riklam

عێراق و عێراقیەکان_

بیروڕا 01:05 PM - 2018-09-09
.

.

نازم عومه‌ر ده‌باغ

جارێکیتر عێراق و عێراقیەکان دەکەونەوە بەر پیلانی ناحەزانیان

بەدرێژایی مێژوو حکومه‌ته‌کانی عێڕاق تا سەرنگونی سه‌دام حسێن، هەر بە کودەتاو شەڕ و شەڕی ناوخۆ بەڕێیان کردووە، داگیرکەران و ئیمپریالیزمی ئەو کاتەی عێراق لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندیەکانیان لەهەوڵی بەردەوامدا بوون لەنانەوەی دووبەرەکی و دروست کردنی جیاوازی لەنێوان کەسایەتی و هێز و لایەنەکاندا.

سەرئەنجام لەراپەرینێکدا بەشێکی عێراق واتە هەرێمی کوردستان لەدەستی رژێم ئازاد کرا لە دوا هەنگاویشدا بە هاوپەیمانی هەموو لایەک و کۆدەنگی نێودەوڵەتی رژێمی صدام روخێنرا و حکومەتێکی نوێ بە هەڵبژاردن و شەرعییەتی دەنگدان لەپرۆسەیەکی دیموکراتیدا هەڵبژێردرا و دامەزرا.

لەدوای روخانی رژێم،یەکەم حکومەتی عێراق لەرێگای هەڵبژاردن دەست بەکار بوو و هاته سه‌رکار، کە بەبڕوای زۆرێک دەبوایە ئەم حکومەتە ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە بەخۆیەوە ببینێت، جارێکی دیکە ناحەزان و دەستە دەرەکیەکان کەوتنەوە وێزەی عێراقیەکان و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان بە نانەوەی جیاوازی بیروڕای نەژادپەرستی و مەزهەبی و ئایینی ناکۆکی نێوان کەسایەتی و لایەنە سیاسیەکان زیاد بکەن.

هەر لە یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق كێشەكان و ململانەی نێوان لایەنەكان زەق بۆوەو بوو بە هۆكاری گۆڕینی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق واتا دكتۆر ئیبراهیم جەعفەریو دوای دوو ساڵ هاتنی مالیكی بە سەرۆك ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی حوكمرانی ئەو زیاتر كێشەكان زەق بووە. بوو بە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ئەلقاعیدە و دوایی داعش و داگیركردنی شارەكانی عێراق وەكو موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار.

سەرۆك وەزیرانی ئەو كات بە هەڵوێست و هەنگاوەكانی هەوڵیدا ئەمریكیەكان لە عێراق وەدەرنێت كە لە ڕووی دەركردنی هێزی دەرەكییەوە هەنگاوێكی باش بوو بەڵام كار و هەنگاوەكانی پێچەوانەی سەركەوتنی ئەم هەنگاوە بوو تا ئەوەی لە چەند چاوپێكەوتنێك و نووسینێكدا باسم كرد ئەگەر هۆكارەكانی پەیدابوونی ئەلقاعیدە و داعش لە ناو نەبرێن و چوونە دەروەی ئەمریكایەكان و هێزی بێگانە بە زەرەر تەواو دەبیت و كارێك دەكەن كە ئەم جارەیان بە مەمنوونیەوە داوای گەڕانەوە و مانەوەیان بكرێت ئەگەر هاتن ئەمجارە ناگەڕێنەوە.

ئەڵبەتە وای لێهات پەرەسەندنی داعش و داگیركردنی موسڵ و شارەكانیتر وای كرد كە هەنگاو بۆ ئەوە بهاویژرێت. كە زیاتر پێویستی بە هاوكاری دەرەكی و هاوپەیمانان و دراوسێكانمان بێت بۆ ڕاگرتن و بەرەو پێشەوە چوونی داعش و ئازادكردنی شوێنە داگیركراوەكان لە شارەكان.

مالیكی لادرا و عیبادی هات. بە هاوكاری هەموو لایەك كورد و عەرەب و ئێران و هاوپەیمانان توانرا شارەكانی ژێرده‌ستی داعش ئازاد بكرێن، هەر ئەو كات لە چەندین نووسین و چاوپێكەوتنێك پەنجەمان ڕاكێشا كە ئەمەسەركەوتنی سەربازی و شكستی سەربازی داعشەكانە واتە ئەگەر هۆكاری پەیدابوونی داعش لە ناو نەچێت جارێكیتر سەرهەڵدەداتەوە. بەداخەوە واتە ئەمڕۆكە نەك هەر سەر هەڵدانەوەی داعش و شەرەكانی بە چاوی خۆمان دەبینین بەڵكو ناحەزانی عێراق بە پشتیوانی كردنی زیندوو بوونەوەی داعش وا لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە شێوەیەكیتر زەمینە بۆ گەشەكردنی داعش و ناحەزەكانی خۆش دەكەن ئەویش بە پشتیوانی گروپ و لایەن و كەسانێك لە عێراق كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەك بۆ مەبەستی داڕشتنی بەرنامە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و چاك كردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاریەكانی بەڵكو بە دابینكردنی بەرژەوەندیەكان و بەدەستهێنانی پلە و پایە بەكار دەهێنن وە هەر یەك بە شێوەیەك دابەش بووە.

ئەم كێشمەكێشمەو ململانێ بە تایبەت لە نەبوونی كەسێكی كاریزمایی وەكو جەنابی مام جەلال لە عێراق ئەمرۆكە ئەم بارودۆخە هاتۆتە ئاراوە كە هاسان نیە و بتوانرێت یەكڕیزی ناوماڵی عێراق كورد و شیعە و سووننە بهێنێتە كایەوە.

بارودۆخی ئەمرۆكە ئەركی بەڕێز كاك مەسعود زۆر قورستر دەكات چونكە هاوسەنگی دروست¬كردن بە تەنها یەكێك ناكرێت و خاوەن بەرژەوەندیەكان زیاترن لە خاوەن بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان.

ئەمرۆكە زیاتر رۆژی ناحەزانە، پەرش و بڵاوی هێز و لایەن و كەسایەتیەكان زیاتر زەمینەساز دەكات بۆ خاوەن بەرژەوەندیەكانی دەرەكی. گەلی عێراق پێویستی بە بڕیارێكی چارەنووس ساز هەیە كە بەر لە هەموو شتێك بە كورد و عەرەبەوە دەبێت، خۆشەویستی و دلسۆزی بە گەل و نیشتیمان بەر لە هەمووی بێت.

گەلی عێراق دەبیت سەیری مێژووی رابردووی خۆی بكات لە چوارچێوەی ئەم جوغرافیە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتوریە كە هەیەتی وەكو هەمیشە شادڕەوان جەنابی مام جەلال ئەیفەرموو جوغرافیا ناگۆردرێت.

گەل و سەركردەكان لە مێژوودا زۆر فیداكاریان كردووە. تا ئەو قۆناغەی زۆرجار سەركردەكانی كورد چ جەنابی مام جەلال و چ جەنابی كاك مەسعود بارزانی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمن و ڕژێمە گۆڕبەگۆڕكان قوربانیان بە خۆیان ڕوو لە كانیاو داوە و چوونەتە بەرەی پێشەوەی شەڕ و سەركردایەتی ڕاستەوخۆیان كردووە تا ووزە و توانا بە هێزی پێشمەرگە بدەن بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی سەربازی كە ئایندەی كوردی پێوە بەستراوبوو.ئایا ئەمرۆكە گەلانی عێراق و كورد نەكەوتۆتە ئەم قۆناغە لە پێناو دابینكردنی ئایندەی ڕوون و سەرفرازی بۆ خۆیان گەلەكەیان سەركردایەتی پڕۆژەیەكی نیشتیمانی بەر فراوان بكەن و لەم گێژاوەیە و دەست تێوەردان خۆیان رزگار بكەن.

ڕووداوەكانی ئەمڕۆكەی شاری بەسڕە ئەوە دەسەلمێنێت كە یەكەم : ڕاپەڕین و خۆپێشاندان لە پێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری و دابین كردنی ئەمن و ئاسایش مافێكی ڕەوایە.

دووەم : ڕێگا خۆش دەكات كە جارێكیتر دەستەی تێكدەرەكان بۆ قووڵ كردنەوەی ناكۆكیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا زیاد بكەن وبكەونە سووتاندنی قونسوڵگەری ئێران و هەوڵدان بۆ سووتاندنی قونسوڵگەری ئەمریكا.

ئەمرۆكە هۆشیاری هێز و لایەنە سیاسیەكان گرنگە لە جیاتی بیركردنەوە لە بەدەستهێنانی پلە و پایە با ئارامی و ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

ئەگەر ئەم هۆشیاریە نەبێت و ئەمجۆرە لە خۆ بووردوویی سەركردە و ڕابەر نەبێت ئەبیت ئەوەمان لەبەر چاو بێت ڕاپەرین و دەست تێوەردانی بەسڕە بگوازرێتەوە بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە. وش بە شێوەیەكیتر داعش لە هەر چوار لای هەرێم دەستی بە جموجۆڵ كردۆتەوە یان دەیكات. بۆ فشار خستنە سەر هەرێم تا بە داخوازیەكان رازی بین.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket