riklam

یەکێتی لە خەباتی پەرلەمانیدا لە پێگەی بەهێزەوە

بیروڕا 01:25 PM - 2018-09-20
.

.

فوئاد ئەحمەد

کاتێک لەهەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی نیشتمانی ژمارەی کورسیەکانی دابەزی و بوو بە 18کورسی، ئەو کات لەهۆڵی پەرلەمان و لەیەکەم دانیشتنی ئەو خولە بیرم لەو سزا قورسەی خەڵکی کوردستان دەکردەوە کە هی یەکێتیاندا، بەقبوڵکردنی ئەوەی، ئەوە یەکێتیە کارو خەباتی کردووە خەڵکی ئازادانە رای خۆیان دەربڕن و هەموو ئەو هێزو لایەنانە سزا بدەن کە رۆژێک لەرۆژان لەهێڵی خزماتکاری خەڵکی لادەدەن. لەگەڵ ئەوەش بەبەراورد بەو مێژووەی یەکێتی هەیەتی لەدامەزراندنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتی لەهەرێمی کوردستان سزاکەم بەقورسزانی و بیرم لەوە کردەوە ئەم چوارساڵە کارلەسەر ئەم مێژووە بکەم تا بەبیر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جەماوەرو دۆست و لایەنگرو ئەندامانی یەکێتی بێنمەوە، کاتێک یەکێتی لەپێگەو مەکانەتی خۆی بوو:
-یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەکوردستان ئەنجامدراو گەلی کورد بۆ یەکەم جار بووە خاوەن پەرلەمان و حکومەتی خۆی.
-لەبناغە دانانی یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەهەرێمی کوردستان کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەکێتی رۆڵی سەرەکی بینی بەو حسابەی پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەت بە یەکێتی سپێردرا.
-ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری لەبەرنامەی هەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمان دروشم و داخوازی یەکێتی بوو، دواتر بەیاسایی کراو زۆرترین ئازادی بەیاسا فەراهەم کرا، کاتێک یەکێتی لەرێگای تیمەکانی لەحکومەت و پەرلەمان رۆڵی سەرەکیان بینی لەئامادەکردن و بڕیاردان لەسەر یاسای چاپەمەنی ساڵی 1993 و یاسای رۆژنامەگەری و دواتریشیان یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، کە ئەم دووانەی دوواییان لەسەردەمی سەرۆکایەتی یەکێتی لەپەرلەمان دەرچوون یەکێتی داینەمۆی پەسەندکردنی هەردوو یاساکەبوو.

2525.jpg


-ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم یەکێکی تربوو لە خاڵە سەرەکیەکانی بەرنامەی هەڵبژاردنی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمانی و لەوێدا داوای کرددوە بەڵگە مێژوویەکان کۆبکرێنەوە بکرێنە پێوەر بۆ گێرانەوەی ئەم ناوچانە، ئەویش لەرێگای ریفراندەمێکەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکات، ئەم داخوازیە دوای 13 ساڵ و لەساڵی 2005 لەدەی‌ستوری عیراق بەهەمان ناوەرۆک جێگیرکرا.
-فیدرالی کە لەبانگەشەی هەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمان دروشم و داخوازی یەکێتی بوو، دواتر لەپەرلەمان دەنگی بۆ دراو بوو بەبڕیاری هەموو گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان و لەدەستووری عیراقیش سەلمێنرا.
-مافی پێکهاتەکان لەیاساکارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهەوڵ و هیممەتی یەکێتی جێگای کرایەوەو سەرەتاکەی لەو بانگەشەیەی جەنابی مام جەلال دەستی پێکرد، کاتێک لەناو جەماوەری (کریستیان) لە قەزای سۆران و لەبانگەشەی یەکەم خولی پەرلەمانی رایگەیاند: ”دەبێ برا مەسیحیەکان لە ئەنجومەنی نیشتمانی نوێنەریان هەبێت”.
-ئەرمەن وەک پێکهاتیەکی تری هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیاری فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمان کورسی کۆتای شایستە بەخۆیان پێدرا.
بەرهەمی یەکەم کابینەی حکومەتیش بریتی بوو لە:
-وەزارەتی دارایی خاڵە گومرگیەکانی رێکخستەوە.
-وەزارەتی دارایی موچەی فەرمانبەرانی بەشێوەیەکی رێکوپێک دابەشکرد کە هیچ قەرزێکیان لەسەر حکومەت نەمێنی.
-بۆ ئەوەی خوێندنیش لەکوردستان بەردەوام بێت زانکۆی سلێمانی دهۆک کرانەوەو یارمەتی مانگانە بۆ خوێندکاران دابین کرا کە بۆ ئەوکات دەسکەوتێکی یەکجار گەورە بوو.
-دادگای تەمیز دانرا.
-بودجەی ساڵی 1993 ئامادە کرا کە یەکەم بودجەی حکومەتی هەرێمە.
-لەهەمووی گرنگتر بڕواو متمانە لەنێوان حکومەتی هەرێم و جەماوەر لەسەر بناغەی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی و بەرقەرابوونی یاساو رەفتاری ژیاری هاوچەرخ بوو.
-حکومەت رۆڵی هەبوو لە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان.
-ئەنجومەنی وەزیران مەیدانی تەبایی و هاوکاری بوو نەوەک شوێنی ململانێ.
-پەیوەندی حکومەت و پەرلەمان لەگەڵ ئەو بێ تەجروبەییەش، پەیوەندیەکی تەندروست بوو لەسەر بنەمای لەیەکترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
لەپاڵ ئەم تایتلە سەرەکیانەی سەرەوە، ژمارەیەک یاسای تر لەسەردەمیی سەرۆکایەتی یەکێتی لەپەرلەمان دەرچوون، کەلەدیارترین و گرنگترین یاساکانی هەرێمی کوردستانن، بەپێوانەی ئەوەی ئەم یاسایەنە زۆرترین بوارەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و ماف و ئازادیەکانیان رێک دەخەن، مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کەمئەندامان بەیاسایی دەکرێت، ماف وئیمتیازاتی پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکان لەچوارچێوەی چەند یاسایەک جێگایان دەکرێتەوە، ماف کۆتا بۆ پێکهاتە جیوازەکانی هەرێمی کوردستا بەیاسایی دەکرێت، کەرتە جیاوازەکانی ئابووریش دەخەنە سەر سکەی یاسایی خۆی، لەهەمووشیان گرنگتر لەرووی سیاسیەوەیە، کاتێک لەرێگای یاسایەکەوە پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت.
لەماوەی کارکردنمدا لەم پرۆژەیە بەرەچاوکردنی ئەو کاریگەریەی یەکێتی هەیبووە لەپرۆسەی دروستکردنی بڕیار لەهەرێمی کوردستان و زۆربەشی بەقازانجی گشتی و لەبەرژەوەندی هاولاتیان بووە، ئەوە دەخوازێت داوا لەخەڵکی کوردستان بکەین جارێکی تر متمانە بدەنەوە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و باری لاسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان راستبکەنەوەو هێزبدەنەوە بەر ئەو هێزەی دەتوانی بەکردار نەک بەگوفتار ماف و ئیمتیازات و ئازادییەکانیان بپارێزێت و گەشەیان پێبدات.
گرنگە ئەمڕۆش کاندیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشانازیەوە باسی ئەم مێژووە بکەن و وابکەن جارێکی تر خەڵکی کوردستان پێگەی شیاوی خۆی بداتەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا بتوانێت بەهەمان تینی جاران وزیاتریش کارو خزمەتگوزاری ئارامی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.

سەرچاوەکان:
1.رۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە 56 لەرۆژی 31/3/1992
2.نامەی دەستلەکارکێشانەوەی د. فوئاد مەعسوم سەرۆکی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لەدانیشتنی ژمارە 24 رۆژی 17/3/1993 ی پەرلەمانی کوردستان.
3.یاسای چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە 10ی ساڵی1993 کە لەدانیشتنی رۆژی 18/4/1993 ی پەرلەمان پەسەندکرا.
4.پرۆتۆکۆڵی ژمارە 51 ی ساڵی 1999 دانیشتنی ژمارە 2 ی رۆژی چوارشەممە 25/3/1999 ی پەرلەمانی کوردستان.
5.رۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە 81 ی رۆژی1/5/1992، یەکەمین بەرنامەی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
6.یاسای ژمارە 2ی ساڵی 1999یاسای هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

PUKmedia كوردستانی نوێ

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket