riklam

كورد لەنێوان بەرداشی دوو بەرەی شیعەدا

بیروڕا 01:03 PM - 2018-08-27
.

.

فەریق حەبیب

كۆبوونەوەكەی 19ی ئەم مانگەی ئوتێل بابل-ی بەغدا، رواڵەت‌و دیمەنی هەردوو بەرەی لایەنە شیعەكانی عیراقی روونتر كردەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی هەریەك لە كوتلەكانی سائیرون(موقتەدا سەدر) و نەسر(عەبادی) و حیكمە(عەممار حەكیم)‌و وەتەنییە(عەللاوی) ئامادبوون‌و دوای چەند كاتژمێرێك لەبەیاننامەیەكدا بنكە یان وەكو خۆیان دەڵێن ناووكی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان پێكهێناوە، بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق.

لەبەرانبەریشدا بەرەی دووەمی شیعەكان كە خۆی لە كوتلەكانی دەوڵەتی قانون(مالیكی)‌و فەتح(هادی عامری)دا دەبینێت، بەچەندین شێواز‌و لێدوانی جیاجیا بەرهەڵستی خۆیان بۆ كۆبوونەوەكەو بەیاننامەكەی دەربڕی‌و ناو و ناتۆرەی جیاجیایان لێنا و بەردەوام دەڵێن پێكهێنانی گەورەترین كوتلە لەلایەن ئێمەوە دەبێت.
نوێنەرانی كورد و سوننەش، بەهەر بیانوویەك بێت، ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئوتێل بابل نەبوون، ئەوەش لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لەئێستادا، كورد كەوتووەتە نێوان بەرداشی ئەو دوو بەرەیەی شیعەكانەوە، كە ئەوانیش بەدەوری خۆیان بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەكی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتیدا دابەش بوون، كە بریتین لە هەریەك لە ئەمریكا و وڵاتانی خۆرئاوا لەلایەك‌و ئێران‌و هاوپەیمانەكانیشی لەلایەكی تر. خۆساخكردنەوەش بەسەر هەریەكێك لەو دوو بەرەیەی شیعەكاندا، كارێكی قورسە‌و لایەنی باشە‌و خراپەی خۆی هەیە.

ئەگەر كورد، كە خۆیشی یەكگرتوو نییە و بووەتە دوو بەشەوە، بەلای بەرەكەی عەبادی‌و سەدردا دایبشكێنێت، ئەوا ئێرانی دراوسێ‌ و فریادڕەسی رۆژگاری ئاوارەیی لێ‌ توڕەدەبێت، خۆ ئەگەر بچێتە بەرەكەی مالیكی‌و عامری-شەوە، ئەمریكای دۆستی ستراتیژی لێ‌ زویر دەبێت. بۆیە لە هەردوو حاڵەتەكەدا چەند خاڵێك بەدەستدەهێنێت‌و چەند خاڵێكیش لەدەست دەدات، بەڵام پێداوستییەكانی بەڕێوەبردنی گەمەیەكی سەركەوتووی سیاسی وادەخوازێت‌و هەنگاوی راست‌و درووست ئەوەیە هەر لایەنێك زۆرترین داخوازییەكانی فەراهەم بكات، كورد پشتیوانی لێبكات‌و بچێتە بەرەكەیەوە. هەر ئەوەشە كە زۆرێك لەسەركردەكانی كوردستان تائێستا چەند جارێك جەختیان لێكردووەتەوە.

رەنگە لە هەردوو بژاردەكەدا كورد هەندێك زیانی بەربكەوێت، بەڵام دەبێت سەركردەكانی كورد بزانن كە ئەگەر بچنەریزی هەر یەكێك لەو دوو بەرەیەوە زەحمەتە نە ئەمریكا‌و نە ئێرانیش رێكارێكی هاوشێوەی ئەو رێكارە تۆڵكردنەوەئامێزانەیان لەدژ بگرنەبەر كە لەدوای ریفراندۆمەوە بەرانبەریان گرتیانەبەر، بۆیە پێویست ناكات كورد هێندەش بەترسەوە هەنگاو هەڵبهێنێت، هاوكات نابێت زیاد لەپێویست چاوەڕێ‌ بكات نەبادا كارتەكانی دەستی لەدەست بدات، كورد گووتەنی " شەڕ لەشەڕگەدا دەكرێت". ئەوەتا هەر لەئێستاوە سەڵاح عەرباوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە دەڵێت ئەگەر كوردو سوننە سووربن لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی داواكارییەكانیان، ئەوا پاڵ بەشیعەوە دەنێن یەكبگرن، راستەوخۆش هەڕەشەی پشتگوێخستنیان دەكات. بۆیە هەق وایە لایەنەسیاسییەكانی كوردستان بوارنەدەن كورد لەنێوان بەرداشی هەردوو جەمسەرەكەی شیعەدا بپلیشێتەوە، بەڵكو دەبێت فاكتەری زەمەن لەبەرچاوبگرن‌و لەكاتی خۆیدا بچنەنێو یەكێك لەو دوو جەمسەرەوە ‌و داواكانیان بسەپێنن بەتایبەتی كە لەئێستادا كورد و سوننە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە لە پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەدا. بەڵام لێرەدا ئەگەری سیهەمیش دێتەئاراوە، ئەویش یەكگرتنی هەردوو بەرەكەی شیعەیە، ئەو كات دەبێت پێگەی كورد چۆن بێت، ئایا هەمان سیناریۆكانی پاش پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوو دووبارە نابنەوە؟

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket