riklam

ئایندەی حوكمڕانی لەعیراقدا...

بیروڕا 02:38 PM - 2018-09-06
.

.

 ئایندەی حوكمڕانی لەعیراقدا بەئاڕاستەیەكی هەڵەدا هەنگاو دەنێت !!!

•ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت لە پەرتوبڵاوی نێو ماڵەكانی شیعە و سونە و كورد و ئەوانی تریش وهەبونی ململانێی توندی ناڕەوا لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكان ونەگونجان و لێكنزیك نەبونەوەی لایەن و سەركردە سیاسیەكان و پیادەكردنی سیاسەتی ڕق و كین دژی یەكتری و هەوڵدان بۆ تێكشكاندنی دۆست و یار و نەیارەكان پێكەوە تەنها لەپێناو سەركەوتنی خوددا،هەوڵی پەراوێزخستن و كەنارگیركردنی یەكتری و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵات و كاركردن بۆ بچوككردنەوەی یەكدی ،هەموو ئەم هەنگاو و نیەت و كردارانە دەچنە چوارچێوەی دوژمنایەتی ڕاستەقینە و ئاشكراشە هەموو دوژمنایەتیەكی ناڕەوا هەمیشە دۆڕاندن و شكست و كارەساتیشی بۆ هەموان لێدەكەوێتەوە.

•ئەوەی ئێستا لە ناو صاڵۆن و ڕاڕەوەكانی سیاسی لە عێراق و بەغدادا دەیبینین و هەستی پێدەكەین لە هەوڵدان بۆ پێكەوەنانی گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی كە زۆرترین ژمارەی ئەندام پەڕلەمان لەخۆبگرێت و كڕینی ویژدان و هەڵوێستی هەندێك و بەڵێندانی ناڕاست بەهەندێك و فریودان و ساختەكاریش لە واژۆكانیان و زۆر كار و هەنگاوی ناڕەوای تر، هەموو ئەمانە یەك ڕاستیمان پیشان دەدەن كە بریتیە لەوەی كە زۆربەی سیاسیەكانی عێراق تەنها لەخەمی حیزب و سەركردە و بنەماڵەكانیاندان نەك نەتەوە و نیشتیمان،لەخەمی بەدەستهێنانی سەروەت و سامان و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نەك گێڕانەوەی شكۆ و سەروەری عێراق و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان، تەنها ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە ئایندەی حوكمڕانی لە عێراقدا بەرەو هەڵدێر و بە ئاڕاستەیەكی نادروست و هەڵەدا هەنگاو دەنێت نەك بە ئاڕاستەی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە، هەنگاو بەرەو تاكڕەوی و قۆرخكاری و پاوانخوازی و گەندەڵی زیاتر و نادادپەروەری زۆرتر دەنێت نەك ڕێزگرتن لە دەستور و یاساكان كە بڕوایان بە دیموكراسیەت و پێكەوەیی سیاسی و سیستەمێكی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی هەیە.

•ئاشكراشە تاوان و لێپرسراوێتی هەموو ئەم هەنگاوە هەڵانە لەئەستۆی شیعەی زۆرینەدان چونكە هۆكاری یەكەمن بۆ تێكدانی نێوماڵی عێراق بە گشتی و بەتایبەتیش نێو ماڵی خۆیان،شیعەی زۆرینە مەزهەب لە عێراقدا لە ئێستادا كەس حەسودیان پێنابات چونكە دابەشبونەتە سەر چەندین بەرەی ئێران و ئەمریكا و عەرەبی سونەی كەنداو و تەنانەت توركیاش،ئەوان ئەوەندی لەنێوخۆیاندا تەفروتونابوون و لێكهەڵوەشاون و دڕدۆنگن لەگەڵ یەكتردا هیچ كات بەم شێوەیە ناكۆك و ناتەبا نەبوون بەدرێژایی 15 ساڵی ڕابووردوو ،لانی كەم كێشە و ململانێكانیان دەرنەچووبوە دەرەوەی نێوماڵەكەی خۆیان بەڵام لە ئێستادا بونەتە مایەی گاڵتەجاڕی دۆست و دوژمنەكانیان و لەماوەی ئەم 15 ساڵەی ڕابووردودا ماهیەتی ڕاستەقینە و ڕووی ڕاستەقینەی پیلان و نیەتە خراپەكانی خۆیان نیشاندا و سەلماندیشیان كە شیعەی عێراقی لە ئاست بەڕێوەبردنی دەوڵەتێكی وەك عێراقدا نین، ئەوان بەكار و كردەوە و هەڵوێستە ناڕۆشن و شاراوە ودرۆزن و دووڕوەكانیان لەگەڵ سونەی عەرەب و كوردیشدا هەردوولایان لەخۆیان دورخستۆتەوە وبەمەش عێراق و ئایندەكەیان خستۆتە بەر مەترسی لێكهەڵوەشاندنەوەوە.

•شیعەی عەرەب لە ئێستادا گەرەكێتی كە حكومەتێكی زۆرینەی شیعە پێكبهێنێت و هەموو پێكهاتەكانی تر كە كاریگەرن و هاوبەشی ڕاستەقینەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ‌ بوون تەریك بكەن و ڕۆڵ و كاریگەریان زیاتر بچوك بكەنەوە،ئەمەش بۆخۆی هەڵەیەكی مێژوویی گەورەیە و بەدەستی خۆیان ئایندەی عێراق و ناو وناوباگی دەخەنە بەر مەترسی لێكهەڵوەشان و ڕووبەڕووی گیروگرفتی زۆری دەكەنەوە كە هیچ پێویستی پێیان نیە.شیعەی عەرەب بەتایبەتی بەبێ‌ كورد دۆخی سیاسی و ئابوری زۆر خراپە و ناتوانێت عێراق بپارێزێت و یەك و یەكگرتوویی خاك و گەلانیشی بپارێزێت.شیعە بەبێ‌ بوونی هاوپەیمانی و دۆستایەتی ڕاستەقینە لەگەڵ كوردا پشت و پەنایەكی گەورەی  لێ‌ دووردەكەوێتەوە،هەموو كات كورد زامنی پاراستن و یەك و یەكگرتوویی خاكی عێراق بوە،هەركات كورد و شیعە لێك جودا بونەوە مانای جودابونەوەی كورد و بچوكبونەوەی عێراق و لێكهەڵوەشانەوەیەتی.

بۆیە تەریككردنی كورد و بەشداریپێنەكردنی لە كوتلەكانیان(( كوتلەی سائیرون ونەصر و حیكمە و وەتەنیە و ئوسامە نوجەیفی و توركومان و..هتد كە خاوەنی 177 ئەندامە))لەگەڵ كوتلەی(( دەوڵەتی یاسا و فەتح وئەوانی تردا كە 145 ئەندامن)) و بڕوانەهێنان بە داواكاری و پڕۆژە ڕەواكانی كورددا ئەوا هیچ كات عێراقی شیعە مەزهەب ئۆگرەیی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە نابینێت، باشوور و ناوەڕاستی عێراق كە لە ئێستادا لەهەموو ڕووەكانی سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیەوە ناگاتەوە بەكوردستان،ئەوا بەبێ‌ بوونی كورد لە سیستەمی حوكمڕانی عێراقدا ئەوەندەی تریش لەكەڵك دەكەوێت و هێز و پێزی تیادا نامێنێت.بۆیە بۆ شیعەكان لە پێش كوردا بە قازانجە كە جێگە و پێگەی سەنگین و شایستەی كورد بپارێزن و بەدەم داوا ڕەوا نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیەوە بێن.

•شیعەكان لەگەڵ سونەكانیشدا و تەنانەت لەگەڵ مەسیحی و توركومانەكانیشدا پەیوەندی و دۆستایەتیان زۆر توندوتۆڵ نیە و تەنها وەك مقاش و بۆ بەرژەوەندی كاتی و تاكتیكی خۆیان لەگەڵیاندا ڕێككەوتون،بۆیە پێكەوەنانی هەر هاوپەیمانی و كوتلەیەكی پەڕلەمانی بەم شێوەیەی ئێستا و بەبێ‌ بونی میساقێكی شەرەف و نوسراو وبڕواپێهێنەر هەرگیز چارەنوسی سەركەوتن نابێت،بەڵكو زۆر لاواز و فشەڵ و بێ‌ پشتیوانی جەماوەری و شەقامی عەرەبی دەمێنێتەوە،بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانە جەماوەریەكانی بەسرا و باشور و بەغدادە لە 4/9/2018وە زۆر بەتوندی و وەڵامدانەكانی دەسەڵاتدارانیش بە گولە و توندوتیژتر هێندەی تر شكستی هەوردوو هاوپەیمانی و كوتلە عەرەبیەكانی((شیعە و سونەی ))دەرخست.

•بەدڵنیایش لە ئایندەشدا هەروا دەمێنێتەوە چونكە هەموانیان گومانیان لەیەكتری هەیە و هیچكامیان ڕاستگۆیانە دەستی كاركردن و برایەتی و ئاشتی بۆ ئەوی تر درێژنەكردوە،هەربۆیە چاوەڕواندەكرێت كە بەناچاری ڕووبكەنەوە كورد و تەنها كورد لاسەنگی هاوكێشەكەی نێوانیان ڕاستدەكاتەوە،خۆشبەختانەش كورد وەكو زۆرینەی ((یەكێتی و پارتی)) و گەر ئەوانی تریش بێنە پاڵیانەوە تائێستا سیاسەتێكی ڕاست و پشوودرێژییەكی باشیان نواندوە و تەسلیمی هیچ لایەكیان نەبون و ئەوەندەی لە هەوڵی بەدەستهێنانی گرەنتی ڕەسمی و نوسراون بۆ مافە ڕەوا نەتەوەییەكانی كورد نیوهێندە پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكانیان لا گرنگ نەبوە،كەئەمەش تائێستا خاڵی سەركەوتن و بەهێزی كوردە.بۆیە گەر زۆرینەی شیعەی عەرەب و تەنانەت سونەكانیش گەرەكیان بێت 4 ساڵی ئایندە ساڵانێكی ئارام و ئۆقرەیی بێت بۆ هەموان دەبێت هەر لەگەڵ كوردا ڕێكبكەون و بەهەموانیش عێراق بەڕێوەبەرن،ئەگەرنا ئەوا هەرلایە و ڕێگا و ئاڕاستەی خۆی هەڵدەبژیرێت و ئەوكاتیش تۆمەتباری سەرەكی تەنها و تەنها شیعەی عەرەبەكان دەبێت،چونكە ئیڕادەی ڕاستەقینەی عێراقیان دۆڕاندوە و هەرلایەكیان بۆنەتە لایەنگیری ئێران یان ئەمریكا كە ئەوانیش شەڕی بەرژەوەندی خۆیان دەكەن لەسەر حسابی خاك و گەلانی عێراق  و بەمەش تەنها درزی نێوان و جیاوازیەكانیان گەورەتر كردوە نەك یەك و یەكێتی و یەكگرتوویی عێراق.بۆیە ئەم  پێشبڕكێ‌ ناشەریفانەیە و ئەم ماراسۆنە نەبڕاوەیەی هەردوو كوتلەی عەرەبی شیعە ،ئاڕاستەی كاركردن و بیركردنەوەیەكی هەڵەیە و ئایندەی عێراق بەرەو تاریكی و لێڵی زیاتر دەڕوات و  لەكۆتایشدا بەزیانی گەورەی هەموان كۆتایی دێت.

•نەوزادی موهەندیس

[email protected]

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket