riklam

قوباد تاڵەبانی كاتی گەڕانەوەی هێزو هاوسەنگی بۆ كوردستان ئاشكرادەكات

ی.ن.ک‌‌ 04:00 PM - 2018-09-17
.

.

بەدروشمی ئارامی، هەلی كار، خزمەت، و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی كاندیدی ژمارە ١ و سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی كاندیداكانی لیستی یەكێتی لەكۆیە ئەمڕۆ 17ی ئەیلولی 2018  بەڕێوەچوو. 

لەو كەرنەڤاڵە جەماوەرییەدا، بورهان سەعید سۆفی لێپرسراوی مەڵبەندی ١٤ ی كۆیە لەوتەیەكیدا بەدەنگدەران و چین و توێژەكانی كۆیەی راگەیاند: بەسەركەوتنی لیستی ١٠٥ بەڵێنی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە دەدەین بەهەموو بوارەكانیەوە.

وتیشی: یەكێتی ماڵی هەموانەو بۆ هەموانە، زۆربەی كاندیدەكانی لیستەكەشی گەنجن و كچ و كوڕی شەهیدانن، سەرۆكی لیستمان قوبادی مام جەلال-ە كەسێكی گەنج و دیپلۆمات و خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، بۆیە قۆڵی كوردایەتی لێ هەڵماڵن و بەیەك دەنگ و بەیەكڕەنگ بچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ ئەوەی پارتی حوكم نەكات و هەموو رۆژ داگیركەران میوانی كوردستان نەبن، بۆ ئەوەی یەكێتی بەهێز بێت دەنگ بدەن بەلیستی یەكێتی ژمارە ١٠٥ .

دواتر قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەوتارێكیدا ئاماژەی بەوەكرد كە شەوی ١٧ لەسەر ١٨ ی مانگی ١٢ ی ٢٠١٢ ، مام جەڵتە لێیدا، ئەو شەوە عیراق، كوردستان، یەكێتی جەڵتەی لێیدا، دوای ٥ ساڵ، مام بەجێی هێشتین لەم پێنج ساڵە، عیراق، كوردستان، یەكێتی هەموو توشی گرفت بوون، بەڵام مام رەنگە ئێمەی بەجێهێشتبێ، بەڵام رێبازەكەی لەگەڵماندایە، ئێمە رێبازەكەی مام جەلال-ین، ئێوە، یەكێتی رێبازەكەی مام جەلال-ن. 

وتیشی: كۆیە ئەو شوێنە بوو كە مام هەمیشە دەیوت: لەكۆیە دڵم لێدەدا، بۆیە ئێمە دەبێ لەكۆیەی مامەوە مەشخەڵی سەرخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رابگەیەنین لەم هەڵبژاردنەی پارلەمانی كوردستان. بەڵێنتان پێدەدەین ئەو رێبازەی مام پەیڕەو دەكەین تاكو نەخشە رێگایەك بۆ سەرخستن و سەركەوتنی یەكێتی و هەرێمی كوردستان رابگەیەنین.

لەبارەی ئەو بەڵێنانەی كەدەدرێتە هاووڵاتیان لەبانگەشەی هەڵبژاردندا، قوباد تاڵەبانی وتی: زۆر كەس بەڵێنی زۆر گەورەو بریقەداریان پێداون، بەڵام بەڵێنی بێ كرداربوون، بەڵێنەكانیان بۆ گۆڕانكاری بوون، خۆتان بینیتان چ ئەنجامێكی هەبووە، ئەم كۆیەی حەیاتە بینیویەتی، بینیویشمانە كەچۆن ئەو نائارامییەی یەخەی كوردستانی گرتووە چ كاریگەرییەكی سلبی هەبووە لەسەر گەشەپێدانی كوردستان. وتیشی: لێرە لەم شێواشۆكە لەجیاتی ئەوەی ببێتە خێرو خزمەت بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بۆتە خاڵێكی نیگەرانی و توڕەیی. 

سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتی جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە: دوای چەندین ساڵ، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆیان روون بۆتەوە كە تاكە بەدیل بۆ یەكێتیی نیشمانیی كوردستان تەنیا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. یەكێتییەكی بەهێز، یەكێتیەك كەپابەند بێت بەرێبازەكەی مام، یەكێتییەك كەپشتی ئەستور بێت بەگەنجی خوێنگەرمی ئەم سەردەمە.

لەبارەی بەرنامەكانی یەكێتی بۆ حكومەت، قوباد تاڵەبانی وتی: ئێمە سەرەڕمی چاكسازییەكانی حكومەت بووین، بەهۆی ئەو چاكسازیانەوە ئابووری كوردستان بەرەو باشتر دەڕوات و بەرەبەرە پرۆژەكان دەكەونە كار، ئێمە گرنگی ئەدەین بەم ناوچەیە، گرنگی بەكارگەكان و كشتوكاڵ دەدەین لەم ناوچەیە، تا خاكە بەپیتەكەی تەنیا نەوتی رەشی لێ دەرنەیەت، بەڵكو بەووبومێكی كشتوكاڵی لێبكرێت كە بەرهەمەكەی تەواوی بازاری عیراقی لێ پڕبكاتەوە. 

لەبارەی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی بەلایەنگران و هەواداران و كادرانی یەكێتی راگەیاند: ١٣ رۆژمان ماوە بۆ سەرخستنی یەكێتی و گەڕاندنەوەی هێزو هاوسەنگی بۆ كوردستان، داواكارین زۆرترین دەنگ كۆبكەینەوە بۆ یەكێتی، هەموو یەكێك لەئێوە چەند كەسێك دەناسن كەرەنگە بێ ئومێدبووبن لەهەڵبژاردن و دەنگیان نەدابێت داواكارم بچن قسەیان لەگەڵدا بكەنەوە، با یەكێتی بەهێز بكەین چونكە ئەو حزبەیە دەتوانێ بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخە هەستیارەكان بكات.

لەكۆتایی وتەكانیدا، قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ داوایكرد كە هەمووان وەك یەك دەنگ، بەیەك رەنگ، كەیەك حزبین بۆ كوردستان، پێكەوە بۆ ئارامی، هەلی كار، خزمەت، بۆ هەڤاڵ مام جەلال، دەنگ بەلیستی ژمارە ١٠٥ بدەن.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket