riklam

كارەبای سلێمانی كاتی دانانی پێوەری زیرەك ئاشكرادەكات

کوردستان 01:13 PM - 2018-08-20
.

.

بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ئاشكرای كرد لە شاری هەولێر دەستكراوە بەدانانی پێوەری زیرەك و لە سەرەتای مانگی ئەیلولیشەوە لە شاری سلێمانی دەست دەكەین بەدانانی ئەو سیستەمە نوێیەو جارێكی تر ناچینەوە سەر دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری. 

سالار حسامەددین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia  سیستمی نوێی دابەشكردنی كارەبا و هۆكاری وەستاندنی پڕۆژەی 20 ئەمپێری ئاشكرا كرد ، سەرەتا دەربارەی پرڕۆژەی 20 ئەمپێری وتی: دیارە پرۆژەی 20 ئەمپێری لەگەڵ دەستپێكردنی پێوەری زیرەكدا، پرۆژەی 20 ئەمپێریەكەمان راگرت، ئەم پرۆژەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی باشی بۆ دابین كردووە، بڕیارە هەموو هاوبەشەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا بگرێتەوە.

وتیشی: پرۆژەی 20 ئەمپێری لە ساڵی رابردوودا لە هەر ناوچەیەك جێبەجێمانكردبێت داهاتی خۆی هەبووەو سودێكی باشی بۆ ئەو شوێنانە هەبووە، بەوەی كە داهاتی لە گەڕانەوەی كارەبای نیشتمانیدا هەبووە لەو سنورانەدا، بۆیە پێدانی كارەبای نیشتمانی لەو ناوچانە لە وەرزەكانی هاوین و زستاندا زۆر  باشتر بووە  بەراورد بەشارەكان، ئەو پرۆژەیە لەكاتێكدا وەستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێوەری زیرەك ڕێكەوتنامەی لەگەڵ هەموو كۆمپانیاكاندا كردوەو هەنگاوەكانی دەستیپێكردوە.

دەربارەی كاتی دەستپێكردنی پرۆژەكە، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی وتی: پرۆژەكە لە 15ی ئابەوە دەستیپێكردوەو  تائێستا لە هەولێر  هەزار پێوەر دانراوە، و لە 11ی ئەیلولیشەوە  لەشاری سلێمانی دەست دەكرێت بەدانانی ئەو پێوەرە زیرەكە.

سەبارەت بەوەی كە پێیانوایە هاووڵاتیان پێشوازیان لە پێوەری زیرەك دەكەن سالار حسامەددین وتی: بێگومان ئەگەر بڵێین جۆزەكە شتێك پارەی كەمی لەسەر هاوڵاتیان بكەوتایە،ئەوا بۆ پێوەرە زیرەكەكە حكومەت هەموو خەرجیەكەی لە ئەستۆ دەگرێت، كە پێوەرەكان زۆر گرانە، بۆیە هیچ پارەیەك لە هاووڵاتیان ناسەندرێت،لەگەڵ ئەوەی یەكێك لە ئیشەكانی دیاریكردنی ئەمپێری ماڵانە، كە وەك جۆزە ئیش دەكات، زۆرێك لە ئیشەكانی ترمان بۆ دەكات كە كێشەی كارەبا زۆرێكی لەڕێگەی ئەم سیستمەوە چارەسەر بكرێت.

سەبارەت بە هۆكاری راگرتنی جۆزەی 20 ئەمپێری و لەمپەرەكانی، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی وتی: هیچ لەمپەرێك نەهاتۆتە بەردەممان، تەنها لەبەر پێوەری زیرەك ئەم پڕۆژەیەمان ڕاگرت، بۆیە ئێمە جارێكی تر ناچینەوە سەر دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری و بە یەكجاری رامانگرتووە، چونكە ئەم سیستمە نوێیە خۆی رۆڵی جۆزەش دەبینێت، ئەوەی كە لەڕێگەی جۆزەوە دەیكەیت، دەتوانێت لەڕێگەی پێوەرە زیرەكەكەشەوە بیكەیت.

لە كۆتاییدا سالار حسامەددین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی  دەربارەی ئەو شوێنانەی كە جۆزەی 20 ئەمپێریان بۆ داناون، پێوەری زیرەكیشیان بۆ دادەنرێت؟وتی: ئەو شوێنانەی كە پێشتر جۆزەی 20 ئەمپێریمان بۆ داناون، جۆزەكەیان دەمێنێت تا ئەم پێوەر دادەنرێت،لە ماوەكانی ڕابردوودا  20 ئەمپێری سودێكی زۆری هەبووە، لەو شوێنانەی كە ئەم جۆزانەی بۆ دانرابوو، مۆلێدە كەم بەكارهاتووە یان هەر هەڵگیراوە ، بۆیە پارەیەكی كەمیان بۆ هاتۆتەوە،بەڵام لە شوێنەكانی تریش لەگەڵ دانانی ئەم پێوەرە زیرەكە، هەر لەسەرەتاوە داوا دەكەین و هەرخۆمان بڕیار دەدەین  بە ئەمپێرێكی دیاری كراو كارەبای ماڵان وەك جۆزەكە كەم دەكەینەوە.

PUKmedia گۆران قادر – سلێمانی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket