riklam

قوباد تاڵەبانی:پاشەكەوتی مووچە نامێنێت و پاشەكەوتەكانیش دەدەینەوە

ئابوری 11:32 PM - 2018-09-14
.

.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە شتێك بەناوی پاشەكەوتی مووچەو نامێنێت و پاشەكەوتی مووچەش بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەران دەگەڕێنرێتەوە، ئەوەشی دەڵێت كە چوار ساڵی رابردوو بۆ هەرێم قەیراناوی بووەو ئەنجامدانی ریفراندۆمیش كوردستانی لەجیهان دابڕی.  

قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدیبەیتێكدا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوس كە ئەمڕۆ 14ی ئەیلولی 2018 لەسلێمانی بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ئابورییەی پشت بەتەنها سەرچاوەیەكی داهات دەبەستێت ئابورییەكی مەترسیدارە، وتیشی: ئابوری هەمەجۆر ئابورییەكی بەهێزە، بینیمان پشت بەستن بەتەنها داهاتی نەوت وەك تاكە سەرچاوەی داهاتی كوردستان چ كارەساتێكی لێكەوتەوە، بۆیە دەبێت ئابوری هەرێم هەمەجۆر بكرێت.

سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ی یەكێتی راشیگەیاند: زیادبوونی داهاتی هەرێم و ئەو پارەیەی لەبەغداوە مانگانە دێت وایكرد دەستكاری پاشەكەوتی مووچە بكرێت و دەستیش بەپێدانی سولفەی پرۆژەكان بكرێتەوە، ئامانجی داهاتووشمان ئەوەی شتێك نەمێنێت بەناوی پاشەكەوتی مووچەو بەدڵنیایشەوە پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.

قوباد تاڵەبانی لەدیبەیتەكەدا مژدەی ئەوەشی بەمووچەخۆران و فەرمانبەراندا كە پاشەكەوتی مووچەكانیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە، وتی: لەڕێی كردنەوەی حسابی بانكییەوە مووچە پاشەكەوتكراوەكان دەگەڕێنرێتەوەو حكومەت حسابی بانكی بۆ مووچەخۆران دەكاتەوەو بڕی پاشەكەوت وەك رەسید دەخرێتەوە سەر حسابی بانكی مووچە خۆران و فەرمانبەران و مووچەخۆران دەتوانن پارە پاشەكەوتكراوەكەی خۆی وەربگرێتەوەو لەدیاردەی پاشەكەوت رزگارمان دەبێت.

لەبارەی ئازادی رادەربڕینیش، راگەیاند: ئەو ئازادیییەی لەكوردستان هەیە بەبێ یەكێتی نەدەبوون بەتایبەت لەسنوری سلێمانی كە رێگەدراوە راگەیاندنی ئازاد هەبێت و خەڵك ئازادانە خۆپیشاندان بكات، یەكێتی هەمیشە شانازی بەوەوە دەكات كە پشتیوانی رای ئازادو ئازادی رادەربڕین بووە، بەڵام راستە حاڵەتی نەخوازراو هەبووە لەكوردستان.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت: چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵ بووە كە قەیراناوی بووە، شەڕ بەرۆكی گرتین و نرخی نەوت دابەزی و ئاوارەیەكی زۆر روویان لەهەرێم كرد، هەروەها كێشەی ناوخۆی هەرێم زۆر بوو، ئەنجامدانی ریفراندۆمیش كوردستانی لەجیهان دابڕی.  

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket