riklam

ئارامیی،هەلی كار، خزمەت …

بیروڕا 07:27 PM - 2018-09-16
.

.

ئارامیی،هەلی كار، خزمەت ..ئەو دروشمە دێرینەی كە (ی.ن.ك)  قوربانی زۆری بۆ داوە

لە دوای ساڵی 1991 ەوە ئەوە بۆ پێنجەمین جارە ی ن ك دێتەوە مەیدانی خەباتی پەرلەمانیی و دیموكراسیی كە هەر لە سەرەتاكانی دامەزراندنییەوە خەباتی لە پێناوی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە مەزنەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندایە و بڕوایەكی بەهێز و نەگۆڕی پێ یەتی . وەك سەرۆك مامجەلال هەمیشە دوپاتیكردۆتەوە ی ن ك بڕوایەكی پتەوی بەشێوە خەباتی پەرلەمانیی و جەماوەریی و دیپلۆماتییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردستان ، هەربۆیە لەم سەردەم و هەلومەرجەشدا توانیویەتی لە هەركات زیاتر لەرێی خولەكانی قانون گوزاریی پەرلەمان و كابینەكانی حكومەتدا ئەو ئامانجە سەرەكیی و گشتیانە بۆ گەلەكەمان بەدی بهێنێت كە دەیان ساڵە خەباتیان لە پێناودا ئەكا بۆ گەیاندنی كەشتییەكە بەرەو لەنگەرێكی ئارام و دڵنیایی .

دروشم بەرنامەی كاری بانگەشە و كەمپینەكەی لیستی 105 بە سەرۆكایەتیی قوبادی مامجەلال لە ئارامیی و هەلی كار و خزمەتا چڕ كراوەتەوە كە بەرنامەیەكی زۆر واقیعیانە و گرنگە, هەم گوزارشتە لە ناخ و خواستەكانی كۆمەڵانی خەڵك، هەم لە توانا و دەسەڵاتی ی ن ك دایە كە بە ئاكامیان بگەیەنێت ،واتا دروشم گەلێكی بێ گیانی هەڵبژاردن نییە . ئەگەر بە ئینسافەوە لە دوای راپەڕینەوە لە یەكەم خولی پەرلەمان و كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كارو چالاكییە پەرلەمانیی و حكومییەكانی ی ن ك هەڵبسەنگێنرێت ئەو راستییە بە تەواوی بەرجەستە ئەبێت كە یەكێتییەكەی ئاواتی هەموان سەرباری كەموو كورتیی و هەڵدێر و كەوتنەكان زۆر سەركەوتوانە بەر استگۆیی ئارامیی و هەلی كار و خزمەتی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێ جیاوازیی دابینكردوە لەو ناوچە و شوێنانەی بەڕێوەبردنەكانی لە دەستی نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانییدا بوە بە ئەمانەتەوە بەڵێنەكان جێبەجێكراون ، بچوكترین نمونە گەیاندنی وزەی كارەبایە بۆ گوندە دورە دەستەكانی ئەو ناوچانە ، ئەمە بەو مانایە نییە ئیتر هەمو شتێك كراوە و تەواو بەڵكو وەك سەرۆك مامجەلال پێمان ئەڵێت تا ژیان بەردەوام بێت خەباتیش بەردەوامە، بۆیە ی ن ك یش بەردەوامە لە خەباتی خزمەتكردن .

ئەم ئەركە گەورەیە هەر بەم دواییە نەخراوەتە سەرشانی ی ن ك بەڵكو هەر لە دێر زەمانی خەباتەوە پێی سپێراوە ، لە روانگەی وتار و رێنماییەكانی سەرۆك مامجەلالدا یەكێتییەكان لەسەری راهاتون كە خۆیان بە خزمەتكاری خەڵك بزانن ، كەواتە كاتێك حزبێك خەباتگێڕو پێشمەرگەكانی خۆیان لە ئاستەدا ببین ئەبێ بەر لە هەمو شتێك بیر لە دابینكردنی ئارامیی یان بكەنەوە تا بتوانن بە ئاسانیی و بێ خەم بژێوی ژیان و كاركردنیان بۆ دەستە بەر ببێت، ئەو دەمەش بۆ برەو دان بە ژیان و پێشكەوتن خزمەتگوزارییان گەرەكە و ئەبێت بۆیان جێبەجێ بكرێت .

ی ن ك لە سەردەمی خەباتە چەكدارییەكەیدا كە بۆ بەرگریكردن بوە لە خاك و گەلی كوردستان و سەلماندنی مافە زەوتكراوەكانی لە دژواترین هەلومەرجی خەباتدا، ئەو سەرەتا نەگۆڕەی خۆی لە بیر نەكردوە و پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەر گوند و ناوچە و جێگەیەكدا بوبێتن خەڵك هەستیان بە ئارامیی و دڵنیایی كردوە و كارو كاسپی كردنیان لە پەرەسەندنا بوە ، هەر لە روانگەیەشەوە لە ساڵانی هەشتادا لە ناوچە ئازادكراوەكانی كۆنترۆڵی یەكێتیی نیشتمانییدا رێكخستنی ژیانی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی و ئەمنییش لەوپەڕیدا بو ، پرۆژەكانی رێگاو بان ، لولەكەشیی و راكێشانی ئاوی خواردنەوە و رێكخستنی پێداویستییەكانی تری ژیان تەنانەت لە هەندێك ناوچەی وەك سەرگەڵو دابینكردنی وزەی كارەباش ببوە ئەركی مەڵبەندەكان . دێتە یادم كە لە گوندی راگویچزراوی سەفرەی ناوچەی شینكایەتیی كۆمیتەی گومرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لێ بو و مام حەمید كەركوكیی لێپرسراوی كۆمیتەكە بوو، بازاڕەكەی سەفرە پێویستی بە ئاوی خواردنەوە بو ، بۆیە دەستبەجێ پرۆژەیەكی لولە كەشیی ئاو جێبەجێكرا لە گوندی گەڵاڵەوە ئاو راكێشرا كە لە سایەیدا سێ گەرماو و چەندین رێستۆرانت و پەنجا ماڵێك و نزیكەی 400 دوكان چەند بارەگایەكی پێشمەرگەی خۆمان و دیموكراتیش دابین ئەكرد ، لەو ناوچەیدا بە هۆی ئەو پرۆژەیەوە كە خزمەتگوزاریی بو هەلێكی باشی كاری راخساندبو كە لە ناوچە جیا جیاكانەوە خەڵكی بۆ ئەهات بەوەش ئەركی دابینكردنی ئاسایش لە ئەستۆی پێشمەرگەكانی یەكێتیییدا بو . لە ماوەی ئەو نزیكەی سێ ساڵەی ئەو بازاڕە گەورەیەدا وابزانم تەنیا دوحاڵەتی دزیكردن و شەڕێكی تیا تۆمار كرا ،شەوانە خاوەن بەرژەوەندییەكان بێ خەم و بێ پاسەوان لێ ئەخەوتن و بایی چەندین ملیۆن دیناری ئەوە سەردەمەیان ئەسپارد بە پێشمەرگەكان . ئەوە تەنیا نمونەیەكی بچكۆلانەی ناوچەیەكی دیاریكراو بو لە ناوچەكانی تریشدا بە هەمان شێوە ئارامیی و هەلی كار و خزمەت لەوپەڕی گەشە سەندنا بون تەنانەت لە هەندێك ناوچەی ژێر چنگاڵی رژێمی بەعش كە دزیی و راو روت هەبو خەڵك هانای بۆ یەكێتییەكەی خزمەتكاری هەموان ئەبرد بۆ بن بڕ كردنی .

دیارە دوای راپەڕینیش لە یەكەم ئەزمونی حوكمڕانیی مەدەنییدا سەرباری خراپیی هەلومەرجەكان ، سەرباری دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە و نانەوەی ئاژاوە كێشە و گرفتی بە ئەنقەست كەچی ی ن ك سەركەوتوانە ئارامیی و سەقامگیریی و هەلی كار و خزمەتگوزارییەكانی دابینكردوە ، چونكە گەشە كردن و تاوسەندنی خۆی لە دەستەبەر كردنی ئەو سێ پێداویستییە سەرەكی یەی كۆمەڵدا ئەزانێ .

بەدڵنییایەوە لەم تاقیكردنەوەیەشدا لیستەكەی 105 ی یانون كاف بە سەركەوتویی و روسوریی و سەركەشیی بەردەم مێژو و شەهیدەكانی و خەباتگێڕەكانی ،قۆناغەكە تێ ئەپەڕێنێت و دروشمەكەی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی خۆمان بەوپەڕی دڵسۆزیی و جدییەوە جێبەجێ ئەكا بە تایبەتیی كە قوبادی مامجەلالیش وەك سەركردەیەكی مەیدانیی و خاكیی راستەقینەی خۆشەویستی خەڵك سەرۆكایەتیی لیستەكە و كەمپینەكە ئەكا بە پشتیوانیی و هاریكاریی هاوكارەكانی ، چونكە كاك قوباد سەلماندویتی بەراستیی خاكیی و نزیكی خواست و ناخی جەماوەرە نەك بە تەنیا لەبەر كامێراكاندا ئەویش لەسەر راسپاردە و رێنماییەكانی سەرۆك مامجەلالدا وەك سەدان هەزار تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی بە خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەزانێت .

وەرگیراوە لە كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket