکۆڵەران و مامۆستایانی زانکۆ کردەوە، بۆ یەکەمجاریش سیستەمی بۆڵۆنیای لە چەند زانکۆیەکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەو کرد کە لە ئایندەدا لێکەوتەی بە پێزی دەبێت و دەبێتە دەرگایەک بۆ تێکەڵاوکردنی زانکۆکانمان لەگەڵ زانکۆ پێشەنگەکانی دونیا کە زۆرینەیان ھەمان سیستەم پەیڕەو دەکەن، ئەمە جگە لەوەی پێشەنگی وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێم بووە کە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و پەیداکردنی داھاتی پێشکەش کرد و سەرباری بەربەستە سەختەکان بەڵام تواندرا سەرپێ بخرێت و لە جیاتی وەرگرتنی بوودجە و پارە لە حکومەتی ھەرێم، بەشێک لە داھاتەکانی بدات بە خەزێنەی حکومەت، لەگەڵ ئەمانەشدا خەونێکیتری ھێنایەدی کە ئەویش پێدانی دەسەڵاتی سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی و زانستی بوو بە زانکۆکان، ھەروەھا وەک پێشەنگی وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێم کارەکانی وەزارەتەکەی بە ئەڵیکتڕۆنیکرد.

نوێنەری یەکێتی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، توانی بێ جیاوازی لایەنی سیاسی، زەوی و خانووی نیشتەجێکردن بۆ کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان دابین بکات، ھاوکات لە ناوەندە جیھانیەکانیش کاری گەورەی بۆ بە جینۆساید ناساندنی قوربانیانی گەلەکەمان کردووە.

نوێنەری یەکێتی لە وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە توانی لە قەیرانی دارایی سەختیش پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ توێژە کەم دەرامەتەکان بکاتەوە.

نوێنەری یەکێتی لە سێکتەری تەندروستی، تاڕادەیەک توانی ھەندێ کێشەی قوڵ چارەسەر بکات وەک پرسی دەرمان و گرینگیدان بە نەخۆشخانەکان.

نوێنەری یەکێتی لە سێکتەری ڕۆشنبیریش توانی پڕۆژەی شانۆی ڕۆمانی تەواو بکات و کەرنەڤاڵی گەورە ساز بکات بۆ ناساندنی زیاتری فەرھەنگی کوردستانیان.

ئەمە جگە لەوەی لە کابینەکانی پێشووتر ھەمیشە نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەت پڕۆژەی درێژ خایەن و ستراتیژیان ئەنجام داوە، وەک گۆڕینی سیستەمی پەروەردە و ھێنانە کایەی پڕۆژەی تواناسازی کە نەوەکانی چینی ناوەندی گەیاندە زانکۆ ئاستبەرزەکانی دونیا، سلفەی عەقار و زەواجی بە کۆمەڵانی خەڵکدا، شەقامی نێوان شارەکانی دروستکرد.

سەرباری ئەوانەش ئێمە وەک ھێزەکانیتر نین کە لەسەر خەرمانەی کارەکان بخەوین، سەیری دروشمەکانمان بکەن کە ڕوومان لە ئایندەیە، دیقەت بدەن دەڵێین: «بۆ ئارامی، ھەلی کار، خزمەت»، لەبەر ئەم ھۆکارانەی سەرەوە و ئارام کردنی ڕوحی شەھیدان و بەرز ڕاگرتنی خەباتە پڕشەنگدارەکەی جەنابی مام جەلال، با ھەموومان لە ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان، لیستی ژمارە ١٠٥- ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەڵبژێرین.

 

دھام سمکۆ 

مامۆستای زانکۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket