riklam

یه‌كێتی له‌ خه‌باتی په‌رله‌مانیدا

بیروڕا 03:38 PM - 2018-09-23
.

.

فوئاد ئه‌حمه‌د

ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌گه‌ری و رێكخستنی بواری میدیاو راگه‌یاندن له‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنییه‌كه‌مین خوڵی په‌رله‌مان یه‌كێك بوو له‌دروشم و داخوازییه‌ سه‌ركیه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ چه‌ند شوێنێكی به‌رنامه‌كه‌ی و به‌ ئامانجی جیاواز گوزارشتی لێكردووه‌، سه‌ره‌تا له‌ داواكردنی دابینكردنی ئازادی بۆ كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌ سیاسیه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌و وتویه‌تی:  دابینكردنی ئازادی و دیموكراسی بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ورێكخرا وه‌سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و پیشه‌ییه‌كان، ئه‌وانه‌ی بروایان به‌سه‌ره‌‌تا دیموكراسیه‌كان هه‌یه‌و‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروراو سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان زۆرو سته‌م به‌كارناهێنن و دواتر هاتۆته‌ سه‌ر گرنگیدان به‌ بواری رۆژنامه‌گه‌ری و رایگه‌یاندووه‌: بایه‌خدان به‌رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌دامه‌زراندنی ده‌زگای ئازاد بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌و گۆڤاری جۆراوجۆر هه‌مه‌ ره‌نگ كه‌ مێشكی خوێنه‌ران به‌ خۆشه‌ویستی گه‌ل و نیشتمان و ئازادی دیموكراسی و مرۆڤپه‌روه‌ری گۆش بكاو ئاسۆی زانیاریان له‌بواره‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا فراوان بكات .

یه‌كێتی وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ڵێنه‌كانی له‌ داخوازی و دروشمه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ كردارو له‌یه‌كه‌م كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كێتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌به‌شی ئازادیه‌كان و مافی مرۆڤ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ به‌یان كردووه‌:-هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو یاسا ئیستیسنائیه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌رچوون بۆ چه‌سپاندن و پاراستنی دیكتاتۆریه‌تی خۆیی و بۆ له‌ناوبردنی گیانی رزگاریخوازی له‌كوردستاندا.-دابینكردنی مافی ئازادی بیروباوه‌ر:سیاسی، ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی، رۆژنامه‌گه‌ری، حزبایه‌تی،  نه‌قابی.

كارنامه‌ی حكومه‌تیش نابێ به‌كردارو جێبه‌جێ نابێت ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی یاسایه‌كدا جێگای نه‌كرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی له‌رێگای تیمه‌كانی له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان رۆڵی سه‌ره‌كیان بینی له‌ئاماده‌كردن و بڕیاردان له‌سه‌ر یاسای چاپه‌مه‌نی ژماره‌ 10 ساڵی 1993 له‌وێشدا ئه‌و به‌نده‌ جێگیر كرا كه‌ رێگه‌ به‌ چاودێری نادات بخرێته‌ سه‌ر چاپه‌مه‌نی و تیایدا هاتووه‌ چاودێری (ره‌قابه‌)له‌ هه‌رێمدا ناخرێته‌ سه‌ر چاپه‌مه‌نی و هه‌ر هاوڵاتییه‌ك سه‌ربه‌سته‌ له‌ده‌ركردنی هه‌ر چاپه‌مه‌نییه‌ك ، له‌گه‌ڵ چه‌ندین مادده‌و برگه‌ی تر كه‌ ئه‌وكات شۆرشێك بوو له‌بواری ئازادی راده‌ربڕین. لێره‌دا ناكرێت له‌ ده‌ركرنی ئه‌م یاسایه‌ هه‌ول و كۆششی وه‌زیری رۆشنبیری ئه‌وكات ره‌وانشاد و شاعیری مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان شێركۆ بێكه‌س نادیده‌ بگرین.

یه‌كێتی هیچ كات له‌ دروشم و داخوازی و به‌ڵێنه‌كانی غافل نه‌بووه‌ هه‌مێشه‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێك هاتبێته‌ پێشه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ داخوازیه‌كانی جێگا بكاته‌وه‌و به‌ڵێنه‌كانی بكاته‌ كردارو جێبه‌به‌جێیان بكات، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك پرۆژه‌ یاسای رۆژنامه‌گه‌ری هاته‌ به‌رده‌ستی په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2007 كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌ بوو، جارێكی تر تیمه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مان و به‌تایبه‌تێش سه‌رۆكی په‌رله‌مان عه‌دنان موفتی له‌رێگای چه‌ندین دیداری جیاواز له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان و سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌كان و رۆژنامه‌نووسه‌ ئازاده‌كان، رۆلی كاریگه‌رو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینی له‌ ده‌ركردنی یه‌كه‌مین یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان.

كاتێكیش پرۆژه‌ یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مان هاته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وكاتیش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌بوو، جارێكی تر یه‌كێتی و تیمه‌كه‌ی له‌په‌رله‌مان بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی پرۆژه‌كه‌ له‌كوێوه‌یه‌ وه‌ك خاوه‌نی پرۆژه‌كه‌ كۆششیان كردو جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان د. ئه‌رسه‌لان باییز سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی راسپارد له‌ رێگای وۆركشۆپ وسیمینار و دیبه‌یت له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بیرورای رۆشنبیران و په‌یوه‌ندیداران بۆ پرۆژه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌، تا پرۆژه‌كه‌ بوو به‌ یاساوبه‌مه‌ش یه‌كه‌م یاسای مافی به‌دستهێنانی زانیاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوێنرا.

له‌ ئێستادا هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی له‌ بواری ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری به‌ری گرتووه‌و هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 300 كه‌ناڵی بینراوو بیستراوه‌ له‌نێویاندا چه‌ندین كه‌ناڵی ئاسمانی به‌ته‌كنیكی به‌رزه‌وه‌ كارده‌كه‌ن و هیچ سانسۆرێكیان له‌سه‌ر نیه‌، له‌ بواری به‌ ئه‌كادیمی كردنی راگه‌یاندنیش بۆ یه‌كام جار له‌ ساڵی 2000 له‌ شاری سلێمانی په‌یمانگای راگه‌یاندن به‌پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێم ئیداره‌ی سلێمانی كرایه‌وه‌و له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 4 به‌شه‌ كۆلێژی راگه‌یاندن و 3 په‌یمانگای راگه‌یاندنه‌.

له‌ ئێستاشدا بواری راگه‌یاندن و رۆژنامه‌ گه‌ری قسه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌و جۆرێك له‌ فه‌وزا له‌ناو بواره‌كه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو پیویست ده‌كات یه‌كیتی وه‌ك چۆن له‌ رابردوو كۆششی كردووه‌ تا ئازادی راگه‌یاندن و راده‌ربڕین به‌ یاسا فه‌راهه‌م بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رنامه‌ی هه‌بێت بۆ جارێكی تر رێكخستنه‌وه‌ی بواره‌كه‌، به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان ئه‌گه‌ر كه‌موكوری له‌یاساكان هه‌بێت، یانیش به‌ده‌ركردنی یاسای تازه‌، له‌ هه‌مووشی گرنگتر له‌رێگای تیمه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌دواداچوونی جددی بكات بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكان.

سه‌رچاوه‌كان:

1.رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ. ژماره‌ 81 له‌ 1/5/1992 ، به‌رنامه‌ی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردی یه‌كه‌مین خولی په‌رله‌مان.
2.كارنامه‌ی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
3.مالپه‌ری ئاوێنه‌، جاوپێكه‌وتنی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری:
https ://www .awene.com/2017/12/10/70271/18-9-208
4.ماڵپه‌ری په‌رله‌مانی كورردستان: perleman.org
5.یاسای چاپه‌مه‌نی ژماره‌ 10 ساڵی 1993

 

PUKmedia كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket