riklam

هەڵبژاردن لە سویدو لە کوردستان

بیروڕا 08:38 PM - 2018-09-07
.

.

لە دوا هەڵبژاردنی سوید (١٤ی ئەیلولی ٢٠١٤)دەنگدەران بەڕێژەی ٨٥،٨٪بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد. زۆرترین ڕێژەی دەنگدان لە مێژوویهەڵبژاردنی سوید لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٧٦ ئەنجامدرا، کە بە ڕێژەی ٩١،٧٦ لە دەنگدەر تێیدا بەشداربوون. ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو(٩ی ئەیلول) جارێکی دیکە، هەڵبژاردن لە سوید ئەنجام دەدرێ. لەڕاستیدا زیاد لە سەد ساڵە، ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردن بەردەوام لەزیادبووندابووە. لە ساڵی ١٩١١ تەنیا ٥٧٪ لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد، لەوجار ژن و هەندێک گروپی دیکەی کۆمەڵگای سویدی بۆیان نەبوو نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن و دەنگ بدەن، بەڵام ئەوە لە ساڵی ١٩٢١ گۆڕدرا. پاش خەباتێکی درێژ و بێکۆتایی، ژن مافی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی لە پەرلەمانی سوید بەدەستهێنا. 

لە دەنگدانی ١٨٦٦ تەنیا ٢٠٪ لە هاوڵاتییانی سویدیمافی دەنگدانیان هەبووە. بۆئەوەی مافی دەنگدانی هەبی، دەبوایە لەوکات داهاتی ساڵانەی لە ٨٠٠ (ریکسداڵ– پارەی ئەوکات) کەمتر نەبی. ئەمڕێژەیەی دەنگدەر لە ساڵی ١٩٠٨ بۆ ٦٠٪ بەرزبۆوە، چونکە داهاتی هاوڵاتییانی سوید زیادی کرد. 

مێژووی هەبوونی پەرلەمان و هەڵبژاردن لە وڵاتی سویدبۆ نزیکەی ٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٤٣٥ لە Arbogaکۆبوونەوەیەک لەسەر داوای مەلیک ڕێکخرا، بۆئەوەی بڕیاری گرنگ تایبەت بە وڵات بدەن. سویدییەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەقەڵەم دەدەن. لەنێوان ساڵانی ١٥٢٧ – ١٥٤٤ پەرلەمان لە چوار قەوارە: بەگزادە، قەشە، پارەدار، جوتیار پێکهاتبوو. وشەی پەرلەمان(riksdag) لە ساڵی ١٥٤٠وە بەکاردێت. لە ساڵی ١٨٠٩ سوید دەستوری تازەی نووسی. تێیدا دەستەڵات لەنێوان پەرلەمان ومەلیک دابەشکرا. 

پەیداکردنی ئەزموونی زۆر،هەروەها خەباتی بەردەوامو بێکۆتایی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک، پارتە سیاسییەکانی سویدی ناچارکرد، زوو زوو کۆنگرەی حزبی خۆیان ببەستن و سەرکردە و سەرۆکی تازە هەڵبژێرن و پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئاستێکی بەرز و جوانتر ببەن، کە دەکاتە ئەوەی:ڕێز لە هاوڵاتییانی خۆیان بگرن، بەرنامە و ستراتیژیان لەخزمەت ئەواندابێت و لە بەڵێن و دروشمەکانی هەڵبژاردن پەشیمان نەبنەوە. نەک هەر ئەوە،هەڵبژاردن لەگەڵ کات و قۆناغ و سەردەمەکان بگونجێنن،بەکردەوە پیشانی جەماوەری بدەن، کە هەموو دروشم و بەڵێنەکانی هەڵبژاردن،لەخزمەت حزب و هاوڵاتی دابن، نەک کەس و سەرکردەکان. 

لە کاتی هەڵبژاردن، لە مەیدان و سەنتەری گەڕەک و شارەکان، حزب کۆشکی خۆیان دادەنێن و لەوێندەر جگە لە هەبوونی بڵاوکراوە، وەڵامی پرسیاری هاوڵاتییان دەدرێتەوە، لەهەمان کات، سەرۆکی حزب و کەسە دیارەکان، شار وەشار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەگەڕێن و لە شوێنە گشتییەکان خوتبە بۆ جەماوەر دەدەن. 

سەدان هەزار ئەفیش بە قەبارەی بەتاڵلەسەر کارتۆن چاپدەکرێ، تێیدا دروشمی جیا جیای حزب بە چەند وشەیەک و بە فۆنتی گەورە و قەڵەونووسرایە، کە لەدووری ٢٥ تا ٥٠ مەتر دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە. 

قورسایێكی زۆر دەخرێتە سەر تەلەفزیۆن، هەرچەندە دەیان کەنالی تەلەفزیۆن لە سوید هەن، بەڵام لەناو هەموویان تەنیا سێ کەناڵ بەرنامەی سیاسی و دەنگوباسیان هەیە. دوو لەو کەنالانە، (یەک و دوو) (Public service)سن، کە دەکاتە ئەوەی کەنالی نیشتمانین و بودجەیان بەیاسا لەلایەن بینەرانەوە بۆ دابین دەکرێ. لەتەواوی کاتی دیارکراوی هەڵمەتی هەڵبژاردن، لەم دوو کەنالە چەند جارێک هەموو سەرۆکی پارتە سیاسییەکان وەک یەک ڕێگایان پێدەرێ بێن و قسە بکەن، ئەویش زیاتر لەبەرنامەکانی هەڵبژاردن، زیاتریش سەرۆکی حزبەکان میوانداری دەکەن و بۆ ماوەی یەک یان دوو کاتژمێر وەڵامی پرسیارەکانی دوو رۆژنامەنووس دەدەنەوە. کەنالی سێیەم (کەنالی چوار) کەنالێکی ئەهلییە و ئەویش چەند جارێک سەرۆک یان کەسە دیارەکانی حزب بانگ دەکات و پرسیاریان لێدەکات. جگە لەوە، هەر سەرۆک حزبێک، یەک ڕێکلامی تەلەفزیۆنی نزیک یەک خولەکی بۆخۆی کردیە و لە کەنالە ئەهلییەکان بەپارە پیشان دەدرێ.

هەبوونی ئەو بەرنامە گفتوگۆیانە زۆر پێویستن، چونکە لەو وڵاتانەی دەمێکە دیموکراتی هەیە وبناغەیەکی پتەوی دانایە، هاوڵاتیێکی زۆر خۆی ساغ نەکردۆتەوە ونازانی دەنگ بە چ حزب یان بەرەیەک بدا، لە ڕێگای ئەم بەرنامانەی تەلەفزیۆن و رادیۆ، ئینتەرڤیووەکانی رۆژنامە و گۆڤار، سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆجیای زانیاری،ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگدەر بەتایبەتیش لەناو چینی گەنج، خۆیان ساغدەکەنەوە،لە دڵەڕاوکێ دەردەچن و دەزانن دەنگ بە چ حزبێک دەدەن. 

حزبەکانی سویدی لەناو دوو بەرە خەبات بۆ ئامانجەکانیان دەکەن. بەرەی سۆسیالیستەکان، کە پێکهاتوون لە: (پارتی سۆسیال دیموکڕات، پارتی چەپ، پارتی ژینگە) بەرەی بورژواکان پێکهاتووە لە: (پارتی پارێزگەران، پارتی لیبرالەکان، پارتی ناوەڕاست، پارتی مەسیحی)، جگە لەوانەی سەرەوە، لەم چەند هەڵبژاردنەی دوایی حزبێکی ڕاستڕەوی رەسیست و دژ بە بیانییەکان بەناوی: (سڤێریێ دیموکراتەرنا) کار دەکات، کە لەم هەڵبژاردنە پێشبینی دەکرێ دووەم یان سێیەم دەنگ بێنن. جارێ هیچ حزبێک نایەوێ لەگەڵ ئەم حزبە نەژادپەرستە حکومەت پێکبهێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە بەرەی بورژوا نزیکە، بەدوور نازاندرێ پارتی پارێزگەران خۆی لەگەڵ بگونجێنی. 

سەرۆکی حزب بەرپرسیارێتی سەرۆکی لیست وەردەگریت و لەکاتی بردنەوەش، ئەو حزبەی یان بەرەیەی زۆرترین دەنگ دێنی، ئەو حکومەت دروست دەکات و سەرۆکی ئەو لیستیش، کورسی سەرۆکی حکومەت وەردەگریت. هەموو دروشمەکانی هەڵبژرادن مەرکەزین و لە خزمەت حزبدان. هەموو هەڵمەتی هەڵبژاردن لەخزمەت حزبدایە و کاربۆ حزب دەکەن نەک بۆکەس، کە زیاتر لە ئەفیشەکان ڕەنگدەداتەوە و بە ئاسانی دەبیندرێ. لە سوید هیچ لافیتەیەک لە هیچ شوێنێک لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن هەڵناواسرێ، شەقامەکان پیسناکرێن. هەر حزبێک سەدان هەزار ئەفیش لەسەر کارتۆن چاپدەکات و هەر ئەفیشێک بۆئەوەی هەڵواسینی ئاسانبێت، لە سەرەوە چوار کونی تێکرایە و لە تەنیشتیش سێ کون هەیە، کە بە قەفیسی لایلۆنلە بەرزاییەکان و شوێنی بەرچاو دەبەسترێت و لێکردنەوەشی ئاسانە و شوێنی هەڵواسین پیسناکات. 

ئەگەر هەڵبژاردن، لە کوردستان و لە سوید کەمێک بەراورد بکەین، دەبینین هەڵمەتی هەڵبژاردن لە کوردستان بەرەڵایێکی زۆر و بێسەروبەری گەورەی پێوەدیارە. پاڵێوراوەکان کار بۆخۆیان دەکەن. هەربۆنموونە: ئەگەر دەربچێت، ئەو چ دەکات و چ ناکات، نەک حزب چ دەکات و چ ناکا... ئەو باس لە بەرنامەی خۆی دەکات، نەک لە بەرنامەی حزب، جگە لەوە، حزبەکانی کوردستان، بەرنامەیەکی پوختیان بۆ پاڵیوراوانیان نییە و فێریان ناکەن، چۆن لە هەڵمەت بەشداربن، چ بابەتێک بەرزبکەنەوە یان دەستی لێنەدەن. لەهەمان کات، سەرۆک یان سکرتێری حزب، نابێت بە سەرۆکی لیست، ناچێتە ناو خەڵک و بە پێچەوانەوە، خەڵکی بە ڕیم و پاس بۆدەبەن، کە لە زۆربەی کات، ئەندامی هەمان حزبن وبێ ئەو بانگکردنەش دەنگی ئەوانیان هەیە. جگە لەوە سەرۆک یان سکرتێر، بەشداری لە دێبەیتەکانی تەلەفزیۆن ناکا، گوتار نانووسیت و لەپشت پەردە کار بۆ دەرچوونی حزبەکەی دەکا، کۆشکی هەڵبژاردنیش لە شار و مەیدانەکان نین.

هەڵمەتی هەڵبژاردن لە کوردستان بە پیسی بەڕێوە دەچێت و جگە لەوەی مێشک هیلاک دەکەن، هاوڵاتی بێزاردەکەن، شەقامەکان بە وێنەی ناشیرن و لافیتەی گەورە پیس دەکەن، کە هەمووشی لەخزمەت کەسەکانە، زەقکردنەوەی کەسەکانە، نەک حزب و سەرکردە یان سەرۆکی لیست.هەر لەوکات، پاڵێوراوان، بە ئاگادێن و ئەوەی زۆر دەمێکە سەردانیان نەکردووە، دەچنە لای و داوای دەنگی لێدەکەن، بۆیە بێویستی خۆیان، لەم هەڵسوکەوتە ناشیرنە، جۆرە خۆسووکردنێک هەستی پێدەکرێت و دەبیندرێ. 

هەڵمەتی هەڵبژاردنلە کوردستان، جگە لەوەی سنوور وچوارچیوەیبۆ دانەندرایە، حزب خۆی خاوەنی دەزگای ڕاگەیاندنی خۆیەتی و لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بە ئارەزووی خۆی بەکاری دێنی.

لێرە، دەبیندرێ، نەزانین و تێنەگەیشتن لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە کوردستان هەیە، هاوڵاتی لێی بێزارە و حزبیش قەتبە ئەنجامی دەنگدان رازی نەبووە و یەکتریان بۆ قبوڵ ناکرێ. جگە لەوانەی سەرەوە، تەزویری زۆر دەکرێ، حزب دەتوانی، بە ئاسانیناوی کەسێکی براوە ڕەشبکاتە و ناوی کەسێکی دۆڕا لە شوێنی ئەو دابنێت و دۆڕاوەکەشبۆ پەرلەمان ڕەوانە بکا. 

د. مەغدید سەپان

ستۆکهۆڵم ٥ی ئەیلولی ٢٠١٨

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket