riklam

پەروەردەکـردنی منـداڵی سەرکـردە

بیروڕا 12:45 PM - 2018-08-25
.

.

لە ئەمڕۆدا پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە، ئێمە لە سەردەمی جیهانگیری و شۆڕشی تەکنەلـۆژیاو گۆڕانکـاری خـێراو داهێـنانی سەیـروسەمەرەدا دەژین، لە جیهانێکی جەنجاڵی پـڕ لە کێشەو قەیـران و کارەساتـدا دەژین.

منداڵانی ئەمڕۆمان، لە سایەی داهێنانی نوێدا، لە منداڵانی سەدەی رابردوو، زیرەکترو کراوەتـرو وریـاترو رۆشنبیریترو زۆرزانـترن، هـیواو خـەون و خواستەکانیشیان، هەمان هـیواو خواست و پێداویستییەکانی منداڵانی سەدەی بیستەم نین.

هەرچەندە دایکان و باوکان و پەروەردەکـارانی ئەمڕۆش، رۆشنبیریتـرو هۆشیارتـرو بەڵەدتـرن لە رێبازەکـان و لە شێوازەکـانی پـەروەردەی نوێی منـداڵاندا. لەگەڵ ئەمەشدا، روبەڕووی گەلێ بەرهـەڵست دەبنەوە، کە ئەرکەکانیانی زیاتر قـورس کـردوون.

بەڵام ئەمە ئەرکێکی پیرۆزو پێویستی ئەستۆیانە، چونکە ئەمان منداڵەکانیان هێناونەتە کایـەوە.. لەسەریانە کە بە جـوانی پـەروەردەیـان بکەن و بە دروستی رێنماییان بکەن و بە باشی ئاراستەیان بکەن.. پێداویستییەکانی گەشکردن و پێشکەوتنشیان بۆ دابـینبکەن. هەر کەمتەرخەمی و هەڵەکـردنێک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا، زیانێکی گەورە بە چـارەنووسی ئەمـڕۆو داهـاتووی منـداڵەکانیان و بە گەلەکەمـان دەگەیەنن.

(ئەلـیزابێت مـاخ) دەڵێ: "لەکـاتی ئەنجـامدانی پەروەردەکـردنی منداڵەکـانماندا، هـەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنگێک کە لەپێناوی داهـاتوویەکی باشتردا دەستمان داوەتـێ"
بێگومان هەمـوو دایکـان و باوکـان هـیواخوازی ئـەوەن، کە منـداڵەکانیان جیـاوازو بەهێزبن.. ببن بە سەرکـردەو رابـەرو پێـشەنگ و جێی متمانەی هـاوڕێکانیان بن. هەرگیز دایکان و باوکان حەزناکەن کە منـداڵەکـانیان ببن بە پاشکۆی منـداڵانی تر.

حەزی زاڵـبوون و دەسەڵات و خـۆدەرخستن، حەزی رابـەری و سەرکـردەیی، حەزی رەمەکین لە مرۆڤـدا، لەگەڵ بوونی گەردوونـدا، ئەم حەزانەش لەگەڵ مرۆڤدا هاتوون.

بەکـورتی با بـزانین واتای"سەرکـردە" چییە؟

تائێستا پێناسەیەکی گشتی سەرکردە نییە، بەڵام هەندێ راو راڤەی نزیک لەیەکتروە هەن.

وەکو:"سەرکـردەیی ـ سەرکردایەتی ـ بـزوانـدنی خەڵکـییە بـەرەو ئامـانج"

"سەرکـردەیی، هونـەرێکە، دەکـرێ بە فـێربـوون و راهێـنان وەربگـیرێت"

(وارن بـلاک) دەڵێ: "هیچ مـرۆڤـێک بە سەرکـردەیی لەدایک نەبـووە، سەرکـردەیی پـرۆگرامکـراوی جـینە بۆ ماوکـان نییە، دەکـرێ بە فێربوون و راهێنان وەربگیرێت"

(پیـتەر وارکـەر)یش دەڵێ:" پێویستە فـێری سەرکـردەیی بيت، ئەمەت پێـدەکـرێت"

هەنـدێ کەس لەو باوەڕەدان، کە کەسایەتی سەرکـردە تەنها بەهـرەیەکە لەگەڵ مرۆڤـدا لەدایکدەبێت. ئەمەش بە پێچەوانەی جەختکردنی شارەزایانی ئەم بـوارەیە، کە پێیانوایە سەرکردەیی، لە منداڵییەوە بە تێپەڕبوونی کات، وەردەگیرێت. دەکرێت مرۆڤ زیاتر لای شیرین بێت و گەشەی پێـبدات.

سەرکـردەیی واتـا دەسـەڵات، دەسەڵاتـدار یا سەرکـردەی لێهاتوو و دڵسۆزو شایستە، پێویستە ئەو بەرپـرسیاریەتی لەئەستۆ بگرێت، کە کـاروانـەکە بەلاڕێـدا نەبـات و بە سەرکەوتوویی بیگەیەنێـتە کۆتایی رێگـاکەو بە ئامـانج، گەر کـاروانەکە نەگەیەنێت و بەلاڕێـیدا ببات.. پێویسـتە لە بەرپرسیارییەتی خـۆی نەدزێتـەوەو ئامـادەبێت بۆ لێپرسینەوە.

ئێمە باس لە پەروەرەکردنی منداڵی سەرکـردە دەکەین.. چونکە ساڵانی یەکەمی تەمەنی مرۆڤ واتا قـۆناغی بەرایی منداڵی (قۆناغی پێش قوتابخانەی بنەڕەتی) کە گرنگـترین و هەستیارترین قـۆناغە لە ژیـانی مـرۆڤـدا، چونکە لەم قۆناغـەدا ناسنامەی ئەو منـداڵە دەرەکەوێت کە لە داهـاتوودا چ کەسایەتییەکی لێـدێتە کایـەوە. بۆیە پێویستە گرنگییەکی زۆر بەم قـۆناغـە هەستیارەی تەمـەن بـدرێت، بەتایبەتیش گرنگیدان بە ئەو منداڵانەی کە سیماو خەسڵەتەکانی سەرکـردەییان لێ بەدیدەکـرێن، پێشبینی ئەوەیـان لێدەکـرێن کە لە داهـاتوودا ببن بە سەرکردەو بە رابەرو بە پێشەنگ و پێشەوا.

منداڵی سەرکردە هەر لە منداڵییەوە، سیماو خەسڵەتەکانی سەرکردەیی لێبەدی دەکرێن، وەکو: بەهـرەمەندە، بڕوابەخۆیە، ئیرادە بەهێزە، ئازاو چاونەترسە، راستگۆیە، ئارام و لەسەرخـۆیە، زیـرەکە، ژیـرە، هـاوڕێـدۆستە، دڵـسۆزە، خـۆپەرست نییە، هـاوکـارە، ورەبـەرزە، چـاکەخـوازە، گـەشـبینە، بەرپـرسیاریەتی هـەڵـدەگـرێت، دادپـەروەرە، دەستپاکە، چـالاکە، رووخـۆشە، کۆمـەڵایەتییە، رێـزدارە، رەوشـت بـەرزە، دووربیـنە، کەسایەتییەکی هـاوسەنگە، جـوان پـۆشە، توانـای چارەسەری کـێشەی هـەیە.. هتد.

بۆیە دەبینین کە مامۆستایانی رابـەری پۆلەکـان، بەزۆری ئەو قوتـابیانە دەکەن بە (چـاودێری پـۆل) کە ئەم خەسڵەتە جوانانەیان هەیە.. یا سەرکـردەو سەردەستەکانی (تیـپی دیـدەوانی قوتابخـانە)کان، ئەو قوتابیانە دەکەن بە سەرکردەو بە سەردەستە  شیاوی ئەم پایـەو پلانانەن و توانای بەڕێوەبردنیان هەیە.

گەر ئێمە هـاوڕاین لەسەرئەوەی کە هەموو کەسێک، شایانی سەرکـردەیی نییەو لەباریدا نییە کە ببێت بە سەرکردەو بە رابەری کەسانی تر. چونکە سیماو خەسڵەتە  پێویستییەکـانی سەرکـردەیی و رابـەری و پێـشەوایی و بەڕێوەبـردنییان تێـدانین.

دێینە سەر گرنگترین خەسڵەتانەی منداڵی سەرکردە، وەکو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی منـداڵی بەهـرەوەمەندو بەتـواناو لێهـاتـوو، کە بە شایـانی سەرکـردەی دەزانـێن.

پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان رابهێنین و بە جوانی پەروەردەیان بکەین، ئازادی و سـۆزو خۆشەویستی و رێـزو متمانەیان پێـببەخشین، بۆ ئـەوەی ببنە سەرکـردەی دڵسۆزو سەرکەوتووی داهاتووی گەلەکەمان لەو بـوارانەی کە تێیاندا هـەڵکەوتوون.

١ـ بـاوەڕبەخـۆبوون: یەکێکە لە گرنگترین خەسڵەتەکانی منداڵی سەرکردە، منداڵێکی گەشبینەو هەمیشە بـڕوای بە خۆی و بە تواناکـانی هەیە، بۆ گەیشتنیش بە هیـواو ئامانجەکانی، ئەوپەڕی تواناکانی بەکاردەهێنێت. بەرپرسیاریەتی هەڵـدەگرێت، ئەوەش دەزانێت کە بڕیارەکـانی گـرنگ و چـارەنووسازن، لەوانـەیە زۆر شـت بگـۆڕن، هـەر بڕیارێکی دروست بدات، سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجەکـانی دەپێکێت، هەر بڕیارێکی هەڵەش بدات، لەوانەیە کـارەساتێکی لێبکەوێتەوە، بە پلەی یەکەمیش خـۆی باجـی بـڕیارە هەڵەکـانی دەدات. منـداڵێکیش بـڕوای بە خـۆی نەبێـت، ئـازایی بڕیـاردانی چارەنووسازی نییەو ناتـوانێت بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت.

٢ـ بوونی خەسڵەتی جـوان: خەسڵەت جـوانی و رەوشت بەرزی رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە دروستکـردنی منـداڵی سەرکـردە، وەکو: ئـازایەتی، راستگـۆیی، دەستپاکی، دادوەری، بەزەیی، خـاکی، لەخۆنەبایی، رووخـۆشی، رێکپۆشی، یارمەتی،..هـتد. ناکرێت منداڵی سەرکـردە، درۆزن، ستەمکـار، دووڕوو، لەخـۆبایی، خۆپەرست بێت.

گەر دایک و باوک بەراستی بیانـەوێت، هـەر لە منـداڵییەوە، منـداڵەکـەیان ببێت بە سەرکـردە، دەکـرێ بەئاسانی ئـەو خەسڵەتە جوانـانەی فـێربکەن و رایبهـێنن، بە مەرجێک خۆیان لەم رووەوە نموونەو پێشەنگ بن و لە خۆیاندا بەرەجەستە بووبن.

٣ـ بە ئازادی و بە راشکاوی گـوزارشت لە راو بۆچوونەکانی دەکات: شانازی بوونی ئەم خەسڵەتە گرنگە لە منـداڵدا، بۆ دایک و باوکی زرنگ و هۆشیار دەگەڕێتەوە، کە رێگر نەبوونە، لە بەردەم ئازادی منداڵەکەیان بۆ گوزارشتکردن له هیـواو لە خەون و خواستەکانیان، بۆ دەربڕینی ئەوەی لە بیرو ناخیاندایە.. بە پەرۆش و دڵخـۆشیشەوە گۆیان لێگرتـوون و راو بۆچوونەکانیان هەڵسەنگانـدوون، راو بیـرۆکە ئـەرێنی و جوانەکانیان بەرز نرخـاندوون. پێداویستییەکانی گەشەکـردنی بەهـرەکانیان بۆ دابینکردوون. ئەمەش پشتگیری و هاندانێکی باشەو متمانەو بڕوابەخـۆبوونێکی زیاتر بە منداڵەکەیان دەبەخشێت.. شتێکی باش و ئەرێنییە، کە دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەیاندا دادەنیشن و لێیان دەپـرسن کە بەبێ شەرمکـردن گوزارشت، لەو بیرۆکـانە بکات کە لە خەیاڵیدان، یا سەرقاڵی چییە.. ئەم پێکەوە دانیشتنانە لەرووی دەروونیشەوە دڵنیایی و متمانەیەکی زیاتـر بە منداڵەکەیان دەبەخشێت، گەشە بە بیرکـردنەوەکـانی دەکات، هەستیش بەوە دەکات کە بە هەندی دەزانن و رێز لە کەسایەتی دەگرن و راو پێشنیارو بۆچوونەکانیشی فەرامـۆش ناکەن.. لە بڕیارەکانی خێزانیشدا، مافی بڕیاردانی هەیە. بێگومان ئەم پەروەردە دروستەی منـداڵ، لەلایەن خـێزانەوە، وا لە منـداڵ دەکات کە ئـازایی ئەدەبی هەبێت و بەبێ شەرم و ترس بە جـوانی لە بەردەم کەسوکارو هاوڕێ و مامۆستاکانیدا بە زمانێکی پەتی بدوێت و گوزارشت لە بەهـرەو لە بیرۆکەکانی بکات.

٤ـ پشت بە خـۆی دەبەستێت: ئەمەش خەسڵەتێکی گـرنگی تری منـداڵی سەرکـردەیە. پشت بە خۆبەستن وا لە منداڵ دەکات کە خۆی تاقـیبکاتەوە بۆ سەرکەوت و گەیشت بە هـیواو ئامانجەکـانی و بۆ هێنانەدی ئەو پەیـامەی کە لەئەستۆی گـرتووە، ئەوپەڕی تواناکـانی خۆی بەکـاردەهێنێت، بەرپرسیاریەتی هەڵـدەگـرێت. ئەمەش لە منـداڵێکی کەسایەتی بەهێزی بڕوابەخۆو دەوەشێتەوە.. دایک و باوکی هۆشیاریش هەمیشە هانیان دەدەن کە کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.. بۆ نموونە: داوا لە کچەکەتان یا کوڕەکەتان بکەن، با خۆیان ژووری نووستنیان پاکبکەنەوەو رێکیبخەن. یا ئيشێکیان پێبسپێرن، ئافەرین و دەستخۆشییان لێبکەن.

بەداخەوە کە هەنـدێ لە دایکان و باوکان، هەموو شتێکیان لە منداڵەکانیان کـردوون بە (بـڤە) سەری زمان و بنی زمانیان (مەکەن) (ئێـوە ناتـوانن) (ئیشی سەربەخۆ مەکەن.. بە ئێمە بڵێن) ئەم شێوە مامەڵەکردنەیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا، وایان لێدەکەن کە بـڕواو متمانەیان بە تواناکـانی خۆیان نەبێت و خۆیان بەبێ دەسەڵات بزانن. بۆیە ئەم منداڵانە ناتوانن ببن بە سەرکـردەی منـداڵانی تر.. چونکە وا رانەهێنراون کە ببن بە سەرکردە.

٥ـ هەوڵـدان و راهێنان بۆ هێنانەدی ئامـانجێک: منداڵی سەرکردە، چاودەبڕێتە هێنانەدی ئامانجێک، پلانی گونجاو و نەخشەڕێگایەک دادەنێت بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجەی.. پـلاندانـان و نەخـشەڕێگا، هۆکـارێکی گـرنگن بۆ راهێـنان و کارکـردن و جێبەجێکـردن و هێنانەدی. سوودیش لە کـات وەردەگـرێت و بە فـیڕۆی نادات.. فێری ئەوەش دەبێت کە بە کـرداری هەنگاو بۆ هێنانەدی هـیواو ئامانجەکانی بنێت. ئەمەش دەبێتە یاسایەکی دەقگـرتووی ژیـانی و درێـژەی پێـدەدات بۆ هێنانەدی هـەر هـیواو ئامـانجێکی تر، گەر ئامانجێکی بچووکیش بێت.

٦ـ گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی و تەندروستی: وتراوە (ئەقـڵی تەندروست لە لەشی تەندروستدایە) مرۆڤ یەکەیەکی پێکهاتووە بۆ بنیاتنانی کەسی تاک، ناتوانین لایەنی دەروونی لە لایەنی جەستەیی و کۆمەڵایەتی دابڕین. تەندروستی جەستەش بە خواردنی خـۆراکی گـونجاو دێتەدی. گـرنگیدانیش بە وەرزش پێویستی بە وزەیـە، وزەش تەنها سوود بە تەنـدروستی جەستە ناگەیەنێت، بەڵکو ئـارامی بە دەروونیـش دەبەخـشێت.

٧ـ ورەبەرزی فـرەخـوازە: خەسڵەتێکی تری منداڵی سەرکـردە، هەمیشە ورەی بەرزەو سنوورێکی دیاریکـراوی بۆ خواستەکـانی نییە، هەردەم هـیوای شتی زیاتر دەخوازێت. بەڵام لەهەمانکاتیشدا، بۆ هێـنانەدی هیـواکانی بەگـەرمی هـەوڵـدەدات. ئەمـەش بۆ ئـیرادەو ورەبەرزی و متمانە بەخۆبوونی دەگەڕێتەوە، ویست و ئیـرادەش هێـماو کلیلی سەرکەوتنەکـانن، ئـیرادە یەکـەمین هەنـگاوە بۆ گەیشـتن بە هــیواو بە ئامـانج. لە فەرهـەنگی منـداڵی خـاوەن ئیـرادەی بەهـێزدا، تەمەڵی و بێـزاری و کۆڵـدان و ئەستەم بوونیان نییە.. ئەو هەمیشە دەڵێت (بەڵێ دەتـوانـم).. ئەگەر بڵێت (ناتـوانم، پێم ناکـرێت، ئەستەمە) کەواتە خەسڵەتی سەرکردەیی و سەرکەوتنی تێدا نییە.

٨ـ خـۆدەرخـەرو خـۆبەرەپێـشەوەیە: منـداڵی بەتوانـاو لەبـار، هەمیشە خـۆی دەباتە پێشەوەو دەیەوێت خۆی دەربخات و بەهـرەو تواناکانی بسەلمێنێت. بۆیە خۆی لە زۆر کـارو شـتدا هەڵـدەقـورتێنێت، بەڵام منداڵی بێ دەسەڵات و هیچ لەبـار، داخـراوەو خۆی بەدوور دەگـرێت، ئـازایی خۆتاقیکردنـەوەی نییەو لە شکستی دەتـرسێت.

٩ـ هەستکردن بە بەرپـرسیاریەتی: منداڵێک کە جێبەجێکردنی ئەرکـێکی پێـدەسپێرن، تەنانەت گـەر ئەرکـێکی بچـووکیش بێت، گـەر بە سەرکەوتـووی ئەنجامیـدا، واتـا هەسـتی بە بەرپرسیاریەتی ئەستۆی کـردووە.

ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بە شێوەیەکی رەهـاو بەبێ چاودێریکردن منداڵان سەرپشک بکەین و هەموو بڕیارێکی گرنگ و چارەنووساز بدەن. بەڵکو پێویستە لە پشتیانەوەبین و رێنـمایی دروست و ئاراستەی پێویستیان بکەین. چونکە لەوانـەیە بڕیـارێکی هەڵـەی مەترسیدار بـدەن و کارەساتێکی لێبکەوێتەوە.. ئۆبـاڵی ئەم ئاکـامە نەخـوازراوەش لەئەستۆی ئێمەدایە، کەواتە نابێت بواری منداڵان بدەین کە زیـادەڕۆیی لە سەرکێشی و خۆهـەڵقـورتاندن لە کـاری مەترسـیداردا بکەن.. کە سوور دەزانین ئاکامێکی خـراپی لێدەکەوێتەوە.. باشتروایە بۆیان روونبکەینەوەو تێـیان بگەیەنین کە لە قۆنـاغی داهـاتوودا دەتوانن ئەم کـارانەو لەمانەش گەورەتـر ئەنجـامبـدەن.

١٠ـ بوونی بەهـرەو ئامادەیی: هەر منـداڵێ لە بـوارێک یا زیاتـردا بەهـرەی هـەیە. دایکان و باوکان دەزانن کە منداڵەکـانیان لە چ بوارێکدا بەهـرەمەنـدن و ئـارەزووی چییان هەیـە. بەهـرەبوون ئامادەییە لە منـداڵاندا، پێویستە ئەم بەهـرانەیـان بقـۆزنەوەو زاخـاویان بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر گەشەبکەن.. بوونی بەهـرەش ئەو هەستە بە منـداڵ دەبەخشێت کە جیاوازە. دەشبێتە پاڵنەرێکی واتایی بۆئەوەی خـووی پێوەبگرێت و لە چەندین بواری تریشدا خۆی سەرقاڵ بکات و خۆی تاقیبکاتەوە.. ئیرادەش تەواوکەری بەهرەیە. زۆربەی کەڵە زاناو داهێنەرەکانی جیهان لە منداڵییاندا وەکو بەهـرەمەندێک، دەستیان بە تاقیکردنەوەی بەهـرەو ئارەزووەکانیان کردوون، گەشەیان پێدان و لەگەڵ گەورەبوونیاندا، بەهرەکانیشیان گەورەبوون و تا گەیشتن بە ئەنجام و بە بەرهەمـدان.

١١ـ کـاریگەری لە منداڵانی تر: منداڵی زیـرەک و بلیمەت و بەتوانا، زمـان شیرینە، دەتـوانێت بە ئاسانی و بە شێوازێکی دیـپلۆماسی، قەنـاعەت بە هــاوڕێکانی بکات و کاریان تێبکات، خۆی لایان خۆشەویست و شیرین و رێـزدار بکات، منداڵانیش وەکو کەسایەتییەکی کاریـزمەیی بـزانن، بە پێشەنگ و رابەری خۆیان هەڵیبژێـرن، ئەمەش خەسەڵەتێکی گرنگی منداڵی سەرکـردەیە.. شارەزایانی پەروەردەی منـداڵان، ئەمە بە باشترین جـۆری سەرکـردەیی دەزانـن، چـونکە بە شـێوەیەکی دیموکـراتی لەلایـەن هاوڕێکانیەوە هـەڵیانبـژاردو بـڕواو متمانەی خۆیان پێـبەخشی.

١٢ـ  ئامادەی قـوربانیـدانە: ئەو منـداڵەی کە بە ئـارەزووی خۆى، ئەوپەڕی ئامادەیی تێدایەو دەیەوێت لەپێناوی هێنانەدی بەرژەوەنـدی و ئامانجە گشتییەکاندا، قوربانی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات، ئەوە منداڵێکی خۆپەرست نییە، شایانی ئەوەیە کە ببێت بە منـداڵێکی سەرکـردەو بە رابەرو بە پێشەوای هـاوڕێکانی.

بێگومان قوتابخـانەش رۆڵێکی گرنگی هەیەو لە رۆڵی خـێزان کەمتر نییە لە پێکهێنانی کەسایەتی منـداڵانـدا، دەتـوانێت بەپێی ستراتـیژییەتێکی نەخـشەداڕێـژراوی پێـویست، گەشە بە کەسایەتی منـداڵان بکات، بەهـرەو تواناکانیان لا شیرین بکات و هـانیان بدات کە پشت بە سەربەخـۆیی خـۆیان ببەستن.

با ئـەوەش بە بیـری خـۆمان بهـێنینەوە، کە زۆر لە سەرکـردەکـانی وڵاتـانی جیـهان ، لە قوتابخـانەو لە یـانەو لە تیـپ و لە رێکخـراوەکـانی قـوتابیانـدا سەرکـردە بـوون.

پێـویستە رێگریشـبین لە بـەردەم ئـەوەی کە منـداڵی سەرکـردە، ببـێت بە دیکـتاتـۆرو ستەمکارو زاڵبێت بەسەر هـاوڕێکانیداو بیانچەوسێنـێتەوە. دەتوانین بە گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی مەبەستدار دەربارەی کەسان و سەرکردە سەرکەوتووەکان و سەرکردە سەرنەکەوتووەکان رایبهـێنین.. ئەوەشی پێبڵێین کە تا ئەو سـنوورە ئـازادە، کە پێشێلی ئـازادیی هـاوڕێکانی و کەسانی تـر نەکات.

وەکو لە سەرەتاوە باسمان کرد، کە دایکان و باوکـان و مامۆستاکان، رۆڵـی سەرەکییان هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵان و لە چاندنی بەهـای بەرزو پرەنسیپە مرۆییە ئەرێنییەکان لە هـزرو لە ناخی دەروونییاندا.. دەتوانن هەر لە منداڵییەوە بە فێرکردن و راهێنان، خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی سەرکـردەیی لە منـداڵەکانیادا بـڕوێنن.. گەر بیانەوێت، لە سایەی خۆماندووکـردن و پشوودرێـژیـدا، ئەمە کـارێکی ئەستەم نییە.

(حەبووبە حەداد) دەڵێ: "منداڵەکەت کوتاڵێکە لەبەردەستدایە.. زیرکبە لە دوورینی".


رەزا شـوان  -  نەرویـج

تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە، تا رادەیەک سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگرتووە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket