riklam

كورد به‌لاوازی به‌شداری له‌ حكومه‌تی به‌غدا ده‌كا؟

بیروڕا 05:50 PM - 2018-08-20
.

.

تارق جه‌وهه‌ر

مه‌رج نیه‌ بێ كورد حكومه‌تی عێراق پێك نێت، به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بونی سه‌ركردایه‌تیه‌كی به‌هێز ویه‌كگرتوو پێگه‌ی كورد له‌ دۆخێكی لاواز دایه‌ له‌ئاستی عیراق وناوچه‌كه‌و نێوده‌وڵه‌تیش ، بۆیه‌ ناچاره‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی باری خراپی سیاسی و ئابووری هه‌رێمه‌كه‌، جۆرێك له‌ نه‌رمی بنوێننێ، چونكه‌ كارتی به‌هێزی له‌ده‌ست نه‌ماوه‌  كه‌متر له‌جاران ده‌توانێ داخوازیه‌كانی به‌سه‌ر به‌غدا فه‌ڕز بكا به‌ تایبه‌تی له‌غیابی كه‌سێكی به‌ئه‌زموون وسه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمایی وه‌ك ڕه‌وانشاد سه‌رۆك تاڵه‌بانی.   بۆیه‌  دواجار هه‌ر ناچار ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی  ئه‌و پاره‌ی له‌به‌غدا بۆ موچه‌ دێت  نه‌بڕدرێ هه‌ر بچێته‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ به‌غدا. ئه‌گینا وه‌ك چوار ساڵ پێش ئه‌مڕۆ هه‌رچه‌نده‌ كورد یه‌كگرتووش بوون، به‌ڵام ئه‌وسا له‌ غیابی مام  به‌هۆی نه‌خۆشی بینییمان چۆن شیعه‌كان نیو سه‌عات له‌سه‌ر كورد نه‌وه‌ستان و دانیشتنی متماندانیان به‌عه‌بادی له‌په‌رله‌مان  دوا نه‌خست و داواكانی كوردیشیان له‌به‌ر چاو نه‌گرت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وسا كورد به‌یه‌كگرتوویی له‌ ماڵی ره‌وانشاد  كاك نه‌وشیروان له‌ كۆبوونه‌ودابوون ،  هێشتا شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش كۆتایی نه‌هاتبوو ، هێشتا ئیشیان به‌ كورد وهێزی پێشمه‌رگه‌ش هه‌بوو . ئه‌وسا ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم  به‌نه‌وته‌كه‌شیه‌وه‌ له‌ده‌ستی كورد بوون، ئه‌وسا  په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی هه‌رێمیش له‌ئاستێكی زۆر به‌رزتر دابوون له‌گه‌ڵ وڵاتان،  به‌شێوه‌یه‌ك هه‌فتانه‌ سه‌ڕۆك كۆمارو سه‌رۆك وه‌زیر و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و گه‌وره‌ دیپلۆماتكارانی وڵاتان له‌فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌هاتنه‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ جگه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیان .

 له‌م قۆناغه‌دا هه‌ره‌نده‌ ماڵی شیعه‌ش په‌رته‌وازه‌یه‌ وسوننه‌كاننیش له‌ كورد وشیعه‌ خراپترن،  به‌ڵام بۆ دانسوكاری كورد كاره‌كه‌ زۆر سه‌ختتر بووه‌ چونكه‌ هه‌رێم  زۆربه‌ی كارته‌ به‌هێزه‌كانی له‌ده‌ست نه‌ماوه‌ یا لاوازبووه‌، بۆیه‌ ناتوانێ به‌هه‌مان سه‌نگ و قورسایی بچێته‌ ناو گه‌مه‌ی گفتوگۆی سه‌ختتر له‌جاران له‌گه‌ڵ سه‌رانی شیعه‌ و وڵاتانی ئیقلیمی، هه‌رچه‌نده‌ دۆخی ئێستا كه‌مێك جیاوازه‌ له‌ 2017 به‌ڵام هێشتا پێگه‌ی هه‌رێم وه‌ك جاران نییه‌. 

ئه‌گه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌ی سیاسی  4 دژ به‌2  ی هه‌رێم زوو خۆیان و كارته‌كانیان ڕێكنه‌خه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر به‌رنامه‌و تیمێكی هاوبه‌شی گفتوگۆ ڕێك نه‌كه‌ون ،مه‌ترسیم هه‌یه‌ دیسان كورد یا به‌شێكیان له‌جیاتی پێداگری كردن له‌سه‌ر شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنه‌مای ته‌وافق هه‌ر گروپێك  له‌پێناو پۆست وپایه‌ وسه‌رمایه‌،  به‌لاوازی بچنه‌وه‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ی به‌غدا ، چونكه‌ ده‌زانن چیتر كه‌س نازی كورد هه‌ڵناگرێ و له‌سه‌ریشی ناوه‌ستن له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كارته‌ به‌هێزه‌كانی جارانی  له‌ده‌ست داوه‌!.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket