riklam

هەرێم و هەڵبژاردن....!!

بیروڕا 02:44 PM - 2018-08-30
.

.

پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق مێژوەكەی ئەوەندە كۆن نیە، سەر لەبەری دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێكی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 بە دواوە، لەسەردەمی مەلەكیەت هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەعیان دەكرا، بەڵام بە سیناریۆیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو وبۆ ئەو كەسە بوو كە وابەستەی سیستمی دەرەبەگایەتی و مەلەكیەت بوو، رەنگە جاروبار خەڵكانێكی نیشتمان پەروەریشی تێكەوتبێت، بەڵام رۆڵ و كاریگەریان شتێكی گرنگ نەبووە باس بكرێت، لەسەردەمی رژێمی دكتاتۆریەتیشدا دەكرا، بەڵام بۆ دەرچواندنی دكتاتۆر و بە رێژەی 99% و بەس، لە دوای روخاندنی رژێمی دكتاتۆریەت لە 9ی نیسانی 2003، گۆڕانكاریەكی گەورە لە عێراق هاتە كایەوە، سەرەتا فەرمانڕەوایی سەربازی راستەوخۆی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پاشانیش ئەنجومەنی حوكم و دواجاریش پەرلەمانی و هەڵبژاردن0

 تا هەنوكە چوار پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە بەمشێوەیە(2005، 2009، 2014، 2018) هەر چەندە لە  سێ‌ هەڵبژاردنەكەی پێشوش پرتە و بۆڵەی هەبوو، بەڵام وەكو ئەوەی ئەم دواییە نەبوو كە  لە 12مایسی 2018 بەڕێوەچوو، ئەمەیان زۆرترین گلەیی و گازاندە لەگەڵ خۆیدا هێنا، خەڵكی عێراقی كردە دوو بەش، براوە و دۆڕاو،خۆشی ئاساییە لە هەموو هەڵبژاردنەكان هەر وایە، من ئەوەی عێراق بەجێ دێڵم بۆ عێراقیەكان، مەبەستی من لەم نوسینە هەرێمی كوردستانە.

 جێگای نیگەرانیە هەر لەگەڵ دەسپێكی بانگەشە كردندا فەزایەكی ئاڵۆز خوڵقێنرا،  بە شێوەیەك هەندێك ئەحزاب هێلە سورەكانیشیان تێپەڕاند و كەوتنە تۆمەت بەخشینەوە و تەنانەت تەخوین كردنیش، بەراستی لە كەش و هەوای هەڵبژاردن نەدەچوو بە هەموو پێوەرەكان لە زەمینەسازی بۆ بەرپاكردنی شەڕ دەچوو، بێ ئەوەی بیر بكەنەوە خودی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دروستكردن و دامەزراندنی نموزەجێكی باشە لە پێكەوە ژیان و بە یەكەوە هەڵكردن نەك لێك دوركەوتنەوە و پەراوێزخستن، یەك شت هەبوو دەمەوێ بەبیر هەموو لایەكی بهێنمەوە، سەرباری ئەو كەشە فەوزا ئامێزە لایەنەكان دڵیان بەوە خۆشبوو بەوەی لە هەڵبژاردنەكەدا بە هۆی بە دەندگدانیئەلیكترۆنیەوەكە سیستەمێكی جیهانیە ساختەكاری تێدا ناكرێت و  شاباشیان پێی لێ دەدا، كەچی كە هەڵبژاردن بەڕێوەچوو بۆ ئێوارەكەی كە ئامارە سەرەتاییەكان وەدەركەوتن.

 ئیتر ئەوانەی دەنگیان كەم هێنا كەوتنە شین و واوەیلا و راست و چەپ پەلاماردانی ئەملا و ئەولا، راستە و راست و بێ‌ لێكدانەوە و خوردكردنەوەی پێش خان و پاشخانی پرۆسەكە و بەرنامەی كارو ئەدگارەكانیان، بێ ئەوەی ئەوەش بەبیرە خۆیان بهێننەوە كە دەیان وت پرۆسەكە ئەمجارە بێ خەوش دەبێت، پێویسە بوترێ‌ بەشی هەرە زۆری تانە و تەشەرەكانیان ئاراستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، هەرچی ناوی ناشیرین لەم جیهانە هەیە خستیانە پاڵ ئەم حزبە خەباتگێڕە، كار گەیشتە ئەوەی دەستیش تێكەڵاو بكەن لەگەڵ عەرەب و توركمانی شۆڤینی دژی كورد و یەكێتی لە كەركوك، باشترین بەڵگەش خیانەتەكەی  (6)ی حوزەیران بوو.

 مخابن هەموو  كێشە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیان لەگەڵ رژێمی عێراقی لە بیركرد بۆ دەنگ و كورسی پەرلەمان، هەڵایەكیان دروستكرد وەك ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە كۆتا هەڵبژاردنی ئەم وڵاتە بێت، ئیتر لەمەیان تێكڕای پێدراوە حیزبیەكان تەواو دەبێت و دەبڕێتەوە، گەلۆ لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا نزیكەی 50 هەڵبژاردن كراوە هێشتا  هەر هەڵپەهەڵپیانە و پێیان وایە لە نیوەی رێگادان.

 لە توركیای هاوسێشمان27 هەڵبژاردن كراوەلە ماوەی نزیەكەی 90 ساڵدا  هێشتا ململانێ حزبیەكانیان لە گەرمو گوڕترین دۆخی دایە وەك ئەوەی تازە چوبێتنە ناو پرۆسەكەوە، برایان ئێمە لە سەرەتای پرۆسەكەداین هێشتاش مەحكومە بە كۆمەڵێك هۆكاری خودی و بابەتی0

مەعلومیشە چەندین هەڵبژاردنی ترمان لەبەر دەمدایە كورد وتەنی (( كوڕ  ئەگەر كەمەنداربیت تاریكە شەو زۆرە)) كەوایە  هەموومان دەبێت ئارام بین و یەكتر قبوڵ بكەین و سود لەو دەرفەتە وەرگرین و گەلێك قۆناغ ماوە بیبڕین، ئاشكراشە ئامان نیە و نابێت چونكە ناحەز و دوژمنەكان لە بۆسەدان، چ جای خۆمان زەمینەی حەزە شەڕانیەكانیان بۆ خۆش بكەین.

عەبدولواحید محەمەد


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket