riklam

پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی کۆنفڕانسی زانستیی موفتی پێنجوێنی

ئەدەب وهونەر 02:54 PM - 2018-08-20
.

.

لە ڕۆژانی (١٨-١٩-٨-٢٠١٨)، لە هۆڵی بۆنەکانی پێنجوێن و هۆڵی وەرزش و لاوان، ٣٢ توێژینەوە پێشکەشکران، کۆنفڕانسەکە بە هاوبەشیی زانکۆی سلێمانی و قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن بەڕێوەچوو.

لەبەر ڕۆشنایی کۆنفڕانسدا، ئەم پێشنیاز و ڕاسپاردانە خرانەڕوو، هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی میری و ئەکادیمیست و دڵسۆزان پێشنیاز و ڕاسپاردەکان بەهەند وەربگرن و کاری لێبڕاوانە بۆ سەرخستنیان بگرنەبەر.

پێشنیاز و ڕاسپاردەکان

بەڕێزان، توێژەران و میوانانی(کۆنفڕانسی زانستیی پێنجوێن)، لە ماوەی ڕۆژانی ١٨-١٩-٢٠١٨دا؛ بەبەشداریی(٣٢) توێژەر و بەهاوبەشیی زانکۆی سلێمانی و قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن، کۆنفڕانسی زانستیی موفتی پێنجوێنی بەڕێوەچوو، ئەمەش لەپای گرنگیدان بە ڕەوشی ڕۆشنبیری و پەرەپێدان بە توێژینەوەی زانستی، لەبەر ڕۆشنایی توێژینەوەکان و پێویستیی کاری زانستیی بۆ هەرێمی کوردستان و شاری پێنجوێن، ئەم پێشنیاز و ڕاسپاردانە دەخەینە بەردەم ناوەندە حکومی و زانستییەکان؛ تا کاری پێبکەن وسودیان لێوەربگرن:

1_ بەردەوامبوونی (کۆنفڕانسی زانستیی پێنجوێن)، وەک کۆنفڕانسێکی ساڵانە و هەر ساڵە و کەسایەتی و بوارێکی گرنگ بکات بە بابەتی توێژینەوە.

2_ موفتی پێنجوێنی لەبواری توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا گرنگیی ئەتۆی پێنەدراوە، بۆیە پێویستە زیاتر بخرێتە بەر باس و توێژینەوەی زانستی.

3_ کردنەوەی (ناوەندی توێژینەوەی پێنجوێن)، وەک ناوەندێکی زانستی، بۆ گرنگیدان بە وردەکلتوور و ڕۆشنبیری و زانستیی پێنجوێن.

4_ کردنەوەی پەیمانگایەکی سەربەخۆ و شایستە لە پێنجوێن، تا ببێتە چرایەکی ڕۆشنکەرەوە لە شارەکە و خزمەتی خوێندکارانی ناوچەکە و دواجار هەرێمی کوردستانیش بکات.

5_ دروستکردنی پەیوەندیی ڕۆشنبیری لەنێوان شارەکانی کوردستان و پێنجوێن بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندیی ڕۆشنبیری و کردنی کاری پێکەوەیی لە بوارە ڕۆشنبیرییەکاندا.

6_ دروستکردنی پەیکەرێکی شایستە بۆ موفتی پێنجوێنی و دانانی لە دەروازەی شاری پێنجوێن، ئەمەش وەک وەفایەک بۆ هەوڵە ڕۆشنگەرەکانی ئەم  شاعیرە مەزنە.

لە کۆتاییدا، کۆنفڕانس سوپاسی نەبڕاوەی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە بۆ ئامادکردن و بەئەنجامگەیاندنی ئەم کارە گرنگە دەستی هاریکارییان بۆ درێژکردین و لە ماندووبونیان سوپاس گوزارین. جارێکی تر سوپاسی هەموو توێژەران و زانکۆی سلێمانی؛ بەتایبەت کۆلێژی زمان-بەشی کوردی و قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن و میوانانی کۆنفڕانس دەکەین و دەستی هاوکارییان دەگوشین.  

PUKmedia کۆنفڕانسی زانستیی پێنجوێن

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket