لانیا له‌نێوان یه‌ك تا شه‌ست چركه‌دا
ئەدەب وهونەر 01:58 PM - 2018-08-28.
ده‌بێت هه‌رچی زوتره، نامه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی بۆ بنوسم، یاسای ناو فڕۆكه وایه له‌كاتی فڕین‌دا نابێت هیچ ئامێرێكی ئه‌له‌كترۆنی به‌كاربهێنرێت.ده‌ستی ڕاستم كرد به‌گیرفانی رینكۆته ڕه‌شه‌كه‌مدا، ته‌له‌فۆنه‌كه‌م له‌گیرفانم ده‌ركرد. په‌نجه باریك ودرێژكانم خسته‌سه‌ر به‌شی نامه،په‌ڕه‌یه‌كی سپی له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌م كرایه‌وه،ده‌ستم كردن به‌تایب كردن.
سڵاو ئازیز....
ئاسمان خۆی له‌ژێر ڕه‌نگێكی سپی‌دا حه‌شارداوه، هه‌وره‌كان چڕبونه‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك هیچكام له ئه‌ستێره‌كانی كاكێشان وحه‌وته‌وانه‌و ....هتد نه‌ده‌بیندران،دوای بڕینی چه‌ندمیلێك له‌رێگاكه چاوم كه‌وت به‌چه‌ند كه‌روێشكێك،ئه‌گه‌رچی له‌باب وباپیرانه‌وه گوتراوه، له‌كاتی سه‌فه‌ركردندا ئه‌گه‌ر رێوی هاته‌سه‌ر رێگات، مایه‌ی خۆشبه‌ختیه‌و دوودڵ مه‌به له سه‌فه‌ر كردنه‌كه‌ت ، گه‌ر كه‌روێشك هاته سه‌ر رێگات، شومی و نه‌گبه‌تیه باشتر وایه سه‌فه‌ره‌كه‌ت دوابخه‌یت ،ئه‌وان باوه‌ڕیان وابوو نه‌ك من، خێزانێكی شه‌ش كه‌روێشكی بوون چوار به‌چكه له‌گه‌ڵ دایك و باوكیان . وام خه‌مڵاند به‌دوای خواردندا ده‌گه‌ڕێن .ئاره‌زووم ده‌كرد، بۆچه‌ند چركه‌یه‌كیش بێت ئۆتۆمۆبیله‌كه له قه‌راخ شه‌قامه‌كه‌دا بوه‌ستێتو ، تۆزێك له‌وخه‌یاروكاهووه‌یان بده‌مێ كه‌له‌گه‌ڵ چه‌ند قاشێك ته‌ماته وكه‌مێك له‌سنگی مریشك كردبوومه ناو سكی ئه‌وسه‌مونه‌ی به‌ئاردی جۆ دروست كرابوو كه‌توێشوی سه‌فه‌ره‌كه‌م بوو، به‌ڵام بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد.چونكه شۆفێری ته‌كسییه‌كه نوێنه‌رایه‌تی گه‌یاندنمی خستبوه ئه‌ستۆ. بۆخۆشم ده‌مزانی جۆرێك له‌م داخوازییه هه‌ڵه‌یه.
به‌هه‌رحاڵ.ئێستا له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دام ودوای چه‌ند خۆله‌كێكیتر ده‌فڕم.
به‌نیازی دیدار.
هێنده‌ی نه‌برد دووكارمه‌ندی كچ، یه‌كێكیان له‌ویتریان كه‌مێك گۆشتنتر بوو،فڕۆكه‌كه‌یان دابه‌شكرد به دووبه‌شه‌وه. به ڕویه‌كی گه‌شه‌وه، ڕێنمایی سه‌رنشینه‌كان ده‌كه‌ن ،بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر گرفتێكی نه‌خوازراو كه له‌گه‌شته‌كه‌دا رووبدات، به‌رله فڕینی فڕۆكه‌كه لێوه‌كانم وشك ده‌بێت.به‌ده‌ستی ڕاستم زه‌نگی خزمه‌تگوزاری لێده‌ده‌م، كارمه‌ندێكی كوڕی باریكه‌له‌ی چاو سه‌وزی سپی پێستی قژئاڵتونی، دێت‌و زۆر به‌ئارامی پێم ده‌ڵێت" چۆن یارمه‌تیت بده‌م ؟ داوای په‌رداخێك ئاو ده‌كه‌م، كارمه‌نده‌كه تێده‌گات له دۆخێكی زۆر خراپدام، بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ترس و دڵه ڕاوكێیه، كارمه‌نده‌كان ئه‌زمونێكی زۆریان هه‌یه. له په‌رداخێكی پلاستیكیدا تۆزێك كه‌متر له لێوان لێو ئاوم بۆ دێنێت و به میهره‌بانییه‌وه پێم ده‌ڵێت "منیش پێشتر له فڕین زۆر ده‌ترسام، كه‌یه‌كمجار له گه‌ڵ دایك و باوكم گه‌شتێكمان كرد بۆ پاریس. تا فڕۆكه‌كه نیشته‌وه. ده‌گریام و هاوارم ده‌كرد داده‌به‌زم، به شێوه‌یه‌ك هه‌موو سه‌رنشینه‌كانم بێزار كردبوو.
وه‌لێ ئێستا وه‌ك باڵنده زۆربه‌ی كاته‌كان به ئاسمانه‌وه‌م.گرفتی من فڕین نه‌بوو، ئه‌وه‌ی منی توشی دڵه‌ڕاوكێ ونیگه‌ره‌نی كردبوو ،ئه‌وه‌بوو چۆن خۆمم بۆ ڕازیكراوه سه‌فه‌ربكه‌م بۆلای كه‌سێك كه له‌ڕێگای تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تێكانه‌وه پێی ئاشنابوم،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێكیش روخسارمان به‌ریه‌ك كه‌وتوه له ڕێگای چاوی كامێراوه . به‌خۆمم ده‌گووت ئاخر ،ئاسته‌مه نیشاندانی ناخی مرۆڤ له چاوی كامێراوه، كه‌له زانكۆبووم پێده‌كه‌نیم ویاریم به هه‌موو شتێك ده‌كرد، جار جاره شه‌ڕیشم له‌گه‌ڵ هاوڕێ كوڕه‌كانمدا ده‌كرد، به‌ڵام دڵداریم له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرد. ئێستا ته‌مه‌نم چل ساڵا، نه‌یاری ده‌كه‌م، نه ئاره‌زوی سه‌ماكردن ده‌كه‌م ،به‌ڵام ،كه‌وتومه‌ته داوی یه‌كه‌مین شه‌پۆلی خۆشه‌ویستییه‌وه، دڵداری ده‌كه‌م و دوای چه‌ند خوله‌كێكی دی زیاتر له چه‌ند كاتژمێرێك به‌ئاسماندا ده‌فڕم تا بگه‌م به دڵبه‌ره‌كه‌م.
فڕۆكه‌كه ده‌بزوێت.منیش چاوه‌پڕ له‌ترسو ماندوه‌كانم، بڕیوه‌ته دنیای ده‌ره‌وه، خه‌یاڵه‌كانیشم وه‌ك رێبه‌ری هه‌ور وباڵنده‌كانبن بێئه‌وه‌ی خۆم فه‌رمانیان پێبده‌م ، به نێو كلووه به‌فره‌كاندا له‌باڵده‌ده‌ن . فڕۆكه‌كه تاك تاكی په‌روانه‌كانی خسته‌گه‌ڕ، ده‌یه‌وێت به‌جارێك زه‌وی له خۆی دابماڵێت.كێبڕكێ له نێوان فڕۆكه‌كه و خه‌یاڵه‌كانمدا ده‌ستی پێكرد، خه‌یاڵه‌كانم زۆر خێراتر به‌ناو هه‌ناوی هه‌وره‌كاندا فڕین تاگه‌یشتنه خاڵی كۆتای ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ی كه دڵبه‌ره‌كه‌م چاوه‌ڕوانیم ده‌كات، ڕێك ئه‌و به‌رگه‌م پۆشیوه ،كه شه‌وێك پێشتر دڵبه‌ره‌كه‌م لێ ئاگادار كردبووه‌وه، تا یارمه‌تی بده‌م و ئاسانتر بمناسێته‌وه. رینكۆتێكی ڕه‌شم له‌به‌ردایه‌و جانتایه‌كی مارۆنی تۆخ له شێوه‌ی به‌له‌مێكی بچوك به‌شانمدا شۆڕكردۆته‌وه، جوتێك پووتی درێژم له ڕه‌نگی جانتاكه‌ی شانم تا سه‌ر ئه‌ژنۆ له‌پێدایه و ملپێچێكی خوری ده‌ستچنی قاوه‌ییم به دووجار له گه‌ردنم ئاڵاندوه .
هێشتا جه‌سته‌م هه ڵده‌له‌رزێت به‌سه‌رمای ئه‌و ڕۆژه ،زستانێكی زۆر بێڕه‌حم بوو.(با) ئه‌م به‌رو ئه‌وبه‌ری به به‌فرده‌كرد، گه‌ڵای دره‌خته‌كان شه‌ونمی به‌ستویان پۆشی بوو.وه‌ك چۆن شیعرێك غه‌ریبی شاعیره‌كه‌ی ده‌كا، شۆسته‌و شه‌قامه‌كان له‌بن لێفه‌ی به‌فرینیدا، غه‌ریبی تیشكی خۆریان ده‌كرد،دره‌خت و په‌نجه‌ره‌و شۆسته‌و شه‌قامه‌كان چونیه‌ك بوون له ره‌نگدا،شه‌پۆلی روداوه‌كانیش له ناو كه‌لله‌م ئه‌وه‌نده شێ‌دار بوو رێژه‌ی شێی له جه‌سته‌مدا به‌رز كردبو هه‌ستم به كرێوه‌و سه‌رمای ئه‌و ڕۆژه نه‌كرد. تا ئه‌وكاته‌ی فیكه‌ی شه‌مه‌نده‌فرێكی ده‌نگ نوساو به ئاگای هێنامه‌وه . نامه‌وێت زیاتر سه‌باره‌ت به ئاو و هه‌وای ئه‌ورۆژه تان بۆ باس بكه‌م ، به‌ڵام به‌راستی سه‌رمایه‌كی تاقه‌ت پڕوكێن بوو .ئه‌وكه‌سانه‌ی چاوه‌ڕێی خوشه‌ویستان و ئازیزانیان ده‌كرد،له‌به‌رده‌م هۆڵی پێشوازیدا به‌شێوه‌ی كه‌وانه‌یی وه‌ستاون، له‌پشت پیاوێكی كه‌چه‌ڵی كه‌مێك باڵا كورتتر له‌خۆم به‌نه‌رمی رێده‌كه‌م و سه‌رم بۆلای راست و دواتر بۆ چه‌پ ده‌گێڕم،به‌بینینی ناوی خۆم له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك مقه‌بای سپی كه به‌ڕه‌نگی ڕه‌ش نوسراوه ، سه‌رتاپا له‌شم ده‌كه‌وێته له‌رزین و ڕووه‌و ناوه‌كه‌ی خۆم هه‌نگاوه‌كانم خێراتر ده‌كه‌م . ڕوخساری هه‌مان ڕوخسار بوو كه‌له‌چاوی كامێراكه‌وه بینی بووم، به‌ڵام كه‌مێك ئه‌سمه‌رتر.
به‌رله‌وه‌ی به‌یه‌ك بگه‌ین، هاوارو گریان و نزاكردن، ده‌ستم ده‌گرێت و ده‌مگێڕێته‌وه ناوفڕۆكه‌كه‌و خه‌یاڵه‌كانم ته‌فرو تونا ده‌بێت.كاپتنی فڕۆكه‌كه به بڵندگۆ سه‌رنشینان ئاگادار ده‌كاته‌وه، كه بگه‌ڕێنه‌وه، شوێنه‌كانی خۆیان و پشتێنی سه‌لامه‌تی ببه‌ستن،كه‌ش و هه‌وا زۆرخراپه. فڕۆكه‌كه وه‌ك ماسیبێت و له‌سه‌ر پشتی گابێت. له‌ژێركاریگه‌ری شه‌پۆلی بارانه‌كه‌دا هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی ده‌كرد، گوێم لێ‌بوو منداڵێك له به‌شی دواوه‌ی فڕۆكه‌كه هاواری ده‌كرد "بابه نامه‌وێت بمرم، "باوكیشی ده‌یووت نا هه‌ناسه‌كه‌ی بابه نامریت، ئێمه زۆر له‌سه‌رو مردنه‌وه‌ین " ئه‌وانی ده‌مرن له‌سه‌ر زه‌وین، "پیاوێكی قه‌ڵه‌وی پێست كونج كه ته‌مه‌نی په‌نجا وچه‌ند ساڵێك ده‌بوو له‌كورسی ژماره شانزه دانیشتبوو كه ڕێك كورسی به‌رده‌م منی ده‌كرد هاواری ده‌كرد. " وه‌رن به‌ر له فه‌نابوونمان با هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه گۆرانی بڵێین و سه‌ما بكه‌ین، ئێمه ده‌بینه مێژوو، مێژوویه‌ك كه خودی خۆی داده‌هێنێت، من سه‌ڵیبه‌كه‌ی ملم ده‌ده‌مه‌وه ده‌ست دایك و باوكم "تۆش خوداوه‌نده بوكه‌ڵه‌كه‌ت له‌گیرفانت ده‌ركه‌و بیشكێنه، ئه‌وی تریشیان با ڕیشی بتاشێت وده‌ست بكات به شه‌راب نۆشكردن، فڕۆكه‌كه وه‌ك نه‌یزه‌ك له‌گڕ ئاڵاوه و، ده‌شتاییه‌كانی ئاسمان جێ ده‌هێڵێت. یاسای مه‌رگی به كۆمه‌ڵ هه‌میشه چانسێك ئه‌داته‌كه‌سێك چه‌ند چركه‌یه‌ك یا چه‌ند خوله‌كێك زیاتر ته‌مه‌ن بكات، ئه‌وه‌ش بۆ وێنه‌گرتن و شایه‌تحالی تا چیرۆكه‌كه بۆ خودا بگێڕێته‌وه،ئه‌و چانسه له‌وه‌ده‌چوو به‌من درابێت، كه‌لله‌ی سه‌رم، به تۆزیك ده‌مارو گۆشتی گه‌ردنمه‌وه وه‌ك گومه‌زی مه‌رقه‌ده‌كان له نێوه‌ندی هه‌ردوو ده‌ستمدا ماوه‌ته‌وه.چاوبۆ به‌شه‌كانی تری جه‌سته‌م ده‌گێڕم ، هێنده‌ی نه‌برد ده‌نگێك گوێی ئاسمانی كه‌ڕكرد فڕۆكه‌كه بوو پارچه‌یه‌ك خه‌ڵوزی ته‌ڕ،ده‌سته‌كان به دووكه‌ڵ قاچه‌كه‌نیشیان به‌خۆڵه‌مێش،كه‌لله سه‌رم ده‌تگوت گولله تۆپێكی گڕداره‌و به‌خێراییه‌كی زۆر ڕوه‌و زه‌وی ده‌چێت تا ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت،پاڵه په‌ستۆی هه‌واناهێڵێت بگه‌مه شوێنی مه‌به‌ست، سه‌رم ده‌بێته هه‌زار پارچه‌وه.
به‌ده‌م گریانوهاوار كردنه‌وه به خه‌به‌ردێم، ڕوه‌و ئاوێنه‌كه ڕاده‌كه‌م "نا ...نا كابوس بوو كابووس ئه‌وه‌ی كه بینیم، ئاوڕێك بۆ كاتژمێره چوار گۆشه په‌مییه‌كه‌ی سه‌ر مێزی ته‌نیشت ته‌خته‌ی خه‌وه‌كه‌م ده‌ده‌مه‌وه ،ڕێك بیست‌و هه‌شت خوله‌كی ماوه شوفێری ته‌كسێكه بێت و بمبات بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی (یۆتۆبۆری) .
ئێوه‌چی ده‌ڵێن!؟
پاشگه‌ز ببمه‌وه له سه‌فه‌ره‌كه‌م یان سه‌فه‌ره‌كه‌م بكه‌م؟
كاروان عومه‌ر
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28 -
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
کوردستان 12:56 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کوردستان 11:57 AM - 2024-03-28 -
یەکێتی و رەوتی حیکمە دوا پێشهاتەکان تاوتوێ دەکەن
ی ن ک 10:21 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
کوردستان 11:58 PM - 2024-03-27