riklam

جەنگی نێودەوڵەتیی دراو

ئابوری 04:14 PM - 2018-09-06
.

.

لەگەڵ هەڵایسانی جەنگی فرە لایەنەی بازرگانیی لەلایەن ئەمێركاوە بە سەركردایەتی دۆناڵد ترامپ، مەترسیی هەڵایسانی جەنگی نێودەوڵەتیی دراو رووی لە زیادبوونە، دوای ئەوەی هەریەك لە چین و یەكیتیی ئەوروپا بەهای یوان و یۆرۆیان داشكاند، دەشێ ئەمەش هانی واشنتن بدات بەهای دۆلاری ئەمێركی دابشكێنێت.

بەهۆی رەوشی ناوخۆیی ئابووریی توركیاو گرژییەكانی لەگەڵ ئەمێركا لیرەی توركیا نزیكەی ٤٠% بەهاكەی لەبەرامبەر بە دۆلاری ئەمێركا لەدەستدا، هاوكات بەهۆی سەوداكاریی بازاڕی دراوەوە بەهای یۆرۆ و ئیستەرلینی‌و رۆبڵی روسی‌و راندی باشووری ئەفریقیاو روپێی هیندی داشكان، هەموو ئەم داشكاندنانە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بانكەكانی ئەوروپا و بازاڕی پشكی ئەوروپا و ئەمریكا هەبوو.

هەڵایسانی جەنگی دراو

راستە پشتیوانی ئەوروپا و قەتەرو رووسیا داڕمانی بەهای لیرەی توركیا بەشێوەیەكی كاتی راگرت، تاوەكو رێگری لە داڕمانیكی دارایی بكەن چونكە زیانیكی ئابووریی گەورەی بە ئەوروپا و رووسیاو بازەڕە هەلكەوتووەكان دەگەیاند، لەگەڵ ئەمەشدا ئابووریی توركیا پێویستی بە پشتیوانی زیاترو گەورەتر هەیە، رەنگە ناچاری كات زیاتر بە ئاراستەی رووسیاو چین‌و هەندێك دەوڵەتی تردا هەنگاو بنێت.

بەوجۆرە تەقوتۆقی بازرگانی هەڕەشەی هەڵایسانی جەنگی دراو دەكات، ئەو رەسمە گومرگییانەی دۆناڵد ترامپ بەسەر چین و یەكێتیی ئەوروپا و كەنەدا و مەكسیك و دوواینیشیان توركیا سەپاندی، ئەو دەوڵەتانەشی بەو ئاراستەیەدا برد كە بە هەمان شێوە رەسمی گورمگی لەسەر هاوردەی ئەمێركا بۆ وڵاتەكانیان زیاد بكەن.

لەپەرەسەندێكی دواتردا، چین و یەكیتیی ئوروپا بەهای دراوەكانیان بە ئامانجی پشتیوانیكردنی هەناردەیان داشكاند، ئەمەش هەوڵەكانی ئەمێركای بۆ راستكردنەوەی لاسەنگی تەرازووی بازگانیی نێوانیان شكست پێهێنا، ئەمێركاش جگە لە گوشاری زیاتر بۆ سەر بەیجین و برۆكسل بۆ جێگیركردن نرخی گۆڕینەوەی دراوەكانیان هێچ ئەگەرێكی تری لەبەردەستدا نییە، یان ئەوەتا خۆی وەك ئەوان بەهای دۆلارەكەی دائەشكێنێت.

هەڵكشانی قەرزی دەرەكی

ئەگەر هاتوو ئەمێركا پەنای بۆ داشكانی بەهای دۆلار برد، ئەوا زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بەناچاری بەهای دراوەكانیان دائەشكێنن، بۆ ئەوەی بتوانن كێبڕكێ و هانی ئابوورییەكانیان بدەن و پشتیوانی لە هەناردەیان بكەن، ئەوەش لەڕێی داشكاندنی نرخی سود یان دیاریكردنی نرخی گۆڕینەوەی دراوەكانیان بۆ هێزی بازاڕ بەجێبهێڵن، واتە لە سایەی سیاسەتی ئازادكردنی نرخاندنی گۆڕینەوەی دراو. ئەم سیاسەتی داشكاندنی بەهای دراوە پێی دەگوترێ سیاسەتی هەژاركردنی دراوسێ، كاتێك دەوڵەتێك هەڵدەستێت بە سەپاندن رەسمی گومرگی بەسەر دەوڵەتانی تردا، هەوكاتیشی بەشێوەی ئاشكرا یان نهێنی بەهای دراوی وڵاتەكەی خۆی دائەشكێنێت، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی لەسەر حسابی دەوڵەتانی تر كە دووچاری كێشەی ئابووری دەبنەوە، بەدیبهێنێت.

لە حاڵەتی تریشدا، دەوڵەت هەیە بەناجاری بەهای دراوەكەی دائەشكێنێت، دەشێ لەسەر داوای سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت بێت، بۆ ئەوەی لێوەی چارەسەری هەڵكشانی قەرزی دەرەكی یان كورتهێنانی تەرازووی پێدان (هەڵكشانی هاوردەی لەبەرامبەر بە هەناردەی)، هەروەها هانی بەرهەمی ناوخۆیی و یەدەك لە نەختی بیانی زیاد بكات.

باشتربوونی رەوشی هەناردە

دەشێ سەوداكاری ببێتە هۆكاری داشكاندنی بەهای دراوی ناوخۆیی لە دەوڵەتێكدا، ئەوەش لەڕێی كڕینی دراوی بیانی نرخەكەی هەرچەندێك بێت، واتە فرۆشتنی چڕی دراوی ناوخۆیی، كاتێك بانكی ناوەندی بۆ پشتیوانی بەهای دراوەكەی دەست وەردەدات، سەوداكارییەكان بۆ هەڵڵوشینی یەدەكی دراوی بیانی بەردەوامی دەبێت.

دەشێ بەهای دراوی دەوڵەتێك بەهۆی قەرزكردنی ئەو دەوڵەتە لە بانكە نێودەوڵەتییەكان دابشكێت، ئەو بانكە نێودەوڵەتییانە مەرجیان دەبێت بۆ دیاریكردنی نرخی گۆڕینەوەی دراوی وڵاتەكە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمێركی، ئەمەش لە حاڵەتی زۆر تایبەت و زۆر بە دیاریكراویش روو دەدات.

لەهەموو حاڵەتێكدا داشكاندنی بەهای دراوی دەبێتە هۆكاری باشتربوونی رەوشی هەناردەی ئەو دەوڵەتە و لەبەرامبەریشدا هاوردەی كەم دەكات، واتە نێوەنجی ئاڵوگۆڕی بازرگانی باشتر دەبێت و كورتهێنانی حسابی رەوانی دائەشكێت، رەنگە بێتە هۆی زیادبونی یەدەكی ئەو دەوڵەتە لە دراوی بیانی و هاندەری پیشەسازیی ناوخۆیی بێت لەبەرامبەر بە پوكانەوە و خاوبوونی ئابووری.

بەڵام لەبەرامبەریشدا، داشكانی بەهای دراو هەڵكشانی نێوەنجی هەڵئاوسان و تێچوونی گوزەران و نرخی شمەك و خزمەتگوزاریی لێدەكەوێتەوە، هەروەها تێچوونی سەفەركردنی بۆ دەرەوە، داشكانی هێزی كڕین و هەڵكشانی تێچوونی دانەوەی قیست و سودی سەر قەرزی دەرەكی، هەروەها كاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی پشك و نرخی نەوت دەبێت، وێڕای روودانی ئیفلاسبوونی ئەو كۆمپانیا و بانكانەی كە بەرگەی ئەو داشكاندنەی خێرایەی بەهای دراوی وڵاتەكەیان ناگرن.

لاسەنگیی لە تەرازووی بازرگانی

لە ساڵی ١٩٣٠، لەسایەی بێازاڕی گەورەدا یەكەم جەنگی نێودەوڵەتیی دراو هەڵایسا كە دە سالی ویست تاوەكو كاریگەرییەكانی تێپەڕێندرێت، ئەو رەوشی بێبازاڕییە هانی بانكە ناوەندییەكانیدا بۆ داشكاندنی بەهای دراوەكانیان تاوەكو ئابوورییەكانیان لە پوكانەوە و داچوونەی تیابوون گوڕێكی پێبدەن، كە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی پاشەكشێی كردبوو، قەرزەكان زۆر زیادیان كردبوو، بێكاری گەیشتبووە نزیكەی ٣٥% ٢ بازرگانیی نێودەڵەتی بە رێژەی ٥٠% داشكا بوو.

لەگەڵ دامەرزاندنی سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت لە ساڵی ١٩٤٥ بە ئامانجی پشتیوانی بەهێزكردنی هاوكاریی نەختی جیهانی، رێككەوتنێك لەسەر (سستمی بریتن ودز)ی تایبەت بە ئیدارەدانی پەیوەندیی بازرگانی و دارایی و زامنكردنی دەستوەردانی حكومەتەكان و رێكخستن نرخی گۆڕینەوەی دراو كرا، بەڵام ئەو سستمە لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوو داڕما، ئەو داڕمانەش بە ئاستی جیاواز جەنگی دراوە نێودەوڵەتییەكانی لە ساڵانی ١٩٧٧، ١٩٩٢، ٢٠٠٨، ٢٠١٠، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی لێكەوتەوە، لاسەنگیی لە تەرازووی بازرگانی هۆكاری پشت هەڵایسانی زۆربەی ئەو جەنگانەی دراو بوونە، لەگەڵ داشكانی بەهای یوان بە رێژەی ٣% لە لایەن چینەوە بۆ ئەوەی هەناردەی زیاتر بكات، بانكی ناوەندیی ئەوروپاش بەهای یۆرۆی بە رێژەی ٦.٢% داشكاند، بەدوایشیدا بەهای زۆربەی دراوە سەرەكییەكانی جیهان داشكێندران.

داشكانی بەهای یوان

بەڵام جەنگی دراو سودی بە دۆلاری ئەمێركی گەیاند، كە لە ماوەی دە ساڵی رابردووە تا ئیستا بە بەراورد بە دراوە سەرەكییەكان، بەرزترین رێژەی تۆمار كردووە، لەكاتێكدا یوان و یۆرۆ و جونەیهی ئستەرلینی و دراوەكانی تر لەو ماوەیەدا ١٠% یان تۆمار كردوە.

بەهۆی هەڵكشانی بەهای دۆلار، ئەمێركا زیاتر لە هەموو دەوڵەتانی تری جیهان سەرمایەگوزاریی بیانی رووی تێكردووە، بەڵام ئەوە بە نەرێنی كاریگەریی لەسەر هەوڵەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ كردووە بۆ ئەوەی پشتیوانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و زیادكردنی هەناردەی ئەمیركا بكات.

لەگەڵ هەنگاوی چین بەرەو داشكانی بەهای یوان وەك بەرچەكرداری بەرامبەر بە سەپادنی رەسمی گومرگی زیاتر بەسەر هەناردەی شمەكی چینی بۆ ئەمێركا، رەنگە ترامپ بۆ پشتیوانیكردنی هەناردەی وڵاتەكەی و چارەسەركردنی لاسەنگی تەرازووی بازرگانیی لەگەڵ چین، ناچار بێت بەهای دۆلار دابشكێنیت،

بەڵام داشكانی بەهای دۆلار چاوەڕوانكراو كێشەكە چارەسەر ناكات، رەنگە ئەستەم بێت ئەمێركا لەجەنگی دراودا لەبەرامبەر بە چین سەركەوتن بەدەست بهێنێت، كە دەتوانێ لە داشكانی بەهای یوان بەردەوام بێت ، لە كاتێكدا وەزەراتی خەزانەی ئەمێركا بەسەر بەهای دۆلاردا سنوردار بێت.

سەرباری ئەوەش، داشكانی بەهای دۆلاری ئەمێركی هەڕەشەی هەڵایسانی جەنگی نێودەوڵەتیی دراو دەكات، وەك ئەوەی چۆن لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ روویدا، ئەوەش پشێویی لە بازاڕەكانی جیهان دروست دەكات و زیان بە بازرگانیی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت.

لە حاڵەتی داشكانی بەهای دۆلاردا، زۆرێكی دەوڵەتانی هەناردە لە جیهان لە یەك كاتدا بەهای دراوەكانیان دائەشكێنن، بۆ ئەوەی هەناردەكانیان توانای زیاتری كێبڕكێیان لە بازاڕەكانی جیهاندا هەبێت، ئەوەش هانی بانكە ناوەندییەكانی بازاڕە هەوڵكەوتوەكان دەدات بۆ ئەوەی نرخی گۆڕینەوەیان جێگیر بكەن، ئەویش لەڕێی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانییەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە بەهای دراوەكانیان بكەن.

سەوداكاریی دراوی بیانی

بەڵام سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە بەندە بەو بڕە یەدەكەی دراوە بیانییەی لەناو ئەو بانكانەدا هەیە، لەكاتی نەمای ئەو یەدەكە یان مەترسی تەواوبوونی هەبێت، ئەوا ئەو بانكانە بە ناجاری و بە پەلە دەستبەرداری ئەو پرۆسەیە دەبن.

هەروەها بانكە ناوەندییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەوداكاریی دراوی بیانی، گەمە بە سەنەداتە نێودەوڵەتییەكانی بكات كە بریكار یان سەوداكاران لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی بیانی پێی هەڵدەستن، هەروەها بۆ رێگرتن لە پرۆسەی تەزویركردنی دراوی وڵاتەكەی بەكاری دەهێنێت.

بێگومان داشكاندنی بەهای دراو ستراتیجیەتییەكی پڕ مەترسییە، داشكانی بەهای دراوی دەوڵەتێك بە تەنیا دەبێتە هۆكاری هەڵكشانی بەهای دراوی دەوڵەتێكی تر، لەبەرامبەریشدا جەنگی دراو كە لە یە كاتدا چەند دەوڵەتێك تێیدا بەشدار دەبێت دەشێ ئاكامی كارەساتباری لێ بكەوێتەوە، لەواە هەژاری و هەڵكشانی رێژەی هەڵئاوسان و داڕمانی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیان.

تا ئێستا ئەو جەنگە بازرگانییەی ئەمێركا سەركردایەتی دەكات لەبەرامبەر بە هاوپەیمان و شەریكەكانی نەبۆتە جەنگی دراو، بەڵام بڵێسەی یەكەمی ئەو جەنگە دەست پێدەكات ئەگەر هاتوو ئەمیركا بەهای دۆلار بشكێنێت، ئەوكات زۆرێكی دەوڵەتان لە یەك كاتدا دەست بە داشكاندنی دراوەكانیان دەكەن، ئەمەش سیناریۆیەكی ترسناكە رەنگە هەمان ئەوەی لە سییەكانی سەدەی رابردوو روویدا دووبارە بێتەوە، كاتێك ئابووریی جیهان چووە قۆناغی بێبازاڕیی گەورەوە و دە ساڵی خایاند.

وەرگیراوە لە كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket