riklam

تۆپخانه‌كه‌ بوه‌ستێنن راسته‌ بانگه‌شه‌یه‌، به‌ڵام شه‌ڕ نییه‌

بیروڕا 01:51 PM - 2018-09-18
.

.

ئه‌مه‌ پێنجه‌مین كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌ و تیمی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ و راگه‌یاندنی یه‌كێتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌و نه‌فه‌سه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات كه‌ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ لیست و قه‌واره‌كانی به‌رامبه‌ریدا ده‌كات و به‌ پره‌نسیپی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ پێی ستانداردی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك كاری خۆی ده‌كات و بانگه‌شه‌ بۆ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی خۆی و سه‌رخستنی لیسته‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرێت لایه‌نه‌ كێبڕكێكار و ركابه‌ره‌كان به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و كه‌مپینی خۆیان ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ره‌كیان بێت ئێسك و پروسكی یه‌كێتی بهاڕن و ئیتر له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ یه‌كێتی ببێته‌ پۆڕی خوراو و ئاردی ناو دڕك، هه‌ربۆیه‌شه‌ ده‌زگایه‌كی میدیایی كه‌ ده‌بێت ئه‌ركی په‌ره‌پێدانی چه‌مكی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ ژیان و بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌مكی دیموكراسی بێت، كه‌چی هه‌ر خۆیان ناودێری ده‌كه‌ن به‌ «تۆپخانه‌».

ده‌شێت هه‌ندێك هاووڵاتیی له‌ قۆناغه‌كانی رابردوودا كه‌وتبنه‌ به‌ر كاریگه‌ریی ئه‌و تۆپخانه‌یه‌و ته‌سلیمی گرم و هوڕی ئه‌و تۆپخانه‌یه‌ بووبن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌، خۆیان وته‌نی: «هاووڵاتییان ئێستا هۆشیار بوونه‌ته‌وه‌و به‌ئاسانی كڵاویان ناچێته‌سه‌ر»، هه‌ر به‌و پێودانگه‌ش له‌ چه‌ند گه‌ڕێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا له‌ 2009وه‌ تا 2014 زۆر گوێبیستی زرم و هۆڕی ئه‌و تۆپخانه‌یه‌ بوون، به‌ڵام دواجار كه‌ ته‌پ وتۆز و دوكه‌ڵی فڕو فیشاڵه‌كان نیشتنه‌وه‌، حاڵی بوون له‌وه‌ی كه‌ تۆپخانه‌كه‌ نه‌ك نه‌یتوانیووه‌ ئامانجه‌كانی بپێكێت به‌ڵكو زۆر گولله‌ی ئه‌و تۆپانه‌ جگه‌له‌وه‌ی ژه‌نگگرتوو چروكن، ئامانجه‌كانیش به‌هه‌ڵه‌ ده‌پێكن و له‌جیاتی پێكانی ماڵی «ركابه‌رو نه‌یار» ماڵی هه‌وادارو دۆست و لایه‌نگرانی تۆپخانه‌كه‌ی پێكاوه‌و دابه‌زینی كێرڤی ده‌نگه‌كانیشیان له‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر سه‌لمێنه‌ری چروكی و ژه‌نگگرتوویی تۆپخانه‌و جبه‌خانه‌كه‌یانه‌، هه‌ربۆیه‌ واباشتره‌ به‌ر له‌ هاتنه‌ مه‌یدانی ململانێی سیاسی و دیموكراسییه‌وه‌، چاوێك به‌ دروشمه‌ ژه‌نگگرتووه‌كانتاندا بگێڕنه‌وه‌ و چه‌یكێكی گولله‌ تۆپه‌ چروكه‌كانتان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئیتر تۆپه‌كه‌تان ده‌رزییه‌كه‌ی شكاوه‌و ته‌قه‌ ناكات و چیتر خه‌ڵكه‌ هۆشیاره‌كه‌ی كوردستانتان پێ فریونادرێت.


دیده‌وانی راگه‌یاندن
PUKmedia کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket