riklam

قوباد تاڵه‌بانی: به‌ڵێنه‌كانم بردوه‌ته‌ سه‌رو به‌ده‌وامیش ده‌بم

ی.ن.ک‌‌ 03:15 PM - 2018-09-16
.

.

كەمێك پێش ئێستا مەراسیمی ناساندنی كاندیدەكانی یەكێتی و هەڵمەتی بانگەشەی لیستی یەكێتی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیست لە سەیدسادق دەستیپێكرد.

لە سەرەتای مەراسیمەكەدا مەحمودی حاجی ساڵح لێپرسراوی بازنەی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی لە سەیدسادق و بەرزنجە دوای بەخێرهاتنی میوانان و سەرۆكی لیستی یەكێتی  وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: سەرۆكی لیستەكەمان سەرمەشقی پرۆسەی چاكسازییە لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی رابردووشی شاهێدی ئەو راستییەن.

وتیشی: هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی رۆتینات و گەندەڵی بەرزدەنرخێنین و داوای لێدەكەین بەردەوام بێت لە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لەوچوارچێوەیەشدا داوای لە هاوڵاتیان و ئامادەبووان كرد دەنگ بدەن بە لیستی 105 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئارامی و هەلی كار و خزمەتی زیاتر.

هەر لە مەراسیمەكەدا كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبووان ناسێنران و بەڵێنیاندا لەسەر رێبازەكەی مام بەردەوام بن لە پێناو خزمەتی خەڵك.

پاشان قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی ژمارە 105 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا رایگەیاند: سەیدسادق تەنها شارۆچكەیەك و رێرەوێك نییە كە خەڵك تێیدا گوزەر بكات، بەڵكو ناوەندێكی كشتوكاڵییە كە دەتوانێت پێداویستییە كشتوكاڵیەكانی سەرجەم هەرێمی كوردستان دابین بكات،دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت كە یەكێتی وسەیدسادق مێژوویەكی كوًَنیان لەگەڵ یەك هەیە و ئەم ناوچەیە شوێنێكی گرنگی خەباتی یەكێتی بووە.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەی كە رێژەی هەژاری و بێكاری بەداخەوە زیادی كردووە، بەڵام یەكێتی پلانی هەیە لە چوارساڵی ئایندەدا ئەو كێشانە چارەسەر بكات و هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی گەش بنێت.

ئەوەشی خستەڕوو تەنها یەكێتییە خاوەنی بەڵێنەكانی خۆیەتی و لە رابردووشدا ئەو راستییە سەلمێنراوە، بەڵام هەندێك لایەن چەندین بەڵێنیان بەم ناوچەیە داوەوە تەنانەت نەیانتوانیوە یەك بەڵێنیان جێبەجێبكەن، بۆیە من لە چوارساڵی رابردوودا كەمترین بەڵێنم بە خەڵكی سەیدسادق داوەو بەڵام ئەو بەڵێنانەی داومە جێبەجێمكردوون، نمونەشیان بە دووسایدكردنی ناو بازاڕی سەیدسادق بوو كە پێش چوار لە سەردانێكمدا بۆ ئەم دەڤەرە لەسەرداوای خۆتان بەڵێنم پێدان و  ئێستاش دەبینن پرۆژەكە تەواو بووە.

هەروەها بە شانازییەوە یەكێتی خاوەنی بەرهەمی چاكسازییە لە هەرێمی كوردستان و لەوپێناوەشدا چەندین رێگەی دوورمان بڕی تا گەیشتینە ئەمڕۆ و خەریكە لە بەرهەمەكەی دەخۆین، بۆیە من خەڵكی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە شتێك نامێنێ بە ناوی پاشەكەوتی مووچە و ئەو پاشەكەوتەشی لای حكومەتە لە حسابێكی بانكیدا پێیان دەدرێتەوە.

هەر لێرەشەوە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنم كە لەبەرنامەماندا هەیە 2 هەزار كارگەی گەورەو بچووك لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنین كە پێشبینی دەكەین 50 هەزار هەلی كار لە هەرێمی كوردستان زیاد بكەین بەمەش دروشمەكەی خۆمان كە دەڵێین زیادركردنی هەلی كار جێبەجێدەكەین و گەنجان دەهێنینە ناو كایەكانی خزمەت بە وڵات.

لە كۆتایشدا وتی، داواتان لێدەكەم لە پێناو بەهێزكردنەوەی یەكێتی و بەدەستهێنانی ئارامی و هەلی كار و خزمەت لە رۆژی دەنگداندا دەنگبدەن بە لیستی یەكێتی ژمارە 105 تا چیتر تاكە حزبێك نەتوانێت بڕیار لە چارەنووسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات و بە رێگایەكی چارەنووس نادیاردا بیبات.

PUKmedia  تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket