riklam

دیموكراسیمان شێواند

بیروڕا 09:44 AM - 2018-09-08
.

.

دریڤان عەبدولقادر

پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عیراق و دكتاتۆریه‌ت، دیموكراسی بوو به‌ مۆدێلێكی نوێی حوكمڕانی له‌م ناوچه‌یه‌ و زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و به‌ تایبه‌ت به‌رھه‌ڵستكارانی ڕژێمی پێشوو به‌ چاوی پڕ ئومێده‌وه‌ ده‌یانڕوانییه‌ ئه‌م مۆدێلی حوكمڕانییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیموكراسی به‌ واتای به‌شداریپێكردنی سه‌رجه‌م پێكھاته‌ جیاوازه‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزا وبیروباوه‌ڕه‌ جیاوازه‌كان دێت له‌ حوكمڕانی، وه‌ك چۆن پێناسه‌ كراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ گه‌ل خۆی حوكمڕانی خۆی ده‌كات.
ئێستا ١٥ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م مۆدێله‌ نوێیه‌. به‌ ناوی دیموكراسییه‌وه‌ چوار ساڵ جاریك ھه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت چ له‌سه‌ر ئاستی عیراق چ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان. به‌ڵام ده‌ره‌نجامی ھه‌ڵبژاردن چی بوو؟؟!!!!
ده‌ره‌نجام ھاوڵاتی بێبه‌ش بوو له‌ زۆرێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی  نه‌ك ته‌نھا له‌ حكومه‌ت به‌ڵكو باڵی كێشا به‌سه‌ر ھه‌موو دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ( ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن) ، حاڵی حازر ھاوڵاتی ئه‌م وڵاته‌ بێ ئومێدن له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه‌ ده‌بێت حكومه‌ت پێشكه‌شی بكات، بێ ئومێدن له‌و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌ریبكات و نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نوخبه‌یه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتداران، كاتێك ڕوو له‌  دادگا ده‌كه‌ن بێ ئومێد ده‌بن له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌كانیان. ھه‌موو ئه‌مانه‌ به‌رھه‌می ئه‌و نیمچه‌ دیموكراسییه‌ن كه‌ نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ ناوی خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌ك دروشم به‌رزیان كردۆته‌وه‌ له‌عیراقدا ..
ئه‌م جۆره‌ له‌ دیموكراسی ، دیموكراسی لیبرالی نییه‌ ، كه‌ تێیدا مافی تاك و كه‌مینه‌كان پارێزراو نییه‌، به‌ڵكو زیاد له‌مه‌ش ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ عیراق نه‌ك مافی كه‌مینه‌كان به‌ڵكو مافی گه‌لی كورد به‌رده‌وام پێشێل ئه‌كرێت كه‌ پێكھاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌م وڵاته‌یه‌. ھه‌روه‌ھا گه‌ھه‌ری دیموكراسی بوونی نییه‌ ئه‌توانین بڵێین حوكمڕانی نوخبه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نھا نوخبه‌یه‌ك له‌ دوای 2003ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌و به‌ھۆكار و شێوازی جیاجیا ده‌م و چاوه‌كانیان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دووباره‌ و چه‌ند باره‌ ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ھه‌ڵبژاردن بكه‌ین كه‌ پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسییه‌، ده‌بینین چۆن له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردن یه‌كتر ده‌شكێنین و چ خراپه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتر ھه‌یه‌ ده‌یكه‌ین و ده‌یڵێین، كام لاپه‌ڕه‌ی ناشیرینی مێژوو ھه‌یه‌ ھه‌ڵیده‌ده‌ینه‌وه‌ ، له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی له‌ دروشمه‌وه‌ بكه‌ینه‌ كردار و له‌ سه‌ر زه‌مینی واقع ڕه‌نگ بداته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ حزبه‌كان یه‌كتر تۆمه‌تبار ئه‌كه‌ن به‌ ڕێكه‌وتن و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداری گه‌نده‌ڵ و له‌ ھامان كاتدا كێبركێی یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌و حزب گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتدار.
جارێك ھاوار ی ھه‌ڵبژاردن ئه‌كه‌ن ، به‌ڵام به‌ سه‌د ھه‌نگاو خۆیانی لێ ده‌دزنه‌وه‌. ھه‌ڵبژاردن ته‌واو بێت و ده‌ره‌نجام له‌ قازانجیان نه‌بێت داوا ده‌كه‌ن ھه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌، جارێكی تر بكرێت و به‌ دڵمان نه‌بێت ئه‌ڵێین سه‌ر له‌ نۆی دووباره‌ بكرێته‌ه‌وه‌ تا بازنه‌یه‌كی بۆش له‌ پرۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن دروست ده‌كه‌ین، وه‌ ئێستایش ڕوون و ئاشكرایه‌ چه‌ند مانگێكی پێ چوو تا ده‌رنجامی ھه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند كرا و وه‌ ئاڵۆزییه‌كان چه‌ند زۆر بوون بۆ پێكھێنانی حكومه‌ت و ئاڵۆزتریش ده‌بێت.
ئه‌مه‌ چ دیموكراسییه‌كه‌ و چ ھه‌ڵبژاردنێك!!!!
دۆخی سیاسی كوردستان ئاڵۆزه‌ و عیراق ئاڵۆزتر، ئاستی وشیاری سیاسی و دیموكراسی ھه‌رێم لاواز و عیراق لاوازتر، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بێ ئومێدن و ھی عیراق بێ ئومێدتر....
واته‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانی دیموكراسی په‌یڕه‌و بكه‌ین و به‌ڵكو شێواندمان و ھه‌ڵبژاردنمان كرد به‌ مه‌یدانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ململانێیه‌ ناڕه‌واكانی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ك ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌ری گه‌ل.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket