riklam

په‌یامی شاناز ئیبراهیم له‌باره‌ی تیرۆركردنی زه‌كی شه‌نگالی

جینۆساید‌‌ 08:33 AM - 2018-08-20
.

.

په‌یامی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی تیرۆركردنی زه‌كی شه‌نگالی:

قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ و زه‌كی شه‌نگالیه‌كه‌ی ئێمه‌..

ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی قه‌شه‌یه‌ك شه‌ڕێكی سه‌ختی ئابوری دژ به‌ توركیا ده‌ستپێكردووه‌، به‌های لیره‌ی ڕسواكردو ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كرده‌ پۆڕی خوراو هێنده‌ی نه‌مابوو فاتیحه‌ی له‌سه‌ر بخوێنین، ته‌نها به‌مه‌به‌ستی پاراستنی شكۆی هاوڵاتیه‌كی ئه‌مه‌ریكی و دانانی سنوورێك بۆ سه‌ره‌ڕۆی و ده‌ستدرێژیه‌كانی ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی!!..

كه‌چی ببینن به‌ به‌رچاوی خۆمان و دنیاوه‌ چه‌ندین ڕۆڵه‌ی ئێمه‌ (زه‌كی شه‌نگالی و هه‌ڤاڵه‌كانی) له‌ شه‌نگال شه‌هیدكران بزانه‌ ته‌نانه‌ت پرسه‌نامه‌یه‌كیشمان نووسی؟!

ئه‌وه‌تا... ئه‌ردۆغان به‌بێ سڵكردنه‌وه‌ شانازی ئه‌كات به‌ كوشتنی ڕۆڵه‌كانمانه‌وه‌و خۆی وێنه‌و ڤیدیۆی شه‌هیدكردنی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سمبولی به‌رخۆدانی گه‌له‌كه‌مان بڵاوئه‌كاته‌وه‌.!! ئێمه‌ش پاش بینینی ئه‌و دیمه‌نانه‌و ته‌واوبوونی دراما توركیه‌كه‌ به‌ تیشێرت و پانتۆڵ و جوتێك كاله‌ی توركیه‌وه‌ ئه‌چینه‌ ماركێت و مۆڵه‌كان و عه‌ره‌بانه‌كه‌ی ده‌ستمان پڕئه‌كه‌ین له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی توركی هه‌ر له‌ دۆشاو و برنج و نیسك و نۆك و شیره‌وه‌ هه‌تا قاپ و قاچاخ و مه‌وادی پاكردنه‌وه‌ی ماڵ..!! دواتریش بۆ مۆبیلیات و ئێكسسواری ماڵ و كه‌لوپه‌لی تر سه‌رێك له‌ سه‌نته‌ره‌كانیان ئه‌ده‌ین و دارو دیوارو ئه‌رزی ماڵه‌كانمان به‌ (مه‌ید ئین توركی) ئه‌ڕازێنینه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ بامان دیبێت و نه‌ باران..

ئاخر ئه‌و بێهه‌ڵوێستی و سه‌ركزیه‌ وائه‌كات هیچ ئیعتبارێكمان نه‌بێت و خوێنی ڕۆڵه‌كانمان هێنده‌ هه‌رزان بێت و زوو وشكبێته‌وه‌ به‌بێ حه‌ق و حیساب..

هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردوه‌ كه‌ هێزێكی زۆر له‌ سنوری سلۆپی و گێمان و جزیره‌ كۆبكاته‌وه‌و هه‌ركاتێك ویستی هێرش بكات بیكات...

ئاخر ئه‌وان باش ئه‌زانن ئێمه‌ بایی چه‌ندین، باش ئه‌زانن كوێخاو ئاغاكانمان موریدی خۆیانن و به‌یه‌ك فیكه‌ له‌سه‌ر یه‌ك قاچ بۆیان ئه‌وه‌ستن!!..

باش ئه‌زانن سه‌دان كوردیش تیرۆر بكات چه‌ندین ڕۆڵه‌شمان شه‌هید بكات و هه‌موو خاكه‌كه‌شمان ببێژێت و داگیری بكات.. كه‌س فزه‌ی لێوه‌نایه‌ت چونكه‌ ئێمه‌ له‌ناوخۆماندا یه‌ك نین.. ئێمه‌ین كه‌ڕو لاڵ و كوێر بووین له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان، ئێمه‌ین ناتوانین سه‌ركزی به‌ سه‌ربه‌رزی بگۆڕینه‌وه‌.. ئێمه‌ین نامانه‌وێت كۆت و به‌ندی ژێرده‌ستی بپسێنین و بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی گه‌له‌كه‌مان قوربانی بده‌ین..!!!! ئێمه‌ین كه‌ له‌ فه‌رهه‌نگه‌كاماندا چیتر خۆشه‌ویستی بۆ خاك و گه‌ل و نیشتمان به‌دی ناكرێت...

ئه‌م دۆخه‌ تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟ دیوه‌خانه‌كه‌ی په‌رله‌مان كه‌ی دێته‌ده‌نگ؟ فراكسیۆنه‌كان؟ حیزبه‌كان؟ سیاسیه‌كان؟ ڕۆشنبیرو چالاكوانان؟

كه‌ی دێنه‌ ده‌نگ؟؟ ده‌ وه‌رنه‌ ده‌نگ با ڕشتنی خوێنی ڕۆڵه‌كانمان هێنده‌ ئاسان تێنه‌په‌ڕێ و چیتر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ قبوڵ نه‌كرێ...

ئه‌رێ ئێوه‌یه‌ك كه‌ خۆتان كردوه‌ته‌ ڕابه‌رو ده‌مڕاست و نوێنه‌رمان به‌راستی پێتانوایه‌ كه‌ بتوانن مافی گه‌له‌ خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌كه‌مان بستێنن له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ نوسینی پرسه‌نامه‌یك بترسن؟؟

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی زه‌كی شه‌نگالی و هه‌ڤاڵه‌كانی..

ڕوحتان شادو ئاسوده‌بن..

 دڵنیابن كه‌ هه‌زاران كوڕو كچی ئازا كاروانی تێكۆشانی ئێوه‌ درێژه‌ پێده‌ده‌ن....

نه‌فره‌ت له‌ كه‌وا سوورانی به‌رله‌شكری داگیركه‌ر!!..

رۆحت شاد كاكه‌ زه‌كی

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket