riklam

لەهەولێر بە بەرنامە پۆستەرەكانی لیستی یەكێتی دەدڕێنرێن

کوردستان 06:25 PM - 2018-09-20
.

.

لیستی 105ی یەكێتی دژی ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر پۆستەرەكانی سەرۆكی لیستەكەیی و كاندیدەكانی دەكرێت لەكۆمسیۆن سكاڵای تۆماركرد، وتەبێژی لیستەكەش دەڵێت: زۆرترین پێشێلكارییەكان و دڕاندنی پۆستەرەكانیان لەپارێزگای هەولێرەو كەسانێك لەكاتی دڕاندنی پۆستەرەكانیاندا ڤیدیۆی خۆشیان تۆماركردوە. 

د.بڕیار رەشید وتەبێژی لیستی 105ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات كە رۆژانە لەبەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر لیست و كاندیدەكانی یەكێتی دەكرێت لەكۆمسیۆن سكاڵا تۆمار دەكەن، بە PUKmediaی راگەیاند: بەرامبەر هەموو ئەو پێشێلكارییانەی دژ بە لیستی ژمارە 105ی یەكێتی و سەرۆكی لیستەكەو كاندیدەكانی دەكرێت، بەتایبەت دڕاندنی پۆستەری لیستەكەو قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستەكەو كاندیدەكان دەكرێت وەك دەزگای هەڵبژاردن رۆژانە لەكۆمسیۆن سكاڵا تۆمار دەكەین.

وتیشی: لەم هەڵبژاردنەدا هەڵمەتێكی توند بەرامبەر لیستی 105ی یەكێتی هەیە، بەتایبەت لەپارێزگای هەولێر هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەرەكانی لیستی 105ی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستەكە زۆر بەدیدەكرێت، تەنانەت هەندێك كەس كە لەكاتی دڕاندنی پۆستەرەكاندا ڤیدیۆی خۆشیان تۆمار دەكەن و دەموچاویشیان دیارە، بۆیە پێویستە كۆمسیۆن رێوشوێنی توندیان بەرامبەر بگرێتەوەبەر.

لەبارەی ئەوەشی كە ئەوكارە بەرنامە بۆداڕێژراوە، وتەبێژی لیستی 105ی یەكێتی وتی: لەهیچ هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردندا هیچ حاڵەتێكی لەمشێوەیە دژی هەڵمەتی بانگەشەی یەكێتی نەكراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی یەكێتی كە لەسەرنەڤاڵەكانی و بەرنامەی بۆ چوار ساڵی داهاتووی بەردەوامەو نەچوەتە نێو ململانێیەم لەگەڵ هیچ حزب و كەسێكداو تەركیزی لەسەر بەرنامەی خۆی و چارەسەری كێشەكان و خستنەڕووی گرفتەكان بووە.

وتیشی: ئەوەی لەم قۆناغەدا بۆ هاووڵاتیان و دەنگدەران پێویستە، ئەوەیە حزبێك بێت واز لەو ململانێ و دووبەرەكی بێنێت و شانبداتە بەر بەرپرسیارێتی و كێشەكان چارەسەر بكات، بۆیە یەكێتی وایكردوە.

د.بڕیار رەشید راشیگەیاند: لەسەر ئەو پێشێلكارییانە رۆژانە لەكۆمسیۆن سكاڵا تۆماركردوەو زۆرترینیشیان لەپارێزگای هەولێرە.

لای خۆشیەوە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی 105ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر دڕاندنی پۆستەرەكان هاتەدەنگ و لە راگەیەنراوێكدا داوا لەئەندام و لایەنگرانی یەكێتی دەكات كاردانەوەی سلبیان نەبێت و ئێمە بانگەشەیەكی سەركەوتووی مۆدێرن دەكەین و ئارامیش دروشمێكی سەرەكی لیستەكەمان.

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket